سەرەکی » وەرزش » چیرۆكێكی سه‌ركه‌وتن به‌ كاره‌سات كۆتاییهات

چیرۆكێكی سه‌ركه‌وتن به‌ كاره‌سات كۆتاییهات

یانه‌ی لیسه‌ر سیتی ئه‌و یانه‌ بچوكه‌یه‌ كه‌ وه‌رزی 2015-2016 هه‌موو جیهان به‌گشتی و ناوه‌ندی تۆپی پێی ئینگلیزی توشی شۆك كرد به‌وه‌ی توانی پشتی گه‌وره‌كانی هاوشێوه‌ی دوو یانه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ی شاری مانچسته‌ر و زلهێزه‌كانی له‌نده‌ن له‌ زه‌وی بدات و نازناوی پریمه‌رلیگیان لێبسێنێت.

چیرۆكی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌
پاڵه‌وانی ئه‌م چیرۆکی سه‌رکوتنه‌ش‌ ناوی (ڤیچای سری ڤاد هانا برابا) یه‌، ئه‌و خه‌ڵكی تایله‌نده‌، ساڵی 2010 یانه‌ی‌ لیسته‌ر سیتی به‌ بڕی 40 ملیۆن پاوه‌ند كڕی، ئه‌و كاته‌ یانه‌كه‌ له‌ خولی پله‌یه‌كی ئینگلته‌را یاری ده‌كرد، ساڵێك دوای ئه‌وه‌ش پۆستی سه‌رۆكی یانه‌كه‌ی‌ وه‌رگرت.
ڤیچای له‌ كیشوه‌ری ئاسیا خاوه‌نی كۆمپانیای كینگ پاوه‌ره‌ كه‌ كۆمپانیایه‌كه‌ له‌ بازاڕی ئازاددا خاوه‌نی ئیمپڕاتۆریه‌تییه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی، بۆیه‌ ملیۆنه‌ها پاوه‌ندی له‌ پێشخستن و باشكردنی ئاستی یانه‌كه‌دا خه‌رج كرد و به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ یانه‌كه‌ ساڵی 2014 له‌ خولی پله‌ یه‌كی ئینگلیزییه‌وه‌ سه‌ركه‌وت بۆ خولی نایاب.
به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ یانه‌كه‌ به‌ لاوازترین پاڵێوراو بۆ بردنه‌وه‌ی‌ پریمه‌رلیگی وه‌رزی 2015-2016 دیارییكرابوو، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو دنیا توشی شۆك بوو به‌وه‌ی پێش یانه‌ به‌هێزه‌كانی خوله‌كه‌ كه‌وت و نازناوه‌كه‌شی به‌ده‌ستهێنا و جامی پریمه‌ر لیگی به‌رز كرده‌وه‌، به‌وه‌ش شانازی ئه‌وه‌ی‌ پێبه‌خشرا بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی خۆیدا به‌شداری چامپیۆنس لیگ بكات.
چیڤای كه‌سێكی خۆشه‌ویست و زۆر نزیك بوو له‌ هانده‌ران و دانیشتوانی شاری لیسته‌ره‌وه‌، هه‌موو هانده‌رانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ راهاتبوون پێش هه‌ر یارییه‌كی یانه‌كه‌ له‌ یاریگای كینگ پاوه‌ر، هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ی‌ له‌ناو یاریگادا بنیشێته‌وه‌و ئه‌ویش سڵاویان لێبكات و بچێته‌ شوێنی خۆی بۆ بینی یارییه‌كان.
دوای یارییه‌كانیش هه‌میشه‌ له‌هه‌مان شوێنه‌وه‌ سه‌رده‌كه‌وت بۆ ناو هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ی‌ و ده‌گه‌ڕه‌یاوه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی بۆ هه‌لیكۆبته‌ره‌كه‌ی‌ له‌ شه‌وی 27/10/2018 دا دواین سه‌ركه‌وتنی بوو ئیتر جارێكی تر نه‌ لێی دابه‌زی و نه‌جارێكی تر سه‌ریكه‌وته‌وه‌، چونكه‌ به‌هۆی كێشه‌ی میكانیكییه‌وه‌ هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌و دواجاریش گیانی له‌ده‌ستدا.
لێره‌دا و به‌هۆی ئه‌م كاره‌ساته‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ك به‌ دیارترین رووداوه‌كانی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی فرۆكه‌و كاره‌ساته‌كانی هاوشێوه‌ی ده‌كه‌ین كه‌ تیایاندا وه‌رزشكاران بوونه‌ته‌ قوربانی ئه‌مه‌ش دوا ڕوداو بوو.
كاره‌ساتی تۆرینۆ
ساڵی 1949 تیپی تۆرینۆی ئیتالی كاتێك پاش ئه‌نجامدانی یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر به‌یانه‌ی به‌نفیكای پورتوگالی فڕۆكه‌كه‌یان كه‌وته‌ خواره‌وه‌و 31 كه‌س به‌هۆی ئه‌م كاره‌ساته‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا له‌نێویاندا باشترین 18 یاریزانی یانه‌ ئیتالییه‌كه‌.

كاره‌ساتی مونشن
*رۆژی 6/2/1958 فڕۆكه‌كه‌ی یانه‌ی مان یونایتد له‌ ئه‌ڵمانیا كه‌وته‌ خواره‌وه‌و 8 یاریزان و 3 له‌ تیمی راهێنه‌ری یانه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا.
هه‌ڵبژارده‌ی دانیمارك
یه‌كێكی تر له‌كاره‌ساته‌كان ئه‌وه‌بوو به‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی دانیماركدا هاتووه‌، رۆژی 16/7/1960 فڕۆكه‌كه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژارده‌یه‌ش كه‌وته‌ خواره‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ 8 یاریزان گیانیان له‌ده‌ستدا.
رۆكی مارسیانۆ
یه‌كێكی تر له‌ رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌كانی كاره‌ساتی فڕۆكه‌، رووداوه‌كه‌ی‌ رۆكی مارسیانۆ-ی بۆكسێنه‌ری ئه‌مریكی بوو كه‌ له‌ ویلایه‌تی ئیوای ئه‌مریكا له‌كاتی نیشتنه‌وه‌یدا به‌ر دره‌ختێك كه‌وت و به‌هۆیه‌وه‌ رۆكی مارسیانۆ-ی ئه‌فسانه‌ كۆچی دواییكرد.
ئۆڵد كریچیانز
ئه‌م كاره‌ساته‌ش به‌سه‌ر تیپی ره‌گبی ئۆڵد كریچیانز-ی ئۆرۆگوایی هات، ساڵی 1972 ئه‌وان فڕۆكه‌كه‌یان له‌ چیاكانی ئه‌ندێز كه‌وته‌ خواره‌وه‌، له‌ كۆی 45 كه‌س ته‌نها 16 كه‌سیان رزگاریان بوو، دوای دوو مانگ و 15 رۆژیش دۆزرانه‌وه‌، ئه‌وانه‌شی له‌ ژیاندا مابوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌مرن به‌ناچاری گۆشتی هاوڕێكانیان خواردبوو كه‌ مردبوون.
هه‌ڵبژارده‌ی‌ زامبیا
ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی‌ زامبیاشدا هات یه‌كێكی تره‌ له‌ كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌كان كاتێك رۆژی 27/4/1993 فڕۆكه‌ی هه‌ڵبژارده‌كه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ پاڵاوتنی مۆندیال به‌ره‌و سه‌نیگال رۆیشتن، له‌ ئۆقیانووسی ئه‌تڵه‌سی فڕۆكه‌که‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا.
یانه‌ی‌ لۆكۆمۆتیڤی روسی
ساڵی2011-ه‌‌ش رووداوێكی تری كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م یاریزانانی تیپی هۆكی سه‌ر سه‌هۆڵی یانه‌ی‌ لۆكۆمۆتیڤی روسی گیان له‌ده‌ستبده‌ن، ئه‌و تیپه‌ له‌ رێگه‌دا بوون بۆ ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م یاری وه‌رز به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵه‌یه‌كی فڕۆكه‌وانه‌وه‌‌ فڕۆكه‌كه‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان گیانیان له‌ده‌ستدا.
چاپیكوێنسی
دواین رووداوی فڕۆكه‌ش كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ فڕۆكه‌كه‌ی یانه‌ی‌ چاپیكوێنسی به‌رازیلی بووه‌، ئه‌م كاره‌ساته‌ش رۆژی 28/11/2016 رویدا، ئه‌م تیپه‌ به‌ڕێوه‌ بوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ یاری كۆتایی جامی كوپا سودا ئه‌مریكانا بكه‌ن، به‌ڵام له‌ نزیك شاری میدینی كۆڵۆمبیا فڕۆكه‌كه‌یان كه‌وته‌ خواره‌وه‌و له‌كۆی 80 سه‌رنشین 77 كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ستدا له‌نێویاندا 16 یاریزان و سه‌رۆكی یانه‌كه‌.
چه‌ند كاره‌ساتێكی تر:
*ساڵی 1966- كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی چیلی و مرندی سه‌رجه‌م یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌كه‌.
*ساڵی 1969 – كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی یانه‌ی سترۆنجستی پۆلیڤی و 76 كه‌س له‌و فڕۆكه‌یه‌دا گیانیان له‌ده‌ستدا.
*ساڵی 1979- كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی یانه‌ی باختاكوری ته‌شقه‌ند له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران و له‌و فڕۆكه‌یه‌شدا 178 كه‌س مردن له‌نێویاندا 17 یایزانی یانه‌ی باختاكور.
*1987- كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی یانه‌ی ئلیانز ئه‌لیمای پیرۆ له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ لیمای پایته‌خت و 16 یاریزانی یانه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا.

 39 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*