سەرەکی » ئابووری » دوایین وادە بۆ ئەو گوندنشینانە دادەنرێت كە دەكەونە ماستەرپلانەوە

دوایین وادە بۆ ئەو گوندنشینانە دادەنرێت كە دەكەونە ماستەرپلانەوە

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دوایین وادە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی زانیاری بۆ ئەو گوندانە دادەنێت كە دەكەونە ناو ماستەرپلانی شارەوانییەوە، بەرپرسێكی شارەوانیش دەڵێت، دوای ئەو وادەیە هیچ مامەڵەیەك وەرناگیرێت.
ماوەی دوو مانگە شارەوانی سلێمانی ئاگاداری دانیشتوانی هەریەك لەگوندەكانی (مەلا داود، خێوەتە، كانی بەردینە، كەڵەكن، قولەرەیسی خواروو، قولەرەیسی سەروو، خەلیفاوا، باوەگێڵدی، ئاوبارە، كانی گۆمە، كەنەسورە، قڕگە، ژاڵەی خواروو، ژاڵەی سەروو، رازیانەی نوێ، رازیانەی كۆن، بەردەكەڕ، سەماوات، شێخ وەیساوا، قەرەتۆغان، كانی شینكە، هوانە‌و ناوگردان)ی كردەوە، كە نەخشەكانیان پەسەندكراوە، تا ٢٧ی ١١ی ٢٠١٨ پێویستە سەردانی شارەوانی سلێمانی بكەن بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی زانیاری، بەڵام بەشێك لەو هاووڵاتیانە تائێستا فۆڕمیان پڕنەكردۆتەوە.
(ئاری محەمەد) سەرۆكی لیژنەی فۆڕمی گوندەكان لەشارەوانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ (ئێس ئێن ئێن) رایگەیاندوە، بەهۆی ئەوەی بەشێك لەو هاووڵاتیانە بەهەر هۆكارێك بێت فۆرمیان پڕنەكردۆتەوەو وادەكەشی كە ٢٧ی مانگی ١١ بوو تەواوبووە، بۆیە ڕەزامەندی سەرۆكی شارەوانی سلێمانیمان وەرگرتووەو وادەكەیان بۆ درێژكراوەتەوە بۆ ٣١ی ئەم مانگە.
وتیشی، دوای ئەو وادەیە، هیچ فۆرمێك پڕناكرێتەوەو هیچ مامەڵەیەكیشیان بۆ ناكرێت، بۆیە ئەوانەی تائێستا فۆرمیان پڕنەكردۆتەوە پێویستە سەردانی شارەوانی بكەن، چونكە قۆناغی دوای پڕكردنەوەی فۆرمەكە، تاپۆكردنی ئەو زەویانە دەستپێدەكات.

 322 جار بینراوە