سەرەکی » ئابووری » پشكی هەرێم لە بودجەی 2019 زیاد دەكرێت؟

پشكی هەرێم لە بودجەی 2019 زیاد دەكرێت؟

یەکەی ئابووری

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عیراق نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، وتیشی: بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دزەیان كردوە پشكی هەرێمی كوردستان دەكرێتە لە 14% .

سودی باشی بۆ هەرێم دەبێت
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKmediaی راگەیاند: تائێستا رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2019 لەلای حكومەتەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دزەیان كردوە پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاساكە زیادكراوەو گەیەنراوەتە لە 14%.
راشیگەیاند: لەكۆبوونەوەی هەردوو لیژنەی دارایی نوێنەران‌و لیژنەی دارایی حكومەت لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە، بابەتی پشكی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی یەكلاییدەكرێتەوە، وتیشی: زیادكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی 2019 بۆ خۆی دەستكەوتێكی باشەو سودی باشی بۆ هەرێم دەبێت.

سێ تریلیۆن دینار
هەر لەو بارەیەوە، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKmediaی راگەیاند: هەواڵی زیادكردنی پشكی هەرێمی لە بودجەی گشتی 2019 زۆر رەسمی نییەو تەنها قسەیەو زۆر تەئكیدنین لەسەر دروستی هەواڵەكە.
راشیگەیاند: پێویستە حكومەت پەلە بكات لە ناردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها پێویستە لەو سێ تریلیۆن دینارەی بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان تەرخان دەكرێت، هەوڵبدرێت بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدابێت.

 263 جار بینراوە