سەرەکی » راپۆرت » كوردسات.. دەنگ ‌و رەنگێكی كورستانیی،ئەستێرەسازێكی بێ هاوتا،میدیایەكی بەرپرس و هاوسەنگ

كوردسات.. دەنگ ‌و رەنگێكی كورستانیی،ئەستێرەسازێكی بێ هاوتا،میدیایەكی بەرپرس و هاوسەنگ

بەسەرەتایەكی پڕ كوێرەوەریی، قۆناغبەندیی جیاجیای روو لەگەشەو پێشكەوتن، زیندووكەرەوەی كەلتوور و كەلەپوور، دروستكردنی ئەستێرەی لێهاتووی بواری میدیا‌و هونەرو برەودەرێكی بێ هاوتا بە درامای خۆماڵی، كوردسات دەستی پێكرد‌و گەشەی كرد‌و بەردەوامیی بەخۆی دا.
لە 19 یەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنیدا، كەناڵی ئاسمانیی كوردسات هێشتا هەر هەنگوینی داهێنانی لێ دەچۆڕێت، هێشتا دەیان و سەدان گوڵ لەوێدا دەپشكوێن ‌و شیلەی ئەو گوڵانەش بە سەدان ‌و هەزاران هەنگی تینووی كوردایەتی ‌و نیشتمانپەروەریی ‌و كەلتوورو هونەری رەسەنی كوردی لێ دەنۆشن.

راپۆرتی: جەمال ئارێز

كوردسات و سەرەتاكانی
ئەگەرچی میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەرەتاكانی دوای راپەڕینەوە بە بینراوو بیستراوو خوێندراوەوە بووە پێشڕەو‌و وەرچەرخاندنێك لە هێنانەئارای میدیایەكی جیاواز لەوەی كە بەر لە راپەڕین هەبوو و هەروەها بووە خوێندنگەیەك بۆ پێگەیاندنی چەندین كادری میدیایی و فۆرمێك بۆ لاسایی كردنەوە لە بەشێكی زۆر لە میدیا كوردییەكان، بەڵام دەشێت سەروبەندی دامەزراندنی كوردسات بە وەرچەرخانێكی تر پێناسە بكەین.
دۆخی كوردستان لە ساڵی 2000 دا بەهۆی ئاسەوارەكانی شەڕی نەگریسی ناوخۆوە، هەرێمی كوردستانی بە ئاقاری دوو ئیدارەیی گەیاندبوو، لەو كاتەشدا دوو كەناڵی ئاسمانیی كوردیی هەبوون كە لەڕووی سیاسییەوە پابەندبوون بە دوو ئایدیۆلۆژیای دیاریكراو، لەڕووی جیۆگرافیشەوە یەكێكیان لە تاراوگەو یەكێكیشیان تەنها تەعبیربوو لە بەشێكی هەرێمی كوردستان، بۆیە كەناڵێكی ئاسمانی لەو بەشەی تری هەرێمی كوردستان كە بە شایەدی دۆست ‌و دوژمن بەشە هەرە ئەكتیڤەكەی كۆمەڵگەی كوردستان بوو لەڕووی بزاوتی سیاسی ‌و رووناكبیریی ‌و كەلتووریشەوە، بووە زەرورەتێكی حاشاهەڵنەگر، ئەو دۆخەش لەدایكبوونی بیرۆكەی دروستكردنی كەناڵێكی وەك كوردسات-ی كردە پێویستییەكی هەنوكەیی.
بیرۆكەكەش وابوو كە گرنگترین سیمایەك كە كوردسات لە كەناڵە ئاسمانییەكان ‌و لۆكاڵییەكانی پێش خۆی جیابكاتەوە، ئەوەبوو كە كەناڵێك بێت كەمترین كاریگەریی ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراوی بەسەرەوە بێت، كەناڵێك بێت بۆ برەودان بە لایەنی كەلتووری ‌و فەرهەنگی ‌و سیاسەتێكی كوردستانیانە لەسەر بنەمای پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی ‌و ئاینینی ‌و مەزهەبییەكانی كوردستان، هەر ئەوەش هاندەرێك بوو بۆ ئەوەی كەناڵەكە هەر لەساڵی یەكەمییەوە هەوڵی ئەوەی دا بەرنامەی بە زمانی عەرەبی ‌و ئینگلیزیش هەبێت، عەرەبییەكەی بۆ كۆی هاووڵاتی ‌و پێكهاتە غەیرە كوردەكان ‌و ئینگلیزییەكەش بۆ موخاتەبەكردنی جیهان كە هەر خۆی سەروبەندی دامەزراندنی كوردسات، سەرەتاكانی هاتنەئارای هۆكارەكانی جیهانگیریی بوو لەڕووی میدیاوە.
بیرۆكەی دروستكردنی كەناڵەكە لە ناوەڕاستی 1999وە گەڵاڵە بوو، بەڵام جێبەجێكردنەكەی كرایە سوپرایزێك بۆ ساڵی نوێ ‌و لە 1/1/2000 یەكەم پەخشی ئەزموونیی خۆی دەستپێكرد.

قۆناغی گەشەكردنی
ساڵ بەساڵ كوردسات گەشەی زیاتری بەخۆوە بینیووە، لەڕووی سیاسییەوە یەكەمین كەناڵ بوو كە بەرنامەی دیداری تایبەتی بەشێوەی راستەوخۆ پێشكەش دەكرد‌و یەكێك لە خاڵە جیاكەرەوەكانیشی ئەوەبوو دەرگای بەڕووی هیچ بیروبۆچوونێكدا داخراو نەبووە، ئەمەش پاڵنەرێكی گەورەبوو تا بەشێكی زۆری بینەری كورد لە خۆی كۆبكاتەوە.

ماوەی منداڵان
كوردسات هەر لە ساڵی دووەمەوە گرنگییەكی زۆری بە كایەی منداڵان دا، لەو رووەشەوە جگە لە دۆبلاژكردنی فیلم كارتۆنی منداڵان، بڕگەیەكیشی ئاشناكردنی منداڵانی كوردی تاراوگەبوو بە زمانی كوردی بە هەردوو ئەلف و بێی كوردی بە پیتی عەرەبی ‌و ئاشناكردنی منداڵانی ناوەوەی وڵاتیش بە ئەلف و بێی لاتینی كە ئەوەش هەوڵێك بوو بۆ دروستكردنی پەیوەندیی لەنێوان ناوەوەو دەرەوەدا.

بڕگەو بابەتی هونەریی ‌و ئەدەبی ‌و تەرفیهی
یەكێك لە هەنگاوەكانی كوردسات زیندوو راگرتنی هونەری موزیك ‌و ئەدەب ‌و دراماو شانۆ و شێوەكاریی ‌و برەو پێدان ‌و ئەستێرە سازیی بووە لەو بوارانەدا، لەو رووەشەوە هەر لەسەرەتاوە گرنگیی تەواوی داوە بە بەرنامەی میوانداریی هونەرمەندان چ ناودارو بەناوبانگەكان، چ ئاشكراكردنی تواناو بەهرەی كەسانی نوێ ‌و لەو رێگەیەشەوە بەشێك لە هونەرمەندە دێرینەكان لەڕێی كوردساتەوە بەرهەمە كۆنەكانیان بە موزیك ‌و دابەشكردنی نوێ-وە تۆماركردەوەو لە خانەی لەبیرچوونەوە هێنرانە دەرەوەو هەندێك هونەرمەندی نوێش لەو شاشەیەوە دەركەوتن كە ئێستا بوونەتە ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی هونەری كوردی.

كورد ستار ‌و كورد ئایدڵ
جگە لەو هەنگاوانەی ئاماژەمان پێدا، كوردسات لە چەند وەرزێكی جیاجیای كارو چالاكییەكانیدا نەك هەر توانیی برەو بە هونەری گۆرانی و موزیك بدات ‌و بەرنامەی تایبەت بە هونەرمەندانی ناسراو ئامادەو پێشكەش بكات، بەڵكو توانی لەڕێی سێ بەرنامەوە بەناوی «كورد ستار» چەندین دەنگ ‌و رەنگی نوێ بهێنێتە ناو كایەی هونەریی گۆرانی ‌و موزیكەوە‌و لەم دواییانەشدا لەڕێی بەرنامەی بەناوبانگی كورد ئایدڵ-ەوە توانی بە ستاندارێكی جیهانی ژمارەیەك سیمای نوێ لە هەرچوار پارچەی كوردستان ‌و تاراوگەوە بە بینەر‌و عاشقانی موزیك ‌و ئاوازی رەسەن و نوێباوی كوردی بناسێنێت كە ئەگەرچی ئەوانە هەموویان نەبوونە ئەستێرەی بەرنامەكان ‌و ئایدلی كورد، بەڵام هەریەكێك لەوانە بوونە ئەستێرەیەكی نوێ ‌و هونەرمەندێكی دیار.

دراما‌و ئاشتكردنەوەی بینەر
جگە لەوەش كوردسات بە هاوكاریی ستافی خاك تی ڤی توانی جارێكی تر رەونەق بداتەوە بە بابەتی دراماو گەشەشی پێ بدات، چونكە لە ساڵانی پێشتردا بینەری كورد كەم شایەتی دراما بووە بەشێوەی زنجیرە، ئەگەر هەشبووبێت ئەوا ژمارەیەكی زۆر كەم بووە، بەڵام لە دوای دروستبوونی كوردساتەوە بینەری چەندین درامای كوردی بووین كە لە زنجیرەی 30 ئەڵقەیی ‌و بگرە بۆ 100 ئەڵقەییش لە نموونەكانی (خەمی چۆلەكەكان، رەشەی پۆلیس، حەسەنە فەنی، گەردەلوول، پڕۆفیشاڵ) كە ئەمانە جگە لەوەی ئاشتكردنەوەی بینەربوون لەگەڵ شاشەی تەلەفزیۆنە كوردییەكان، هاندەرێكی باشیش بوو بۆ هونەرمەندانێكی لوتكە بۆ گەڕانەوە بۆ كاری درامی لە شێوەی مامۆستایانی نەمر تەها خەلیل ‌و بورهان مەسرەف ‌و مەكی عەبدوڵڵا ‌و …. چەندانی تر.

دۆبلاژو كورداندن
كوردسات لە درێژەی گەشەسەندنەكانیدا توانی بینەری كورد بە چەندین بابەتی هونەریی درامای نەتەوە جیاجیاكانی دنیا ئاشنابكات، بە دۆبلاژێكی سەنگینەوە پێشكەش بە بینەری كوردیان بكات، كە ئەگەرچی نەیارانی پێشكەوتنی ئەو كەناڵە چەندین بەیت ‌و بالۆرەیان لەدژی ئەو هەنگاوی دۆبلاژ و كورداندنە لە ژێر ناوی رەخنەوە خستەڕوو، بەڵام دواجار بەشێكی زۆری كەناڵەكان وەك لاسایی پەنایان بۆ ئەو هەنگاوە برد، لە نموونەی ئەوەش درامای كۆری، هندی، ئینگلیزی، ئێرانی ‌و …. هتد.

حەوت ماڵی لێ بكەوێتەوە
كوردسات لەم ساڵانەی دواییدا و لەدرژێژەی پەرەپێدانەكانیدا چەند هەنگاوێكی دیكەی ناو لە تەنها كەناڵێكی ئاسمانییەوە بووە دامەزراوەیەكی میدیایی فرە رەهەند ‌و جگە لە كەناڵی كوردساتی دایك كە كەناڵێكی هەمەڕەنگە، كەناڵی كوردسات نیوز-یشی لێوە لەدایك بوو كە بەدرێژایی 24 سەعاتی رۆژانە بەردەوامە لە پەخش ‌و تێدا بەشی هەرە زۆری رووداوە ناوخۆیی ‌و ئیقلیمی ‌و جیهانییەكان بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ ‌و بە وەرگێڕانی خێراوە دەگەیەنێتە بینەرانی كەناڵەكە، جگە لە رووماڵكردنی رووداوەكانی پەیوەست بە دۆخی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان، بەرنامەی شرۆڤەیی ‌و تایبەتیشیان لەسەر ئامادە دەكات بە میوانداریی میوانی جۆراو جۆر‌و بیروڕای جیاجیا. سەرەڕای ئەوەش ئەرشیفكردنی بەرنامەو رووداوەكان‌و پێشكەشكردنیان بە شێوەی تێكست لەڕێی پێگەی رەسمیی كەناڵەكەوە «سایتی كوردسات و سایتی كوردسات نیوز»، جگە لەوەش هەر لەدرێژەی برەودانی بە هونەر‌و میوزیك لە لەڕێی دوو پەخشی رادیۆییەوە رۆژانە گوێی گوێگران بە خۆشترین ئاوازو گۆرانیی كوردی ‌و بیانی پڕ چێژ دەكات.

كوردسات توانیویەتی رەچاوی هەموو توێژەكان بكات
لەبارەی رابردوو ئێستاو داهاتووی كەناڵەكەو كۆی چالاكییەكانی دامەزراوەكەشەوە راسان موختار بەرپرسی بەشی بەرنامەكان لە كوردسات، بە كوردستانی نوێ-ی رایگەیاند:
لە 19 ساڵی رابردوودا زۆر بەرنامە هەبوون ناكرێ‌ ناوی هەندێك بەرنامە بڵێم و هەندێكیش فەرامۆش بكەم ، هەموو بەرنامەكان بەپێی زەروورەتێكی ئەو كات و سەردەمە دروستبوون ، بەرنامە هەبووە بۆ توێژێكی دیاریكراو بووە بەڵام وابزانم كوردسات توانیویەتی رەچاوی هەموو توێژەكان بكات ، لە منداڵەوە تا بەتەمەنەكان ، لەوانەی حەز بەسیاسەت ئەكەن تا ئەوانەی بێزارن لەسیاسەت.

بەرنامەی دەستەبژێری کۆمەڵگە
لەوەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بەو بەرنامانەی كە لە قۆناغە جیاجیاكاندا توانیویانە زۆرترین بینەر لەدەوری شاشەی كوردسات كۆبكەنەوە، موختار دەڵێت: بەرنامە گەلی وەك كوردستار و كورد ئایدڵ، بەرنامەی سۆماو چاوی سێیەم، پانۆراما، دیدار ، تەوەرو گفتوگۆ، بنەوشە، سۆز، وێنەكانی دوێنێ‌، ستادیۆم، دۆكتەرز، رۆژێكی نوێ‌، شەوی كوردسات، كاتژمێری لمین، كوردسات مەگەزن و دەیان بەرنامەی تر كە بەڕاستی بەرنامەی پڕ بینەرو كاریگەر بوون. زۆر بەرنامەش هەبوون كە لە ئاستی دەستە بژێرێكدا كاریان كردووە بەڵام پڕ كوالیتیی، وەك ئارتۆگرافی، پردی وڵات، مۆزایك ، پۆلەتیك، كەیسی هەفتە، بەرسڤ و چەندین بەرنامەی تر كە ئەمانە بینەری تایبەت بە خۆیان هەبوو.

بەرنامەی تایبەت بە دۆخی تایبەت
لەبارەی ئەو بەرنامانەشەوە كە لەسەرەتای كوردسات-ەوە تائێستا بەشێوازی جیاجیا بەردەوامە، دەڵێت: نەخێر، هیچ بەرنامەیەكی لەو جۆرە نییە، چونكە بەرنامەكان گۆڕانكارییان بەسەرا هاتووەو بەردەوام لە فۆڕمی نویدا دەركەوتوونەوە، بەڵام دووبارە ئەوە فەرامۆش نەكراوە كە بۆ هەموو ئاست و توێژێك بەرنامەمان هەبێت، هەندێك بەرنامەش بەپێی باردۆخێكی دیاریكراو دروست بوون، نموونەی ئەو بەرنامانەی بە زمانە جیاجیاكان هەبوون.
سەبارەت بە كاریگەریی قەیرانی سیاسی ‌و داراییش لەسەر رەوت ‌و ئاراستەی كەناڵەكە، بەڕێوەبەری بەرنامەكانی كوردسات دەڵێت: زۆرجار رووبەڕووی قەیرانی قووڵی سیاسی و دارایی بوینەتەوە، كە ناچاربووین راوەستین، پڕۆژەكانمان بوەستێنین، بەدرێژایی شەڕی داعش و رەشپۆش بوونی بەشێك لە دایك و خوشكەكانمان نەمانتوانی خەمساردانە وەك هەندێ‌ كەناڵ بەلایا تێپەڕین ، نەخۆشی سەرۆك مام جەلال و دواجار ماڵئاوایی كردنی،جینۆسایدی شەنگال و قەیرانی دارایی و هەموو روداوەكانی ئەم چەندساڵەی دوایی نەیانهێشت ئەوەی ئەمانویست ئەنجامی بدەین ، ناكرێ‌ وڵات خوێنی لێبچۆڕێ‌ و ئێمە خەریكی بەرنامەی ئینتەرتەیمێنتی خۆمان بین.ئەم هەستكردنە بە بەرپرسیارێتییە وایكرد كەمێك دواكەوین بەتایبەتی كە قەیرانی داراییش بوو بە بارێكی تر بۆ ئێمە، بەڵام بەو هەموو قەیرانەشەوە ئێمە توانیمان كورد ئایدڵ بەڕێبكەین ، وەرزی داهاتووش بینەرانمان دەبینن كە بەردەوامین و هەگبەمان زۆری تێدا دەبێت و كوردسات سەرلەنوێ‌ دەدرەوشێتەوە.

کوردسات نەک لایەنی یاسایی و ئیتیک بەڵکو رەچاوی عورف و ئادابی كۆمەڵایەتیشی کردووە
لەڕووی ئیتیكی كاری میدیایی ‌و رووبەڕووبوونەوەی یاسا‌و دروستكردنی كەیسی یاساییش لەسەر كوردسات، راسان موختار وتی: دەتوانم بڵێم كە تا ئێستا لە كەیسێك زیاترمان نەبووە كە ئەویش تەنیا لێك تێنەگەیشتنێك بوو. ئێمە نەك زیاد لە ئەندازە رەچاوی یاسا دەكەین، بگرە رەچاوی عورف و ئادابی كۆمەڵایەتیشمان كردووە.
بەم بارودۆخە دژوارە داراییەشەوە كە هەمانە، ئامادە نین بەشێك لەو ریكلامانە وەربگرین كە ناهۆشیارانە لەدێڕێكدا سوكایەتی بە توێژێكی كۆمەڵگەكەمانی تێدایە، تا ئەوپەڕیش بابەندبووین بە ئیتیكی رۆژنامە نووسییەوە ، بۆ ئێمە راستگۆیی و میسداقییەت لە پێشینەیە نەك خێرایی، رەچاوكردنی باری دەروونی و تێكنەچوونی شیرازەی كۆمەڵایەتی گرنگترە لەوەی لەپێناو زیادبوونی بینەردا هەرچی هەبێ‌ پەخشی بكەین. كە بەداخەوە لەم چەند ساڵەدا ئەمە بووەتە درمی ناو میدیای كوردی.

هاوڕێی خەم و شادییەکانی کوردەواری بووە
موختار لە بارەی رۆڵی ئەوكەناڵەوە لەبواری هاوخەمی ‌و هاوبەشی خۆشی ‌و ناخۆشییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیشەوە روونیكردەوە كە زۆرجار میدیا ئەركێك رادەپەڕێنێت كە ئەركی ئەو نییە، بەڵام كاتێك دەبینێت دۆخەكە ئەوە دەخوازێت، ئیتر دەبێت ئەوكارە بكات، وتیشی: وەك كەناڵی كوردسات كەمپەینی كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ كوردانی رۆژئاوا لەو شتانەیە كە شانازی پێوە دەكەین ‌و وابزانم ئەو یارمەتییانە لەو كاتە سەختەدا زۆر جێی خۆی گرت و سوپاس بۆ ئەو دڵسۆزانەی بە دەنگمانەوە هاتن ‌و راشیگەیاند كە یارمەتییەكان لەژێر چاودێریی خۆیاندا وەسك بەرپرسانی كەناڵەكە گەیشتە دەست ئیدارەی رۆژئاوا.
یاخود كەمپەینی كۆكردنەوەی پارە بۆ كڕینی ئامێرێك بۆ نەخۆشخانەی «هیوا»ش زۆر باشبوو ئەویش جێی خۆی گرت . وتیشی: پێموایە ئەگەر پێویست بكات، كە هیوادارم هیچكات پێویست نەكات و دۆخەكە بەرەو باشی بڕوات، دیسان ئەو كەمپەینانە رادەگەیەنین .

سوودوەرگرتن لە سۆشیال میدیا
لەبارەی ئەگەری نوێسازیی بۆ ساڵی ئایندەش ئاماژەی بەوەكرد كە ساڵی داهاتوو بەرنامەی زۆر باش و سەرنجڕاكێشمان دەبێت ‌و پلانێكمان هەیە كە حەزناكەم باسی كەم بەڵام بەدڵنیاییەوە بە بەهێزی و بە نوێبوونەوە و بەرنامەی باشەوە وەرزێكی نوێ‌ دەست پێ دەكەینەوە. گرنگ ئەوەیە هەم تواناو هەم ئیرادەو هەم دڵسۆزیی كادرەكانمان ئەو دڵنیاییەمان دەداتێ‌.
راسان موختار لەبارەی رۆڵی سۆشیال میدیاوە لە برەودان بە كاری میدیاییشیان روونیكردەوە كە ئێستا سۆشیال میدیایەكی ئەكتیڤیان هەیە‌و وتی: تیمێكی باش خەریكی تازەگەرین لەو بوارەدا هەم سایتەكان و هەم فەیسبووكی كوردسات، سەردانكەرێكی باشیان هەیە، بەڵام هاوكارانم لەو بوارەدا پڕۆژەیەكی نوێیان بەدەستەوەیە كە هیوادارم سەركەوتوو بن.

 301 جار بینراوە