سەرەکی » دۆسێ » رۆحانی‌: هه‌موو جۆره‌ چه‌كێك بۆ به‌رگریكردن له‌ ئێران به‌رهه‌م ده‌هێنین

ترسی‌ هه‌یه‌ ئه‌مریكا رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌

رۆحانی‌: هه‌موو جۆره‌ چه‌كێك بۆ به‌رگریكردن له‌ ئێران به‌رهه‌م ده‌هێنین

حه‌سه‌ن رۆحانی‌ سه‌رۆكی‌ ئێران، به‌ڵێن ده‌دات وڵاته‌كه‌ی‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی‌ موشه‌ك بۆ مه‌به‌ستی‌ به‌رگری‌، ئاو كاره‌ش به‌ پێشێلكردنی‌ هیچ رێكه‌وتنێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دانانێت.
به‌پێی‌ ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ ئێران (ئێرنا)، رۆحانی‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ وڵاته‌كه‌ی‌ (په‌رله‌مان)، هۆشداریدایه‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنی‌ ئه‌تۆمی‌ نێوان تاران و وڵاته‌ زلهێزه‌كان و رایگه‌یاندبوو»ده‌بێت بزانن هه‌ر پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ به‌ڵێنه‌كان به‌ زیان به‌سه‌رتاندا ده‌شكێته‌وه‌».
سه‌رۆكی‌ ئێران، رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ وه‌ك رێكه‌وتنێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وه‌سفكردبوو كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و «پێویسته‌ ئه‌مریكا پابه‌ندبێت پێوه‌ی‌، نه‌ك ته‌نیا له‌به‌رده‌م ئێران، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م پێنج ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌ تریش».
رۆحانی‌ ده‌ڵێت»دوودڵ نابن له‌ به‌رهه‌مهێنان و عه‌مباركردنی‌  هه‌موو چه‌كه‌ به‌رگرییه‌كان كه‌ پێویستن بۆ زامنكردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌لی‌ ئێران و پاراستنی‌ سه‌لامه‌تی‌ خاكی‌ وڵاته‌كه‌یان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا موشه‌كه‌كانیان به‌رهه‌مهێناوه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌به‌رهه‌مهێنانی‌ موشه‌ك، چونكه‌ دژ به‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و بڕیاری‌ 2231 نییه‌».
ئه‌و قسانه‌ی‌ رۆحانی‌ دوای‌ چه‌ند رۆژێك بوو له‌ ده‌نگدانی‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكایی‌ له‌سه‌ر سه‌پاندنی‌ سزای‌ نوێ‌ به‌سه‌ر تاران به‌هۆی‌ به‌رنامه‌ موشه‌كییه‌كانی‌.
سه‌رۆكی‌ ئێران پابه‌ندبوونی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌و به‌ڵێنانه‌وه‌ دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ رێكه‌وتنی‌ ئه‌تۆمی‌،جه‌ختیشی‌ له‌سه‌ر سوربوونی‌ تاران كرده‌وه‌ بۆ پته‌وكردنی‌ تواناكانی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ به‌رگری‌ و سه‌ربازیی‌.
ته‌نگژه‌كانی‌ نێوان واشنتۆن و تاران له‌و ده‌مه‌ی‌ تره‌مپ به‌ ره‌سمی‌ له‌ 20ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ رابردوو ئیداره‌ی‌ نوێی‌ ئه‌مریكای‌ گرتووه‌ته‌ده‌ست، رووی‌ له‌ توندبوون كردووه‌.
له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییشدا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ تاران پابه‌ندبووه‌ به‌و رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ 2015دا ئیمزاكرا و ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێرانیشی‌ به‌ «رژێمێكی‌ توندڕه‌و» وه‌سفكردبوو.
 به‌ وته‌ی‌ تره‌مپ،»واشنتۆن به‌ مافی‌ خۆی‌ ده‌زانێت له‌ هه‌ر كاتێكدا بیه‌وێت له‌و رێكه‌وتنه‌ پاشه‌كشه‌ بكات» و رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌شی‌ به‌ رێكه‌وتنێكی‌ ئابڕوبه‌ر له‌قه‌ڵه‌مدابوو.
له‌به‌رانبه‌ر تاقیكردنه‌وه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی‌ ئێرانیشدا كه‌ له‌ 29ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ رابردوو ئه‌نجامدرا، تره‌مپ رایگه‌یاندبوو»ئێران یاریی‌ به‌ ئاگر ده‌كات»، بۆیه‌ سزای‌ نوێی‌ به‌سه‌ر ئه‌و تاك و قه‌وارانه‌دا سه‌پاند كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌.
هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا له‌ وتارێكی‌ له‌ كۆشكی‌ سپی‌، باسی‌ له‌و تاوان و سته‌مانه‌ كردبوو كه‌ «ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێرانی‌ ئه‌نجامی‌ ده‌دات، وێڕای‌ پشتیوانیكردنی‌ له‌ تیرۆر و ده‌ستدرێژییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌».
هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنی‌ ئه‌تۆمیشی‌ كردبوو كه‌ له‌ 2015 له‌نێوان ئێران و وڵاته‌ زلهێزه‌كان ئیمزاكرا، «گه‌ر كۆنگرێس سزای‌ زیاتر توند به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا نه‌سه‌پێنێت».
دوای‌ وتاره‌كه‌ی‌ تره‌مپ، حه‌سه‌ن رۆحانی‌ سه‌رۆكی‌ ئێران له‌ وتارێكیدا كه‌ له‌ڕێی‌ ته‌له‌ڤیزیۆنه‌وه‌ په‌خشكرا رایگه‌یاندبوو»لێدوانه‌كانی‌ تره‌مپ جگه‌ له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی‌ تۆمه‌ته‌ بێ‌ بنه‌ماكان و جنێوه‌كان به‌ولاوه‌ چی‌ دی‌ نین».
به‌ وته‌ی‌ رۆحانی‌ «ئه‌و یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌. ئایا سه‌رۆكێك به‌ ته‌نیا ده‌توانێت رێكه‌وتنێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ فره‌ لایه‌نه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌؟».
له‌ 13ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2017، سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا ره‌تیكردبۆوه‌ دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ ئێران پابه‌ندی‌ به‌نده‌كانی‌ رێكه‌وتنی‌ ئه‌تۆمی‌ بووه‌، بۆیه‌ هۆشداریی‌ دابوو له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌مریكاش كۆتایی‌ به‌ پابه‌ندبوونی‌ خۆی‌ ده‌هێنێت به‌ رێكه‌وتنه‌كه‌وه‌.
دوابه‌دوای‌  ئه‌و لێدوانانه‌، هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و بریتانیا، ناڕه‌زاییان به‌رانبه‌ر به‌ هه‌ڵوێستی‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا ده‌ربڕی‌، له‌كاتێكدا ئاژانسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆم ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی‌ تاران كرده‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌ مۆسكۆ و په‌كینیش لێدوانه‌كانی‌ تره‌مپیان ره‌تكرده‌وه‌ و هۆشداریاندا له‌ په‌نابردنه‌ به‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌ سعودیه‌ و ئیمارات و ئیسرائیل، خۆشحاڵی‌ خۆیان به‌رانبه‌ر به‌ لێدوانه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا ده‌ربڕیبوو.
سه‌باره‌ت به‌ پاشه‌كشه‌كردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ نێوان تاران و وڵاته‌ زلهێزه‌كان، تۆم حه‌رب به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هاوپه‌یمانی‌ ئه‌مریكایی‌- خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست بۆ پشتیوانی‌ له‌ دیموكراتی‌ ده‌ڵێت «رێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران، له‌ سه‌رده‌می‌ باراك ئۆباما سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ئه‌مریكاش ره‌زامه‌ندی‌ كۆنگرێسی‌ له‌سه‌ر وه‌رنه‌گیرابوو، ئۆباما هه‌ستی‌ ده‌كرد رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن گه‌لی‌ ئه‌مریكاوه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ڕێی‌ مه‌رسومێكی‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆنگرێس په‌سه‌ندی‌ كرد».
وه‌ك حه‌ربیش ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات»سه‌رۆك تره‌مپ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تیدا به‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنه‌وه‌ توانی‌ بیباته‌وه‌ كه‌ گرنگترینیان، هه‌مواركردنی‌ رێكه‌وتنی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێرانی‌، یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بوو».
ئێران و پێنج وڵاته‌ ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا، له‌ ته‌مموزی‌ 2015 رێكه‌وتنێكیان ئیمزاكرد كه‌ لێوه‌ی‌ ده‌بێت سزا سه‌پێنراوه‌كانی‌ سه‌ر تاران به‌شێوه‌یه‌كی‌ پله‌به‌ندی‌ هه‌ڵبگیرێن، هه‌روه‌ها رێگه‌ به‌ ئێران بدرێت چه‌ك هه‌نارده‌ و هاورده‌ بكات، له‌به‌رانبه‌ردا رێگه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی‌ موشه‌كه‌ ئه‌تۆمییه‌كان ده‌گیرێت و تاران رازیی‌ ده‌بێت به‌وه‌ی‌ شوێن و پێگه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بخاته‌ ژێر چاودێری‌ ئاژانسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆمه‌وه‌.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...