سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » مایەی شانازیی و نیگەرانیشم بوو!

مایەی شانازیی و نیگەرانیشم بوو!

ساڵی 2012 دایکێک و کوڕێکی 6 ساڵی وڵاتێکی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیمان بۆ هات و لە خانوێک نیشتەجێمکرد.
ژنێکی بچووک بە تەمەن بەڵام زۆر وریا و چاوکراوە، هەر زوو مناڵەکەیم لە قوتابخانە و ئەویشم لە سەنتەرێکی فێربوونی زمان ناونووسکرد، زوو فێری زمان بوو، زووش کەوتەسەرپێی خۆی، مەگەر کێشەیەکی هاتباپێش و داوای یارمەتی لەمن بکردایە ئەگینا ئیش و کاری خۆی ڕائەپەڕاند، گیانی هاوکاری زۆر بەهێز و پاک و گورج و گۆڵیش بوو.
لەو نەتەوەیە تاکە ژن بوو لە سنووری کاری من نیشتەجێ کرابێ.
دوای ماوەیەک ژنێکی کڵۆڵی داماو و مناڵێکی 3 ساڵیان بۆ هێنام لە هەمان نەتەوە.
هەر لە گەیشتنیەوە گریا تا هەموو ئیش و کاریم تەواوکرد و نیشتەجێمکرد.
پێش ڕۆیشتنم، تەلەفۆنم بۆ نەفەرە کۆنەکەم کرد و گوتم:
ژنێکی هاونەتەوەی تۆیان بۆم هێناوە، هەستەکەم زۆر بێتاقەتە و هەر ئەگری، خۆی بە تەنیا و نامۆ و بێکەس ئەبینێ، ئاساییە بەتۆی بناسێنم و تۆزێ قسەی لەگەڵ بکەیت و دڵی بدەیتەوە، بەڵکو تۆزێک ئارام بێتەوە؟
دڵم بۆی ئەسووتی، خەریکە لەگەڵی ئەگریم و لە منیش تێناگا نازانم چۆن هێوری بکەمەوە.
ژنەکە گوتی:
هەر بمدەیە با قسەی لەگەڵ بکەم، مۆبایلەکەمم دا دەست تازەکە و بە ئاماژە تێمگەیاند قسەبکا.
هەر بینیم پێکەنین و گریان و قسەکردنی تێکەڵ بوو لە خۆشیان، ڕێک مۆبایلی دامەوە دەست، ئەوەی تر گوتی:
پێیمگوت وەرە ئێرە، ئەگەر بتوانیت بیهێنە لای من با بزانێ تەنیانیە لێرە و هەست بە ئارامی بکا.
بردمە ئەوێ و گوتم:
لێرەبە تا ئێوارە پێش تەواوبوونی دەوامم، ئنجا دێم ئەتبەمەوە ماڵ، تا من نێم دەرنەچی دەنا ون ئەبیت، هێشتا ماڵەکەت پێ نازانیەتەوە، ئەوەی تر بۆی وەرگێڕا سەر زمانی خۆیان.
ئێوارە بردمەوە، لە ڕێگا هەر قسەی لەگەڵ کوڕەکەی ئەکرد و پێ ئەکەنی، منیش جارجار لە ئاوێنە سەیریم ئەکرد، ئەمزانی دڵیخۆشە و منیش دڵم ئیسراحەتیکرد.
رۆژی دوایی چوومەوە بزانم جێگیربووە و دەروونی باشترە، کە چووم لەماڵ نەبوو، تەلەفۆنم بۆ ئەوەی تر کرد و پرسیم ئەگەر لای ئەوبێ، گوتی:
بەڵێ لای منە، بەیانی زوو هاتم هێنامە لای خۆم، نانی بەیانی بەیەکەوە بخۆین و دواییش ئەیبەمە بازاڕ و شوێنە پێویستەکانی پیشان ئەدەم!
ئەوە بۆ منیش مایەی ئارامی بوو، لە دایک و مناڵەکە بێخەمتربووم.
لەوێوە، هەر ژنێکی تری ئەو نەتەوەیەم بۆ ئەهات، یەکەم شت بەو دوانەم ئەناساندن.
کۆتایی ساڵی 2016 پێش ئەوەی ئەو کۆمپانیایە جێبهێڵم و ئیشەکەم بگۆڕم، گرووپێکی 18 دایک و 22 مناڵیم لەوان دروستکردبوو، وەک تۆڕێکی توند و پتەوبوو، هەرچی لەوان هاتبا ئەچووە ناویان.
ئێستاش جارجار ئەیانبینم وەک پۆلەباڵندەن، جوان و یەکگر و ئاسوودە و یارمەتیدەری یەکترن.
بەردەوامیش هەواڵ و سڵاوم بۆ ئەنێرن و ئەپرسن، لە شوێنانیش ئەیانبیم لە دڵەوە باوەشیان پێدائەکەم.
چەندە ئاسوودە و دڵخۆشم کە ئەو ماوەیەی من سۆشیالیان بووم، ڕێگام بۆ هەموو ئەو ژنە بێ هاوسەرانەی ئەو نەتەوەیە ئاسانترکرد، ئەوەندەش خەم لەو کۆمەڵگایەی خۆمان ئەخۆم، کە یەک گرووپ، رێکخراو و کۆمەڵەی بێلایەنی بێ کێشەمان نیە بۆ تاکی کورد لەو وڵاتە ئیش بکا.
زۆریان دروستکرد و پارەی زۆریان لە شارەوانیەکان وەرگرت و هیچ یارمەتیەکی مەعنەویشمان لێیان نەبینی، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تازە دێنە وڵات و پێویستیان بە ڕێنمایی یاسایی و فۆرم پرکردنەوە و ڕاستەڕێکردن و هاودەمیی هەیە.
ئەوان بەبێ پیاو و بێ حزب و رێکخراو وا هاوکاری یەکترئەکەن، ڕەوەندی کوردیش بەو هەموو ژن و پیاوە بەقەد ئەوانمان بۆ ناکرێ.
تا نەهاتمە دەرەوە و نەتەوەکانی ترم نەبینی، نەمزانی ئێمەی کورد چەند لەگەڵ یەکتر ناکۆک و ناتەبا و لەدوایین، بەشێکی زۆری خەریکی کاری نایاسایی و نوێژە و ئێستا ماوەیەکە فێری بازرگانیکردنی ماددەی هۆشبەر و کوشتن و سوتاندنی خەڵکیش بووە، وەک لەو ماوەیە وێنە و ڕوداوەکانیان لە ڕاگەیاندنی ئێرە ئەبینین، بەڕاستی مایەی شەرمەزاریی و نیگەرانیە!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پەروەردە مامۆستای نا مامۆستا!

بەشی دووەم ئێمە چەندە گلەییمان لە سیستمی خوێندن هەیە و ...