سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » بازاڕی خۆرهه‌ڵات، به‌ دۆزه‌خكردنی خۆرهه‌ڵات

بازاڕی خۆرهه‌ڵات، به‌ دۆزه‌خكردنی خۆرهه‌ڵات

ده‌سپێكی ئه‌م نوسینه‌ به‌و پرسیاره‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین كه‌: ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا ته‌واوی‌ سیستم و نه‌یاره‌كانی‌ ئه‌مریكا و ئیسرائیل و سعودیه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا له‌ناو ببات و بیانڕوخێنێت، ئه‌ی‌ چه‌كه‌كانی‌ خۆی‌ له‌م خۆرهه‌ڵاته‌دا چۆن بفرۆشێت و له‌ بازاڕدا ساغیان بكاته‌وه‌؟
سیاسه‌تی ئه‌مریكا له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا تا ئاستێكی زۆر له‌و بواره‌دا سه‌ركه‌وتووبووه‌ كه‌ زه‌مه‌ن بۆ هه‌موو نه‌یاره‌كانی‌ درێژ ده‌كاته‌وه‌ و به‌كاوه‌خۆری‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌جوڵێته‌وه‌، له‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر زه‌مه‌نێكدا له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانی‌، ئه‌مریكا هه‌م زه‌مینه‌ی‌ پێویست بۆ خۆی‌ ده‌ڕه‌خسێنێت، هه‌م ده‌توانێت له‌و ماوه‌یه‌دا به‌بیانوی هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌یاره‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌كانی‌ ئه‌مریكا و سعودیه‌ و ئیسرائیل، ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بفرۆشێته‌ كڕیاره‌كانی‌. ده‌توانین هه‌ر زه‌مه‌نێك له‌م زه‌مه‌نانه‌ ناوی‌ بنێین وه‌رزی هه‌ڵوه‌راندنی نه‌یاره‌كانی‌ ئه‌مریكا و ئیسرائیل و سعودیه‌. توانا و زیره‌كی ئه‌مریكا له‌وه‌دایه‌ هه‌ر ده‌مه‌ و له‌گه‌ڵ وڵاتێكی نه‌یاریدا ده‌كه‌وێته‌ ململانێ و جه‌نگی میدیایی و گوتاره‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌یه‌ك زه‌مه‌ندا چه‌ند نه‌یارێك له‌ناو نه‌بات و كاته‌كه‌ی‌ دابه‌ش بكات به‌سه‌ر پلانه‌كانیدا بۆ مانه‌وه‌ی‌ درێژماوه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا.
ئه‌مریكا له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌و زه‌مه‌نه‌دا بۆ نه‌یاره‌كانی‌ ده‌ڕه‌خسێنێت و كاتێكی زۆریان ده‌داتێ‌ و لێیانده‌گه‌ڕێت خۆیان گژبكه‌نه‌وه‌ و قسه‌ی‌ خۆیان بكه‌ن، ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌ك ده‌داته‌ ده‌ست وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌و بیانووه‌ی‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر وڵاتێك نه‌یاری‌ ئه‌مریكا بێت ئه‌وا مه‌ترسییه‌ بۆسه‌ر خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست و دۆسته‌كانی‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا، بۆ نمونه‌ی‌ ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌بێت سه‌یری زه‌مه‌نی پێدراوی ئێران بكه‌ین له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكادا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ دوای‌ ماوه‌یه‌كی زۆر هێشتا ئه‌مریكا هێزی سه‌ربازی خۆیی له‌ به‌رامبه‌ر ئێران به‌كارنه‌هێناوه‌، به‌ڵام ململانێكه‌یان درێژه‌ ده‌كێشێت و ئه‌مریكا ئاماده‌یه‌ كاته‌كه‌ درێژ بكاته‌وه‌ له‌پێناو ئه‌وه‌ی‌ چه‌كی زیاتر بفرۆشێته‌ سعودیه‌ و ئیسرائیل وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێران نه‌یارێكی هاوبه‌شی ئه‌مریكا و ئیسرائیل و سعودیه‌یه‌ و ئه‌مریكا ئه‌یه‌وێت ئه‌و گومانه‌ له‌لای‌ ئیسرائیل و سعودییه‌یش دروست بكات كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری‌ دروستبوونی جه‌نگ له‌نێوان ئه‌مریكا و ئێران ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ ئێران په‌لاماری‌ ئیسرائیل و سعودییه‌یش ده‌دات. بۆیه‌ لێره‌دا ئیسرائیل و سعودیه‌ ناچارن هه‌میشه‌ خۆیان پڕ چه‌ك بكه‌ن.
له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ ده‌بێت بڕوانینه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ی‌ كه‌ ئه‌مریكا بۆ فرۆشتنی چه‌كه‌كانی‌ به‌ وڵاتانی‌ جیهان و به‌تایبه‌ت خۆرهه‌ڵات دایناوه‌. ئه‌مریكا یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێت ئه‌و چه‌كانه‌ دژی هاوپه‌یمانه‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌كار بهێنرێت و ده‌بێت ته‌نها بۆ ئاشتی و جه‌نگی دژی تیرۆر به‌كاربهێنرێت، لێره‌یشدا ئه‌مریكا مه‌به‌ستی ئێران و ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ نه‌یار و دژایه‌تیكاری‌ ئه‌مریكان.
ئێستا له‌سه‌ر ئاستی جیهانی‌ قسه‌یه‌كی باو هه‌یه‌ ده‌گوترێت: خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ چه‌كه‌كانی‌ ئه‌مریكا. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاستی تێدایه‌ و ئه‌مریكا هه‌میشه‌ بازاڕێكی باشی له‌ به‌رده‌سته‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ كه‌ له‌ خۆی‌ زیاده‌ ئه‌ویش وڵاتانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاسته‌. ئه‌م خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاسته‌ ئێستا بووه‌ته‌ بازاڕێكی گه‌وره‌ی‌ كڕینی چه‌كه‌كانی‌ ئه‌مریكا ، له‌م بازاڕه‌ی خۆرهه‌ڵاتدا هیچ كاڵایه‌كی سه‌ربازی هێنده‌ی‌ كاڵاكانی‌ ئه‌مریكا نرخیان له‌ سه‌ر نییه‌ و بره‌ویان پێنادرێت و كڕیاری‌ جدی و باشیان نییه‌.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بازاڕ گه‌رمییه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست هه‌یه‌تی، به‌بێئه‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ یار و نه‌یاری‌ ئه‌مریكا له‌ خۆرهه‌ڵات به‌خۆیان بزانن به‌شێوه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆ و هێواش ئه‌م خۆرهه‌ڵاته‌ به‌ره‌و به‌ دۆزه‌خبوون ده‌چێت و هه‌میشه‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ئه‌گه‌ری‌ به‌دۆزه‌خبوونی هه‌یه‌ له‌ پێكدادانی‌ ناوخۆییدا. ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ری‌ تاوسه‌ندن و به‌جۆشهاتنی‌ ئه‌م دۆزه‌خه‌ی‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ زه‌مانه‌تێكیش نییه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ مه‌رجه‌كانی‌ ئه‌مریكا بۆ كڕینی چه‌كه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن و له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتردا به‌كاری‌ نه‌هێنن و ته‌نها بیخه‌نه‌ خزمه‌ت ئاشتی ناوخۆییه‌وه‌ یان ته‌نها بۆ جه‌نگی دژی تیرۆر به‌كاری‌ بهێنن.
ناردنی ئه‌و هه‌موو چه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا بۆ خۆرهه‌ڵات و نه‌بوونی هوشیارییه‌كی ته‌واو له‌ مامه‌ڵه‌كردن و به‌كارهێنانی‌ ئه‌و چه‌كانه‌ له‌ لایه‌ن وڵاتانی‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌، ئاسۆی قوڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكی وڵاتان له‌ ناوچه‌كه‌دا پیشان ده‌دات و په‌یامێكی ڕوونه‌ كه‌ ئه‌م جوگرافیایه‌ ئه‌گه‌ری‌ تێكچوون و ته‌قینه‌وه‌ی‌ ناوخۆیی بۆ ده‌كرێت له‌ داهاتوویه‌كی نزیك دا. ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ پێمانده‌ڵێت هه‌ر وڵاتێكی خۆرهه‌ڵات ئه‌م چه‌كانه‌ی‌ ئه‌مریكای‌ له‌ ده‌ست بێت ئه‌وا ده‌بێته‌ سه‌رداری‌ ئه‌م جه‌نگه‌ڵه‌ی خۆرهه‌ڵات و ئه‌وانیتریش كه‌ هیچ توانایه‌كیان نییه‌ بۆ كڕین و به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌مریكی ده‌بنه‌ ژێر ته‌پوتۆزی زلهێز و خاوه‌ن چه‌كه‌ قورسه‌كانه‌وه‌.
ئه‌م به‌ دۆزه‌خبوونه‌ی‌ خۆرهه‌ڵات ئه‌و ده‌مه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ ژیان له‌م خۆرهه‌ڵاته‌دا ته‌نها به‌ڕێكردنی‌ ڕۆژه‌كانه‌ له‌ زه‌مه‌نێكی پڕ جه‌نگ و ناكۆكیدا، به‌ دۆزه‌خبوونی خۆرهه‌ڵات به‌ وێنه‌كردنی‌ مانا نه‌رێنی و نه‌ویستراوه‌كه‌ی‌ دۆزه‌خی ڕاسته‌قینه‌یه‌ كه‌ كه‌س هیوای‌ ئه‌وه‌ ناخوازێت دۆزه‌خی بێت !، بۆیه‌ ئه‌و كاته‌ی‌ خۆرهه‌ڵات ده‌بێته‌ فۆرمێكیتر له‌ دۆزه‌خ له‌سه‌ر زه‌وی ، ئیدی ئه‌سته‌مه‌ تاكێك هه‌بێت خۆزگه‌ به‌وه‌ بخوازێت سه‌ر به‌و دۆزه‌خه‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌ بێت یان كوڕی كه‌لتور و پاشخانه‌ عه‌قڵییه‌كه‌ی‌ خۆرهه‌ڵات بێت، چونكه‌ له‌ به‌ دۆزه‌خبوونی خۆرهه‌ڵاتدا ئیدی په‌یامی ئاشتی و ژیان ون ده‌بێت و ئه‌وه‌ی‌ په‌یامی خۆی‌ ده‌نێرێت ئه‌وه‌ جۆری چه‌ك و توانای‌ كوشتنی ئه‌ویتر و ده‌ست شكاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌ویتره‌.
به‌ دۆزه‌خبوونی خۆرهه‌ڵات وێنه‌یه‌كیتر له‌ پێكدادانی‌ شارستانی‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ شارستانییه‌تێكی زۆرینه‌ عه‌ره‌بی خۆرهه‌ڵاتی‌ له‌ جوگرافیایه‌كی پڕ كێشه‌ و پڕ پێكدادان و ناكۆكیدا به‌ جۆره‌ جیاوازه‌كانی‌ چه‌كی ئه‌مریكی پێشكه‌وتوو هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ پێكه‌وه‌ ژیان و هه‌ڵكشانی عه‌قڵ و پێشكه‌وتن ناهێڵنه‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا شارستانێتێكی ناخۆرهه‌ڵاتی ئیدی ئه‌مریكایی بێت یان ئه‌وروپی ناچنه‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌م دۆزه‌خه‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌وه‌ و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌مریكایشدا نایانه‌وێت ده‌ستوه‌رده‌نه‌ ناوخۆی وڵاتانی‌ خۆرهه‌ڵات. له‌م كاته‌یشدا ئه‌وه‌ی‌ براوه‌ی‌ نێو ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ی خۆرهه‌ڵاته‌ ته‌نها ئه‌مریكا و دۆسته‌كانی‌ ئه‌مریكان كه‌ ڕۆژانێك ئه‌مریكا به‌ هه‌ڵلوشینی نه‌وتی ناوچه‌كانیان ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كی پێداون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كورد له‌ عیراق، فۆرمێكی نوێی سیاسه‌ت

كورد ئه‌گه‌ر بییه‌وێت جارێكیتر له‌ عێراق دا به‌ به‌هێزی ده‌ربكه‌وێته‌وه‌ ...