سەرەکی » ئابووری » لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێردا گرنگترین تەكنەلۆژیا و ئامێر و كەرەستەكانی ئاوەدانكردنەوە و بیناسازیی خرانەڕوو

لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێردا گرنگترین تەكنەلۆژیا و ئامێر و كەرەستەكانی ئاوەدانكردنەوە و بیناسازیی خرانەڕوو

ئا: فەتاح حەسەن قەڵاتی

لەپێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر، زیاتر لە (200) كۆمپانیا لە (15) وڵاتی جیاواز بەشداریان تێدا كردو لەوانەش (150) كۆمپانیای بیانی‌و (50) كۆمپانیای خۆماڵی دەگرێتەوە، هەموو ئەم كۆمپانیایانەش ناوبانگێكی باشیان لەم بوارەدا هەیەو لەماوەی كردنەوەی پێشانگاكەشدا تاكۆتایی زیاتر لە (20) هەزار بازرگان‌و خاوەنكارو هاووڵاتی سەردانی پێشانگاكەیان كردووە.

گرنگی بەكەرتی تایبەت‌و بازرگانان‌
جیهاد مەعروف دیزاینەرو بەڕێوەبەر لەگروپی كۆمپانیاكانی رەسەن، سەبارەت بەكردنەوەی پێشانگاكە بەكوردستانی نوێی راگەیاند، كردنەوەی ئەم پێشانگایە گرنگی هەیە بۆ زیاتر ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەمان‌و بووژانەوەو پەرەپێدانی رەوشی ئابووریی هەرێم، بەتایبەت كە ژمارەیەكی زۆر لەكۆمپانیا بیانی‌و خۆماڵییەكان بەشداربوون، بەشێوەیەك هەر كارگەو دامەزراوەیەك‌و هەر كەلوپەل‌و پێداویستیەكی بیناسازی پێویستبن، راستەوخۆ دەتوانرێت لە پێشانگاكە بۆ خۆی دابینی بكات‌و رێككەوتن لەگەڵ خاوەن كۆمپانیاكان بكات بێ ئەوەی سەردانی وڵاتانی دەرەوە بكات.
وتیشی: «پێشانگاكە روویەكی گەشی هەرێمی كوردستان پێشانی جیهانی دەرەوە دەدات كە ناوچەكەمان زۆر لەبارە بۆ پەرەپێدانی جموجۆڵی بازرگانی‌و پیشەسازی‌و ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان‌و سەرمایەگوزاری لەم ناوچەیەدا، هاوكات پێویستە حكومەتی هەرێم زیاتر گرنگی بەكەرتی تایبەت‌و بازرگانان‌و خاوەن كۆمپانیا خۆماڵییەكان بدات بۆ ئەوەی رەوشی ئابووری‌و بازرگانی لەهەرێم پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت‌و بەرهەمهێنانی خۆماڵیش لەناوچەكەمان زیاد بكات».
روونیشكردەوە، وەكو گروپەكەمان چەندین پڕۆژەی ئابووری گرنگمان هەیەو لەبواری جێبەجێكردندان لەوانە، چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنانی بازرگانی‌و ئابووری‌و نیشتەجێكردن‌و بیناسازیی، لەمساڵیشدا بەهۆی هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەوە داواكاری هاووڵاتیان لەسەر دروستكردنی خانووبەرە زیادیكردووە.

جموجۆڵی بازاڕ و روو لەگەشەكردنە
هاوكات محەمەد نیعمەت بەڕێوەبەری فرۆشتن لەكۆمپانیای (الشراع الماسی) بۆ بەرهەمەكانی بیناسازی جۆری (INGCO)، رایگەیاند، كردنەوەی ئەم پێشانگایە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەتی لەئێستادا كە ناوچەكەمان بەرەو قۆناغی باشتر هەنگاو دەنێت‌و جموجۆڵی بازاڕ و روو لەگەشەكردنە، بۆیە لەم پێشانگایەدا كەسانێكی زۆر لەبازرگانان و خاوەن كارو هاووڵاتیان سەردانیان كردووین بۆ كڕینی بەرهەمەكانمان.
وتیشی: «ئێستا باجی گومرگ لەسەر هاوردەكردنی كاڵاكانمان زیادیكردووە ئەمەش بارگرانییەكی زیاتری خستۆتە سەر بریكارو كڕیارەكانمان‌و نرخی ئامێرو كەلوپەلەكانمان تاڕادەیەك بەرزبۆتەوە، هەروەها نرخی ریكلامكردن‌و تابلۆی بەرهەمەكانمان زیادبووە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم چاوێك بەم بابەتەدا بخشێنێتەوەو ئاسانكاری بۆ كۆمپانیاو خاوەنكاران بكات».

ئاسانكارییەكی باشە بۆ
بازرگانان‌و بەڵێندەران‌
لای خۆیەوە، زانا مستەفا عوزێری بەڕێوەبەری گشتی بیناسازی لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی هەرێم، وتی: «گرنگی ئەم پێشانگایە لەوەدایە كە هەموو تەكنەلۆژیاو ئامێرو كەرەستەكانی بواری ئاوەدانكردنەوەو بیناسازی لەم پێشانگایەدا خراونەتەڕوو، ئەمەش وادەكات ئێمەش لە تەكنەلۆژیای سەردەم‌و پێشكەوتنی ئێستای بەرهەمەكانی بواری بیناسازی دانەبڕین‌و بتوانین باشترین جۆرو كاریگەرترین بەرهەم لەدیزاین‌و دروستكردنی بیناو باڵاخانەكانمان بەكار بهێنین».
ئاماژەی بەوەشدا، پێشانگاكە ئاسانكارییەكی باشە بۆ بازرگانان‌و بەڵێندەران‌و خاوەن كۆمپانیاكان لەجیاتی ئەوەی خۆیان بەرهەم و كاڵاكان لەدەرەوە هاورد بكەن، لەم پێشانگایە بۆیان دەستەبەركراوە.
راشیگەیاند، رێنمایی‌و زانیاری تەواومان داوە بەهەموو ئەو كۆمپانیا بیانی‌و خۆماڵیانەی كە لەهەرێم‌و لەبواری وەبەرهێنانی ئاوەدانكردنەوەو بیناسازیدا كار دەكەن، بەشێوەیەك بەپێی تایبەتمەندی‌و مەرجەكانی بیناسازی عیراقی كار دەكەین‌و پێویستە رەچاوی بارودۆخی سروشتی بەرزی‌و نزمی‌و ئاو و هەوای هەرێم بكەن لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆژەكانیان.
بەوتەی زانا مستەفا عوزێری، زۆربەی ئەو كۆمپانیا بیانیانەی كە بەشداریان لەم پێشانگایە كردووە گرنگی بەتەكنەلۆژیای تازە لەبواری بیناسازی دەدەن بەتایبەتی لەڕووی كەشوهەوا و هەوا گۆڕكێ‌و بەكارهێنانی تەختەو ئەلەمنیۆم لەدروست كردنی خانووبەرەدا، بەمەش رەچاوی جیاوازی رەوشی كەش‌و هەوای زستان‌و هاوین‌و هەواگۆڕكێی وڵاتی ئێمەیان كردووە، لەبەرامبەریشدا حكومەتی هەرێم بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2006)ی دەستەی وەبەرهێنان ئاسانكارییەكی باشی بۆ بەڵێندەران‌و خاوەن كۆمپانیاكانی ئاوەدانكردنەوەو بواری بیناسازی لەهەرێم كردووە.

(20) هەزار بازرگان‌و
خاوەنكارو هاووڵاتی
هاوكات، عەبدولڵا ئەحمد سەرۆكی لیژنەی سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر، رایگەیاند، لە پێشانگاكەدا (200) كۆمپانیای بیانی لە (15) وڵاتی جیاواز بەشداریان تێدا كردووە كە هەر هەموویان ناوبانگێكی باشیان لەم بوارەدا هەیە، خۆشبەختانەش لەماوەی كردنەوەی پێشانگاكە تاكۆتایی كاتی پێشانگاكە زیاتر لە (20) هەزار بازرگان‌و خاوەنكارو هاووڵاتی سەردانی پێشانگاكەیان كردووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

زیاتر لە ملیارێك دینار بۆ كەسوكاری شەهیدانی سلێمانی خەرجكراوە

ئا: سامان فەریق لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2019دا نزیكەی ...