سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » بڕوانامە كێشەیە یان دەسەڵات؟

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

بڕوانامە كێشەیە یان دەسەڵات؟

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، دوای هەڵپەساردن و سڕكردنی لەدوای لێكەوتەی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017، كاراكرایەوە و ئەو ئەركەش خرایە ئەستۆی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.
ئەركی پەرلەمان و فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و كۆتاكانیش تەنیا شەرعیەتدان بوو بە پرۆژە یاساكە تاوەكو بەركێگی یاسایی وەربگرێت، چونكە سەرۆك و سەرۆكایەتی هەرێم، هەمان ئەو دەسەڵاتانەی سەرۆكی هەرێمی پێشوو پیادەدەكات، هەرچەند سەرۆكی یەكەمی هەرێم جارێك لەناو پەرلەمان ‌و جارێكیش لەناو خەڵك هەڵبژێردابوو، سەرۆكی دووەمی هەرێم لە پەرلەمانەوەیە، بەڵام بەهەمان دەسەڵاتەوە!.
لەرۆژی 8ی ئایاری 2019ەوە كە پڕۆژەی پێشنیازی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە دەنگی 89 پەرلەمانتاری خولی پێنجەم پەسندكرا، هەڵایەك دروستبووە لە سۆشیال میدیا و هەندێك میدیای دیكەوە، لەسەر بڕگەی پێویستە (سەرۆكی هەرێم بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت، یاخود بێ بڕوانامەبێت)!!، هۆكاری هەڵاكەیش ئەوەیە كە 69 پەرلەمانتار دەنگیان بە رەتكردنەوەی مەرجی بڕوانامە دا !!.
فۆكەسی زۆر خرایە سەر بڕوانامەی داهاتووی سەرۆكی دووەمی هەرێم كە نێچیرڤان بارزانییە، لەكاتێكدا مەسعود بارزانی سەرۆكی یەكەمی هەرێم لە هەڵبژاردنی 2005ەوە وەك سەرۆكی یەكەمی هەرێم دەستبەكاربووە و بڕوانامەیشی نەبوو، هەروەها نێچیرڤان بارزانیش لە ساڵی 1996ەوە تا 2019 جگە لە دوو ساڵ جێگرو سەرۆك وەزیرانی (ئیدارەی هەولێر) بووە و بڕوانامەیشی نەبووە!، بۆیە ئەمە گەورەكردنی بابەتێكی بچووكە و دووركەوتنەوەیە لە بابەتی سەرەكی خودی پڕۆژەكە و دەسەڵاتەكان، سیستمی هەرێم، كار و ئەركی دامەزراوەی پەرلەمان!.
ئەو بابەتەی لە بوون و نەبوونی بڕوانامە گرنگترە، پرسی هەژموونی پەرلەمانە كە دەنگی بە پڕۆژەیەك داوە كە توانای نابێت لە سەرۆكی هەرێم بپرسێتەوەو لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكات، لەكاتێكدا ئەم دامەزراوەیە دەسەڵاتەكانی دەداتێ!، كێشەی گەورەتر ئەوەیە كە سیستمی هەرێم پەرلەمانییە، بەڵام دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم هەوراز و زۆرترە لە تەشریفاتی و توانای هەڵوەشاندنەوەی خودی پەرلەمانی هەیە و دەسەڵاتەكانی پرۆتۆكۆلی نییە!.
سەرۆكی دووەمی هەرێم، هەمان دەسەڵاتی پێشوو پیادە دەكات، كە پێشتر زۆرترین گلەیی و ناڕەزایی سیاسیی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و بەشێكی هێزی حوكمڕانیشی لەگەڵدا بوو، كە (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتووی ئیسلامی) بوون و پڕۆژەیان بۆ هەمواركردنی هەبوو، بەڵام تێپەڕاندنی پرۆژە پێشنیازەكەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەو جۆرەی پەسندكراوە، ئەوا گلەیی و ناڕەزاییە سیاسییەكانی لەوبارەیەوە (سفر) كردۆتەوە، بەڵام پێدەچێت سفركردنەوەیەكی كاتیی بێت ‌و دووبارە سەرهەڵ بداتەوە!.
ئێستا بڕگەی نەبوونی بڕوانامە بۆ سەرۆكی هەرێم، كرایە بەرگی یاسایی، ئەم كارەش پەرلەمان كردی، ئەگەر خراپە ئەوا ئۆباڵەكەی لە ئەستۆیە، بەر لە پەرلەمانیش هێزە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەت، چونكە ناتوانن پێچەوانەی رێككەوتنە حزبیەكان مامەڵە بكەن، بۆیە گازندەكە زیاتر روو لە پەرلەمان و شێوازی مامەڵەكردنییەتی.
بەرلەوەی باسی بێ بڕوانامەیی سەرۆكی دووەمی هەرێم ببێتە بابەتی رۆژەڤ، ئەو هێزانە تووشی ئیحراجی بوون كە پێشتر لەسەر نەبوونی بڕوانامە و زۆریی دەسەڵاتەكانی سەرۆك و دەستبەردارنەبوون لە پۆستی حزبی هەڵایان دەكرد، بەڵام وەك رێككەوتنی حزبی رازین و پەرلەمانتارەكانیشیان وەك ئەوانی تر پەسندیان كرد، بۆیە هەم دەسەڵاتەكان وەك خۆیانن، هەم كاراكتەری سەرۆكایەتیش لە ماڵباتە.
هەركاتێك سیستم پەرلەمانی بێت و دەسەڵاتەكان لە خزمەتی گشتیدا بن، سەرۆك خوێندەواربێت یان نا، نابێتە كێشەی گشتی، بەڵام كە دەسەڵات تاكڕەو بوو، بڕوانامەی هەبێ و نەبێ، وەك یەك وایە و خۆی دەسەپێنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مەترسی خەلیفەی بێ دەوڵەت

بەشی سێیەم و كۆتایی ئەبوبەكر بەغدادی ئێستا خەلیفەی بێ دەوڵەت ...