سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » په‌ڵكانه‌و شوێنه‌كانی‌ تر

خورجە

په‌ڵكانه‌و شوێنه‌كانی‌ تر

1
زه‌ڕه‌یه‌ك خاكی‌ وه‌ته‌ن ناده‌م به‌ قه‌سری‌ قه‌یسه‌ری‌
جۆگه‌له‌و ئاوی‌ وه‌ك كه‌وسه‌ر هه‌وای‌ وه‌ك جه‌نه‌ته‌
چه‌ند رۆژێكه‌ ئه‌و خاكی‌ وه‌ته‌نه‌ له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وانه‌دایه‌ كه‌ كاتی‌ خۆی‌ سه‌دام و به‌عس بۆ عه‌ره‌باندن هێنایانی‌ و دواتریش كاڵای‌ داعشیان پۆشی‌ و په‌لاماری‌ كوردیاندا، هه‌ر رۆژ له‌ شوێنێك ئه‌و زه‌رده‌ زیڕانه‌ی‌ داگیركاری‌ پێوه‌ ده‌ده‌ن و كورده‌ حه‌یاته‌كه‌ش به‌و پرش و بڵاویه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌ به‌یاننامه‌و یه‌ك دوو قسه‌ی‌ سه‌ر پێی‌ پرسه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات، هه‌وڵدان بۆ عه‌ره‌باندنه‌وه‌ی‌ سه‌رگه‌ڕان و په‌ڵكانه‌و مامه‌و شوێنه‌كانی‌ تر، هه‌وڵدانه‌ بۆ دوو باره‌ تێكدانه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان كوردو عه‌ره‌ب و ئامانج لێی‌ دروستكردنی‌ دووبه‌ره‌كی‌ و ده‌ركردنی‌ كورده‌ له‌ سه‌ر زێدی‌ خۆی‌، ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ زه‌ڕه‌یه‌ك خاكی‌ وه‌ته‌ن ناده‌ن به‌ قه‌سری‌ قه‌یسه‌ری‌ به‌ ده‌م و به‌ كرده‌وه‌ش له‌ هیچ كوێوه‌ دیار نین، ئێستا له‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌ ئاكاریه‌كه‌دان .
2
په‌ڵكانه‌وه‌ گونده‌ كوردستانی‌ و كوردیه‌كانی‌ سنوری‌ كه‌ركوك هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م سڕینه‌وه‌و له‌ ناوبردنا بوونه‌، له‌و سنوره‌ كه‌م گوند و دێ‌ هه‌یه‌ سێ‌ جارو زیاتر نه‌سوتێنرابێت و تاڵاننه‌كرابێت و خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر نه‌كرابن، چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ ئه‌و گوندانه‌ به‌ ده‌ركردنی‌ به‌یاننامه‌و خۆ بادانی‌ حزبی‌ نابێت، ئه‌وه‌ پرسی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌و ده‌بێت به‌ پێی‌ یاساو ده‌ستور كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئیتر عه‌ره‌به‌ تاڵانچیه‌كانی‌ ئه‌وێ‌ سنوریان بۆ دابنرێت و رێگه‌یان نه‌درێت به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك هه‌ر رۆژه‌ به‌ جۆرێك گێچه‌ڵ به‌و خه‌ڵكه‌ لاشه‌ڕو ئاشتیخواه‌ بكه‌ن .
ئه‌مه‌ ئه‌ركی‌ نوێنه‌رانی‌ كورده‌ له‌ به‌غدا چی‌ ده‌كه‌ن و چۆن ده‌بێت خۆیان بیزانن، ئێمه‌ چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بانگه‌وازی‌ پاراستنی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌مان دا به‌ گوێی‌ به‌رپرسانی‌ كوردا، لێ‌ ئه‌وان سه‌رقاڵی‌ شتی‌ تر بون .
3
ئه‌حمه‌د موختار به‌گی‌ جاف له‌ شیعرێكا ده‌ڵێت :
سه‌یریكه‌ن خه‌ڵقینه‌ توخوا حاڵه‌تی‌ زاری‌ وه‌ته‌ن
چه‌ند په‌رێشانه‌ له‌ به‌ر غه‌فڵه‌ت هه‌مووكاری‌ وه‌ته‌ن
ئێستا كه‌ خاكی‌ وه‌ته‌ن لێره‌و له‌وێ‌ په‌رێشانه‌، ئه‌ركی‌ وه‌ته‌نخاوه‌نانه‌ له‌ بری‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ نه‌وت و دۆلار و ململانێی‌ یه‌كتر بیر له‌ حاڵی‌ نیشتمان بكه‌نه‌وه‌، یاری‌ عه‌ره‌باندن له‌ په‌ڵكانه‌ سه‌ر بگرێت، دێته‌ مامه‌و عه‌له‌ غێرو شوێنه‌كانی‌ تریش، كورد ده‌زگاو دامه‌زراوه‌و دایه‌ره‌ی‌ زل زلی‌ وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و ئه‌و شتانه‌ی‌ بۆ چیه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ نه‌توانن بستێك خاكی‌ وه‌ته‌ن بپارێزن، هه‌ر هیچ نا با به‌رپرسه‌كان له‌ شاعیرانه‌وه‌ فێری‌ وه‌ته‌نپه‌روه‌ری‌ بن،ئه‌حمه‌موختار به‌و شێوه‌یه‌ شیعره‌كه‌ به‌ كۆتا دێنێت :
من به‌ باخ و گوڵستانی‌ جه‌نه‌تی‌ ناگۆڕمه‌وه‌
خاكی‌ ئه‌و جێگه‌ی‌ كه‌ كورده‌ نه‌شته‌ری‌ خاری‌ وه‌ته‌ن

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

من و كەركوك

1 لە 15-16 ساڵیدا بۆ كەركوك شیعرێكم نووسی بوو ، ...