سەرەکی » دۆسێ » عەبدولمەهدی لە توركیا: دەبێت سەروەریی خاكی عیراق پارێزراوبێت

ئەنقەرە بەشوێن سەرچاوەیەكی تری وزەدا دەگەڕێت

عەبدولمەهدی لە توركیا: دەبێت سەروەریی خاكی عیراق پارێزراوبێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا كۆبوونەوە و ژمارەیەك پرسی پەیوەست بە هەردوو وڵاتیان تاوتوێ‌ كرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی لە 15ی ئایاری 2019، ڕایگەیاندبوو:»جەختمان لە بنیاتنانەوەی عیراق و گەشەپێدانی ئەو ناوچانەی كرد كە زۆرترین زیانیان لە داگیركاریی داعش بەركەوتووە، دامەزراندنی ڕێڕەوێكی بازرگانیش كە تا باشووری عیراق درێژ ببێتەوە، لە كارە لەپێشینەكانمان دەبن و دەمانەوێت ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عیراقدا بگەیەننە 20 ملیار دۆلار».
بە گوتەی ئەردۆغان:”گرنگە هەرچی زووە بۆری نەوتی كەركوك-جەیهان بخرێتەوەگەڕ كە لەلایەن داعشەوە تێكدرابوو».
لای خۆیەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندبوو:” بەرژەوەندی هاوبەشمان لەگەڵ توركیا هەیە، عیراق دەیەوێت سود لە پێشكەوتن و گەشەسەندنەكانی توركیا ببینێت، بۆ ئەو مەبەستەش ژینگەی عیراق لەبارە بۆ رێككەوتن لەگەڵ توركیا، جەختیشی لەسەر پێویستی پارێزگاریكردن لە سەروەری خاكی عیراق كردبۆوە.
سەرلەئێوارەی ئێوارەی 15ی ئایاری 2017 عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەیاوەری وەفدێكی باڵا بە سەردانێكی رەسمی گەیشتە توركیا.
پێشتر میدیاكانی عیراق لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویانكردبۆوە» عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بەسەردانێك بەرەو توركیا بەڕێدەكەوێت و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا كۆدەبێتەوە».
بەگوتەی سەرچاوەكە، “سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر چەند پرسێك، كە گرنگترینیان بوونی پەكەكە-یە لە شنگال و زیادكردنی قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتە لە 10 بۆ 20 ملیار دۆلار، وێڕای دۆسێی ئاوی نێوان هەردوو وڵات».
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، توركیا خواستی لە زیادكردنی وەرگرتنی وزەیە لە عیراق، ئەمەش لە كۆبوونەوەكەی نێوان عەدبدولمەهدی ئەردۆغان تەوەرێكی گرنگی كۆبوونەوەكان بووە لە ئەنقەرە.
ئەم سەردانەی عەبدولمەهدی بۆ توركیا دوای بڕیارەكەی ئەمریكایە بۆ كۆتایی هاتنی ماوەی مامەڵەی 8 وڵاتە (بەدەركراوەكە) لە سزاكانی سەر ئێران، كە توركیاش دەگرێتەوە و لەمەودوا بۆی نییە نەوت لە ئێران بكڕێت و بەوهۆیەوە دەیەوێت ڕوو بكاتە عیراق.
لە 15ی ئایاردا، نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، “عەبدلمەهدی لە میانی سەردانەكەیدا، چاوی بە گەورە بەرپرسانی توركیا دەكەوێت و لەگەڵیاندا پەرەسەندنی پەیوەندییەكان و زیاتركردنی هەماهەنگییە ئابورییەكان و پرسەكانی جێبایەخی هەردوولا تاوتوێ‌ دەكات”.
بە گوتەی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەڵێت: “ئەو وەفدی هاوڕێیەتی عەبدولمەهدی دەكات، لە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران (وەزیری نەوت) و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران (وەزیری دارایی)، وەزیرەكانی پلاندانان و هەماهەنگی گەشەپێدان و بازرگانی و كشتوكاڵ و پیشەسازی و كانزاكان و سامانە ئاویییەكان و گواستنەوە و گەیاندن، هەروەها ژمارەیەك لە سەرۆك لیژنە پەڕلەمانییەكان و ئەندامانی پەڕلەمان پێكدێت، وێڕای ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی مەرزە سنورییەكان لەگەڵ ژمارەیەك لە بریكاری وەزارەتەكان و بەرپرسان و ڕاوێژكاران”.
هەر سەبارەت بە تەوەرەكانی پەیوەست بە عیراق و توركیا، لە 17ی ئایاری 2019،
وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاندبوو، ئەنقەرە ڕێز لە سنوری وڵاتانی دراوسێ‌ دەگرێت لە پێش هەمووشیانەوە عیراق و سوریا، بەردەوامیش دەبێت لە بەجبێگەیاندنی ئەركەكانی لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر.
خەلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا لە وتارێكیدا لە ئەنقەرە ڕایگەیاندبوو”هێزە چەكدارەكانی توركیا ئەركی پارێزگاریی و زامنكردنی سەڵامەتی هاوڵاتییانی لە ئەستۆیە و دەبێت نەتەوەی تورك بپارێزێت”، ئاماژەی بە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپاش كردبوو لە باكووری عیراق سوریا “تا ئەو كاتەی مۆڵگەی تیرۆریستانیان تێدا دەمێنێت”.
وەزیری بەرگری توركیا پێیوایە”هێزە چەكدارەكانیان لە خەباتێكی دانەبڕاوەدان لە دژی هەموو ڕێكخراوە تیرۆریستیەكان لە ناوخۆ و دەرەوە، و لە وشكانی و دەریا و ئاسمانەوە بەرژەوەندی وڵات دەپارێزێن”.
سوپای توركیا بە بیانوی بوونی مەترسی و هەڕەشەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی، بە دەیان كیلۆمەتر هاتۆتە نێو خاكی هەرێمی كوردستان، ئەمەش لەلایەن زۆرێك لە هێزە سیاسییە كوردستانی و عیراقییەكانەوە جێگەی ناڕەزاییە و بە پێشێلكردنی سەروەری خاكی وڵات دادەنرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆژنامەیەك: عیراق تووشی وشكەساڵی دەبێتەوە

رۆژنامەیەكی قەتەری كە لە لەندەن دەردەچێت، هۆشداریی دەدات لە دروستبوونی ...