سەرەکی » دۆسێ » گرنگی نێوەندگیری عیراق بۆ رەواندنەوەی تەنگژەكانی ناوچەكە

هەوڵەكان دەستیان پێكردووە

گرنگی نێوەندگیری عیراق بۆ رەواندنەوەی تەنگژەكانی ناوچەكە

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون، پێیوایە نێوەندگیری عیراق ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە ڕێگرتن لە بەرپربوونی جەنگ لە ناوچەكە، بەوپێیەی گەر جەنگ ڕووبدات، عیراق گەورەترین زیانی بەردەكەوێت.
هەیفا ئەمین، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو:”عیراق ڕۆڵێكی سەرەكی و میحوەری دەبینێت بۆ ڕێگرتن لە بەرپابوونی جەنگ و ڕەواندنەوەی تەنگژەكان لەنێوان ئێران و ئەمریكا، پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ هەردوو وڵات، وایان لێدەكات دەبێت رۆڵی ئەرێنی ببینین، و كار بۆ بەرگرتن لە ڕوودانی ئەو جەنگە بكەن”.
بە گوتەی ئەمین:”ڕۆڵی حكومەتی عیراق لەئێستادا روون و ئاشكرایە بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی جەنگ لە ناوچەكە، ئێمەش هەڵوێستمان لەگەڵ پاراستنی گەلی عیراق و دەوڵەتی عیراقدایە، چونكە بەردەوام گەلان لە جەنگەكاندا باجی گەورە دەدەن، بۆیە بەپێویستی دەزانیین لەڕێی كاریی سیاسی و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بۆ ئەم تەنگژەیەی ئێستا بدۆزرێتەوە”، ڕەتیشیكردبۆوە قبوڵ بكرێت عیراق بكرێتە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی نێوان وڵاتان.
هەیفا ئەمین، گەشبینی خۆی پیشاندا بوو لەوەی عیراق بتوانێت ڕۆڵی گەورە ببینێت، لە دوورخستنەوەی مەترسییەكانی ڕوودانی جەنگ، ئاماژەی بە هەڵوێستی وڵاتانی تریش كردبوو كە دەنگییان لەگەڵ ئاشتیدایە و جەنگ ڕەتدەكەنەوە، ئاماژەی بەو خۆپیشاندانەش كردبوو كە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لەلایەن هاوپەیمانییەكەیان سازكران و تێیاندا دروشمی «بەڵی بۆ ئاشتی و نەخێر بۆ جەنگ” بەرزكرایەوە.
بۆ دوورخستنەوەی تارمایی جەنگ لە ناوچەكە، لەئێستادا سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عیراق، هەوڵەكانیان خستۆتەگەڕ و كار بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئێران و ئەمریكادا دەكەن و پشتیوانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی كۆدەكەنەوە بۆ بەرگرتن لە ڕوودانی جەنگ كە بە بۆچوونی زۆرێك، لەحاڵەتی بەرپابوونی عیراق زیانێكی گەورەی پێدەگات.

هەوڵەكانی عیراق بۆ رەواندنەوەی تەنگژەكان
لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمان ڕایگەیادبوو، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق سەردانی توركیا و سعودیە دەكات، ئەو گەشتەش دوای كەمتر لە دوو ڕۆژە لە سەردانەكەی بەرهەم ساڵح بۆ عەممان و بەشداریی لە لوتكەی سێ‌ قۆڵی لەگەڵ پادشای ئەردەن و سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینی.
رێبوار كەریم، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عیراق، لە 25ی ئایاری 2019 لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی (الصباح) ڕایگەیاندبوو”سەردانەكانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بۆ كوێت و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار بۆ ئەردەن، بۆ تاوتوێكردنی ئەو رووداوانەن كە لە ناوچەكەدا هەن و پەیوەندییان بە تەنگژەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێرانەوە هەیە»، ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەكەش كردبوو بۆ دوو وڵاتەكە كە بە گوتەی ئەو»بۆ دوورخستنەوەی تارمایی جەنگە لە دەوڵەت و گەلی عیراق بەو پێیەی هەنگاو بەرەو سەقامگیریی و گەشەكردنی ئابوری هەڵدەنێت، ئەمەش پێویستی بە سەقامگیریی ئەمنی و سەربازیی و سیاسییە».
رێبوار كەریم دەڵێت:»لە وتوێژەكاندا جەخت لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابوری نێوان عیراق و وڵاتانی دراوسێ‌ كراوەتەوە لە حاڵەتی روودانی كێشە لە قۆناغەكانی داهاتوودا، وێڕای دیاریكردنی شێوازی چۆنیەتی ئەو پەیوەندییانە»، ئاماژەی بە بەردەوامبوونی عیراقیش كردبوو لەسەر ئەو رێكەوتنە دووقۆڵیانەی كە پێشتر بە ئەنجامگەیشتبوون، لە حاڵەتی چارەسەركردنی ئەو تەنگژانەی روویان لە ناوچەكە كردووە.
بە بۆچوونی ڕێبوار كەریم”سەرۆك كۆمار لە سەردانەكەی بۆ هەریەك لە توركیا و سعودیە، بۆ تاوتوێكردنی رەوشی عیراق و چۆنیەتی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و ناوچەكەیە».
بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق پێشتر سەردانی ئەردەنی كرد و لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەمی پادشای ئەردەن و مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینی كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەشدا دوایین پەرەسەندنی ئیقلیمی و هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هەر سێ‌ وڵاتدا لە بوارە جیاجیاكاندا تاوتوێ‌ كران.

هەڵوێستی ئەمریكا
رێكخەری كاروباری باڵێوزخانەی ئەمریكا، ڕەتیكردبۆوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبارەی ئێرانەوە پێویستی بە نێوەندگیری عیراق بێت.
جوی هود، رێكخەری كاروباری باڵێوزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی لە 23ی ئایاری 2019 ڕایگەیاندبوو”وڵاتەكەی پێویستی بە نێوەندگیری عیراق نییە، دەتوانن بۆخۆیان لەگەڵ ئێراندا بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەیەك بگەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی دەیانەوێت، بەڵام خۆشحاڵن بە راوێژ لەگەڵ حكومەتی عیراق بۆ ئاڵوگۆڕی ڕاوبۆچوونەكان لەو بارەیەوە”.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە خالید جارەڵڵا وەزیری دەر ەوەی كوێت، ئاماژەی بە بوونی هەندێك لەو دەستەواژانە كردبوو كە ئاماژە بە دەستپێكردنی دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران دەكەن.

رەوانەكردنی وەفدەكانی عیراق بۆ تاران و واشنتۆن
پێشتر سەرۆك وەزیرانی عیراق، خواستی خۆی بۆ ڕەوانەكردنی شاندەكان بۆ تاران و واشنتۆن دەربڕیبوو، ئەمەش لەپێناو كۆتایی هێنان بەو تەنگژەیەی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دروستبووە.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە 21ی ئایاری 2019 لە كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی لە بەغدا، ڕایگەیاندبوو»عیراق لەسەر ئاستێكی باڵا دەستیكردووە بە پەیوەندییەكانی، دیدی عیراقیش بۆ چارەسەكردنی تەگژەكانی ناوچەكە، لە دیدی ئەوروپاییەكانەوە نزیكە”.
بە گوتەی عەبدولمەهدی، “بەرپرسانی ئەمریكایی و ئێرانی پێیان ڕاگەیاندوون، كە خواستیان لە بەرپاكردنی جەنگ نییە”.
سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەكەدا ڕایگەیاندبوو، “عیراق لە قۆناغی گۆڕینەوەی نامەكانی نێوان واشنتۆن و تاران-دایە و هەوڵ دەدەن كۆتایی بە تەنگژەی نێوان ئەو دوو وڵاتە بهێنن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لیبیا لە خەونی شۆڕشەوە بۆ شانۆی ..

لیبیا لە خەونی شۆڕشەوە بۆ شانۆی کارەکتەرە سیاسییەکانی خۆرئاوا ماجيد ...