سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناوچە سەر بە گۆبەندەكەپەڕە 17

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناوچە سەر بە گۆبەندەكە

روینەداوە لە مێژوویی مرۆڤایەتیدا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێ‌ كێشە بێت و ئارامی و سەقامگیری باڵ بەسەر تەواوی ناوچەكانیدا بكێشێت، لە مێژووی دوردا جێگەی ململانێی نێوان ئیپراتۆریەتە گەورەكان و لە چاخی ناوەڕاستیشدا گۆڕەپان و جێ‌ رمبازێكی تەوژمی سوپا ئاینییەكان.
هەردوو ئیمپراتۆری سەفەوی عوسمانی لە كێشمەكێش و ململانێدابوون بۆ زاڵبوون بەسەر یەك و دابڕینی زۆرترین ناوچە و سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر گەلاندا، لە سەردەمی جەنگە جیهانییەكانیش، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەو كێكە بوو كە بەسەر وڵاتە براوەكاندا دابەشكرا.
لە مێژووی نزیك و لە سەردەمی جەنگی سارد، كودەتا سەربازییەكان و حوكمڕانی تۆتالیتاریی سیمای دەركەوتووی وڵاتەكان بوو، جەنگی ئەهلی لە لوبنان و جەنگی عیراق-ئێرانیش لەو رووداوانەن كە لە مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بە خوێن نوسراونەتەوە.
لە ساڵانی نەوەدی سەدەی رابردووش، ئیسلامی سیاسی و گروپە جیهادییەكان ناونیشانی قەتڵ و عام و كاولكاریی بوون لە جەزائیر و میسر و هەندێك وڵاتی تر، ئۆسلۆش بە هەمان شێوەی كامپ دێڤید نەبووە مایەی چارەسەركردنی كێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكان.
یەكەمین جەنگی كەنداو «گەردەلولی بیابان» لە دوای داگیركردنی كوێت، سەدام حسێنی لە كورسی دەسەڵات دوورنەخستەوە، سزا ئابورییەكانیش گەلانی وڵاتەی بە تەواوەتی شەكەت كرد.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچە سەر بە گۆبەندەكە لە دەیەی یەكەم و دووەمی ٢٠٠٠دا گەورەترین كاولكاریی و ناسەقامگیری بەخۆوەبینی، سەرهەڵدانی قاعیدە و داعش لە عیراق و سوریا، هێندەی تر گۆمەكەی شڵەقاند و چەندان تۆماری سەربڕینی مرۆڤەكان لەسەر دەستی ئەو دوو رێكخراوە توندڕەوە لە میدیاكانەوە بڵاوكرانەوە.
یەمەن كە بە «سەعید» ناودەبرا، وێڕای ماڵوێرانی جەنگ، چەندان ملیۆن هاووڵاتی وڵاتەكەی كەوتنە سەر لێواری برسێتیی، لیبیاش كە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی كیشوەری ئەفریقایە، بەدەست سوپاكەی خەلیفە حەفتەر و حكومەتە بەناو ویفاق وەتەنییەكەی فایز سەراجەوە گیرۆدە بووە.
عیراقی نوێ‌ لە دوای جەنگی داعش، كەوتۆتە نێو بەرداشی ممللانێی ئەمریكا و ئێران، لە سوریاش «هەیئەی تەحریری شام» ( بەرەی نوسرەی پێشوو)، و چەكدارە توندڕەوە ئاسیایی و قەوقازییەكان (حراس الدین)، لە ئیدلیب لەنگەرییان گرتووە و چاوەڕوانی خوێنڕشتن و غەزایەكی تر دەكەن.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەك ناوچەیەكی سەر بە گۆبەند، لە چاوەڕوانی رووداوی گەورەتر و سامناكتردایە،وەك بڵێی قەدەری ناوچەكەیە، یان كاڵایەكە و بە باڵای گەلانی ناوچەكەدا بڕدراوە كە دەبێت جگە لە دڵەڕاوكێ‌ و پێشبینیكردنی خراپتر، چاو لە ئارامی و سەقامگیری و گەشەسەندن و بوژاندنەوە نەبڕن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئاسایشی ئیسرائیل

بۆ پاراستنی ئاسایشی قەوارەكەی هەموو رێڕەوێك، دروست بێت یان نادروست ...