سەرەکی » مانشێت » سەرۆك كۆمار: پتەوتركردنی پەیوەندییەكان و بەرقەراركردنی ئاشتی ‌و سەقامگیریی ‌و ئاسایش لە ناوچەكەدا

سەرۆك كۆمار: پتەوتركردنی پەیوەندییەكان و بەرقەراركردنی ئاشتی ‌و سەقامگیریی ‌و ئاسایش لە ناوچەكەدا

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لەسەردانە رەسمییەكەیدا بۆ بەریتانیا، لەگەڵ سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دەرەوەو سەرۆكی ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا، كۆبۆوەو جەختیان لەگرنگیی بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان‌و سەقامگیریی ناوچەكە، كردەوە.
رۆژی 25/6، سەرۆك بەرهەم ساڵح، لەكۆبوونەوەیدا لەگەڵ تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، ئاماژەی بەگرنگیی بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان‌و فراوانكردنی هاریكارییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی لەگشت بوارەكاندا كردەوە، بەجۆرێك كە خزمەت بەبەرژەوەندییە هاوبەشەكانی بەغدا‌و لەندەن بكات، هاوكات بەپێویستی زانی كە حكومەتی بەریتانیا رۆڵی كاریگەری خۆی ببینێت لەكەمكردنەوەی گرژییەكان‌و سەقامگیریی ناوچەكەدا.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆك كۆمار رۆڵی بەریتانیای لەجەنگی دژی تیرۆر‌و بەشداریی بەردەوامی لەپشتیوانیی هێزە ئەمنییەكانی عیراق‌و مەشق‌و پڕچەككردنی بەرزنرخاند، هیواشی خواست بەریتانیا بەشداریی زیاتر بكات لەپرۆسەی ئاوەدانكردنەوە‌و بنیاتنانەوەی عیراقدا بەتایبەتی لەناوچە رزگاركراوەكاندا.
لای خۆیشییەوە، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، سیاسەتی عیراقی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی‌و ناوچەكە لەبەهێزكردنی یەكڕیزیی نیشتمانی، بەرزنرخاند، پشتیوانیی وڵاتەكەشی بۆ گەل‌و حكومەتی عیراق دەربڕی لەسەقامگیری‌و دووبارە بنیاتنانەوەی عیراقدا.
هەر لەمیانی كۆبوونەوەكەدا، باس لەدوا پێشهاتەكانی ناوچەكە كرا‌و جەخت لەچڕكردنەوەی هەوڵەكان كرایەوە بەئاڕاستەی هێوركردنەوەی دۆخەكە‌و كۆتاییهێنان بەقەیرانەكان. تاوتوێی ئەو هەوڵانەشیان كرد كە خراونەتەگەڕ لەجەنگی تیرۆردا‌و جەختیان لەپێویستیی بەهێزكردنی هاریكاری‌و هەماهەنگی نێوان لایەنەكانی ناوچەكە كردەوە بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو مەترسییانەی، كە دووچاری ئاسایش‌و ئارامیی ناوچەكە‌و جیهان، بۆتەوە.

دیداری سەرۆك كۆمارو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا
لەلایەكی دیكەوەو لەمیانی كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ جێرمی هانت وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، سەرۆك بەرهەم ساڵح، جەختی لەچڕكردنەوەی هەوڵەكان كردەوە لەپێناوی بەرقەراركردنی ئاشتی لەناوچەكەدا‌و خواستی عیراقیشی دووپاتكردەوە لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان‌و بەهێزكردنی هاریكاری هاوبەش لەگەڵ بەریتانیادا لەگشت بوارەكاندا.
لەدیدارەكەدا، سەرۆك بەرهەم، ئاماژەی بەپێویستیی هەماهەنگی‌و كاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات كرد لەپێناوی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی‌و سەقامگیری‌و ئاسایش لەناوچەكەدا بەجۆرێك كە بێتەمایەی بەدیهێنانی سەقامگیری‌و خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتان‌و گەلانی ناوچەكە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش، پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ عیراق دەربڕی لەتەواوی بوارەكاندا، هاوكات هەوڵەكانی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دووپاتكردەوە‌و رۆڵی جەمسەریی عیراقیشی سەبارەت بەقەیرانەكانی ناوچەكە بەرزنرخاند، جەختیشی لەگرنگیی بەردەوامی هەماهەنگی‌و راوێژ لەنێوان هەردوو وڵاتدا كردەوە سەبارەت بەپرسە جیاجیاكان‌و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیهاندا.

كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار لەگەڵ وەزیر‌و بەرپرسانی بەریتانیادا
ئێوارەی هەمان رۆژ، سەرۆك كۆمار، لەمیانی بەشداریكردنی لەئاهەنگی ئێوارەخوانێكدا، كە لەسەر شەرەفی بەڕێزیان‌و شاندی یاوەری لە هوتێلی لانكستر هاوس لەلەندەن ئامادەكرابوو، هەریەك لەوەزیرانی بەرگریی‌و بازرگانی‌و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی‌و كاروباری دەرەوە‌و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆك وەزیران‌و ژمارەیەك لەو كەسایەتییانەی كەگرنگی بەبارودۆخی عیراق‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن، ئامادەیبوون، د.بەرهەم ساڵح، ئاماژەی بەوەكرد كە دەستپێكی كاری ئەم قۆناغە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عیراق‌و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكانە بەهاووڵاتیانی عیراق. راشیگەیاند: دەمانەوێت ئاستی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەریتانیا لەسەرجەم بوارەكاندا بەتایبەتی لەبواری ئابووری‌و بازرگانیدا، بەرەوپێش ببەین.
لەوتەیەكیشدا، سەرۆك كۆمار، ئەوەی دووپاتكردەوە كەڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، شكستیهێناوە لەڕووی سەربازییەوە، بەڵام هێشتا مەترسیی گەورەی ماوە، بۆیە پێویستە گرنگی بدرێت بەدژایەتیكردنی‌و كۆتایی پێهێنانی بەیەكجاری، هەر لەوبارەیەوە سوپاسی رۆڵی گرنگی بەریتانیای كرد لەپشتیوانیكردنی عیراق لەجەنگی دژ بەتیرۆر‌و پێشكەشكردنی هاریكارییە مرۆییەكان بۆ ئاوارەكان‌و پرۆسەی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان. تەئكیدی لەسەر ئەوەش كردەوە كە عیراق‌و بەریتانیا لەو وڵاتانەن كە دەتوانن رۆڵی كاریگەر ببینن لەبەدیهێنانی سەقامگیری لەناوچەكەدا، لەوچوارچێوەیەشدا هۆشداریدا كە بەهۆی زیادبوونی ململانێكانەوە لەوانەیە ببێتە هۆكاری سەرهەڵدانی جەنگێكی نوێ لەناوچەكەدا.
لای خۆیشییانەوە وەزیر‌و بەرپرسانی بەریتانیا، تەئكیدیان كردەوە كە سەردانەكەی سەرۆك بەرهەم ساڵح بۆ وڵاتەكەیان، دەبێتە هۆكاری بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان‌و بەرەوپێشبردنی هاریكاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەكەشیان لەپشتیوانیكردنی عیراق لەگشت بوارەكاندا دووپاتكردەوە.
دیداری سەرۆك كۆمار‌و سەرۆكی ئەنجومەنی لۆردان
ئێوارەی دوێنێش، سەرۆك بەرهەم ساڵح، لەلەندەن سەردانی نووسینگەی ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیای كردو لەدیدارێكدا لەگەڵ پیتر نۆرمان فاولەر سەرۆكی ئەنجومەنەكە، رۆڵ‌و هەڵوێستەكانی بەریتانیای لەپشتیوانیكردنی گەل‌و حكومەتی عیراق لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆر‌و بەشداری لەبنیاتنانەوەی شارەكان بەتایبەتی ناوچە رزگاركراوەكان، بەرزنرخاند‌و تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عیراق‌و بەریتانیا‌و چۆنێتی بەهێزكردن‌و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری‌و هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە یاساییەكانیان، كرد، بەجۆرێك بەرەوپێشچوونی دەسەڵاتی چاودێری‌و پەرلەمانیی لەوڵاتدا، مسۆگەربكات.
لای خۆیەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی لۆردان، تەئكیدیكردەوە كە ئەم سەردانە دەبێتەمایەی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا‌و لەندەن‌و رایگەیاند: مەبەستمانە لەنێوان ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا كاری هاوبەش‌و هەماهەنگی زیاتر هەبێت.
پاشان، لەكۆبوونەوەیەكدا، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران‌و لۆردانی بەریتانیا، سەرۆك بەرهەم ساڵح، لەگەڵ كۆمەڵەی پشتیوانیی عیراق بەسەرۆكایەتیی ئان كلۆید، تاوتوێی دۆخی عیراق‌و ناوچەكەیان كرد.

print

 65 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*