سەرەکی » وەرزش » فێدره‌ر چۆن یاری كۆتایی ویمبڵدۆنی دۆڕاند؟

فێدره‌ر چۆن یاری كۆتایی ویمبڵدۆنی دۆڕاند؟

رۆجێر فێدره‌ر چۆن له‌ یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتی گراندسلامی رۆلان گارۆس دووچاری شكست هات؟ ئه‌مه‌ پرسیاری زۆرینه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بوو كه‌ بینه‌ری یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بوون و تیایدا نۆڤاك جۆكۆڤیچی سربی بووه‌ پاڵه‌وان، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا فێدره‌ر له‌ هه‌موو شتێك دا باشتر بوو.
تێنسی سه‌رزه‌وی یارییه‌كی تاكه‌ كه‌سییه‌و ته‌نها پشت به‌ ئاستی یاریزانه‌كه‌ خۆی ده‌به‌ستێت، بۆیه‌ كاتێك یاریزانێك به‌ ئاستی به‌رز ده‌رده‌كه‌وێت و له‌ زۆرینه‌ی‌ سه‌رژمێرییه‌كان له‌ ركابه‌ره‌كه‌ی‌ باشتر ده‌بێت ئه‌وا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ رۆژی 1 شه‌ممه‌ له‌ یاریگای سه‌ره‌كی ویمبڵدۆن هه‌مووانی توشی شۆك كه‌ فێدره‌ری خۆشه‌ویستی هانده‌ران له‌ هه‌موو شتێك له‌ ركابه‌ره‌كه‌ی باشتر بوو ته‌نها له‌یه‌ك كات دا نه‌بێت ئه‌ویش سوود وه‌رگرتن له‌و 2 هه‌له‌ی كه‌ بۆی ره‌خسا بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بباته‌وه‌.
فێدره‌ر له‌ كۆمه‌ڵه‌ی پێنجه‌می یارییه‌كه‌دا كاتێك 8 به‌ 7 گێم له‌ پێشه‌وه‌بوو له‌ گێمی 16یه‌م خۆی سێرفی جێ به‌جێ ده‌كرد و 40 خاڵ به‌رامبه‌ر به‌ 15 خاڵ پێشكه‌وت و پێویستی ته‌نها به‌ خاڵێكی تر بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆ جاری نۆیه‌م جامی ویمبڵدۆن به‌رز بكاته‌وه‌و ژماره‌ی پاڵه‌وانێتیه‌كانی گرانسلامی بگه‌یه‌نێته‌ 21 پاڵه‌وانێتی.
فێدره‌ر 37 ساڵ و 340 رۆژ ته‌نها خاڵێكی ده‌ویست بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ گه‌وره‌ترین یاریزانی نازناوی پاڵه‌وانێتییه‌كی گراندسلام ده‌باته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌نجامی ئه‌و یارییه‌ به‌جۆرێك بوو كه‌ ره‌نگه‌ هه‌رگیز له‌ بری نه‌كات.
فێدره‌ر 48 سه‌عات به‌ر له‌ یاری به‌رامبه‌ر جۆكۆڤیچ رایگه‌یاند تێنس هه‌نێك كات ده‌كرێت زۆر به‌ ئازار بێت و هۆكاری ئه‌وه‌شی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ له‌ تێنس یه‌كسانبوون نییه‌، ره‌نگه‌ فێدره‌ر له‌دوای له‌ده‌ستدانی ئه‌و هه‌له‌و دواجار دۆڕانی یارییه‌كه‌ به‌ته‌واوی هه‌ستی به‌و ئازاره‌ كردبێت.
جۆكۆڤیچ ئه‌وه‌ی‌ بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ خۆی نه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌و له‌ ركابه‌ری به‌رده‌وامبوو تا دواجار له‌ درێژترین یاری كۆتایی له‌ مێژووی گراندسلامی ویمبڵدۆن به‌ 4 سه‌عات و 57 ده‌قیقه‌ سه‌ركه‌وتنی تۆماركرد و فێدره‌ریش دوای یارییه‌كه‌ رایگه‌یاند هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و یارییه‌ له‌بیر بكات.
فێدره‌ر دوای یارییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هه‌ست ده‌كات هه‌لێكی زۆر گه‌وره‌ی له‌ده‌ستداوه‌ و دوپاتیشی كرده‌وه‌ نازانێت چی رووی داوه‌ كه‌ ده‌كرێت ئه‌مه‌ دۆخی ئه‌و 15 هه‌زار هانده‌ره‌ش بێت كه‌ له‌ نێو یاریگا ئاماده‌بوون و به‌رده‌وام هانی فێدره‌ریان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركه‌وتن تۆماربكات.
جۆكۆڤیچ له‌به‌رامبه‌ردا بووه‌ یه‌كه‌م یاریزان له‌ ساڵی 1948ه‌وه‌ له‌ ویمبڵدۆن دوای ئه‌وه‌ی‌ ته‌نها خاڵێك له‌ شكسته‌وه‌ دووره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌و دواتر سه‌ركه‌وتن تۆماربكات، له‌ كاتێكدا شكست له‌و دۆخه‌دا بۆ فێدره‌ر نامۆ نییه‌ و پێشتر 2 جار له‌ قۆناغی چاره‌كی كۆتایی ویمبڵدۆنی وه‌رزی رابردوو له‌گه‌ڵ پێش كۆتایی ئه‌مریكای كراوه‌ی‌ 2011 هه‌رچه‌نده‌ خاڵێك له‌سه‌ركه‌وتن دووربووه‌ به‌ڵام دواتر دووچاری شكست بووه‌.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو شتێك بۆ كه‌سێك كه‌ سه‌یری یارییه‌كه‌ی‌ نه‌كردبێت ئه‌وا زۆر قورسه‌ باوه‌ڕ به‌وه‌ بكات كه‌ فێدره‌ر له‌و یارییه‌دا دووچاری شكست بووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا له‌ هه‌موو شتێكدا له‌ ركابه‌ره‌كه‌ی‌ باشتر بووه‌.
فێدره‌ر له‌ یارییه‌كه‌ 94 لێدانی سه‌ركه‌وتوی هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ر 54 لێدان، له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش له‌ شكاندنی سێرف ئه‌ستێره‌ سویسریه‌كه‌ 7 جار سێرفی ركابه‌ره‌كه‌ی‌ شكاند له‌به‌رامبه‌ردا جۆكۆڤیچ ته‌نها 3 جار ئه‌و كاره‌ی كرد.
له‌ ئه‌یسیشدا فێدره‌ر 25 به‌ 10 له‌ پێشه‌وه‌بوو، له‌ ژماره‌ی خاڵه‌كانی یارییه‌كه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فێدره‌ر 218 خاڵی گرتووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ 204 خاڵ بۆ ركابه‌ره‌كه‌ی‌.
ئه‌و شكسته‌ قورسه‌ش فێدره‌ر 11 ساڵ ده‌باته‌ دواوه‌ به‌دیاری كراوی بۆ ساڵی 2008 كاتێك له‌هه‌موو شتێك له‌ رافائێل نادال باشتربوو به‌ڵام دواجار دووچاری شكست هات.
فێدره‌ر دوای یارییه‌كه‌ باسی له‌ یارییه‌كه‌ی‌ 2008 كرد كه‌ ئه‌و كات بووه‌ درێژترین یاری كۆتایی له‌ مێژووی ویمبڵدۆن و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌م یارییه‌ش هاوشێوه‌ی ئه‌و یارییه‌ به‌ ئازاره‌، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌دات سوود له‌ لایه‌نه‌ باشه‌كانی یارییه‌كه‌ وه‌ربگرێت.

 169 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*