سەرەکی » وتار » بارزان شێخ عوسمان‌ » قسەیەك لەبارەی رێپێگرتنی كاك بافڵ-ەوە

قسەیەك لەبارەی رێپێگرتنی كاك بافڵ-ەوە

ماوەیەكی زۆرە لە نووسین و هەندێك كۆمێنتی فەیسبووك بۆ مەسەلە ناوخۆییەكان دووركەوتوومەتەوە، بەڵام دیمەنی ئەو ژنە كوردە ئاوارەبووەی دانیشتووی دەرەوە لەكاتی رێپێگرتن و قسەكردنی توندو هێرشكردنە سەر بافڵی كوڕی سەرۆك مام جەلال-ی مەزن، زۆر وروژاندمی، جا نازانم ئێرانی بوو یان عیراقی، قسەكانی وەك بێئاگاو داخلەدڵێك هەقبوو، وەك راستی و واقیعیی؛ زۆر ناهەق و بێویژدانی بوو.
كوڕە گەنجەكەش قسەگەلێكی كرد كە بە هەمان شێوە وەك هەر كوردێك هەقی بوو دەریببڕێت، بەڵام ئاڵالەخۆپێچان‌و شێوازی قسەكانی لە بەرنامە بۆ داڕێژراو دەچوو. وەك سەرۆك مام جەلال-ی مەزن هەمیشە دەیفەرموو: «هەموو كەسێك هەقی خۆیەتی رای خۆی دەرببڕێت و قسە بكات و رەخنە بگرێت، ئەگەر قسە و سەرنجەكانی راست بوون پێویستە خواروخێچییەكان راست بكرێنەوە، ئەگەر واش نەبوون بۆی راست بكرێتەوە».
كاك بافڵ-یش وەك خاوەندارییكردن لە ی.ن.ك و هاوڕێبازی سەرۆك مام جەلال، هەمان راسپاردەی سەرۆك مام جەلال-ی پەیڕەوكرد، گوێی لە هەردوو قسە توندو ناهەقییەكە گرت، بەڵام بەو شێوازەی كە مامی مەزن فێری كردووین هەڵسوكەوتی كرد، دەستەكانی خۆش بێت، بەهێمنی و لە روانگەی بڕوابەخۆبوونێكی بەهێزەوە، وتی: نەخێر وانییە و هیچ خۆی تێكنەدا و وەك مام جەلال-ێك و یەكێتییەكی خاوەن ئەزموون، بە گیانێكی سەركردانەوە چارەسەری بارودۆخەكەی كرد.
سەبارەت بە رەفتاری ئەو دوو كەسەش، كە زیاتر لە شانۆگەریی و سیناریۆیەك دەچوو، بەڕاستی ناهەقییان كرد، چونكە بەدرێژایی مێژوو ی.ن.ك هەر هاوكارو هاوپشتیی كوردی بەشەكانی تری كوردستان بووە و بۆ روژێكیش هیچ پێشمەرگە و سەركردەیەكی ی.ن.ك زاتی ئەوەی نەكردووە بچووكترین زیان بە هیچ پێشمەرگەیەكی بەشەكانی تری كوردستان بگەیەنێت، بەپێچەوانەوە هەمیشە هاوكارو پشتیوانیان بووە.
سەبارەت بە كوردستانی ئێرانیش، ئەوە شەخسی سەرۆك مام جەلال؛ باس ناكرێت، كە لەساڵانی شەست و حەفتاكانی سەدەی رابردوودا چ پەیوەندیی و تێكەڵاوییەكی هەبووە لەگەڵ تێكۆشەرانی حزبەكانی كوردستانی ئێران و حزبە ئێرانییەكانیشدا.
دیارە كە شۆڕشی نوێش بە رابەرایەتی ی.ن.ك دروست بوو، كۆمەكی تێكۆشەران و كەسایەتییەكانی كوردی ئێرانیش. لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا كە سەركردەی مەزنمان كاك نەوشیروان ئاماژەی بۆ كردووە، ی.ن.ك درێغی نەكردووە لە كۆمەك و پێشكەشكردنی ئەزموون و شارەزایی پێشمەرگایەتی بە كوردی ئێران، ئەوە ی.ن.ك و یەكێتییەكان باسی ناكەن، بەڵكو برادەرانی ئەودیو خۆیان باشتر بیریان ماوە. ناولێنانی هێزی پشتیوانی لە پێشمەرگەكانی ی.ن.ك باشترین بەڵگەیە و سەدان هەڵوێستی تر، كە هەر هەموویان قسە توند و لەجێی خۆیدانەبووەكانی ئەو خوشكە بەڕێزە، رەتدەكەنەوە.
دڵنیام هیچ تێكۆشەرێكی كوردستانی ئێران ئامادە نییە بە هێمنی گوێ لەو بوختانانە بگرێت كە ئەو خوشكە هەندەرانییە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا كردوونی.
ی.ن.ك هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ سیاسەتی نەگۆڕە بەرامبەر بە پشتیوانیكردنی خەباتی كوردی بەشەكانی تر بەپێی هەلومەرج و تایبەتمەندیی هەر بەشەیان و بەبێ دەستتێوەردان لە كاروباریان، لەسەر ئەو هەڵوێست و سیاسەتە كوردستانییانەش باجی زۆری داوە و دەستكەوتی حزبیی زۆریشی لەدەست داوە.
سەبارەت بە كەركوكیش ئەوە ئەگەر ی.ن.ك هەڵسوكەوت و سیاسەتێكی ژیرانەی نەبوایە، ئەوا كارەساتێكی مرۆیی گەورە دەقەوما، كە هیچی لەوەی 1991 كەمتر نەدەبوو. بۆیە كاك بافڵیش لە روانگەی هەستكردن بە لێپرسراوێتییەكی گەورەو بە پەیڕەوكردن لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، هەڵسوكەوتی كردووە، كە هەندێك خەڵكی دیكە خۆیانی لێ دەدزییەوە تا روبەڕوی پرسیار و لێپرسینەوە نەبنەوە.
دەستخۆش كاك بافڵ؛ بۆ چارەسەركردنی ئەو حاڵەتە بەو سەبر و لەسەرخۆیی و هێمنییەوە، بەوجۆرە هەر پیلانێكت پوچەڵ كردۆتەوە، ئێمەش بە ئەركی خۆمانی دەزانین داكۆكی لە حزبەكەمان و كوڕی سەرۆكەكەمان و ئەندامی ی.ن.ك بكەین لەم بارودۆخانەدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ كۆنگره‌، پێویستمان به‌ حه‌كیمێکه‌

به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره‌ی گشتیی ی.ن.ك بووه‌ته‌ دیفاكتۆ (ئه‌مری واقیع)، تازه‌ ...