سەرەکی » مانشێت » كۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكان: چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر

كۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكان: چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر

لەكۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكانی عیراقدا، جەخت لەپێویستیی چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم كرایەوە لەسەر بنەمای دەستوور.
رۆژی 15/7 لەسەر بانگهێشتی د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، بەئامادەبوونی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران‌و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، كۆبوونەوەی چوارەمی سەركردە سیاسییەكانی عیراق بەڕێوەچوو، تێیدا تاوتوێی دۆخی سیاسی‌و ئەمنی‌و ئابووری كرا‌و جەخت لەپێویستیی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان‌و پشتیوانیی جێبەجێكردنی كارنامەكەی حكومەت‌و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی‌و ئاوەدانكردنەوەی شارە رزگاركراوەكان‌و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، كرایەوە.
ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە رێزیان لەقوربانییەكانی حەشدی شەعبـی گرت‌و پشتگیریی جێبەجێكردنی فەرمانی دیوانی ژمارە (237)یان كرد، كە جەخت لەهێشتنەوەی چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا دەكاتەوە، كە لەگەڵ بەڵگەنامەی (چوارچێوەی نیشتمانیی سیاسەتی یەكگرتووی عیراق)دا دەگونجێت. پێویستیی چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ‌و هەرێم لەسەر بنەمای دەستوور تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، ئامادەبووان داوایان لەدۆستان‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد پشتیوانیی عیراق بكەن بۆ هێنانەكایەی سەقامگیری‌و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی‌و كاركردنی بۆ پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكان‌و بەشداریی كارای لەبەدیهێنانی ئاسایش‌و ئاشتیی نێودەوڵەتیدا.

سەرۆك كۆمار پێشوازی لە سەرۆكی حكومەتی فەلەستین کرد
دوێنێش، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پێشوازییكرد لە د.محەمەد ئاشتیە سەرۆكی حكومەتی فەلەستین‌و وەفدی هاوڕێی‌و پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان، تەئكیدی لەسەر كرایەوە.
سەرۆك بەرهەم ساڵح، جەختی لەهەڵوێستی عیراق كردەوە سەبارەت بەپشتیوانیكردنی لە گەلی فەلەستین‌و دەستەبەركردنی مافی یەكجاری بۆ چارەسەركردنی دۆزەكەی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*