سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » کوشتن هەر کوشتنە و مرۆڤ هەر مرۆڤە

یەکبێژ

کوشتن هەر کوشتنە و مرۆڤ هەر مرۆڤە

ئەمریکا بۆ پرۆسەی ئازاد کردنی عێراق و دواتر لەماوەی بەرەسمی ناساندنی عێراق وەک داگیرکراو و تا ئەوکاتیش کە هێزەکانی کشاندەوەو و تائەمڕۆش بەردەوام قوربانی بە هێزەکانی دەدات و لەسەرەتاوە زیاتر لە چوار هەزار سەربازی ئاسایی و پلەداری کوژراوەو هێشتاش سوورە لەسەر سیاسەتی پێشوی خۆی نەک هەر لە عێراق بەڵکو لەزۆر جێی دیکەی ئەم جیهانە.
پەندە کوردییەکە دەڵێ دەیەوێت بچێتە راوەماسی و قولەپێشی تەڕ نەبێت، حکومەتەکەی ئیئستای تورکیا بەبیانووی راوەدونانی پەکەکە نزیکەی بیست بارەگای ئاشکراو دەیان خاڵی نهێنی و بورجی چاودێری و تۆڕی جاسوسی لەهەرێمی کوردستاندا هەیە، لە شرناخ سەرباز دەکوژرێت ئەو دێت لە سپێندار دەدات و خەڵکی سڤیل دەکوژێت ئەویش هی ووڵاتی خۆی نا.
ئیسرائیلییەکان لەبەرامبەر کوژرانی سەربازێک یان هاو وڵاتییەکی ئاسایی بە تۆپی مقاوەمە، دەیان مووشەک دەگرێتە سەرچاوەکەی و دەیان کەس دەکوژێت و بریندرای دەکات جگە لە زیانی ماڵی، کورد لە هەرێمدا جنسیەی عێراقی پێیە کەچی رۆژانە لەلایەن تورکیاوە لێی دەکوژرێت و ماڵی وێران دەکرێت بەلام کەس لەسەری بە جواب نایەت و لەگەڵیشیدا سەرۆک وەزیرانەکەی بەغدا لەبەرامبەر کوژرانی جێگری کونسوڵی تورکیا لە هەولێر رووی دەمی لەئەردوگان دەکات و دەڵێ بەردەوامین لەگەڕان بەشوێن تاوانباراندا.
دار ئەگەر پوازی لەخۆی نەبێت ناقەڵەشێت، ئاخر ئەگەر تورکیا ئەو هەموو هێزە رێپێدراوەی لە ناو هەرێمدا نەبێت و فشار نەهێنێتە سەر گوندەکانی هەرێم و رۆژانە بە تۆپ و تەیارە هێرش نەکات و دەست و کلکی لە هەموو مەسەلەکانی عێراق و هەرێمدا نەبێت ئیدی بۆچی کارمەندەکانی دەدرێنە بەرگوللە( هەرچەندە وەک بەندە لەگەڵ کوشتن نیم بەتایبەت دیپلۆماتکاران)؟
ئەو دەیەوێت پێیەکی لە هەولێر و یەکێ تری لە تەرابلوس بێت و دەستێکی بەقەتەرەوەو دەستێکی بەمیسرەوە بێت، خەیاڵی لای دەرهێنانی گازی سروشتی بێت لە دەریای سپیداو پیشوازی لە سیستمی بەرگری ٤٠٠ ئیس بکات و لە پرۆسەی ئیف ٣٥ مەحروم بکرێت و لەشکرکێشی کردبێت بۆ ناوسوریاو داکۆکی سەرسەخت لە بەرەی نوسرە بکات و لەناو خۆشیدا دەیان هەزار کەسی لە ( گویلەنییەکان ) لە ریزەکانی سوپا وەدەرنابێت و لە زیندانی گیر کردبن و دژی ئازادی خەڵکی کورد بێت کە لەڕێگەی پەرلەمانەوە خەبات دەکەن و چەندین پەرلەمانتاری هەدەپە لە خولی ئێستاو پێشوو زیندانی بکات، ئیدی دەشبێت چاوەڕوانی ئەوە بێت جار جار قینی خەڵک بگاتە کۆتایی و پەلاماری کارمەندێک یان کۆمپانییایەکیان بدرێت.
ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەی کە لەبەرامبەر ئەو کارمەندی کونسولخانەیەکراوە لە شێوەکەیدا کاری تیرورە بەڵام مەبەست لێی تۆڵەکردنەوەیە لەبەرامبەر ئەوەی کە تورکیا دەیکات و لەدووری سەدان کیلۆمەترەوە دێت پەلاماری خەڵک لە گوندو چیاکانی هەرێم دەدات و دەیان کوژێت، کوشتنی مرۆڤ هەر چۆن بێت تاوانە، چونکە ئێمە هەموان مرۆڤین تەنها تاوانبار دەبێت سزا بدرەێت ئەویش ئەوەی کە تاوان بەرامبەر مرۆڤەکانی دیکە دەکات، هەر کەس بەرامبەرەکەی دەکوژێت هەق دەدات بەخۆی و پێێ وایە کارێکی باشی کردوە لەبەرامبەر ئەوەی کە ئەوانیش لەمان دەکوژن بەڵام لەراستیدا کوشتن هەر کوشتنە، ئەو دیپلکۆماتکارە لەگەڵ ئەو فرۆکەوانە جیاوازە کە بۆمب باران دەکات ئەویش لەگەڵ ئەو فەرماندە سەربازییە جیاوازە کە فەرمان بە فرۆکەوانەکە دەکات و هەموو شیان لەلایەک و دەسەڵاتی یەکەم لەلایەک کە هەرچی گۆبەندەکەیە لەسەری ئەودایە ئەویش ئەردوگانە، خەڵکی دەبێت بزانن بە هەڵوێستێکی نەرمی ئەردوگان کۆتایی بەوخوێنە دێت لە تورکیاو ناوچەکە، دەبێت ئەو لەبری ئەو هەموو هەڕەشانەی دەیکات و باس لەنەبوونی کورد و هەڵوێستە توندەکانی دیکەی، هەڵوێستێکی نەرمی هەبێت بەرامبەر پێکهاتەکانی گەلی لە تورکیادا.
مێژوو دەڵێت هەموو ئەوانەی سیاسەتی ( تەوەسوعیان) گرتبێتە بەر توانیویانە بڕۆن و هەڵکشێن بۆ سەر بەڵام دواتر پیس داڕماون باشترین نموونەش دەوڵەتەکەی عوسمانی( مەرجەعەکەی ئەردوگانە) کە وەک ( ئەژدیهای حەوت سەر) لایەک لە ئاسیاو ئەوروپاو ئەفریقای لەبن دەست دابوو بەڵام بەجۆرێک تێک شکا پارچەکانیشی دیار نەمان، ئەوی دیکەیان هێتلەر بوو کە دیتمان ، ئەردوگان و حزبەکەی دەبێت سەدام و قەزافی لەبیر نەکەن و سیاسەتیان بگۆڕن، تورکیا ووڵاتێکی فراوانی جوانی گەشتیاری دڵڕفێنە ، تاکەکانی لە لیبیاو سوریا و هەرێم بەکوشت مەدەن، بیانهێننەوە تابەشدار بن لە ئاوەدان کردنەوەی ئەو وولاتە، هاونیشتیمانییە دڵسۆز و رۆشنبیر و ( بێشکچییەکان و دەمیرتاشەکان ) بەتواناکان زیندانی مەکەن ، لێیان گەڕێن ئازادانە لە پێشخستنی کۆمەڵگای تورکیادا بەشدار بن، تۆپ و تەیارە مەنێرنە سەر هیچ ووڵاتێک ، رێگەی سەرکوت کردن و سڕێنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد مەگرنە بەر تا قەندیلیش چۆڵ بێت و ببێتەوە شوێنی سەریرانگا بۆ خەڵکی هەرێم، ئەوەی چەکتان دەداتێ بازاڕی ساغ کردنەوەکەشیتان بۆ دەدۆزێتەوە دەیسا چیدی گەمژە مەبن !

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*