سەرەکی » دۆسێ » چەند بیرەوەرییەك لەگەڵ سەرۆک مام جەلال-دا

چەند بیرەوەرییەك لەگەڵ سەرۆک مام جەلال-دا

ئەم بابەتە بەشێکە لە بیرەوەرییەکانی باڵیۆز د. ئەحمەد بامەڕنی لەگەڵ رەوانشاد سەرۆک مام جەلال و گوزەرێکیشە بەنێو مێژووی خەباتی دیپلۆماسیی سەرۆک مام جەلال و خۆیدا لە قۆناغە سیاسییە جیاجیاکانی سەردەمی خەباتی رزگاریخوازیی باشووری کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عیراق و رۆڵی سەرۆک مام جەلال لەو کایەیەداو لەو بارەیەشەوە وەک کەسێکی نزیک لە رووداوەکانی ئەوێ رۆژێ لە ڕێی کوردستانی نوێ –وە زانیاریی ورد دەخاتەڕوو.

د. ئەحمەد بامەڕنی

بەشی پێنجەم و کۆتایی

وتم: مام جەلال من باسی خیانەتم نەكردووەو هەر لە بنەڕەتیشەوە ئەوەم لە مێشكمدا نییە. بەڵام چوونی ئێوە لەم كاتەدا بۆ بەغدا بە هەڵەیەكی گەورە دەبینم.
مام جەلال وتی: بۆچوونەكەت لەسەرچاوم، بەڵام بڕۆ‌و خۆت كۆبكەرەوە بۆ پاریس.
زانیم كە قەناعەتی بەقسەكانم نەكردووە، ناچار چوومەوە ژوورەكەم دانیشتم، كاك هاشم هات ‌و وتی: ئەوە ئۆتۆمبێلەكە ئامادەیە، كە چوووم ژنێك لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بوو كە لێم پرسی ئەوە كێیە، وتی: ئەوە كافیە خانە، هاوسەری كاك عومەر فەتاح، ئەویش دێت بۆ پێنجوێن.
بۆ ئێوارە گەیشتینە پێنجوێن، ئەوشەوە لەماڵی كاك زیڕۆ لە هەیوانیك نووستم كە دڵۆپەیەكی یەكجار زۆری هەبوو و بارانیكی زۆر بە لێزمە دەباری، وەك وڵاتانی ئیستوائی دەهاتە پێش چاوم، هەوڵمدا لەگەڵ دەنك و دڵۆپەكاندا خەوم لێ بكەوێت.
رۆژی دواتر لەگەڵ مامۆستا موحسین عەلی ئەكبەر و هەندێك هەڤاڵی دیكە گەیشتینە مەریوان، دواتر چوومە كرماشان و سەردانێكی كاك دانای ئەحمەد مەجید-م كرد. هەر هەمان شەو گەیشتمە تاران، سێ رۆژ لە تاران لەماڵی كاك بەكر فەتاح مامەوە و دواتر لەوێوە بەرەو پاریس. كە گەیشتمە پاریس، مام جەلال-م لە تەلەفزیۆنی عیراقەوە بینی.

-٢ –
ساڵی 1993 ئەندامی یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان بووم، هەروەها ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیش بووم كە پێكهاتبوو لە هەریەك لە خوالێخۆشبوو كاك دارۆی شێخ نوری و سەعدی ئەحمەد پیرەو بەندە.
كاك دارۆ و كاك سەعدی چوونە حكومەتەوەو لە كابینەكەی كاك كۆسرەت. كاك دارۆ بوو بە وەزیری دارایی و كاك سەعدیش وەزیری كشتوكاڵ بوو. لەبەر كارەكانی خۆیان زۆربەی كاری پەیوەندییەكان كەوتبووە ئەستۆی من.
رۆژێك مام جەلال بانگی كردم و پێی وتم: ئەحمەد دەمەوێت نیوەڕۆ خوانێك بۆ رێكخراوە NGOكان رێكبخەم ‌و تۆش ئاگاداریان بكەیت ‌و كاتەكەیان بۆ رێكبخەیت، منیش رۆژێكم دەستنیشانكرد و چووم هەموو NGO كانم ئاگاداركردەوە.
نانخوادنەكە لەو خانووەی مام جەلال لەهەولێر بەڕێوەچوو كە دەكەوێتە سەر رێگای مەسیف سەڵاحەدین.
میوانەكان گەیشتن. مام جەلال باسی بارودۆخی كوردستانی بۆ كردن ‌و باسی ئەو دوو ئابڵۆقەیەی بۆ كردن كە لەسەر كودستانە، یەكێكیان ئەوەی كە سەدام حسێن بەسەر هەرێمی كوردستانیدا سەپاندووەو ئەوەی دیكەشیان كە UN بەسەر سەرجەم عیراقیدا سەپاندووە، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، داوای لێكردن كە لە رێگەی حكومەتی وڵاتەكانیانەوە هەوڵبدەن تا UN ئابڵوقەی سەر كوردستان لاببات.
دواتر چووینە شوێنی خوانەكە كە مێزێكی دریژ دانرابوو و خوادنێكی زۆری لەسەر بوو. مام جەلال لە سەرووی مێزەكەوە دانیشت و منیش لەتەنیشتی مام جەلال-ەوە دانیشتم.
بۆ هەریەك لە رێكخراوە NGO-كان جێگایەكمان دەستنیشان كردبوو، بەلەمێكی گەورە برنج كە بڕێك گۆشتی زۆری لەسەر بوو لەبەردەم مام جەلال دانرابوو، بەڵام مام جەلال هەستایە سەرپێیان ‌و وتی: ئێوە لە ماڵی خوتانن، شەرم مەكەن، بەداخەوە من ناتوانم نانتان لەگەڵ بخۆم، چونكە رێژیمم هەیە، بەڵام لەگەڵتاندا دەمێنمەوە.
مام جەلال هەر بەپێوە راوەستا بوو و دەستیكرد بە دابەشكردنی گۆشتی سەر برنجەكە بەسەر میوانەكاندا‌و دەیوت: ئەمە گۆشتی شانە زۆر خۆشە، بانگی یەكێك لە برادەرانی لای خۆی دەكرد و ئەویش قاپێكی دەهێناو مام جەلال دەیدا بە یەكێك لە میوانەكان. ئینجا دەیگوت: ئەم پارچەیە هی رانە، ئەویشی دەدا بەیەكێكی تر لە میوانەكان.
سەرنجم دا كە مام جەلال دەستی دایە پارچە گۆشتێكی زۆر چەور و جاروبار جێگاكەی دەگۆڕێت لەسەر برنجەكە، لە هەمان كاتدا بەردەوام بوو لەسەر دابەشكردنی پارچە گۆشتەكانی تر. منیش حەزمكرد بزانم چی لەو پارچە گۆشتە چەورە دەكات. چەند جارێكی تر شوێنی ئەو پارچە چەورە گۆڕی و دواتر نانێكی هەڵگرت و كردییە دوو پارچە و ئەو پارچە گۆشتە چەورەی خستە ناوییەوە و بەتەمابوو بیخوات، بەڵام پێش ئەوەی پاروەكە بخوات، پێموت: مام جەلال جەنابت دەڵێیت من رێژیم دەكەم، ئەم پارچە گۆشتە بەو هەموو چەورییەوە دەخۆیت؟
مام جەلال تەماشایەكی كردم ‌و وتی: دەزانم تۆ چاودێریم دەكەیت! وازم لێبێنە.
هیچ قسەم نەكرد و مام جەلال-یش گۆشتە چەورەكەی خوارد.
ساڵی 1997 لە پاریس بووم، لەگەڵ د. محەمەد سابیردا بڕیارماندا سەردانی مام جەلال بكەین لە لەندەن. كاك حەمە سابیر پێش من سەفەری كرد. كە رۆیشتم كارتۆنێك شەرابی ئیسپانیی Roja لەگەڵ خۆیدا بردبوو.
مام جەلال ساڵی 1973 بۆ ماوەی شەش مانگ لە شاری Lyon بووە. شەرابی Château neuf du Pape شەرابی ئەو ناوچەیەیە و زۆر حەزی لێی بوو، منیش كارتۆنێك شەرابی Chateau neuf du Pape لەگەڵ خۆمدا بۆ برد. مام جەلال لەماڵی د. لەتیف رەشید بوو لە لەندەن، كە گەیشتم لێی پرسیم: ئەحمەد ئەوە چییە هێناوتە؟
وتم: مام جەلال كارتۆنێكی شەرابی Château neuf du Pape م هێناوە، زۆر دڵی پێی خۆش بوو.
پاش نیوەڕۆیەكی درەنگ كاك عەبدوڵڵای موهتەدی و كاك سەڵاحودینی موهتەدی و سێ چوار كەسی تر هاتن بۆ لای مام جەلال و دوای قسەو باسێكی دۆستانە مام وتی: دكتور لەتیف ئەو شرابەی كە ئەحمەد هێناوێتی بیهێنن با بیخۆینەوە؟
ئەویش شەرابەكەی هێنا. بە خۆمان ‌و میوانەكانەوە ژمارمان بوو بە 10 كەس. لەگەڵ قسەكردن بەدەم نانخواردنەوە هەموو شەرابەكە خورایەوە. مام جەلال تەماشەیەكی منی كرد و وتی: ئەحمەد خەڵك وا شەراب دەكاتە دیاریی؟ شەرابت بۆ من هێناوە و هەمووی خۆت خواردتەوە، منیش وتم: مام جەلال ئیمە 10 كەسین، من یەكێكم لەو 10 كەسە.
ئیتر لەدوای ئەوەوە هەرچەند باسی شەراب دەهاتە پێشەوە، یان كە شەراب لەسەر مێز دادەنرا، هەمیشە باسی ئەو شەرابەی دەكرد كە چۆن من شەرابم بۆ ئەو بردووە، بەڵام خۆم هەموو شەرابەكەم خواردۆتەوە، منیش هیچ قسەم نەدەكرد.
لەكۆتایی ساڵی 2002 ئێمە وەك نوێنەرەكانی یەكێتی لەدەرەوە، لە سلێمانی كۆبوونەوەیەكمان هەبوو، كۆنفرانسی پەیوەندییەكانی یەكێتی بوو دوای كۆنگرەی دووەم، بەرلە گەڕانەوەم لە ئەوروپاوە چەند رۆژێك بوو هەر بیرم لەوە دەكردەوە كە لەگەڕانەوەمدا چی لەگەڵ خومدا ببەم بۆ مام جەلال؟
رۆژێك لەگەڵ نازەنینی هاوسەرمدا چووین بۆ بازاڕكردن لەكارفۆر. كە گەیشتینە ئەو جێگایەی پەنیری لێبوو لە نازەنین-م پرسی، دەكرێت سەبەتەیەكی گەورە بكڕین و پەنیری لەناودا دابنێین و بپێچینەوە تا لەگەڵ خۆمدا بیبەمەوە بۆ كوردستان؟ نازەنین وتی: دەكرێت بۆ نا؟.
لەدڵی خۆمدا وتم: دیارییەكەم دۆزییەوە بۆ مام جەلال، چونكە دەمزانی مام جەلال زۆر حەزی لە پەنیری فەڕەنسیيه.
منیش چەندین جۆری جیاجیای پەنیرم كڕی و لەناو سەبەتەیەكی گەورەدا پێچامەوە و لەگەڵ خۆمدا بردمەوە بۆ سلێمانی.
كاتێك چوومە لای مام جەلال، ئەوكاتە هێشتا لەو خانووە بوو كە پێی دەوترا گردی ماڵی موحافیز.
كە گەیشتم مام جەلال و كاك سەڵاحودینی موهتەدی پێكەوە دانیشتبوون، لێیپرسیم: ئەحمەد ئەوە چییە بە دەستەوە؟
وتم: مام جەلال ئەوە پەنیرم هێناوە بۆ جەنابت.
مام جەلال وتی: چیی؟
وتم : پەنیری فەڕەنسیم هێناوە.
مام جەلال وتی: پەنیری فەڕەنسیت لەپاریسەوە هێناوە؟
وتم : بەڵی مام جەلال، ئینجا سەبەتەكەم لەپێشیدا كردەوەو دامنا. كە مام جەلال ئەو هەموو جۆرە پەنیرانەی بینی فیكەیەكی بۆ لێدا، مام جەلال عادەتی وابوو، ئەگەر شتێكی زۆر بەدڵ بووایە فیكەیەكی لێدەدا).
پاشان مام جەلال بانگی چێشتلێنەرەكەی كردو وتی: حەمە، ئەم پیاوە دەبینیت، ناوی دكتۆر ئەحمەد بامەڕنی-یە. ئەم پەنیرەش كە هێناوێتی پەنیری فەڕەنسییە و لە پاریسەوە هێناوێتی بۆ من. ئەم پەنیرە لەناو سەلاجەكەدا دادەنێت و نابێت كەس دەستی بۆ بەرێت.
دواتر تەماشەیەكی كاك سەڵاحودینی موهتەدی كرد و وتی: ئەگەر كاك سەڵاحیش ویستی، قەیناكە هەندێكجار بیدەرێ.
چەند رۆژێك دوای تەواوبوونی ئەو زنجیرە كۆبوونەوەیەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی دەستیپێكرد و مام جەلال داوایكرد كە ئەو نوێنەرانەی كە سەفەریان نەكردۆتەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان، بابێن بەشداریی لە كۆبوونەكانی سەركردایەتیدا بكەن.
ئەوانەی لەبیرمە كە ئامادەبوون و هێشتا نەگەڕابوونەوە بۆ دەرەوە بریتی بوون لە: كاك دانا ئەحمەد مجید نوێنەری یەكێتی لە شام، كاك بەكر فەتاح نوێنەری یەكێتی لە ئێران، كاك شۆڕشی دكتۆر خالید نوێنەری یەكێتی لە روسیا و بەندە.
كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی لە قەڵاچوالان بەڕێوەچوون. لە كۆبوونەوەكەدا كاك عیماد ئەحمەد كە تازە بەرپرسیارێتی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی وەرگرتبوو، باسی ئیشوكاری مەڵبەندی سلێمانی كرد و وتی: لە مەڵبەندی سلێمانی یەك ژن هەیە لە ئەنجومەنی مەڵبەنددا. ئێمە ئەندامی سۆشیالیست ئینتەرناسیۆنالین، ناكرێت ئێمە وابین، پێم باشە باسی ئەمە بكەین؟ مام جەلال وتی: منیش زۆرم پێ باشە و وتی حەزدەكەم بۆچوونەكانی خۆتان بڵێن كە چۆن ژن لەناو یەكێتیدا پێش بكەوێت و بەرپرسیارێتی وەربگریت؟
یەك لەدوای یەك ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ‌و سەركردایەتی بۆچوونەكانی خۆیانیان دەربڕی كە پێویستە گرنگی بە ژنان بدرێت ‌و كۆرسیان بۆ بكریتەوە.
دواتر نۆرە گەیشتە سەر من، منیش وتم : مام جەلال لەگەڵ هەموو رێزێكم بۆ بۆچوونەكانی ئەو هەڤاڵانە، بەڵام بەبڕوای من ژن بەو شێوەیە پێش ناكەوێت لەناو یەكێتیدا.
لەوڵاتێكی وەكو فەڕەنسادا كە ژنان هەموو مافێكیان هەیە ‌و هەموو دەرگاكان لەبەردەمیاندا كراوەیە، ئینجا ماوەیەك لەمەوپێش پەرلەمانی فەڕەنسا قانونێكی دەركردووە كە لە هەڵبژاردنی ئایندەدا لیستەكانیان پێویستە 50% ی ژن بێت، ئەگەرنا سزای دارایی لایەنەكان دەدەن، واتە كۆتای ژن 50% دەبێت. ئێمەش پێویستە كۆتایەك بۆ ژنان دابنێین و كێبڕكێ لەناو خودی ژناندا بكرێت بۆ سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی تری یەكێتی. بەلای منەوە بەو شێوەیە ژن لەناو یەكێتی پێش دەكەوێت.
كاك ئەرسەلان بایز كە ئەوكاتە لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن بوو، حەزی كرد قسە بكات، مام جەلال وتی: ئەرسەلان راوەستە، من وەڵامی كاك ئەحمەد دەدەمەوە.
مام جەلال وتی: كاك ئەحمەد تۆش وەكو ئەندامانی حزبی شیوعی عیراقی جارانی، كە بەفر لە مۆسكو دەباری، ئەوان چەتریان لە بەغدا هەڵدەدا. تۆش وەكو ئەوان ئەو شتەی لە ئەوروپا دەكرێت دەتەوێت ئێمە لێرە كۆپی بكەینەوە. ئێمە نامانەوێت ژن لەناو یەكێتیدا وەكو ڤترین بێت. دەمانەوێت ژن بە تێگەیشتنی خۆی و بە خەباتی خۆی جێگەی خۆی بكاتەوە. ئەوە نموونەمان هەیە، ئەوە هێرۆ، ئەوە كافیە خان، ئەوە نەرمین خان.
وتم : مام جەلال ئەوە بۆچوونی منە.
مام جەلال وتی: بۆچوونەكانت سەرچاوم، بەڵام نا واقعییە.
ئەو باسە تەواوبوو، باسی كەركوك هاتە پێشەوە. ئایا چی بكەین؟ لەوكاتەدا كە ئەمریكا هێرشی كردە سەر سەدام و لەشكرەكەی؟ توركیا ئیعلانی كرد بوو ئەگەر هاتوو پێشمەرگەی یەكێتی یان هی پارتی یانیش هەردووكیان بچنە ناو كەركوكەوە، ئێمە لەشكری توركیا دەنێرینە كەركوكەوە.
جارێكی تر هەریەك بە نۆرە بۆچوونی خۆیان باسكرد و كاتێك نۆرە هاتەوە سەر من وتم:
تاكو بەڵگە نەدەینە دەستی توركیا، جێی خۆیەتی كادر و ئەندامانی ئێمە لە كەركوك ئەوكاتە حزبێكی نوێ بەناوی كەركوكەوە دروستبكەن، ئەوكاتە كەس ناتوانێت رێگەیان لێبگرێت و بۆخۆیان كاربكەن بەو ناوەوە تا ئەوكاتەی هەڕەشەی توركیا نامێنێت، دوای ئەوە رێكخراوەكە جارێكی دیكە بگەڕێنە ناو یەكێتی.
مام جەلال وتی: كوا جەمال ئاغا تا نەڵێت بادینی بۆچوونیان نییە!
من وامزانی ئەمجارەش مام جەلال بۆچوونەكەی منی بەدڵ نییە و وتم : مام جەلال ئەوە بۆچوونی منە!
كاك مەلا بەختیار وتی: كاك ئەحمەد تۆ غەڵەت تێگەیشتوویت، ئەمە زۆر بە دڵی مام جەلال بوو.
هیچ قسەم نەكرد، بەڵام لەدڵی خۆمدا وتم : هیج نەبێت ئەوە 50 بە 50.
بۆ كاتی پشوو چووینە دەرەوە، مام جەلال هات قسەی لەگەڵ ئەنداماندا دەكرد. دواتر هات ‌و وتی: ئەحمەد وەرە، بە رۆیشتنەوە وتی: دەزانیت لەم دانیشتنەدا چەند رایەكی زۆر باش هەبوو، وتم زۆر خۆشحاڵم مام جەلال.
پاشان وتی: یەكێك لەو راوبۆچوونە باشانە ئەوەی تۆ بوو سەبارەت بە كەركوك.
بۆیە وتم: مام جەلال زۆرم پێخوشە كە بە دڵی جەنابتانە. پاشان كەمێك راوەستام و ئینجا وتم: حەزدەكەم بە جەنابت بڵێم ئەوەی یەكەمیش باوەڕم پێیەتی.
مام جەلال هەڵوێستەیەكی كردو وتی : تۆش وەكو دكتۆر كەمال فوئاد وایت، ئەگەر شتێك كەوتە مێشكتەوە هێز نییە دەری بكات.
كۆمیتەی یەكێتی لە ئەوروپا، لە رۆژانی 15-19/3/1988 لەگەڵ مام جەلالدا كۆبوونەوەمان هەبوو. كۆبوونەوەكە لە ماڵی د.لەتیف رەشید بەڕێوەچوو، ئەوانەی كە وەك لەبیرم ماوە هەریەک لە خوالێخۆشبووان عومەر دەبابە، شازاد سائیب، د.محەمەد سابیر، سەعدی ئەحمەد پیرە، بەرهەم ساڵح، سەڵاح رەشید، دكتۆر لەتیف رەشید و بەندە.
كۆبوونەوەكەمان زۆر پوخت بوو، دوای دەستپێكردنی هێرشی ئەنفالی یەك بوو بۆسەر بارەگاكانی سەركردایەتی ‌و مەكتەبی سیاسی و دەزگا سەرەكییەكانی یەكێتی لە سەرگەڵو و بەرگەڵو.
مام جەلال بە درێژی بۆچوونەكانی خۆی بۆ باسكردین سەبارەت بە داڕشتنی پلانی یەكێتی بۆ ئایندە لەبەر رۆشنایی ئەو دۆخە نوێیەو باسیشی لە پلان و ئیشوكارەكان لە ئەوروپا كرد.
لەپڕ كەسێك هاتە ژوورەوە و وتی: مام جەلال، ئەوە رەفعەتی مەلا ( رەفعەتی مەلا نوێنەری یەكێتی بوو لە تاران) دەیەوێت بەپەلە قسە لەگەڵ جەنابتان بكات.
مام جەلال-یش رۆیشت بۆ تەلەفۆنەكەو دوای ماوەیەك هاتەوە، بەسیمایەوە دیاربوو كە هەواڵێكی ناخۆشی پێیە. كە داوامان كرد بزانین دەنگ و باس چییە؟ مام جەلال وتی: كاك رەفعەت دەڵێت: رژێمی عیراق ئەمڕۆ بە چەكی كیمیایی شاری هەڵەبجەی بۆمباران كردووەو خەڵكێكی زۆری سڤیل شەهیدبوون.
پاشان وتی: بە رەفعەتم وتووە: شاری هەڵەبجە شارێكی گەورەیە، چۆن دەكرێت بە چەكی كیمیایی بۆمباران بكرێت؟ و داواشم لێكردووە كە دڵنیابێتەوە و پاش سەعاتێكی دیكە تەلەفۆن دەكاتەوە. كۆبوونەوەكەمان بۆ ماوەیەكی كەم راگرت ‌و باسی هەواڵی بۆمبارانكردنی هەڵەبجەمان دەكرد و بڕیاردرا كە هەریەك لەئێمە بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی كە لێیەتی.
سەعاتێكی پێ چوو، كاك رەفعەت تەلەفۆنی كردەوەو تەئكیدی كردەوە لەوەی كە بەڵێ هەڵەبجە كیمیاباران كراوەو بە هەزاران شەهید هەیە.
بڕیاردرا كە لێدوانێكی رۆژنامەوانی بنووسین و بڵاوی بكەینەوە. كەمێك مشتومڕمان كرد لەسەر ژمارەی شەهیدەكان، چونكە هیچ ژمارەو ئامارێكی راست ‌و دروستمان لەبەر دەستدا نەبوو.
كاك رەفعەت وتبووی بە هەزارانە، بۆیە لە بەلاغەكەدا نووسیمان زیاتر لە 2500 کەس شەهیدبوون.
لەبەرئەوەی كاتەكە ئێوارەیەكی درەنگ بوو، بەیانیی رۆژی دواتر هەریەكەمان گەڕاینەوە بۆ ئەو وڵاتانەی كە لێيبووین.
من رۆژنامەنووسێكی فەڕەنسیم دەناسی بەناوی پاتریك بورا لێپرسراوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو لە كەناڵی تەلەفزیونی یەكەمی فەڕەنسا، هەر لە لەندەنەوە تەلەفۆنم لەگەڵ پاتریك-دا كردو داواملێكرد بچمە لای، كە گەیشتم، پاتریك وتی: من لە تەلەفزیۆنم، چاوەڕێت دەكەم.
پاشنیوەڕۆ نزیكەی سەعات چوار گەیشتمە پاریس و دەستبەجێ چوومە لای پاتریك.
لە ژوورەكەی خۆی باسی كیمیابارانی هەڵەبجەم بۆكرد، داواملێكرد كە دەنگوباسی هەڵەبجە لە گەشتی هەواڵی سەرەكيیدا باسبكات.
پاتریك وتی: ئەحمەد باوەڕت پێ دەكەم، بەڵام ئەمە هەواڵێكی زۆر گرنگ و مەترسیدارە، لێپرسراوی هەواڵ هەرگیز ئامادە نابێت ئەمە بڵاوبكرێتەوە، ئەگەر لەسەرچاوەكی رەسمییەوە نەبێت، لێم قبووڵ ناكات ئەگەر بڵێم سەرچاوەكەم نوێنەری یەكێتییە لە فەڕەنسا.
بۆیە من پێشنیازی ئەوەم كرد كە خۆی لەگەڵ تیمێكدا بڕۆنە هەڵەبجە. رازیی بوو و بڕیارماندا لە رۆژی دواتر بڕۆینە باڵیۆزخانەی ئێران بۆ داواكردنی ڤیزا. لەسەر چوون بۆ كوردستان لە مشتومڕدا بووین، لەپڕ ژنێكی رۆژنامەنووس بەپەلە خۆیكرد بە ژوورەكەیدا و وتی: پاتریك وەرە سەیری ئەوە بكەو رۆیشت، هەردووكمان چووینە هۆڵێكی گەورە هەموو دیوارەكانی شاشەی تەلەفزیۆنی جیهان بوو، هەموویان وەردەگرت. هەموو شاشەكان پەخشی وێنەی شەهیدانی هەڵەبجەیان دەكرد، تەنانەت مۆسقایەكیشی لەگەڵدا نەبوو، تەنها وێنەی ژن و منداڵ و كەسانی مردوو بوو.
لەو ژوورەدا بیست رۆژنامەنووسی ژن و پیاوی لێ بوو، بێدەنگییەكی زۆر باڵی بەسەر هۆڵەكەدا كێشابوو، هەندێكجار دەنگێك دەهات و دەیووت: ئەمە قەتڵوعامە، یەكێكی دیكە دەیوت: جینۆسایدە، ئەمە ترسناكە، ژنێك پرسی ئەمانە كێن؟
وتم : مەدام ئەمانە میللەتەكەی منن.
ئەو هەموو رۆژنامەنووسە تەماشای منیان كرد.
دواتر من تەماشایەكی پاتریكم كرد و وتم: پاتریك ئەمە بوو كە من بۆم باس دەكردیت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...