سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!پەڕە 1

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی نۆزدەهەم

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

یەکەمین ساڵیادی ئەنفاڵ
رۆژێك پێش ئەنجامدانی چالاکیەکە، چۆنیەتی بەشداریکردن و رێوشوێنی ئێمەومانان لە ژێر قەڵاوە تاوەکو هۆڵی میدیا دیاریکراو رۆڵی بەندەو هاوریم کەریمۆك بریتی بوو لە دوو کارەکتەری»موهەریج». ئەو رۆژە هەواڵەکانم خوێندەوەو تۆمار کراو روخسەتم لە بەڕێوەبەرو بەشی کارگێڕی خواست کەبەشداری ئەو چالاکیەم بۆیە دەبێ ئەمڕۆ» ١٤-٤-١٩٩٥» هەواڵەکان تۆمار بکەم.
هەواڵەکان تۆمارکراو لەگەڵ کەریمۆك چووینە بازاڕی کۆنەو هەرچی گۆرەویی و کۆلۆنی ژنان هەبوو بەنرخێکی زۆر گونجاو کڕیمان و لەناوەندی رۆشنبیری سەردەم دەستمان کرد بەخۆرێکخستن و بەکارهێنانی ئەو بابەتانە لە دەست و قاچ و سەرو گوێلاك تا کۆتایی کە تەواو بووین سیمایەکی جیاوازمان لێدەرکەوت و ناومان لێنرا دوو موهەڕیجەکە. ئیتر لەناوەندی رۆشنبیریی سەردەمەوە بەپێ بەرەو هۆڵی میدیا بەڕێکەوتین و سەرو شمشێرو مەتەڵێکیشمان پێ بوو، ناوەناوە بەشەڕ دەهاتین و لەگەڵ ئەو قەلە رەشە گەورەیەی بەدەستی چەند هاوڕێیەکەوە بوو گەیشتینە هۆڵی میدیا.

شانۆگەری ئەنفالستان
لەچوارچێوەی یادەکە، رۆژانی دواتر لە شانۆگەری ئەنفالستان بەشداریمان کرد کە لە دەرهێنانی کەریمۆک و نواندنی بەندەو عەلی سیاسیی و سۆزان مامەو چەند هاوڕێیەکی تر بوو، لەو شانۆگەریەدا ئەو سێ رۆژەی پڕۆڤەمان دەکرد برازایەکم بەناوی رەوا دڵشاد «منداڵ» بوو بەشداری کرد، زۆر گوێڕایەڵ و بە دەست و بردبوو، رۆژی کە نمایش هاتەپێش و دایك و باوکی و باراو مامەکانی هاتن بۆ بینینی شانۆگەرییەکە، رەوا بەچەند خولەکێك بەر لە نمایش رایکرد بەرەو لای دایك و باوکی و خەریك بوو ریسەکەمان لێبکاتەوە بەخوری، خێرا بە تکاو پاڕانەوە هێنامانەوەو داوامان لێکرد بەپەلە بچێتە سەر عارەبانەکەو یەك دووجار کەسێك عارەبانەکە لێدەخوڕێت و دواتر ئیشی تۆ تەواو دەبێت. باشبوو بەهەزار حاڵ بەقسەی کردین و هەر ئیشەکەی ئەو تەواو بوو خێرا چووە ناوبینەر؟!.
ئەوەی لەو شانۆگەریەدا جێگای سەرنج بوو، وێڕای ئەوەی بۆ یەکەمجار بوو لەسەر ئەنفال و لەو چالاکیەدا شانۆگەرییەك بۆ ئەنفال و بەناوی ئەنفالستان پێشکەش بکرێت، بەڵام لەوەش گرنگتر چەند چالاکوانێکی ئەو بوارە بۆ یەکەمجار بەشداری ئەو شانۆگەرییەیان کرد، لەوانە هاوڕێم عەلی سیاسیی، کە لەماوەی پڕۆڤەدا زۆر بەسەرسوڕمانەوە رۆڵی خۆی راییدەکرد. ئەو یادە دەنگیدایەوەو شەڕی براکوژیش بەردەوام بوو.

دامەزراندن و شەڕی ماڵوێرانی
دوو ساڵان مامۆستای خۆبەخش بووم، بەر لەوەی بە فەرمی دابمەزرێم تەواوی ئیش و کارەکانم بەرێك و پێکی جێبەجێ دەبوو، هەر کارێکم لە بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی هەولێر بوویستبایە دەست بەجێ رایی دەکرا و کاك سوپەر دەرگەڵەیی یەکێك بوو لەو کادیرو کارمەندانەی پەروەردەی گشتی هەولێر بەردەوام لە جوڵەدابوو، زیادەڕەوی نیە گەر بڵێم؛ لەوەزیرێك زیاتر دەستی دەڕۆیشت و کارەکانی رادەپەڕاند، ئەو سەردەمیش «فیفتی بە فیفتی» وەك دیاردەیەکی نوێی حوکمڕانی سەرتاپای ئەو ئەزموونە تازەیەی تەنیبۆوە. بیرمە تا کارگوزارێك دادەمەزرا، دەبوو لیستەکە بەیەکسانی ناوی هەردوو لای « یەکێتی و پارتی» تێدابایە ئینجا بڕیار دەردەچوو، زۆرجار لەسەر تەواونەبوونی لیستی وەکیەکی، بڕیار دوادەکەوت، هەرچۆنێك بێت، ئیمەیش دوای دوو ساڵ خۆبەخشی ناومان لەلیستی دامەزراندنی مامۆستایان بڕیاری لێدراو ئەمجارە بە فەرمی وەك کارمەندێکی میری «حکومەتی هەرێمی کوردستان» لەهەمان قوتابخانەی وەسانی سەرەتایی تێکەڵاو دامەزراین، بەڵام ئەمجارە بەهیچ شێوەیەك کاروبارەکانمان وەکو ئەو سەردەمەی خۆبەخش بووین نەدەڕۆیشت بەڕێوە؟!. بۆ نمونە؛ ئەو سەردمەی خۆبەخش بووین هەرچیەکمان بویستبایە لە کۆگاکانی پەروەردە بۆمان دەهات و بێ بەش نەدەکراین، بەڵام کە دامەزراین بەشی خۆمان کە دەبوو وەك هەر قوتابخانەیەك پێمان بدەن، پێان نەدەداین، هەندێكجار بیانوویان دەهێنایەوە کە ئێوە لەناو بەفرو سەرماو سۆڵە کوا دەوام دەکەن؟!. بەراستی ئێمەش تووشی سەرسوڕمان دەهاتین و پێمان سەیربوو کە ئاگایان لە ئێمە نیەو لەخوتوخۆڕایی دەڵێن؛ دەوام ناکەن، یان بەو سەرماو سۆڵەیە چۆن دەوام دەکرێت.
رۆژێکیان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر گەر هەڵە نەبم وابزانم مامۆستا حەسەن بوو یادی بەخێر، تووشی دەمەقاڵی هاتم و ووتی: تۆ دەوام ناکەیت؟!. منیش لەباخەڵم دوو وێنەی فۆتۆگرافی تێدابوو تازە شۆردبوومانەوەو وێنەی وەرگرتنی کتێب و پێداویستیی قوتابخانەبوو، بەسواری ئەسپەوە لە لادێ هاتبووین بۆ ئەوەی لە شوێنێکی دوور لە قوتابخانەکەمان کەرەستەکان وەریبگرین، وێنەکانم فرێدایە سەر مێزەکەی و ووتم ئێمە دەوام ناکەین؟ ئەی ئیوە ئاگادارن کە ئێمە بەو شێوەیە ژیان بەسەردەبەین؟ ئاگادارن ئێمە بەسواری ئەسپ هاتووچۆ دەکەین و سەرپەرشتیارەکانتان هەر نازانن ئەو شوێنە لە کوێی ئەم نیشتمانەیە؟. لەگەڵ قسەکردنی من ئەویش سەیرێکی وێنەکانی کردوو و پیشانی هەندێك لەمیوانانیشیداو ووتی؛ ئەوەش هەڵەی هەندێك برادەرو ئەو راپۆرتانەی بۆمان دەنێرن ئاوها ئیحراجمان دەکەن؟!.
هەرچۆنێك بێت ژیانی ئەو ماوەیەمان لە نێوان گوندو شارو ووتنەوەی وانەو مامۆستایەتی و جوتیاری و هەندێكجاریش گەڕانەوە بۆ هەولێر و دونیای سەرهەڵدانی میدیای کوردیی خۆکردیی و چالاکی شانۆیی ئەوەی ئێمە تێیدا بەشدار دەبووین لەگەڵ هەموو ئەو چالاکیانەی وەك تەماشاڤان بەئاگابووین و جموجۆلەکان تادەهات زیاتر دەبوو، لەگەڵیشیدا گرژییەکانی بەڕێوەبردنی حوکمڕانی نمونەیی ناوچەکەو تازەی جوڵانەوەی رزگاریی نیشتمانیی کوردستانیش زیاتر دەبوون.
دوای دامەزراندنم، وردە وردە کەڵکەڵەی گەڕانەوە بۆ شارو بەجێهێشتنی لادێ زیادی کردوو، بەر لە جەولەی یەکەمی شەڕی ناوەخۆ گەڕامەوە شارو پەیوەندییەکی کەمم مابوو لەگەڵ لادێ.
کە جەولەی شەڕیش دەستی پێکردەوە ئیتر لە هەندێك ناوچەدا ژیان وەستا، ئەو سنورەی ئێمەش لێی نیشتەجێ بووین و مامۆستا بووین تێیدا، کەڵکی ژیانی نەماو شەڕ کەتە ئەوێش.
هەرچۆنێك بێت ئیدی بەندە پەیوەندیم بە گوندو قوتابخانە پچڕا و ناوچەکە بەگشتی تەقەی تێکەوت. بەندە لەناو شار جموجۆڵی میدیایی و هونەریمان بەچڕی دەستی پێکرد.

لەناو شەڕدا سینەما لەبرەودابوو
سلێمانی زوو دەستی بەوەڕا گەیشت کە زنجیرەیەك فیلم لەسەر «پێشمەرگە»و خەباتی شاخ و شار بکەنە فیلم و لەناو شەڕیشدا فیلم نمایش دەکراو خەڵکیش بەتامەزرۆوە بینەری ئەم فیلمانەبوون.
نمایشی فیلم و دابەشکردنی خەڵات، گەرموگوڕی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لە گواستنەوەو روماڵی ئەو چالاکیانە و ئینجا بڵاوبوونەوەیشی لە رۆژنامەی « کوردستانی نوێ» هێندەی تر ئێمەی لە هەولێر تاو دەداو گڕوتینی زیاتری پێدەبەخشین، هەتا کاتێك گروپی سینەمای کوردستان»مان دامەزراند، دەنگدانەوەکە پێچەوانەبوویەوەو ئینجا چالاکی و جموجۆڵی ئێمە لە رۆژنامەو گۆڤارەکاندا پەرەی سەند.
ئەو سەردەمە فیلمەکان لە سینەماکانیشدا بەتایبەتی لە هەولێرو سلێمانی بەچڕی پیشاندەدران و بینەریشیان زۆر باش بوو؟!.
لەو ساڵانەدا، پەیوەندی بادینان لەگەل هەولێرو سلێمانی و ناوچەکانی هەڵەبجەو گەرمیان زۆر خراپ پچڕا، لەوێش چالاکی هەبوو بەڵام بەهۆی ئەوەی شەڕ بۆ قازانجی لایەک ساخی کردبۆوە بەهەمان شێوەی سلێمانی، بۆیە تا ئەو کاتەی پایتەخت لەڕووی سیاسییەوە لەبندەستی حکومەتدابوو، چالاکیەکانی سلێمانی دەهاتنە هەولێرو لەناویاندا وێڕای فێستیڤانی ئەزموونگەریی شانۆیی و نمایشی بەردەوامی هونەرمەندانی سلێمانی لەوانە؛ دەنگدانەوەی مۆنۆدرامای وێرانە کە نواندن و وابزانم دەرهێنانیشی لەلایەن هونەرمەند» کامەران رەئوف»بەڕێوەچوو. ئەو شاکارە زۆرترین بابەتی لەسەر نووسرا، بیرمە یەکێك لەوانەی بەسێ بەش لە کوردستانی نوێ لەسەری نووسی «فەریدون عەبدولقادر»بوو. توانای سیاسییەك بەو جۆرە جێگای تێڕامان بوو.
شەڕ زۆرترینی ئەو خەونانەی راماڵی..

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*