سەرەکی » هەواڵ » حاكم قادر: هەموو ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو كراوە

رزگار عەلی وەك لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردن دەستبەكاربوو

حاكم قادر: هەموو ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو كراوە

شوان كەریم

دوێنێ لەمەراسیمێكی تایبەتدا و بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای مەكتەبی هەڵبژاردن، ئاڵوگۆڕ بەپۆستی لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردن كرا.
لەمەراسیمەكەدا سەرەتا شۆڕش ئیسماعیل لێپرسراوی پێشووی مەكتەبی هەڵبژاردن سوپاسی ستاف و هاوكارانی مەكتەبی هەڵبژاردنی كرد، كە لەماوەی كاركردنیدا هاوكار و پشتیوان بوون و ماندوونەناسانە بۆ سەرخستنی یەكێتی بەتایبەت لەپڕۆسەكانی هەڵبژاردندا، پرۆفیشناڵانە ئەركەكانیان بەڕێوەبردووە.
پاشان حاكم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، لە وتەیەكیدا بەو بۆنەیەوە باسی لەگرنگیی مەكتەبی هەڵبژاردن كرد و رایگەیاند: پێویستە بەڕەچاوكردنی باری سیاسی و شێوازی حوكمڕانی داهاتووی عیراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كە بازنەی دیموكراسی تیایاندا رووە و فراوان هەڵدەكشێ‌، لێرە بەدواوە بایەخی زیاتر بەم ئۆرگانە شارستانییە بدەین و لەپێناوی سەرخستنی پڕۆسەكانی هەڵبژاردن و بۆ بەرزكردنەوەی توانا و ئاستی زانستی كادرانی تایبەتمەندی هەڵبژاردن، لەخولی بەهێزكردندا بەشدارییان پێبكرێت و وتیشی: سەركەوتنی یەكێتی لەپڕۆسەكانی داهاتووی هەڵبژاردن و حوكمڕانیدا، سەركەوتنی هەرێم و گەلەكەمانە بەگشتی.
لەدرێژەی وتەكەیدا لەسەر پرسی بەستنی كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی، حاكم قادر روونیكردەوە: بەڕێوەبردنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو كە تیایدا یەكێتییەكەمان رووە و كەناری ئارام بەچارەسەركردنی تەواوی كێشە و گرفتەكان ئاڕاستە بكات و كۆنگرەیەك بێت لەپێناوی پاراستنی یەكێتی و بەبوژاندنەوە و گەڕانەوە بۆ سەرەتا و پرەنسیپەكانی یەكێتی و هەڤاڵانە و دوور لە شكاندن و وەلانانی هەڤاڵە دڵسۆزە دێرینەكانی یەكێتی، هەڤاڵانە گەشە بەئۆرگانەكانی یەكێتی بدات، پشتیوانین و لەو رووەوە ئاماژەی بەتەواوكردن و ئامادەكاریی راپۆرتەكانی كۆنگرە كرد و رایگەیاند: هەموو ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو كراوە.
دواتر بەناوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، دەستخۆشی لەشۆڕش ئیسماعیل كرد لە بەڕێوەبردنی ئەركەكانی رابردووی و پشتیوانیشی بۆ رزگار عەلی دووپاتكردەوە.
هەربەو بۆنەیەوە، قادر عەزیز لەوتەیەكیدا ئومێدی خواست لەڕووی زانستییەوە برەو بەتواناكانی پسپۆڕان و كادرانی ئەم مەكتەبە بدرێت و دەستخۆشی لە شۆڕش ئیسماعیل كرد و ئومێدی سەركەوتنی بۆ رزگار عەلی خواست.
لەكۆتایی مەراسیمەكەدا، رزگار عەلی سوپاسی پشتگیری هەڤاڵانی كرد و بەڵێنی دا كە لە كارە نوێیەكەیدا بۆ یەكێتی و سەركەوتنی یەكێتی لەپڕۆسەكانی داهاتووی هەڵبژاردنەكاندا، ماندوونەناسانە ئەركەكانی بەڕێوەبەرێت و جێی رەزامەندی بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رێزلێنان لە خاتوو فەهیمە ئەمین دایكی شەش شەهید و خوشكی دوو برای شەهید

شوان كەریم دوێنێ، لەمەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ...