سەرەکی » ئابووری » دابەشكردنی نەوت لە سلێمانی دەستپێدەكاتەوە

«وەزیری نەوتی عیراق بەڵێن دەدات»

دابەشكردنی نەوت لە سلێمانی دەستپێدەكاتەوە

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وادەی دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری شارەكە ئاشكرادەكات و راشیدەگەیەنێت: «وەزیری نەوتی عیراق بەڵێنیداوە بەزیادكردنی بەشە نەوتی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان».
ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندوە: دوای بڕیارەكەی بەغدا لەبارەی دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان، رۆژانەو بەردەوام نەوتی سپی دەگاتە پارێزگای سلێمانی.
وتیشی:»لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانەوە ئەو نەوتە عەمبار دەكرێت تا دەگاتە ئاستی پێویست و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت».
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختیشیكردەوە: «بڕیاروایە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی ئەو نەوتە بكرێت لەپارێزگای سلێمانی و سەرەتاش لەقەزای دەربەندیخان بڕێكی دابەش دەكرێت و دواتر دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دەستپێدەكات».
بەوتەی ئازاد محەمەد، دوێنێ ژمارەیەك لە نوێنەرانی كورد لەگەڵ وەزیری نەوتی عیراق كۆبونەوەیەكیان ئەنجامداو داوایانكردوە ئەو بڕە نەوتەی بۆ هەرێم دابینكراوە زیادبكرێت.
سەبارەت بەوەڵامی وەزیری نەوتی عیراق، ئازاد محەمەد وتی: «وەزیری نەوت بەڵێنیداوە ئەو بڕە نەوتەی پێشتر بڕیاری لێدراوە دابین بكرێت زیادبكرێت، هەروەها بڕیاریشداوە بڕێكی دیكە نەوتی سپی بۆ ئەو خێزانانەی دەربەندیخان دابینبكرێت كە زیانیان بەركەوتووە».
لەچەند رۆژی رابردوودا حكومەتی عیراق و وەزارەتی نەوت بڕیاری دابینكردنی 30 ملیۆن لیتر نەوتیان بۆ هەرێمی كوردستاندا، لەئێستاشدا بڕیارەكە خراوەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوەو بەردەوام نەوت بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*