سەرەکی » راپۆرت » کورد و کۆبوونه‌وه‌ی سوچی له‌ روسیا

کورد و کۆبوونه‌وه‌ی سوچی له‌ روسیا

وابڕیاره‌ سه‌رانی روسیا وئێران و تورکیا له‌ شاری سوچی له‌باشووری روسیا کۆببنه‌وه‌، ئه‌م کۆبوو‌نه‌وه‌‌یه‌ش له‌ته‌واوی ناوه‌نده‌ سیاسیی و میدیاکانی جیهان، به‌گرنگییه‌وه‌ باسی لێوده‌کرێت، زۆرێکیش له‌و باوه‌ڕه‌دان، ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ چاره‌نووسساز ده‌بێت بۆ سوریا وناوچه‌که‌. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ زۆرکه‌سیش پێی وایه‌، ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ زه‌ره‌ری ده‌بێت بۆ کورد به‌تایبه‌تی له‌ رۆژئاوا و ئه‌گه‌ری دووباره‌ بوونه‌وه‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزانێکی تر هه‌یه‌. سه‌رۆکی روسیاش، به‌هه‌موو هێز و توانایه‌کیه‌وه، کار بۆسه‌رکه‌وتنی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌کات.

هه‌وڵه‌کانی پوتین
ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌کرێت ئه‌وه‌یه‌،فلادیمیر پوتین سه‌رۆکی روسیا ماوه‌یه‌که‌ ده‌ستیکردووه‌ به‌ کۆ‌مه‌ڵێک چالاکی و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی لایه‌نه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی کێشه‌ی سوریا، پێش کۆبونه‌وه‌که‌ش له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆکی سوریا کۆبۆوهه‌، په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیشی له‌گه‌ڵ مه‌یلک سه‌لمانی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌و دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا و سه‌رۆکی میسرو ئیسرائیلیش کردووه‌.
ئه‌سه‌د له‌ سوچی بوو
رۆژی دووشه‌ممه‌ به‌شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو، به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆکی سوریا له‌شاری سوچی له‌گه‌ڵ فلادیمیر پوتین کۆبۆوه‌، دواتریش کۆشكی کریملین له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌یانێکی ده‌رکردوو تێیدا هاتبوو: سه‌رۆک پوتین پیرۆزبایی له‌سه‌رۆکی سوریا کردووه‌ ‌ به‌بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنه‌کانی سوپای سوریا له‌دژی داعش و گرووپه‌ تیرۆریسته‌کان. راشیگه‌یاندووه‌، که‌به‌م زوانه‌ جه‌نگ له‌دژی تیرۆر له‌سوریا کۆتایی پێدێت.

چاره‌نووسی ئه‌سه‌د گه‌لی سوریا دیاریده‌کات
له‌به‌یانه‌که‌‌ی کریملێندا هاتووه،‌ پوتین جه‌ختی له‌وه‌کردۆته‌وه‌، که‌ گه‌لی سوریا خۆی بڕیاری چاره‌نووسی سه‌رۆکه‌که‌ی ده‌دات. زۆرێک له‌ میدیاکانی جیهانیش باس له‌وه‌ده‌که‌ن، ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ قسه‌کردنه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌‌ی ئه‌سه‌دو رێگه‌چاره‌ی ئاشتی و چۆنێتی داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان سوریا و تورکیا. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ پرسی مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، یه‌کێکه‌ له‌کێشه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌موو دانوستانه‌کای نێوان حکومه‌تی سوریاو نه‌یارانی، تورکیاش هه‌میشه‌ داوای لابردنی ‌به‌شار ‌ئه‌سه‌دی کردووه‌، گه‌رچی هه‌ریه‌ک له‌ ئێران و روسیا پشتگیری مانه‌وه‌ی ‌ئه‌سه‌د ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش خاڵێکی ناکۆکی گه‌وره‌ی نێوانیان بووه‌.

په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا
رۆژی سێ شه‌ممه‌ش پوتین په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا کردووه‌ له‌به‌یانێكدا کریملین رایگه‌یاند: سه‌رۆک پوتین دوا پێشهاته‌کانی ره‌وشی سوریای له‌گهڵ سه‌رۆک تره‌مپ باسکردووه‌و هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێکه‌وتون که‌پێویسته‌ رێگه‌چاره‌‌یه‌کی سیاسی بۆ کێشه‌ی سوریا بدۆزنه‌وه‌. له‌درێژه‌ی به‌یانکه‌دا هاتووه‌: سه‌رۆک پوتین باسی کۆبوونه‌‌وه‌که‌‌ی خۆی له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆکی سوریا و کۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌که‌ی نێوان تورکیاو ئێران و روسیا کردووه‌.

تره‌مپ پێی باشبووه‌
له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ دۆناڵد ترمپ پێش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ولایه‌تی فلۆریدا بکات، له‌فرۆکه‌خانه‌ به‌میدیاکانی راگه‌یاند: په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی زۆرباشم له‌گه‌ڵ سه‌رۆک پوتین کردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی کێشه‌ی سوریا و کێشه‌ی کۆریای باکووره‌وه‌.

ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت کۆبوونه‌وه‌یه‌کی چاره‌نووساز ده‌بێت
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌درۆغانیش پێش ‌ئه‌وه‌ی سه‌ردانی سوچی بکات به‌میدیاکانی راگه‌یاند: ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌بێته‌ گره‌نتییه‌کی گه‌وره‌ بۆ ئاسایشی سوریا، جگه‌‌له‌وه‌ش کۆبوونه‌وه‌یه‌کی چاره‌نووسازیشی بۆ سوریا و ناوچه‌که ده‌بێت‌.

ره‌خنه‌ی له‌ ئه‌مریکا گرت
له‌درێژه‌ی لێداوانه‌که‌یدا ئه‌ردۆغان هێرشی توندی کرده‌ سه‌ر ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی و رایگه‌یاند: ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی که‌ئه‌مریکا رابه‌رێتی ده‌کات، ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌وان ته‌داخولکردنه‌ له‌ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناڤین نه‌ک جه‌نگ ‌له‌دژی تیرۆر، هه‌روه‌ها هه‌وڵدانه‌ بۆ دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌کانی ناوچکه‌ به‌وشێوه‌یه‌ی که‌خۆیان ده‌یانه‌وێت.

ئێران ستایشی په‌یوه‌ندی سێ قۆڵی ده‌کات
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ عه‌لی لاریجانی سه‌رۆکی شورای ئیسلامی ئێران» په‌رله‌مان» له‌شاری ئه‌سته‌نبوڵ له‌گه‌ڵ ئیسماعیل قه‌همان سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانی تورکیا کۆبوه‌و‌ دواتریش رایگه‌یاند: په‌یوه‌ندیی و هاوکاری نێوان تاران وئه‌نقه‌ره‌ و مۆسکۆ زۆر باشه‌‌، هه‌رله‌رێگه‌ی ئه‌م هاوکاریه‌شه‌وه‌، ده‌توانرێت به‌شێوه‌یه‌کی ته‌واوه‌تی کۆتایی به‌ فیتنه‌ی داعش له‌ناوچه‌که‌ بهێنرێت.

کورد وسوچی
هه‌میشه‌ کورد بۆته‌ قووربانی رێکه‌وتنی ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکاره‌کانی کوردستان و زلهێزه‌کانی جیهان، تورکیاش به‌ئاشكرا ونایشارێته‌وه‌، ئاماده‌یه‌ هه‌موو شتێک بکات، بۆ له‌ناوبردنی ئه‌زمونی کورد چ له‌رۆژئاوا چ له‌باشوور. ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ش به‌لای تورکیاوه‌، داژیه‌تیکردنی ‌ کورده‌و ده‌رکردنی پشتگیری روسیایه‌ بۆ کورد، تاڕاده‌یه‌کیش به‌پێی وته‌کانی به‌رپرسه‌ روسییه‌کان بێت ،تورکیا له‌م بواره‌دا سه‌رکه‌وتووبوه‌. دیاره‌ ئێرانیش تاراده‌یه‌کی زۆر له‌گه‌ڵ تورکیا هاوڕایه‌‌.
لێره‌دا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کورد خۆی بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێک ئاماده‌بکات و زیاتر پشت به‌هێز وتواناکانی خۆی ببه‌ستێت، بۆ رووبه‌روبونه‌وه‌ی هه‌ر پیلانێکی ئیقلمی و نێوده‌وڵه‌تی له‌دژی .
سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌کان

 405 جار بینراوە