سەرەکی » راپۆرت » نه‌وزاد ره‌سوڵ: هێزی كورد له‌ قۆناغی‌ داهاتوودا، له‌ یه‌كده‌نگی‌و ئه‌جێندایه‌كی هاوبه‌شی نیشتیمانیی دایه‌پەڕە 27

نه‌وزاد ره‌سوڵ: هێزی كورد له‌ قۆناغی‌ داهاتوودا، له‌ یه‌كده‌نگی‌و ئه‌جێندایه‌كی هاوبه‌شی نیشتیمانیی دایه‌

موحسین عوسمان: 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر كۆتایی ئـه‌و عه‌قلیه‌ته‌ بوو كه‌ له‌مێژه‌ له‌ كوردستان شكست بــه‌رهه‌مدێنێت

كاوه‌ عه‌زیز حه‌مه‌

بارودۆخی دوای‌ ریفراندۆمی كوردستان بارودۆخێكی نوێی‌ له‌ كوردستان و عیراق هێنایه‌ گۆڕێ، مشتومڕێكی نوێی‌ له‌باره‌ی‌ ئاینده‌ی‌ هه‌رێمی كوردستان و رۆڵ و پێگه‌ی‌ له‌عیراقی دوای‌ ریفراندۆم دروستكردووه‌، جارێ دیارنییه‌ سیمای‌ نوێی‌ كوردستان له‌دوای گفتوگۆكانی دوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ریفراندۆم چۆن ده‌بێت، هه‌ندێك پێیانوایه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عیراق به‌شێك له‌و ئه‌گه‌رانه‌ له‌بارده‌بات كه‌ ئێستا پێشبینی ده‌كرێت، واته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كه‌ به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ گرژ بووه‌و هێشتا خاونه‌بۆته‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دۆخێكی باشتر، هه‌ندێكی دیكه‌ ئه‌م بۆچونه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بینن و گه‌شبین نین به‌ داهاتووی‌ هه‌رێمی كوردستان له‌په‌یوه‌ندییه‌كانیدا له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌ندێكی دیكه‌ ئاینده‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و كاریگه‌رییه‌كانی له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عیراق ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق له‌ 2018، واته‌ ئه‌گه‌ر كورد ده‌نگێكی زۆر به‌ده‌ستبێنێت و توانای دروستكردنی كاریگه‌ری‌ هه‌بێت له‌ په‌رله‌مانی عیراق ئه‌وا دتوانێت له‌پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی‌ عیراق و له‌ناو په‌رله‌ماندا كاریگه‌ری‌ دروستبكات.
موحسین عوسمان، نوسه‌رو په‌رله‌مانتاری عیراق، ده‌ڵێ‌: كورد له‌دوای‌ ریفراندۆم روبه‌رووی شكستێكی مه‌عنه‌وی بووه‌، كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر جێهێشتوه‌، به‌ڵام «مێژوی دوای‌ 16ۆ ئۆكتۆبه‌ر وه‌رچه‌رخانێكی نوێ‌ بوو له‌مێژوی كورد، كۆتایی هاتنی ئه‌و عه‌قلیه‌ته‌ بوو كه‌ ماوه‌یه‌كی درێژه‌ له‌ كوردستان شكست به‌رهه‌مدێنێت و گفتوگۆكانی ئه‌نجامی نییه‌»، هه‌روه‌ها محسن پێیوایه‌ نه‌وه‌یه‌كی تازه‌ دێت بۆ گرتنه‌ده‌ستی به‌رپرسێتی ئه‌و قۆناغه‌، به‌ڵام دیارنییه‌ به‌چ ئاقارێكدا ده‌ڕوات و چۆن ده‌بێت و چ پلان و ئه‌جێندایه‌كی هه‌یه‌.
ئه‌و وتی نه‌وه‌یه‌كی‌ تازه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ی‌ بۆ بارودۆخه‌كه‌ هه‌بێت، رونیكرده‌وه‌ كه‌ بۆ كورد قۆناغی دلینی یان عاتیفی له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌ رووداوه‌كان كۆتایی هات و ده‌بێ‌ واقعیانه‌ مامه‌ڵه‌بكات و وتی 70 ساڵه‌ كورد خه‌بات ده‌كات، به‌ڵام كورد نه‌یتوانیوه‌ خۆی له‌ عه‌قلیه‌تی ده‌ربازبكات و ببێته‌ گه‌ل.
ئه‌و پێی‌ وایه‌ ئیدی كورد له‌قۆناغی مۆنۆلۆگ واته‌ گفتوگۆی تاكلایه‌نه‌ ده‌ربازده‌بێت به‌ره‌و قۆناغی دایلۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا، « دوای‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر دایه‌لۆگی راسته‌قینه‌ دروستده‌بێت.»
له‌به‌رامبه‌ردا نه‌وزاد ره‌سوڵ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق رونیكرده‌وه‌ بارودۆخی كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی‌ له‌به‌غدا له‌دوای‌ ریفراندۆم باش نییه‌وده‌ڵێ‌: ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ‌ به‌هێز بین ئه‌وا هێزی ئێمه‌ له‌یه‌ك ده‌نگی و بوونی ئه‌جێندایه‌كی هاوبه‌شی نیشتیمانیدایه‌، «پێموایه‌ كورد ده‌نگی جاران له‌ هه‌ڵبژاردن ناهێنێت به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی كوردستان». ئه‌وه‌یشی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك، یه‌كه‌میان: له‌ده‌ستدانی حوكمڕانیی و ئیداره‌ی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان و ووتی ئه‌مه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ده‌نگی كورد ده‌بێت له‌و ناوچانه‌.
دووه‌م: خه‌ڵكی ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی له‌حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان رازی نین كه‌ یه‌كده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست نین و په‌رته‌وازه‌یی كه‌وتۆته‌ نێوانیان و ووتی ئه‌مه‌ كاریگه‌ریی ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی كورد له‌و ناوچانه‌.
سێیه‌میش ئه‌و پێی‌ وایه‌ پرسی خراپی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی رابردوو له‌پرسه‌ جیاوازه‌كان به‌تایبه‌ت ئاڵۆزی سیاسی و په‌كخستنی په‌رله‌مان و دورخستنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ..تد ئه‌مانه‌ هه‌مووی كارده‌كاته‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی كورد پێكهاته‌كانی دیكه‌ی‌ وه‌ك توركمان و عه‌ره‌ب و ئاین و ئاینزاكانی دیكه‌.
هێشتا دیارنییه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی‌ عیراق دواده‌خرێت یان نا، ئه‌گه‌رچی سوننه‌كان و به‌شێك له‌ كورد پێیانباشه‌ بۆماوه‌یه‌ك دوابخرێت، موحسین عوسمان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق رونیكرده‌وه‌ كه‌ سوننه‌كان له‌بارودۆخێكی زۆر خراپدان و ده‌یانه‌وێ‌ بۆماوه‌یه‌ك هه‌ڵبژاردن دوابخرێت تا خۆیان ده‌گرنه‌وه‌، ووتی به‌شێك له‌ كوردیش پشتیوانی ئه‌و بۆچونه‌ ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ تاكو بارودۆخی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی كوردستان هێمن نه‌بێته‌وه‌، بۆ كورد باش نییه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت یان ئه‌وه‌تا ترسیان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هه‌یه‌.
یه‌كێك له‌ پرسه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا پرسی پابه‌ندبونه‌ به‌ده‌ستوری عیراق، هه‌ریه‌كه‌ له‌ كوردو به‌غدا یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌پێشێلكردنی ده‌ستور، له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ پرسی ته‌وافوق له‌ناو په‌رله‌مان و له‌ بڕیاره‌ چاره‌نوسسازه‌كانی عیراق.
هه‌ندێك پێیانوایه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بۆ كورد گوزه‌شت بتوانێت كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ له‌به‌غدا دروستبكات، چ له‌ناو په‌رله‌مان یان له‌ناو حكومه‌ت، به‌ڵكو به‌غدای ئێستا به‌هێزه‌و چیتر چاوه‌ڕێی‌ كورد ناكه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یبینن و پێیانوایه‌ كورد ئه‌گه‌ر پلانی هه‌بێت و یه‌كگرتوبێت له‌ گوتاریدا ئه‌وا به‌غدا ناتوانێت گوێ بۆ هه‌ڵوێستی كورد نه‌گرێت.
موحسین عوسمان رونیكرده‌وه‌ كه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ خاوه‌نی ستراتیژییه‌تی خۆی نه‌بووه‌ له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ عیراق و له‌كاركردنی بۆ ئاینده‌ی‌ خۆی بۆیه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، وتی ئێمه‌ تائێستا كۆمه‌ڵگایه‌كی جوتیاریین و بۆ چاره‌سه‌ری‌ گرفت و كێشه‌كان په‌نا بۆ هێز ده‌به‌ین نه‌ك دایلۆگ، وتی ئه‌مریكا له‌رووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ردا رۆڵێكی كاریگه‌رو ئاشكرای بینی، چونكه‌ له‌م قۆناغه‌دا ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ‌ لایه‌نێكی شیعه‌ سه‌ربخات، ئه‌گه‌رچی وتی هه‌ندێك لێكدانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مریكا بیه‌وێت شیعه‌ له‌بارودۆخێكی نوێ‌ بگلێنێت و سه‌ره‌نجام روبه‌روی واقعێكی نوێی‌ بكاته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌پرسی بونی حه‌شدی شه‌عبیدا.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌دا، نه‌وزاد ره‌سوڵ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق پێیوابوو باشترین كارت كه‌ ئێستا به‌ده‌ست هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ مابێت یه‌كه‌م یه‌ك گوتارییه‌، نه‌ك گوتاری یه‌ك لایه‌نی سیاسی دیاریكراو به‌سه‌ر گفتوگۆكان زاڵ بێت و رونیكرده‌وه‌ كه‌ پێشتر په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا په‌یوه‌ندی به‌ پارتیه‌وه‌ هه‌بوو، كاتێك په‌یوه‌ندی پارتی باش بوایه‌ ئه‌وا په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا باش ده‌بو، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان پارتی و به‌غدا خراپ بوایه‌ ئه‌وا په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا خراپ ده‌بو، ووتی ئه‌و بارودۆخه‌ نابێت بمێنێت و ده‌بێ‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ربنه‌مای‌ دامه‌زراوه‌یی و له‌ڕێی‌ ئۆرگانی حكومه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند ببه‌ستێت و گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكات، له‌و گفتوگۆیه‌شدا یه‌ك گوتاریی به‌رونی ره‌نگبداته‌وه‌.
جگه‌ له‌شیعه‌، كورد و سوننه‌ له‌بارودۆخێكی باشدا نین، سوننه‌ به‌هۆی شه‌ڕی داعش و هه‌وژمی شیعه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌ سونییه‌كان و تێكدانی ناوچه‌كانیان، كوردیش به‌هۆی ریفراندۆم و له‌ده‌ستدانی متمانه‌و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا شیعه‌ گوشار له‌هه‌ردوو پێكهاته‌ده‌كه‌ن.
موحسین عوسمان رونیكرده‌وه‌ كه‌ به‌ره‌ی‌ سوننه‌ له‌بارودۆخێكی خراپدان و ئه‌وه‌ی‌ پشتیوانیان بوو كه‌ سعودیه‌ بوو، له‌پرۆژه‌كانی سه‌ركه‌وتو نه‌بووه‌، وتی سعودیه‌ له‌پشتیوانیكردنی سوننه‌ له‌ یه‌مه‌ن و عیراق و سوریا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، بۆیه‌ سوننه‌كان پشتیوانیه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌، كوردیش ئه‌گه‌ر نه‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌جێندای‌ ئه‌مریكا ئه‌وا ره‌نگه‌ شتێكی ده‌ستنه‌كه‌وێت.
نه‌وزاد ره‌سوڵ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراقیش تێگه‌یشتنێكی نزیكی هه‌بوو، كه‌ كورد له‌بارودۆخێكی باشدا نییه‌و ده‌بێ‌ له‌وه‌ تێبگات كه‌ شیعه‌ له‌عیراق ده‌سه‌ڵاتدارن و نابێ‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ مێژوییه‌ی‌ هه‌بوو له‌هاوكاریی و كاركردندا تێكبدرێت، به‌ڵكو ده‌بێ زیندوبكرێته‌وه‌، وتی ئه‌گه‌ر كورد گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات ده‌بێ‌ هه‌موو كورد بیكات نه‌ك یه‌ك لایه‌نی سیاسی و ده‌بێ‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی‌ مامجه‌لال بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی له‌نێوان شیعه‌و سوننه‌ راگرێت و سود له‌و بارودۆخه‌ وه‌رگرێت، نه‌ك شیعه‌ بكه‌ینه‌ نه‌یاری خۆمان و سوننه‌ش پشتیوانیمان نه‌كه‌ن.
ئه‌و وتی ده‌بێ‌ چاوه‌ڕێی‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكه‌ین، بزانین كورد له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ چه‌ند ده‌نگ دێنێت و دواتر په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی باشتربكات تاوه‌كو له‌ كابینه‌ی‌ نوێ و له‌په‌رله‌مانی نوێی‌ عیراق كاریگه‌ری‌ زیاتربێت، به‌ڵام وتی هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌نده‌ به‌یه‌كڕیزی كورد و به‌دامه‌زراوه‌كردنی كاركردن له‌ كوردستان و چاككردنی په‌یوه‌ندی نێوان كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی‌ عیراق له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه‌ شیعه‌كان.

 476 جار بینراوە