سەرەکی » دۆسێ » ئێران وەڵامی داواكەی سەرۆكی ئەمریكا دەداتەوە

بۆ كۆبوونەوەی نێوان رۆحانی و ترەمپە

ئێران وەڵامی داواكەی سەرۆكی ئەمریكا دەداتەوە

بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندووە، ئەنجامدانی كۆبونەوە لەنێوان هەریەك لە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان و سەرۆكی ئێران، كارێكی نادروستە، چونكە بەر لەوە پێویستە متمانە لەنێوان هەردوولادا دروستببێت.
مەحمود واعزی، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك كۆماری ئێران لەمیانی لێدوانێكیدا لە 28ی ئابی 2019، رایگەیاندبوو «بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، پێویستە سەرەتا واشنتۆن سزاكانی سەر تاران هەڵبگرێت».
بە گوتەی واعزی «كۆبونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و حەسەن رۆحانی، سەرۆك ئێران روونادات، تا ئەو كاتەی متمانە لەنێوان هەردو وڵاتدا دروستدەبێت».
بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكایەتی ئێران پێیوایە «ئێران لەڕێگەی حكومەت و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی هەموو هەوڵێكی دەخاتە گەڕ، تا سزاكان هەڵَبگیرێن»، وتیشی «تەنها چاوپێكەوتن و كۆبونەوە كێشەكان چارەسەرناكەن».
لە پەیامێكیشیدا بۆ واشنتۆن ئەو بەرپرسە ئێران رایگەیاندبوو «ئەگەر ئەمریكا بیەوێت لەگەڵ ئێراندا لەسەر یەك رێگە رێبكات، پێیوستە سەرەتا سەبارەت بە سزاكان، هەڵەكانی پێشووی راستبكاتەوە».
لەبارەی رێككەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 وڵاتەكەش، بە بۆچوونی واعزی «گرنگە ئەمریكا بگەڕێتەوە بۆ ئەو رێككەوتنە و بە شێوەیەكی تەواو پێوەی پابەندبێت».
هەر لەو رووەوە واعزی دەڵێت «گەر ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پابەند نەبێت بە رێككەوتننامەكەوە و سزاكانی سەر ئێران هەلنەگرێت، ئەوا ئێران بەردەوامدەبێت لەسەر كەمكردنەوەی پابەندبونی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە و هەنگاوی سێیەمیش هەڵدەنێت».
ئەو بەرپرسە ئێرانییە پێیوایە «دانوستانەكانیان لەگەڵ حكومەتی فەرەنسا بەرەوپێش دەچێت و گەشەسەندنی نوێی بەخۆوە بینیوە، لەم ماوەیەشدا وەفدێكی ئابووری ئێران سەردانی فەرەنسا دەكات».
هەر لە بارەی كۆبونەوەی نێوان سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی وڵاتەكەی، وەزیری دەرەوە ئێران كۆبوەنەوەیەكی لەو جۆرەی بە ئەستەم ناوبردبوو.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی لە 27ی ئابی 2019، رایگەیاندبوو «لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ شاری بیاریتز-ی فرەنسا رایگەیاندبووە كە كۆبونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران، ئەستەمە، تا ئەو كاتەی واشنتۆن پابەند دەبێت بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە».
بە گوتەی جەواد زەریف»هیچ چاوپێكەوتن و دانوستانێك ئەنجامنادرێت لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكان، تا ئەو كاتەی واشنتۆن دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی 5+1 تایبەت بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە و پابەند دەبێت بە پلانی هەمەلایەنە».
ئەو لێدوانەی زەریف لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ لە 26ی ئابی 2019، لە شاری بیاریتز بە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو «ئاساییە پێشبینی بكرێت لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا و لە كەشێكی گونجاودا لەگەڵ حەسەن رۆحانی كۆببێتەوە».
هەر سەبارەت بە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، سەرۆكی فەرەنسا، بەپێویستی زانیبوو لەڕێی مێزی دانوستانەوە بگەنە چارەسەر سەبارەت بە ئێران و هیواشی خواستبوو بتوانن كۆبوونەوەیەك لەنێوان ترەمپ و رۆحانی ڕێكبخەن.
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە لوتكەی گروپی حەوت، ڕایگەیاندبوو:”لە سەرەتای لوتكەكە بەهۆی زۆرێك لە بیرۆكە دژ بە یەكەكان هەندێك تەنگژە دروستبوو، بەڵام ئێمە پێداگربوین لەسەر خستنەڕووی پەیامێكی یەكگرتوو”.
بەگوتەی سەرۆكی فەرەنسا:”لەبارەی ئێرانەوە ڕاوبۆچوونمان ئاڵوگۆڕكرد، ئێمە هاوڕاین لەسەر ئەوەی ئێران بانگهێشت بكرێت رێز لە پابەندبوونە ئەتۆمییەكانی بگرێت”، هیواشی خواستبوو بتوانن سەركەوتن بەدەستبهێنن لە گەیشتن بە سازدانی كۆبوونەوەیەك لەنێوان ترەمپ و رۆحانی.
ماكرۆن جەختی لەسەر پێویستی دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان كردبووەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەبارەی ئێرانەوە، داواشی لە وڵاتەكە كردبوو”رێز لە پابەندبوونە ئەتۆمییەكانی بگرێت”.
سەرۆكی فەرەنسا، پشتیوانی خۆی بۆ سازدانی لوتكەیەك لەنێوان ترەمپ و رۆحانی دەربڕیبوو بۆ تاوتوێكردنی تەنگژەكان لەگەڵ ئێران و رەواندنەوەی ئاڵۆزییەكان، ڕەتیشیكردبووەوە، تائێستا جگە لە هەندێك پێشكەوتنی تەكنیكی، هیچ شتێك هێنرابێتەدی.
سەبارەت بە دەستبەرداربوونی ئێران بە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن رایگەیاندبوو، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای لەحكومەتی ئەو وڵاتە كردووە پابەندبن بەڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لە 27ی ئابی 2019، زاری تارۆ كۆنۆ وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لە كۆبونەوەیەكی لەگەڵ محمد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای لەحكومەتی ئێران كردووە پابەندبێت بە بەرێكەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015.
بە گوتەی كۆنۆ»هەردوولا لەسەر رێكەوتوون لەپەیوەندیدابن بۆ هێوركردنەوەی تەنگژەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا».
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن دەڵێت، وڵاتەكەی پشتیوانێكی سەرسەختی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، داواشی وەزیری دەرەوەی ئێران كردووە رێكەوتنەكە بپارێزن و دووربكەونەوە لەو هەنگاوانەی زیان بەڕێكەوتنەكە دەگەیەنێت.
لە مانگی ئایاری 2018، ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ لەرێكەوتنە ئەتۆمییەكەی 2015 پاشەكشەی كرد، سزاكانی بەچەند قۆناغێك بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندەوە، تارانیش دوا جار پاشەكشەكردنی لەڕووی پابەندبون بەڕێكەوتنەكەوە راگەیاند.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مالیكی داوای پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار دەكات

نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ...