سەرەکی » مانشێت » ״نووسینەوەی دەستوورێكی سەردەمیانە لەسەر بنەمای كۆدەنگیی نیشتمانی״پەڕە 3

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم كۆبوونەوە

״نووسینەوەی دەستوورێكی سەردەمیانە لەسەر بنەمای كۆدەنگیی نیشتمانی״

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان‌و سەرۆكی هەرێم، جەختیانكردەوە كە ئامادەكاریی نووسینەوەی دەستوورێكی سەردەمیانەو گەلپەسەند لەسەر بنەمای هەبوونی كۆدەنگیی نیشتمانی‌و رێزگرتن لەمافی سەرجەم پێكهاتەكان‌و بنەماكانی مافی مرۆڤ‌و دیموكراسیەت، زەروورەتی قۆناغەكەیە.
دوێنێ، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كە پێكهاتبوو لە د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان‌و هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان، سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردو لەكۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی چەند پرسێكی سیاسی‌و یاسایی تایبەت بەهەرێمی كوردستانیان لەسەر ئاستی ناوخۆو عیراق، كرد.
لەكۆبوونەوەكەدا، پتەوكردنی هاوئاهەنگی لەنێوان سەرۆكایەتیی هەرێم‌و سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ پشتیوانیكردنی دیالۆگێكی بنیادنەرانە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عیراق بەئاراستەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەنێوان هەردوولا، تەئكیدی لەسەر كرایەوە بەجۆرێك كە لەبەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان‌و لەچوارچێوەی ئەو ماف‌و شایستانەدا بێت كە دەستووری ساڵی 2005 بەهەرێمی كوردستانی داوە.
هەروەها باس لەوەش كرا كە بارودۆخی هەرێم‌و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە وادەخوازێت كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكاییەتییەكان بۆ دروستكردنی هاوئاهەنگی زیاتر، ئەنجام بدرێت.
لەبارەی پرسی چاكسازییشەوە، سەرخستنی رێكارەكانی پرۆسەی چاكسازی لەهەرێمی كوردستان‌و لابردنی ئاستەنگەكان، دووپاتكرایەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*