سەرەکی » دۆسێ » گەندەڵییەكانی عومەر بەشیر ئاشكرا دەكرێن

حكومەتی نوێی سودان راگەیەندرا

گەندەڵییەكانی عومەر بەشیر ئاشكرا دەكرێن

بەڕێوەبەری نوسینگەی عومەر بەشیر سەرۆكی لەسەركارلادراوی سودانی، لەبەردەم دادگادا دەڵێت، سەرۆكی پێشوو كلیلی ژورێكی لابووە لە كۆشكی سەرۆكایەتی كە چەندان ملیۆن دۆلاری تێدا بووە، لەكاتێكدا گەندەڵییەكانی سەرۆكی لەسەركارلادراوی سودان ئاشكرا دەكرێن، پێكهێنانی حكومەتی نوێش لە وڵاتەكەدا لەلایەن رادەگەیەنرێت.

گەندەڵییەكانی بەشیر ئاشكرادەبن
تۆڕی (بی بی سی)، لە زاری یاسر بەشیر، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی لەسەركارلادراوی سودان بڵاویكردەوە، عومەر بەشیر بڕی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری ڕادەست كردووە لەچەند مانگی دوایی دەسەڵاتەكەی، تا بیگەیەنێت لایەنە جیاجیاكان.
بەشیر دوای زیاتر لە 30 ساڵ حوكمڕانی، لە مانگی نیسانی رابردوو لەلایەن سوپاوە لەسەركارلادرا، دوای ئەوەی خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەرانبەر بە دەسەڵاتەكەی سەرانسەری وڵاتەكەی گرتەوە.
لەئێستادا بەشیر بە تۆمەتی هەڵگرتنی دراوی بیانی و گەندەڵی لە خەرتوم دادگایی دەكرێت.
بەڕێوبەری پێشووی بەشیر كە لەمانگی ئەیلولی 2018 پۆستەكەی وەرگرت دەڵێت، سەرۆك بڕی 5 ملیۆن یورۆی رادەستكردووە تا بیگەیەنێتە عەبدولڕەحیم حەمدان دگلۆ جێگری میلیشیای هێزەكانی پشتیوانی خێرا.
بە گوتەی یاسر بەشیر، عەبدولڕەحیم پارەكەی لەبەردەم محەمەد حەمدان دگلو، فەرماندەی هێزە لە هیزەكانی پشتیوانی خێرا و ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی وەرگرت كە سەركردایەتی وڵاتەكەی گرتەدەست لەدوای لابردنی بەشیر لەسەر دەسەڵات، لەئێستاشدا ئەندامی ئەنجومەنی سەروەرییە كە لە گرێبەستێكی دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان مەدەنی و سەربازییەكاندا پێكهێنرا.
لەنێوان ئەو لایەنانەی لەو پارەیەیان وەرگرتووە وەزارەتی بەرگرییە، لەگەڵ ژمارەیەك لە سەربازی و مەدەنییەكان بۆ مەبەستی چارەسەر، ئەمەش بە گوتەی یاسر بەشیر كە دەڵێت، سەرچاوەی ئەو پارەیە دەزانێت و ئەویش تەنیا فەرمانەكانی جێبەجێ‌ كردووە.
عەبدولمونعیم محەمەد، كە ژمێریارە لە زانكۆی نێودەوڵەتی ئەفریقی لەبەردەم دادگادا وەك بەركرییەك لە سەرۆكی پێشوو شایەتی خۆیدا و رایگەیاندبوو، سەرۆكی زانكۆ و جێگرەكەی لەو پارەیەیان وەرگرتووە كە بڕەكەی 4 ملیۆن دۆلار بووە.
بەشیر لە دادگادا لە قەفەسێكی ئاسنیندا بە جلوبەرگی میللیەوە دەركەوت. لە دانیشتنەكەدا قسەی نەكرد، بەڵام ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە كە لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی كرابووەوە.
لە یەكەم لێدوانیشیدا لەدوای لەسەركارلابردنی، بەشیر رایگەیاندبوو، بڕی 25 ملیۆن دۆلاری لە محەمەد بن سەلمان جێنشینی شاهانەی سعودیە وەرگرتووە، بەڵام هیچ پارەیەكی لەو بڕە بۆخۆی و بۆبەرژەوەندی خۆی خەرجنەكردووە.
بەشیر دەڵێت»ئەو پارەیەی لە شێوەی بەخشین بۆ لایەنە جیاجیاكان خەرجكردووە، لەوانە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان، و بۆ زانكۆ و كەناڵە تەلەفیزیۆنە ئیسلامییەكان و دابینكردنی سوتەمەنی».
سەرچاوە دادوەرییەكان دەڵێن، لێكۆڵەران چەندان ملیۆن دۆلار و پارەی تری دراوی سودانی لە ماڵەكەی بەشیردا دۆزیوەتەوە. سزای ئەو سەرپێچییە دەگاتە 10 ساڵ زیندانی. پرۆسەی دادگایی كردنەكەش بەردەوام دەبێت.
دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان لە لاهای، لە نێوان ساڵانی 2009 و 2010، یاداشتی دەستگیركردنی لە دژی بەشیر بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان، و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، و كۆمەڵكوژی لە دارفۆر لە سودان، دەركرد.

راگەیاندنی حكومەتی نوێ‌
عەبدوڵڵا حەمدوك سەرۆك وەزیرانی سودان لە 5ی ئەیلولی 2019، پێكهێنتانی یەكەم حكومەتی لە دوای روخانی عومەر بەشیر لە مانگی نیشانی رابردوو، راگەیاند.
حكومەتی نوێ‌، بەپێی رێكەوتنێك بۆ دابەشكردنی دەسەڵات كە ماوەكەی سێ‌ ساڵە، لەنێوان ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر و ئۆپۆزسیۆن پێكهێنرا.
حكومەت 20 وەزیر لەخۆدەگرێت، سەرۆك وەزیران لەسەرەتاوە 18 وەزیریانی راگەیاند، بڕیاریشە لەماوەكانی دواییدا ناوی دوانەكەی تر رابگەیەنێت.
ژن لەو حكومەتەدا 4 وەزارەتی بەركەوتووە، ئەسما عەبدوڵڵاش وەك یەكەم وەزیری دەرەوەی سودان دەستنیشانكرا.
هەروەها فەریقی یەك جەمال عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی، كرایە وەزیری بەرگری، تەرفی ئیدریس دەفعوڵڵا كە پێشتر پۆستێكی باڵای هەبوو لە پۆلیسیدا، كرایە وەزیری ناوخۆ.
پرۆسەكە ئیبراهیم بەدەوی، ئابوریناس و پسپۆڕی پێشوو لە بانكی نێودەوڵەتی گرتەوە كە كرایە وەزیری دارایی، و مەدەنی عەباس مەدەنی سەركردە لە هاوپەیمانی ئازادی و گۆڕانكاریی، وەك وەزیری پیشەسازی و بازرگانی دەستنیشانكرا.
سەرۆك وەزیران كە پێشتر پۆستی پسپۆڕی ئابوری هەبوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»حكومەت نوێنەرایەتی قۆناغێكی نوێی مێژووی سودان دەكات».
حەمدوك دەڵێت»گرنگترین ئەولەویاتی كارەكانی، چەسپاندنی ئاشتییە لەو وڵاتەدا كە چەندان ساڵ بەدەست یاخیبوون و چەند مانگێك بەدەست تەنگژە و ئاڵۆزیی سیاسییەوە گیرۆدە بوو».
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك وەزیرانی سودان رایگەیاندبوو»لایەنە چەكدارەكان بەشێكی دانەبڕاون لە شۆڕش، كەشی سیاسی ئێستاش ئەو كەشە كونجاوەیە كە دەمانگەیەنێتە لێكگەیشتن لەبارەی ئاشتییەوە».

رووبەڕووبونەوەكانی بەردەم حكومەت
حكومەتی نوێ‌ چەند رووبەڕووبوونەوەیەك دێتەڕێی، لەوانە دابینكردنی دراوی بیانی بۆ كڕینی شتومەك و كاڵا و پێداویستییە سەرەكییە هاوردەكراوەكانی وەك سوتەمەنی و ئارد.
هەروەها حكومەت كار لەسەر دانوستانەكان دەكات بۆ سڕینەوەی سودان لە لیستی ئەمریكایی بۆ ئەو وڵاتانەی داڵدەی تیرۆرد دەدەن، و كەمكردنەوەی خەرجییە سەربازییەكانی وڵاتەكە كە دەگاتە 70%ی كۆی گشتی خەرجییەكانی وڵاتەكە لە بودجەی گشتیدا.
بەپێی ئەو رێكەوتنەی لە مانگی رابردوودا لەنێوان ئەنجومەنی سەربازی و ئۆپۆزسیۆندا ئیمزاكرا، دەبێت ئەنجومەنی سەروەریی بۆ ماوەی 21 مانگ لەسەر حوكم بێت، و پاشان دەسەڵات رادەستی ئەنجومەنی مەدەنی بكات كە ئەمیش بۆ ماوەی 18 مانگ كاروباری سودان بەڕێوەدەبات، بەر لەوەی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی گشتی بكرێت.
بەڵێننامەی دەستوری لە ئاهەنگێكی رەسمیدا كە بەرپرسانی ئەفریقی و بیانی ئامادەی بوون، لە دوای چەند مانگێك لە روخانی دەسەڵاتەكەی بەشیر، ئیمزاكرا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لێكۆڵینەوە لە كوشتنی خۆپیشاندەران دەكرێت

رۆژنامەیەكی قەتەری كە لە لەندەن دەردەچێت، ئاماژە بە بەردەوامبوونی لێكۆڵینەوەكان ...