سەرەکی » وتار » پشتیوان جه‌مال » گەنج، وەک بارەگرانەکەی سەرشانی حکومەتپەڕە 24

گەنج، وەک بارەگرانەکەی سەرشانی حکومەت

زۆرێک لە مرۆڤناسان و نوسەران پێناسەیان بۆگەنج کردووە، کۆکن لەسەر ئەوەی گەنج بڕبڕەی پشتی نەتەوەیە، گەنج داینەمۆی هەڵگیرسانی شۆڕشە، توانا و هێزە، ڕەوڕەوەی پێشکەونی کۆمه‌ڵگا لەدەستی گەنجە دایە….هتد. گەنجێتی بە واتای دووربوونە لە قەید و بەند، زنجیر، قەفەس، و هاوکات بە واتای کراوەبوونە بۆ فێربوون و گۆڕانکاری، پەروەردە و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی کە پەیوەستە بە کۆمەڵگاوە.
گه‌نجانی کوردستان ده‌که‌ونه‌وه‌ کوێی ئه‌م پێناسانه‌وه‌؟
لە ساڵی 2003 بۆ عیراق بە گشتی کۆمەڵێک گۆڕانکاری و هاوسەنگی نویی سیاسی لەگەڵ خۆی هێنا، لە چوارچێوەی مۆدێلی فیدڕاڵیدا، ستاتۆی سیاسی کورد لە دەستووری نوێی عیراقدا چەسپێنرا، ئەم ڕەوشە کۆمەڵێک دەرفەتی نوێی بۆ هەرێمی کوردستان رەخساند، لەگەڵ ئەوەی لە ئاستێک هەوڵدراوە کەڵک لەو دەرفەتە وەرگیرێت، بەڵام زیهنییەت و چەمک و کرداری هێزە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان، لەم پێناوەدا کارنامەیەکی سەرکەوتووی نیشان نەداوە، ڕەوشی ئیداری لە ژێر کاریگەری حیزب و چین و توێژ دایە، نایەکسانی کۆمەڵایەتی و مەودای چینایەتی و بیکاری باڵی بەسەر ڕەوشی ئابوریدا کێشاوە، حیزبی پیرۆز و خاوەن هێز، سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگای قۆڕەغکردووە و حکومەت لە ڕه‌وشێکی ئەوپەڕی لاوازیدایە، زۆرینەی گۆڕەپانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕاگەیاندن…هتد.
لەدوای ئەم قۆناغەوە هیچ یەکێک لەکابینەکانی حکومەت نەیتوانیوە لەئاستی دڵخۆشی گەنج بێت، لەقۆناغی پێش 2014 بووجەیەکی زەبەلاحی له%17 دەهات بۆهەرێم، بەجۆرێک تەخشان و بەخشانی پێدەکرا، بەرمەبنای حیزب حیزبێنە دابەشدەکرا، لەخوارترەوە لەژێر هەزاران پرۆژەی پوچ و وەهمی پارەکەی مامەڵەی پێوەکراوە، حکومەت لەجیاتی گرینگیدان بەکەرتی تایبەتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، کارگەو، هەزاران پڕۆژەی بەسود بۆخستنەسەرکاری گەنجی ئەم وڵاتە، بنیاتنانەوەی وڵات و نەهێشتنی ئاسەواری جەنگ، دەستیکرد بەدامەزراندنی بەلێشاوی خەڵک، ئەمیش بەرمەبنای پشک پشکێنە و خزمخزمێنە، تا کار گەیشتە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی موچەخۆرو تەمبەڵی خوڵقاند، لەدوای جەنگی داعش و بڕینی بوجەی هەرێم لەلایەن بەغداو بڕینی شایستەداراییەکان، دەرکەوت لەئەنجامی بێ پلانی و نەزانینی ئیدارەدان و کەسانی نابەرپرسیاری ئەم هەرێمە چ کارەساتێکیان خوڵقاندووە، کارەسات دەبێ لەمە زیاتر چی بێت کاتێک سەدان گەنجی ئەم وڵاتە لەبەرنەبوونی بێکاری بەرەوهەندەران کۆچیانکردو لەئاوەکانی ئیجەیدا خنکان، سەدان گەنجی تر شەو و ڕۆژ لەکافتریاکان کەوتون لەبێکاریدا، بەهەزاران گەنجی کچ و کوڕ بوونە قەیرە و ناتوانن هاوسەرگیری بکەن، بەدەیان گرێبەستی هاوسەرگیری بینیمان لەڕاگەیاندنەکان بەهۆی هەژاریەوە هەڵوەشایەوە، زانکۆکان بۆنەتە ماکینەی بەرهەمهێنانی بڕوانامەی بێ بەرهەم، لەهەموویان کوشندەتر دەرکەوتتنی ماددەی موخەدەڕات لەناوچینی گەنجاندا! ئەمانە هەمویان نەتیجەی نەبوونی بێ پلانی وبێ باکیە لە ئیدارەدانی ئەم هەرێمەیە،» ڕاپۆرتە فەرمیه‌کان دەیسەلمێنن رێژەی بێكاریی لە هەرێمی كوردستان 12%یە بەپێی ژمارەی دانیشتوان رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان نابێت 7% تێپەڕ بێت».
سەرقاڵکردنی گەنج بەململانێ سیاسی، ڕێژەیەکی بەرچاوی گەنج، زۆرینەی کاتەکانیان باس لە بارودۆخی سیاسی دەکەن بە گشتیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ نمونە هەر یەک لە ئێمە ڕۆژانە کاتێک هەژمارە تایبەتییەکەی دەکاتەوە لە ماڵپەڕی فەیسبوک زۆرترین بڵاوکراوەکان لەسەر دۆخی سیاسیە وەک لەو بابەتانەی کە تایبەتن بە گەنج و خواستی گەنج، یاخود کاتێک چەند هاوڕێیەک کۆدەبنەوە گەرمترین بابەتی کۆبوونەوەکانیان باسکردنی ڕەوشى سیاسیە، لەکاتێکدا زۆرێک لەو گەنجانە چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و چ بە ناڕاستەوخۆ بێت پەیوەندییان بە کاری سیاسییەوە نییە.
ئەوەی باسمانکردووە لەوانەیە بەشێکی کەم بێت و گەنجی ئەم وڵاتە هەزاران موعانتی تری هەیە، به‌ڵام ئەوەی گرنگە بۆ ڕزگاربوون لەم قۆناغە لەسەر حکومەتە چەند هەنگاوێکی پێویست بگرێتەبەر لانی کەم دەتوانێ ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو ڕێژەی دەستی کاری بیانی دیاریکراو بیت و پێشینەی دامەزراندن بدرێتە دانیشتوانی شارەکانی ھەرێمی کوردستان چونکە چەندان کرێکاری ناوخۆ لەبەر بیانی و هەرزانکردنی کارەکەی، کاری دەست ناکەوێت، پەرەدان بەپڕۆژە تایبەتیەکان و هاندانی بوژاندنەوەیان کەسەرچاوەی دابین کردنی هەلی کارن بۆگەنجان، پێویستە هانی خوێندکار بدرێت لەزانکۆ و پەیمانگاکان پەرە بەو بەشانە بدرێت کە پیشەیین و دەرفەتی هەڵی کار بۆخوێندکار دەڕەخسێنن.
لەکەرتی گشتیدا زۆر گرنگە حکومەت چاوێک بە سیستەمی خانەنشینیدا بکات و پێداچوونەوە بۆ تەمەنی خانەنشینی بکات بەهەزاران فەرمانبەری حکومەت بەر لەتەمەنی یاسایی خانەنشینیان قابیلیەتی خانەنشینکردنیان هەیە، کەسانی بێکار پێویستە لەجێگاکانی ئەوان دابنرێن و کاریان دەستبکەوێت. لەوانەیە ئەمانەی وتمان بەشێکی کەم بێت لەموعاناتی گەنجی ئەم هەرێمە،بەڵام دەکرێت بەلەبەرچاوگرتنی ئەم هەنگاوانە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، بێگومان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بێکاری و کێشە کۆمەڵایەتیەکان، بەجۆرێک ژیان گوزەرانی گەنج تاڕادەیەکی باش دەچێتە سەر ڕێڕەوی خۆژیاندن و کردنەوەی بەشێک لەدەرتانەکان.

print

 227 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*