سەرەکی » دۆسێ » پانۆرامای خۆپیشاندانەكان لە عیراق

بەغدا و شارەكانی تر دەهەژێنن

پانۆرامای خۆپیشاندانەكان لە عیراق

1ی تشرینی یەكەمی 2019، وادەی دەستپێكردنی ئەو خۆپیشاندانانە بوو كە پارێزگەكانی بەغدا و بەسرە و ناسریە و دیوانیە و بەسرە كوت و عەممارە و حیللە و چەند شارێكی ترییان هەژاند.
لەپێناو چەند داواكارییەك لەسەرەتاوە لە شارەكانی بەغدا و بەسرە خۆپیشاندانی فراوان دەستیپێكرد.
میدیاكانی عیراق لەو دەمەدا بڵاویانكردەوە، هەزاران خۆپیشاندەر لە زۆربەی ناوچەكانی عیراقەوە چوونەتە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و گۆڕەپانی فیردەوس لە بەسرە و خۆپیشانی فراوانیان بۆ چەند داواكارییەك دەستپێكردووە.
بەگوتەی ئەو میدیایانە، خۆپیشاندەرەكان بەشێكی زۆریان لە چەكدارانی حەشدی شەعبی پێكدێن كە داوكاری ئەوەیان هەیە بكرێن بە سەرباز و لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییەكاندا جێگایان بۆ بكرێتەوە، بەشێكی ترییان داوای هەلی كار و دامەزراندن دەكەن و هەندێكی تریان بێزارن لە حكومەت و پێیانوایە ناتوانێت چاكسازیی بكات و باشترە كابینەكەی ئێستای حكومەت هەڵبوەشێتەوە.

لە بەغداوە دەستیپێكرد
دوای ئەوەی خۆپیشاندەران لە دژی خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەكان لە بەغدا و پارێزگاكانی باشووری عیراق ڕژانە سەر شەرقامەكان، هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لە گۆڕپانی تەحریر لە بەغدا، غازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێنا.
بەپێی میدیاكانی عیراق، “لە 1ی تشرینی یەكەمی 2019، دوای دەستپێكردنی خۆپیشاندان لە گۆڕپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت، هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران ئاویان بەكارهێنا، بۆ هەمان مەبەست پەنایان بردە بەر غازی فرمێسكڕێژ لە دژی خۆپیشاندەران».
بەر لەوەش هێزە ئەمنییەكان پردی جمهوریەیان داخستبوو، كە بەرەو ناوچەی سەوز دەچێت.
بە گوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیش، بەهۆی بەكارهێنانی غازی فرمێسكڕێژەوە، ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، لە گۆڕەپانی تەحریر دووچاری تەنگە نەفەسی بوون و هەندێكیش لەوانە بە پەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەكان كران.
بەغدای پایتەخت و ژمارەیەك لە پارێزگاكانی عیراق، لە سەرلەبەیانی 1ی تشرینی یەكەمەوە، خۆپیشاندانیان بەخۆوەبینی، كە تێیاندا هاووڵاتیان، ناڕەزاییان بەرانبەر بە خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و بڵاوبوونەوەی بێكاریی و گەندەڵی دەربڕی، داواشیان كرد مافە گشتییەكانیان زامن بكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەیەكی فراوان بۆ خۆپیشاندان كرا لەژێر ناونیشانی “هاتوومەدەر و مافی خۆم دەستێنم”.
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی بەغدای پایتەخت، تاهات ئاڵۆزتر بوو بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، دەنگی تەقەش بیسترا و بەهۆی غازی فرمێسك ڕێژەوە دەیان كەس رەوانەی نەخۆشخانە كران.
بەپێی ئەو وێنانەی لە ناو گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەختەوە لەلایەن ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەرانەوە بڵاوكرانەوە، دۆخی خۆپیشاندانەكان بەهۆی هەوڵی بڵاوەپێكردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە گرژی تێكەوتووە و سەرەڕای داخستنی پردی جمهوری لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، خۆپیشاندەران هەوڵی شكاندنی ڕێگرەكەیان داوە و چوونەتە نێو ناوچەی سەوز.
هەر بەپێی وێنەكان، هێزە ئەمنییەكان غازی فرمێسك ڕێژیان دژی خۆپیشاندەران بەكاردەهێناوە، لە چەند شوێنێكیش دەنگی تەقە بیستراوە و رووبەڕوو بوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان ڕوویداوە.

سەرەتای پەرەسەندنەكان و داواكاریی روخانی حكومەت
لە سەرەتاوە، سەرچاوە ئەمنییەكان رایانگەیاندبوو، بەهۆی ئاڵۆزییەكانەوە 3 كەس كوژراون و زیاتر لە 60 كەسی تر لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان بەهۆی تەنگەنەفەس بوونیانەوە رەوانەی نەخۆشخانە كراون.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ تۆڕی میدیایی (دیجلە) رایگەیاندبوو، خۆپیشاندانەكە لەژێر كۆنترۆڵدا نەماوە و خۆپیشاندەران هەوڵی چوونە نێو ناوچەی سەوز دەدەن.
هەر بە گوتەی سەرچاوە ئەمنییەكان، خۆپیشاندەران بەربەستی هێزە ئەمنییەكانیان بڕیوە و بەهۆی تەقە لێكردنیانەوە لەنێو چێشتخانەیەكی توركی، بەشێكی چێشتخانەكە ئاگری تێبەربووە.
هەر لە یەكەم رۆژەوە، خۆپیشاندانی فراوان دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریی لە شارەكانی دیوانیە و ناسریە و سەماوە و عەممارە و بەغدای پایتەخت و چەند ناوچەیەكی تری باشووری عیراق دەستیپێكرد و خۆپیشاندەران داوای «رووخاندنی حكومەت”یان كرد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدراڵی عیراق داوای دانبەخۆداگریی لە خۆپیشاندەران كرد و وەزارەتی تەندروستیش ئاماژەی بە بوونی « 200 بریندار» كرد.
شانەی میدیای حكومی لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانی خۆی بەرانبەر رووداوەكانی خۆپیشاندانەكانی 1ی تشرینی یەكەمی شارەكانی عیراق و بەتایبەتی بەغدا دەربڕی و رایگەیاند»پێویستە دۆخەكە هێور بكرێتەوە، و خۆپیشاندەران دانبەخۆیاندا بگرن و نەهێڵن “هەندێك ئاژاوەگێڕ ئاراستەی خۆپیشاندانەكان بگۆڕن».
لای خۆیەوە، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی فیدراڵ لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بە بوونی 200 برینداركرد بەهۆی ئەو گرژیانەی لە خۆپیشاندانەكاندا دروستبوون.
هەر بەپێی بەیانامەكەی وەزارەتی تەندروستی»40 كەس لە بریندارەكان سەر بە هێزە ئەمنییەكانن و تەنیا یەك كەسیش كوژراوە».
خۆپیشاندانەكان لە یەكەم رۆژی دەستپێكردنیان داوای بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزاریان كرد لە شارەكانی دیوانیە و ناسریە و سەمماوە و عەممارە و بەغدای پایتەخت و چەند ناوچەیەكی تری باشووری عیراق، بەڵام دواتر دواتر خۆپیشاندەران دروشمی «ڕووخاندنی حكومەت»یان بەرزكردەوە.

نیگەرانی وڵاتان
لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەكان، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، نیگەرانی خۆی بەرانبەر بە بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران دەربڕی، و لایەنەكانیشی هاندا تەنگژەكان هێوربكەنەوە.
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە بەغدا، لە 2ی تشرینی یەكەمی 2019، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، “نیگەرانین بەرانبەر بە بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران و لایەنەكان هاندەدات هەوڵ بۆ هێوركردنەوەی تەنگژەكان بدەن».
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو، “لە نزیكەوە چاودێری خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی ئەم دواییە دەكەن، خۆپیشاندانی ئاشتیانەش بە مافی سەرەكی هەمووان دادەنێن لە هەموو سیستمە دیموكراتەكان، بەڵام هیچ بیانوویەك نییە بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندانەكان لەلایەن هیچ لایەك لە لایەنەكان”.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری قوربانیان كرد و هیوای زوو چاكبوونەوەشی بۆ بریندارەكان خواست، داواشی لە هەموو لایەنەكان كرد، توندوتیژی وەلابنێن و دانبەخۆداگربن.
لە سەرلەئێوارەی 1ی تشرینی یەكەمی 2019، ناوچە جیاجیاكانی بەغدا و بە تایبەت گۆڕەپانی تەحریر، خۆپیشاندانی ناڕەزاییان بەخۆوە بینی، لە ئەنجامی بەكارهێنانی توندوتیژیش لەو خۆپیشاندانانەدا كەسێك كوژرا و دەیانی تریش برینداربوون، بەگوێرەی هەواڵەكانیش، خۆپیشاندان لە سەرلەبەیانی رۆژی دواییدا جارێكی تر دەستیانپێكردۆتەوە.

بڕینی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان
بۆ بەرگرتن لە بڵابوونەوەی هەواڵەكانی تایبەت بە خۆپیشاندانەكان، حكومەتی عیراق ئینتەرنێت و پێگە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی خستن.
وەزارەتی گواستنەوەی حكومەتی عیراق، لە 2ی تشرینی یەكەمی 2019، بۆ بەرگرتن لە بڵابوونەوەی هەواڵەكانی تایبەت بە خۆپیشاندانەكان، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داخست و بڕیاریشی دا بە راگرتنی تۆڕەكانی ئینتەرنێت.
ئەم هەنگاوەی حكومەت هاوكات بوو لەگەڵ زیادبوونی تەوژمەكانی خۆپیشاندان لە بەغدا، كە بڕیاریاندابوو بەرەو گۆڕەپانی تەحریر بڕۆن بۆ پەیوەندی كردن بە ریزی خۆپیشاندەران لە نێوجەرگەی پایتەخت.
لە دوێنێ‌ چوار شەممەوە، پێگە كۆمەڵایەتییەكانی فەیسبوك و تویتەر و ئینیستاگرام و واتساپ لە هەموو عیراقدا لەگەڕخراون، جگە لە هەرێمی كوردستان كە ژێرخانێكی جیای هەیە سەبارەت بە ئینتەرنێت.
لەگەڵ لەگەڕكەوتنی خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت و پێگە كۆمەڵایەتییەكان لە شارەكانی عیراق، زۆرێك لە ماڵپەڕەكانی هەواڵیش لەگەڕخراون و توانای ئەوەیان نییە بەشێوەیەكی تەواوەتی هەواڵەكان بگوازنەوە، هەندێكیشیان لە سەرلەئێوارەی 2ی تشرینی یەكەمەوە هیچ هەواڵێكیان بڵاونەكردەوە.
دوابەدوای فراوانبوونی شەپۆلی خۆپیشاندانەكان، كۆبووونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عیراق بە سەرۆكایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەستی پێكرد.
بەپێی هەواڵێكی كەناڵی (العراقیە)ی فەرمی، دوانیوەڕۆی 2ی تشرینی یەكەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عیراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان كۆبووەوە.

خۆپیشاندان هەموو شارەكان دەگرێتەوە
لە دوای بەغدا، خۆپیشاندان شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتەوە، خۆپیشاندەرانیش لە شاری دیوانیە، بارەگای پارێزگاكەیان كۆنترۆڵ كرد.
بەپێی میدیاكانی عیراق، سەرلەئێوارەی 2ی تشرینی یەكەم، خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەختەوە بەرەو پارێزگاكانی باشووری عیراق درێژبووەوە و هەواڵی ئەوەش بڵابووەوە كە خۆپیشاندەران بارەگای پارێزگای دیاوانیەیان كۆنترۆڵ كرد، لە پارێزگای زیقاریش ئاگر لە بارەگای پارێزگاكە بەردرا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگەی واست رایگەیاندبوو، هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەگژداچوونەوەی ئاژەوەگێڕی، دەیان خۆپیشاندەریان بڵاوەپێكردووە كە هەوڵیاندابوو بچنە نێو بارەگای ئەنجوومەنی پارێزگای واست-ەوە.
لە پارێزگای موسەنناش لە باشووری عیراق، خۆپیشاندەران تایەی كۆنیان لەسەر شەقامەكان سووتاند و سەنتەری پارێزگاكەش گردبوونەوەی گەورەی هاووڵاتیانی بەخۆوەبینی، لە پارێزگای بابل بە هەمان شێوە خۆپیشاندانی فراوان ڕێكخراوە و پۆلیس ڕێگەی نەدا خۆپیشاندەران بچنە سەر بارەگای ئەنجوموەنی پارێزگاكە.
بە هەمان شێوە خۆپیشاندانی فراوان لە شارەكانی كەربەلا و نەجەف و پارێزگای بەسرەش سەریهەڵدا و رووداوەكانیش لەو بارەیەوە لە پەرەسەندنی بەردەوامدابوون.
لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەكان، خۆپیشاندانی فراوان لە كەركوك دەستیپێكرد و خۆپیشاندەران بە دروشمی “هەلی كار و دژایەتی گەندەڵی و دابین كردنی خزمەتگوزاریی”یان بەرزكردەوە و بەرەو باڵەخانەی پارێزگا بەڕێكەوتن.
بەرپرسانی ئەمنیش لە پارێزگای دیالە ئاماژەیان بە گرتنەبەری رێوشوێنی تەواو كرد لە سەرجەم ڕێگا سەرەكییەكان.
بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەبارەی خۆپیشاندانەكان و خستنەگەڕی هەوڵەكانیان بۆ هێوركردنەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە عیراق بە ئامادەبوونی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سازكرد.
لە پارێزگاری نەجەف، ئازادكردنی هەموو خۆپیشاندەرە دەستگیركراوەكانی پارێزگا راگەیەنرا، ئەمەش لەكاتێكدا خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەرانبەر بە خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و بڵاوبوونەوەی بێكاری و گەندەڵی لە وڵاتدا، زۆربەی شارەكانی لە عیراق گرتەوە.
لوئەی یاسری، پارێزگاری نەجەف لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، هەموو ئەو خۆپیشاندەرانەی لە رۆژی یەكەمی خۆپیشاندانەكەدا دەستگیركران، ئازادكراون.
لەلایەكی ترەوە، میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، گردبوونەوەی خۆپیشاندەران، كە لە سەدان خۆپیشاندەر پێكهاتوون، لە گۆڕەپانی (پورە العشرین) لە ناوەڕاستی شاری نەجەف كۆبوونەتەوە و هێزە ئەمنییەكانیش لە شارەكەدا بەشێوەكی چڕ بڵاوەیان پێكراوە.
بە هەمان شێوە خۆپیشاندانی فراوان جارێكی تر و بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەك، لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا دەستیپێكرد، لە شارەكانی بەعقوبە و حیللە و ناسریە و پارێزگای بەسرە و كەركوك و چەند ناوچەیەكی تری عیراق، وەك ناڕەزایی بەرانبەر بە خراپی ئاستی خزمەتگوزاریی و بڵاوبوونەوەی بێكاری لەنێو لاوان و گەندەڵی لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا، سازكران.

چاوەڕوانكراو بوو
راوێژكاری پێشووتری سەرۆك كۆماری عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی لە عیراق ڕوودەدات چاوەڕوانكراو بووە و چەند هەفتەیەكە زانیاری لەسەر بوونی پیلانێكی ئامادەكراو هەیە، دەشڵێت: “لە ئێستادا چارەسەر ئەوەیە هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ و بێكاران دابین بكرێت”.
وەفیق سامەڕائی، ڕاوێژكاری پێشووتری سەرۆك كۆماری عیراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، عیراق ڕێوشوێنی ئەمنی بەشێوەیەكی لەسەرخۆ گرتۆتەبەر بەجۆرێك هاووڵاتیان دڵنیابن لە ژیان و داهاتووی خۆیان، هیچ دەستوەردانێك ئەنجامی نابێت و خۆپشاندانیش سەركەوتوو نابێت.
دەشڵێت: “ئەوەی ئێستا لە عیراق دەگوزەرێت شتێكی چاوەڕوان كراو بووە و ماوەیەكە زانیاری هەیە بۆ دەستوەردانی چەند لایەنێك لە خۆپیشاندانەكە”.
راشیگەیاندووە، داواكارییە ڕەواكانی خەڵك چارەسەر نەكرێن، پاڵنەرەكانی خۆپیشاندان بەردەوام دەبن، چارەسەری ئەم دۆخە و گەڕاندنەوەی ئارامی و هەنگاونان بەرەو چاكسازی، پێویستی بە بڕیاری بەپەلە و دوورمەودا هەیە.
دەشڵێت: “دابینكردنی هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ و بێكاران، ئەگەر ئەمە لەسەر خەرجییەكانی دەوڵەت و مووچە باڵاكانیش بكەوێت دەبێت بكرێت، لەگەڵ دەركردنی چەند بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێپێچینەوەی توند لە گەندەڵكاران بەبێ ئەوەی ترس لە تێكچوونی پڕۆسەی سیاسی هەبێت دەبێتە چارەسەرێكی هەنوكەیی بۆ دۆخی وڵات”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، دەبێت كار بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هەموو هەناردەیەكی نەوت و داهاتی دەروازە سنورییەكان لەلایەن دەوڵەتەوە بكرێت و بایەخدان بە كاروباری ژیانی ناوخۆی وڵات و دووركەوتنەوە لە كێشە دەرەكییەكان، هەروەها بەكارخستنەوەی كارگەكان و فراوانكردنی كەرتی پیشەسازی.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، پێویستە هەرچی زووە لێپێچینەوە لەو بەرپرسانەی، كە زانیارییان لەسەر هەیە كەمتەرخەم و گەندەڵ و شكستخواردوون بكرێت و لەو كارەشدا دەبێت سەركردە باڵاكانی دەوڵەت هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ یەكتر هەبێت، لەگەڵ ڕاگرتنی ئیمتیازاتی سەرجەم بەرپرسان.
عەر لەو بارەیەوە، هاوپەیمانی نەسر كە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراقەوە سەركردایەتی دەكرێت، پێیوایە خۆپیشاندانەكانی بەغدا و پارێزگەكانی تری عیراق، چاوەڕوانكراو بووە و ئەوان پێشتر هۆشدارییان لەبارەیەوە داوە.
نەدا شاكر جەودەت، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو:”بەرپابوونی خۆپیشاندنەكان لە عیراق، چاوەڕوانكراو بوو، چونكە بڵابوونەوەی بێكاریی لەڕیزی لاواندا بەم ئەندازەیەی ئێستا، وەك بۆمبێكی تەوقیتكراو بوو كە لە ئان و ساتی تەقینەوەدا بوو، ئێمە پێشتر لەو بارەیەوە هۆشداریمان دابوو، بەبێ‌ ئەوەی هۆشدارییەكەمان گوێی لێبگیرێت”.
بە گوتەی نەدا شاكر جەودەت:”لاوانی بێكار بەمشێوەیەی ئێستا، پێویستیان بە هەلی كار و پێویستییان بە خزمەتگوزاریی و پێویستییان بە ژیانە، بەڵام حكومەت بێ‌ ئاگابووە لەو مەترسییە، كێشەی ئەوان كێشەیەكی كەڵەكەبووە لە ساڵانی نەوەندی سەدەی ڕابردووەوە و تائێستا وەك خۆی مابۆوە، تا گەیشتە ئاستی تەقینەوە، كە بنیمان ئەنجامەكەی چی بوو”.
نەدا شاكر دەڵێت:”هاوپەیمانی نەسر پێیوایە، خەڵك مافی خۆیەتی خۆپیشاندان بكات بۆ دەستخستنی مافی خۆی، بەڵام دەبێت لە خۆپیشاندانەكاندا ڕەچاوی پاراستنی سامانی گشتی و تایبەت بكرێت، تا پێگە و ڕەوایی خۆپیشاندانەكان بە بەرزی ڕابگیرێن و ڕێگە بە ئاژاوەگێڕەكان نەدرێت خۆیان بخزێننە نێو ڕیزی خۆپیشاندەران و خۆپیشاندانەكان بەلاڕێداببەن”.
پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی نەسر، پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكان دەكات و داواكارییەكانیان بە ڕەوا دادەنێت، و ڕایدەگەیەنێت”گەر پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە كەرتە جیاجیاكاندا لە خزمەتی گەلدا جێبەجێ‌ بكرابان، ئەم دۆخەی ئێستا نەدەهاتەئارا”.

هێزە ئەمنییەكان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
وەزیری بەرگری عیراق هەموو هێزەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگری خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی بەرگری عیراقەوە بڵاوكرایەوە، سەرلەئێوارەی 2ی تشرینی یەكەم، نەجاح شەممەری وەزیری بەرگری، بۆ پاراستنی سەروەریی دەوڵەت، بڕیاریدا هەموو هێزەكانی سەر بە وەزارەتەكەی بخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو”وەزیری بەرگری فەرمانی كردووە، هەموو هێزە سەربازییەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگری بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و دامەزراوە حكومییەكان و ئامانجە گرنگەكان و تەواوی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەكان”، تەكیدیشی لەسەر پێویستی دانبەخۆداگرتن كردووەتەوە.
دوابەدوای بەرپابوونی خۆپیشاندان دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی لە بەغدای پایتەختی و ژمارەیەك پارێزگای تری ناوەڕاست و باشووری عیراق، پارێزگای دیوانیە شەپۆلی خۆپیشاندانەكانی گرتەوە.
لە دوا پێشهاتیشدا خۆپیشاندەران هەڵیانكوتایە سەر بارەگای ئەنجومەنی پارێزگای دیوانیە و ئاگریان بەردایە پرسگەی ئەو بارەگایە.
پێشتریش میدیاییەكان بڵاویانكردبووەوە كە بەهۆی دروستبوونی پشێوی و توندوتیژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای دیوانیە، نزیكەی 15 كەس بەهۆی گازی فرمێسكڕێژەوە باری تەندروستیان تێكچووە و رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

قەدەغەكردنی هاتووچۆ
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، هاتوچۆی لە پایتەختی عیراق قەدەغە كرد.
عادل عەبدولمەهدی لەپێناوی پاراستنی ئارامی پایتەخت، لە كاتژمێر 5ی بەرەبەیانی 3ی تشرینی یەكەمەوە، هاتووچۆی لە شارەكە قەدەغە كرد، هاوكات تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی فەیسبووك و واتسئاپ و سەرجەم تۆڕەكانی تر لەكارخران.
خۆپیشاندەران لە بەغدا لە هەوڵی ئەوەدان بچنە نێو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە و هێزە ئەمنییەكانیش بە گازی فرمێسك ڕێژ رووبەڕوویان بوونەوە.
لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەكان لە بەغدا و شارەكانی باشووری عیراق كە داوای باشتركردنی ژیان و دابینكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و بابەتە سەرەتاییەكانی ژیانیان كرا و بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان لانی كەم 10 كەس كوژران و نزیكەی 400ی تر بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەكانیش، هاتووچۆ لە پارێزگاكانی واست و زیقاریش قەدەغە كراوە، ئەمەش لەكاتێكدایە خۆپیشاندەران لە پارێزگای نەجەف بینای فەرمانگەكانیان ئاگر تێبەردا، لای خۆشیەوە پارێزگار فەرمانی ئازادكردنی سەرجەم ئەو كەسانەی دەركرد كە دەستگیر كرابوون.

وڵاتان نیگەرانن
وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاندبوو ”بە هۆی بەردەوامیی خۆپیشاندانەكانی عیراق ئامۆژگاری هاووڵاتیانمان دەكەین خۆیان بە دووربگرن لە گەشتكردن ئەو ناوچانەی خۆپیشاندان تێیاندا درێژەی هەیە”.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە ئاگادارییەكدا ڕایگەیاند ”بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی لە پارێزگا جیاوازەكانی عێراق، بەتایبەتی بەغدای پایتەخت كە لە1ی تشرینی یەكەمی 2019ەوە درێژەی هەیە، ئامۆژگاری هاووڵاتیانمان دەكەین ئەگەر ناچار نەبن خۆیان بە دووربگرن لە گەشتكردن بۆ ئەو ناوچانەی لەم قۆناغەدا خۆپیشاندان تێیاندا درێژەی هەیە».
دەشڵێت “ئەو هاووڵاتیانەشمان كە لە ئێستادا لەو وڵاتەن لە نزیكەوە چاودێریی ئەو ئاگاداریانە بكەن كە لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە بڵاو دەكرێتەوە، خۆیان بەدووربگرن لە شوێنە قەرەباڵغەكان و ‌هۆشیاربن لەبارەی ئاسایشی كەسییان”.
لە دوو رۆژی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی باشووری عیراقدا هەشت كەس كوژران و نزیكەی 200 كەسی دیكەش بریندار بوون.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، دامەزراوەكانیان لەناوچەی سەوز پارێزراون و مافی خۆشیانە لەوەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەك.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەلێدوانێكدا ڕایگەیاند، مافی خۆیانە وەڵامی هەر دەستدرێژییەك بدەنەوە.
بەپێی هەواڵی (رۆیتەرز) تەقینەوەیەك لە ناوچەی سەوزی بەغدا روویداوە كە زۆرینەی دامەزراوە حكومییەكانی عیراق و نوێنەرایەتییە نێونەتەوەییەكانی تێدایە.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دووپاتیكردەوە كە دامەزراوەیەكیان نەكراوەتە ئامانج.
هەر لەو بارەیەوە، حكومەتی ئێران دوو دەروازەی سنووری لەگەڵ عیراق داخست.
حكومەتی ئێران دەروازەی خۆسرەوی لە سنووری پارێزگای كرماشان و چەزابەی لە سنووری خۆزستان لەگەڵ عیراق داخست.
بەپێی ڕاگەیەندراوی هێزی پاسەوانی سنووری وڵاتەكەش، هۆكاری داخستنی ئەو دەروازانە، تێكچوونی ڕەوشی نێوخۆیی عیراقە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە خۆپیشاندانەكانی عیراق ڕادەگەیەنێت كە چەند ڕۆژێكە پارێزگەكانی وڵاتی گرتووەتەوە.
بەپێی بەیاننامەیەكیش كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاوكرایەوە”متمانەمان بە حكومەتی عیراقە كە لەگەڵ حزبەكان و مەرجەعیەتەكاندا كاردەكات بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە”، هاووڵاتیانیشی هاندەدات سەردانی عیراق نەكەن تا ئەو كاتەی دۆخەكە سەقامگیر دەبێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەخت لەسەر گرنگی زیارەتی چلەی ئیمام حسێن دەكات و بەپێویستی دەزانێت ئەو ڕێوڕەسمە مەزنە ئەنجام بدرێت، بڕوادارانی ئێرانیش هاندەدات سەردانەكانیان بۆ عیراق دوابخەن، تا ڕەوشەكە لە وڵاتەكەدا سەقامگیر دەبێت، و بایەخێكی زیاتر بە هۆشداریی بەرپرسە سیاسی و ئەمنییەكانی عیراق بدەن لە كاتی ئەنجامدانی زیارەتەكانیان».
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت”تاران متمانەی بە حكومەتی عیراق هەیە كە لەگەڵ حزبەكان و كەسێتییە سیاسییەكان و مەرجەعیەتە ئاینییەكان و سەركردە ئاینییەكان كاردەكات بۆ هێوركردنەوەی ڕەوشەكە لە شارەكانی عیراق و ڕێگە بە هەندێك جموجۆڵ نادات كە زیان بە گەلی عیراق دەگەیەنێت و هەندێك لە هێزە دەرەكییەكان سودی لێوەردەگرن”.
هەر لەو رووەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەعیراق داوا لەكارمەندەكانی وڵاتەكەی كۆد عیراق جێبهێڵن و بەیاننامەیەكیشی لەبارەی رەوشی عیراقەوە بڵاوكردەوە.
سەرلەئێوارەی 3ی تشرینی یەكەم،باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعیراق، لەڕێگەی بەیاننامەیەكەوە باسی لە رەوشی عیراق و خۆپیشاندانەكان كرد و و رایگاند كە بڕیاری قەدەغە كردنی هاتووچۆ كارە رۆتینینییەكان لە باڵیۆزخانەكە رادەگرێت، پێشبینیش دەكات، خۆپیشاندانەكانی عیراق بەردەوامبن و گرژی و ئاڵۆزییان لێبكەوێتەوە».
لە بەیاننامەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، داوا لەكارمەندەكانی وڵاتەكە كرابوو، عیراق جێبهێڵن «، ئاماژەی بە بوونی كوژراو و برینداریش كردبوو لە خۆپیشاندانەكاندا.
هەر بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی كە ژمارەیەك لە شارەكانی عیراقیان گرتووەتەوە، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی كوێت، داوای لەو هاووڵاتییە كوێتیانە كرد كە بەنیازن سەفەر بكەن بۆ عیراق، سەفەرەكانیان دوابخەن لەئێستادا.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی كوێت، داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەكە كرد، لەئێستادا سەفەر نەكەن بۆ عیراق، بەپێویستیشی زانی هاووڵاتیانی كوێتی كە ئێستا لە عیراقدان، پەلە بكەن لە جێهێشتنی وڵاتەكە و خۆیان بە دووربگرن لە شوێنی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەكان و پابەندی ڕێنمایی دەسەڵاتدارانی خۆجێی بن، تا ئەو كاتەی بواری جێهێشتنی عیراقیان بۆ دەڕەخسێت.
پێشتر هەریەك لە ئێران و بەحرێن، داوایان لە هاووڵاتیانیان كردبوو، گەشت نەكەن بۆ عیراق، بە تایبەت ئەوانەی بەنیازن بەشداریی لە زیارەی چلەی ئیمام حسێندا بكەن كە لە 20ی ئەم مانگەدا لە نزرگە پیرۆزەكانی نەجەف و كەربەلا ڕێكدەخرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش بە هەمان شێوە داوای لەهاوڵاتییەكانی كرد سەردانی عیراق نەكەن تا ئەو كاتەی دۆخی ئەمنی عیراق ئارام دەبێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەڕێی نوسراوێكەوە داوا لەهاوڵاتییەكانی كردبوو، جگە لەهەرێمی كوردستان سەردانی شارەكانی دیكەی عیراق نەكەن، بۆئەوەی مەترسی سەر ژیانیان دروستنەبێت.
هاوكات داوا لەو هاوڵاتیاییە ئەڵمانییانەش كرابوو كە ئێستا لەعیراقن، دووربكەونەوە لەناوچەی خۆپیشاندان و بەپێی ڕێنمایی هێزە ئەمنییەكان مامەڵە بكەن.

ئاماری قوربانیان
كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەكان، ئاماری ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی باشووری بڵاوكردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆمسیۆنەكە، دوازدە كەس كوژراون و زیاتر لە 400 كەسی تر لە خۆپیشاندانەكانی دوو ڕۆژی ڕابردووی بەغدا و شارەكانی دیكەی عیراق بریندار بوون.
لە ئامارێكی تری كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی كرا لە ناوچە جیاجیاكانی عیراق و كۆمسیۆنەكە رایگەیاند كە 19 كەس كوژراون و 1041 كەسی تر بریندارن.
كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو”هەشت كەس لە خۆپیشاندانەكانی شاری ناسریە كە پۆلیسێك لە نێوانیاندایە شەهید بوون، چوار كەسی تریش لە شاری عەممارە سەنتەری پارێزگەی میسان شەهید بوون”.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر ئاژانسی (فرانس پرێس) ڕایگەیاندبوو، 18 كەس كە یەكێكیان پۆلیسە، لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و پارێزگەكانی باشووری عیراق كوژراون، ئاماژەی بە كوژرانی دوو خۆپیشاندەری تر كردبوو لە تەوژمی خۆپیشاندانەكانی شەوی ڕابردووی شاری كوت.
دوای تێپەڕینی چەند رۆژێك بەسەر خۆپیشاندانەكان، ئامارێكی تر ئاماژەی بە كوژرانی 31 كرد».
بەپێی هەواڵی میدیا عیراقییەكان، ژمارەی كوژراوەكانی نێو خۆپیشاندانەكانی عیراق گەیشتۆتە 31 كەس، كە دوو كەسیان لە هێزە ئەمنییەكانن.
هەر لە بارەی ژمارەی قوربانیانەوە، دواتر ئاژانسی (رۆیتەرز) ژمارەیەكی نوێ‌ لەبارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی تری عیراق بڵاوكردەوە.
هەینی رابردوو ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری سەرچاوە پزیشكی و ئەمنییەكانەوە بڵاویكردەوە”ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی عیراق گەیشتووەتە 44 كوژراو و سەدان بریندار”.
لەگەڵ پەرەسەندنی رووداوەكان، كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق ڕایگەیاند، لانی كەم تائێستا 60 كەس لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا لە پێكداهەڵپژانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی (فرانس پرێس) لە زاری كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق بڵاویكردبووەوە، لانی كەم لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو 60 كەس گیانیان لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا 18 حاڵەتی گیانلەدەستدان لەخۆدەگرێت كە لە یەك نەخۆشخانەی بەغدای پایتەخت تۆماركراوە، كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ ژمارەی قوربانییە مەدەنی و هێزە ئەمنییەكانی دیاریی نەكردبوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، كۆمسیۆنی مافەكانی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بە برینداربوونی زیاتر لە 1600 كەس كردبوو كە ڕەنگە لێوەی ژمارەی قوربانییەكان ڕوو لە زیادبوون بكات.
پێشتر مستەفا سەعدون، بەڕێوەبەری ڕوانگەی عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاندبوو، لە خۆپیشاندانەكانی عیراق 50 كەس كوژراون و 1936 كەسی تر بریندارن و 454 كەسیش دەستگیركراون كە 287 كەسیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئازادكراون.
دواتر كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان كرد لە خۆپیشاندانەكانی عیراق و ڕایگەیاند، 73 كەس كوژراون و زیاتر لە سێ‌ هەزار كەس بریندارن، سەرچاوەیەكیش بە ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی ڕاگەیاندووە، ڕەنگە ژمارەی كوژراوەكان بۆ سەد كەس بەرزببێتەوە.
پێشتر كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، ئاماژەی بە كوژرانی شەست كەس كردبوو لە خۆپیشاندانەكاندا كە لە دژی گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزارییەكان و بڵابوونەوەی بێكاریی لە نێو لاواندا، بەغدا و شارەكانی عیراقیان گرتووەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەكی پزیشكی عیراقی بە ئاژانسی ئەندۆڵی ڕاگەیاندبوو، ژمارەی كوژراوەكان گەیشتووەتە سەد كەس و لە زیادبوندایە بەهۆی بوونی زۆرێك لەو بریندارانەی برینەكانیان سەختە، ئاماژەی بە كەموكوڕی دەرمان و خوێنی پێویستیش كردبوو لە نەخۆشخانەكاندا.
سەرچاوەكە كە نەیویستبوو ناوی خۆی ئاشكرا بكات ڕایگەیاندووە”ژمارەی بریندارەكان زۆر لەوەی ڕاگەیەندراوە زیاترە، چونكە هەندێك لە بریندارەكان لە ترسی ئەوەی دەستگیرنەكرێن، بۆ مەبەستی چارەسەر ڕوویان لە نەخۆشخانە حكومییەكان نەكردووە.

گفتوگۆ لەگەڵ خۆپیشاندەران
وابڕیاربوو پەرلەمانی عیراق لە 5ی تشرینی یەكەمدا، ‌ دانیشتنێكی‌ نائاسایی ئەنجام بدات، سەرۆكی پەرلەمانیش داوای لە نوێنەرانی خۆپیشاندەران كرد، بچنە بینای‌ پەرلەمان‌ و لەوێ‌ تاوتوێی‌ داواكارییەكانیان بكەن.
محەممەد حەلبوسی‌، سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ عیراق لە بەیاننامەیەكدا، داوای لە نوێنەرانی خۆپیشاندەران كردبوو، بۆ گەیاندنی داواكارییەكانیان سەردانی پەرلەمان بكەن و لەوێ لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان كۆببنەوە.
دوای سێ‌ ڕۆژ لە خۆپیشاندانش، خۆپیشاندەرانی بەغدا پەیامێك بڵاودەكەنەوە و لەپاش پچڕانی هێڵەكانی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان “وردەكاریی ڕووداوەكان” ئاشكرا دەكەن.
بەپێی پەیامێك كە لەلایەن خۆپیشاندەرانی بەغداوە بڵاوكراوەتەوە”بۆ سێ‌ ڕۆژ دەچێت خۆپیشاندان دەكەین و لەبەر ئەوەی دەسەڵاتداران لە عیراق ئینتەرنێتیان لێبڕیوین و گۆشەگیركراوین، وردەكاریی ڕووداوەكانتان بۆ باس دەكەین”.
لە پەیامەكەدا، خۆپیشاندەرانی بەغدا دەڵێن”دەسەڵاتداران هیچ چەكێكی سوك و مامناوەند نەماوە لە دژی خۆپیشاندەران بەكاریی نەهێنن، زۆرێك شەهید و بریندارمان هەیە، ژنان لە نێو ماڵاندا كوژراون بەهۆی دەستڕێژی كوێرانەی هێزە ئەمنییەكان بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەران”.
هەر لە پەیامەكەدا هاتووە”ناڕەزایی خۆپیشاندەران لەپێناو داواكردنی ساناترین مافی ژیانە، لەوەش گرنگتر پاراستنی شكۆیە، ئەو شكۆیەی لەئێستادا دەسەڵات بە چەك و توندوتیژی لەڕادەبەدەر سەركوتی دەكات”.
لە پەیامەكەدا، خۆپیشاندەران ئاماژە بە قەدەغەكردنی هاتووچۆ و ڕاوەدوونانی هەر گردبوونەوەیەك دەكەن كە گومانیان هەبێت دەبێتە خۆپیشاندان.
لە پەیامەكەدا خۆپیشاندەران پێیانوایە”دەسەڵات و میلیشیاكان ڕۆڵەكانیان ئاڵوگۆڕدەكەن بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان و لێوەی خوێن دەڕێژن و بەغدا بەشێوەیەكی زۆرملێ‌ گۆشەگیردەكەن.
دوابەدوای ئەوە سەرۆكی پەرلەمانی عیراق، چاوی بە نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی دژ بە حكومەت كەوت و داواكارییەكانی لەگەڵیاندا تاوتوێ‌ كرد.
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی عیراقی لە 5ی تشرینی یەكەمی 2019 بڵاویكردەوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان لە نوسینگەی خۆی لە بارەگای پەرلەمان لە بەغدای پیتەخت، چاوی بە ژمارەیەك لە نوێنەرانی خۆپیشاندەران كەوت و هەردوولا داواكاریی خۆپیشاندەران و ئەو كارە توندوتیژیانەیان تاوتوێ‌ كرد كە لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا ڕوویاندا.
ئەم چاوپێكەوتنە بە یەكەم چاوپێكەوتنی نێوان نوێنەرانی خۆپیشاندەران لەگەڵ لایەنێكی فەرمی دادەنرێت لەو دەمەی خۆپیشاندانەكان لە بەغدا و شارەكانی تری عیراق دەستییان پێكرد.

بڕینەوەی مووچە بۆ هەژاران
سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، پرۆژەیەك پێشكەش دەكات، تا لێوەی مووچە بۆ هەموو ئەو خێزانانە دابین بكرێت كە كەمدەرامەتن و داهاتی پێویستییان نییە.
لە دوای خۆپیشاندانەكان كە بەغدا و زۆربەی پارێزگەكانی عیراقی گرتەوە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە وتارێكیدا لە 5ی تشرینی یەكەمی 2019، رایگەیاند”ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم ڕێگەچارەی ئەوەداین كە دەوڵەت بین یان دەوڵەت نیین، بۆیە بنیاتنانی دەوڵەتمان دەوێت، بە ئەزمونێكی زۆردا تێپەڕیوین و كاریی هەڵە و لە هەمان كاتدا كاریی باشمان كردووە، تا گەیشتینە ئەم سیستمە دیموكراتییە”.
عەبدولمەهدی لە وتارەكەیدا ڕەتیكردەوە ڕێگە بە بانگخوازانی بێ‌ ئومێدبوون بدات بەسەر گەلدا زاڵ ببن و وتی”دەمانەوێت بە دڵسۆزییەوە كاربكەین، چونكە پرۆژەیەكمان هەیە و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی دەكەین، تا لێوەی مووچە بۆ هەموو ئەو خێزانانە ببڕدرێتەوە كە داهاتی پێویستییان نییە”.
بە گوتەی عەبدولمەهدی”بەڵێنی پوچ و نەشیاو نادەین، پێویستە ژیان ئاسایی ببێتەوە لە پارێزگەكان و ڕێز لە دەسەڵاتی یاسا بگیرێت”، ئاماژەی بە قورسی ڕێوشوێنە ئەمنییەكان و ڕێوشوێنی قەدەغەكردنی هاتووچۆش كرد لە شارەكاندا.
سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت”ئێمە بڕوامان بە سیاسەتی دابینكردنی جێگرەوەی نیشتەجێبوون و هەڵگرتنی زیادەڕۆییەكان هەیە، بۆیە دەستمان كردووە بە دابەشكردنی زەوی بۆ نیشتەجێبوون بەسەر هاووڵاتیان”، ئاماژەی بە توندبوونەوە و چڕبوونەوەی خۆپیشاندانەكانیش كرد كە بونەتە مایەی گیانلەدەستدانی زۆرێك لە هاووڵاتیان.
هەر لەو بارەیەوە عەبدولمەهدی ڕایگەیاند”قوربانیانی خۆپیشاندانەكان لە هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران شەهیدن و مافی شەهیدییان پێدەدرێت بەپێی یاسا كارپێكراوەكان”، داواشی لە پەرلەمان كرد، دەسەڵات بداتە ئەنجومەنی وەزیران تا كابینە وەزارییەكەی تەواو بكات.
بەرلەوەش سەرۆك وەزیرانی عیراق، سەردانی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كرد، نوسینگەی رۆژنامەوانییەكەشی لەو بارەیەوە بەیاننامەیەك بڵاوكردەوە.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، سەردانی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كرد لە بەغدا”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”عەبدولمەدی لەسەردانەكەیدا بۆ بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری لەگەڵدا بووە”، وەك بەیاننامەكەش ئاماژەی پێكردووە”مەبەست لە سەردانەكە بەسەركردنەوەی ڕەوشی پایتەخت بووە”.
لە 5ی تشرینی یەكەمدا،عادل عەبدولمەهدی و لێپرسراوە باڵا ئەمنی و سەربازییەكان جارێكی تر كۆبوونەوە و باسی دوایین گۆڕانكارییەكانی عیراقیان كرد.
میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، لە بارەگای پۆلیسی ئیتیحادی بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیران، وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆ و لێپرسراوی پۆلیسی ئیتیحادی و بەرپرسانی دیكەی ئەمنی كۆبوونەوەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی خۆپیشاندانەكانی عیراق ڕێكخرا.
بەپێی زانیارییەكان ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازییانە بەدوای چارەسەرێكدا دەگەڕێن بۆ كۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەكان، بەبێ‌ بەكارهێنانی توندوتیژی.

هەینیش رۆژێكی خوێناوی بوو
دوای سێ‌ ڕۆژ لە خۆپیشاندانی خوێناوی لە دژی حكومەت لە بەغدا و شارە جیاجیاكانی عیراق، هێزە ئەمنییەكان لە گۆڕەپانی تەحریر لەنێو جەرگەی پایتەخت، بە تەقەكردن دەیان خۆپیشاندەر بڵاوەپێدەكەن.
سەرلەبایانی هەینی رابردوو، هێزە ئەمنییەكان تەقەیان لە دەیان خۆپیشاندەر كرد كە لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، بەنیازی ڕێكخستنی خۆپیشاندان بوون، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، بەڵێنیدابوو كار بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی بكات و ڕەتیشیكردبووەوە “چارەسەرێكی ئەفسوناوی” بۆ كێشە كەڵەكەبووەكانی وڵات شك بببات.
بەر لە نوێژی هەینی، ئارامی و بێدەنگی باڵی بەسەر ناوچەكانی بەغدادا كێشاوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی سوپا و هێزە تایبەتەكان لە گۆڕەپانە سەرەكییەكانی شارەكە كە هاوكاتە لەگەڵ قەدەغەكردنی هاتووچۆ كە لەلایەن حكومەتەوە سەپێنراوە و رۆژی‌ پێنج شەممە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە شكێنرا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، چالاكوانان ئاماژەیان بەو ئامادەكارییانە كردبوو كە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی گەورە دەكرێت لە عەسردا.

نەتەوە یەكگرتووەكانیش نیگەرانە
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، پشتیوانی لە دیالۆگی نێوان حكومەتی عیراقی و خۆپیشاندەران كرد.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 4ی تشرینی یەكەمی 2019 لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند” پشتیوانی لە دیالۆگی نێوان حكومەتی عیراقی و خۆپیشاندەران دەكات، وەك یەكەم هەنگاو، بۆ ڕاگرتنی گرژی و ئاڵۆزییەكان لە عیراق”.
ئەمینداری گشتی داوای لە هەمووو لایەنەكان كردووە لە عیراق، تا دوائەندازە دانبەخۆداگربن و لە توندوتیژی دووربكەونەوە.
هەر لە بەیاننامەكەدا گۆتێریش، جەختی لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە و مافە بنەبڕەتییەكان كردەوە كە پێویستە ڕێزییان لێبگیرێت.
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، نیگەرانی خۆشی بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان لە خۆپیشاندانەكانی عیراقدا دەربڕی و داواشی لە هەموان كرد دانبەخۆداگربن.
پێشتر كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە بەیاننامەیەكدا داوای لە حكومەتی عیراق كردبوو، ڕێگە بە هاووڵاتیانی بدات، گردبوونەوەی ئاشتیانە ئەنجام بدەن و گوزارشت لە ڕاوبۆچوونی خۆیان بكەن.
كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ جەختی لەسەر گرنگی پشتگیری حكومەتی عیراقی كردبووەوە بۆ هاووڵاتیانی لەپێناو بەدیهێنانی داواكارییەكانیان، بە تایبەتیش مافی دەستەبەركردنی كار.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: توندوتیژی وەلابنێن
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داوای لە هەموو لایەنەكان كرد سنورێك بۆ تەنگژە و ئاڵۆزییەكان دابنێن و توندوتیژی وەلابنێن، نیگەرانی خۆشی بەرانبەر بە گیانلەدەستدان و برینداربوونی مەدەنییەكان و هێزە ئەمنییەكان دەردەبڕێت.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 5ی تشرینی یەكەمی 2019 لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بڵاوكرایەوە”هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لەسەر بەداچوون بۆ ڕاپۆرتەكانی تایبەت بە خۆپیشاندانەكان لە عیراق، داواش لە هەموو لایەنەكان دەكەن، سنورێك بۆ تەنگژە و ئاڵۆزییەكان دابنێن و توندوتیژی وەلابنێن”.
هەر لە بەیاننامەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا هاتووە”كەوتنەوەی قوربانی لەنێوان مەدەنییەكان و هێزە ئەمنییەكان، مایەی نیگەرانییەكی زۆرە”.
لە 5ی تشرینی یەكەمدا جموجۆڵی هاتووچۆ لە بەغدای پایتەخت و شەقامەكانی شارەكە زۆر كەمبوو، ئەمەش لە دوای هەڵگرتنی قەدەغەكردنی هاتووچۆ كە پێنج شەممەی ڕابردوو بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە سەپێنرا.

قەناس بەدەستە نەناسراوەكان
شانەی میدیای ئەمنی لە عیراق رایگەیاندبوو، قەناس بەدەستی نەناسراو تەقەی لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان كردووە، بە مەبەستی دروستكردنی ئاژەوە و پشێوی لەكانی خۆپیشاندانەكاندا كە چەند ڕۆژێكە بەغدا و شارەكانی تری عیراقیان گرتووەتەوە.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 5ی تشرینی یەكەمی 2019 لەلایەن شانەی میدیای ئەمنی سەر بە وەزارەتی بەرگری عیراقەوە بڵاوكرایەوە”لە هەندێك ناوچەدا بوونی چەند حاڵەتێكی پێوەبوون بە گوللـەی قەناسە تۆماركراوە كە هەندێك لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی پێكاوە و ئامانج لێی دروستكردنی فیتنە و ئاژاوەیە لە وڵاتدا”.
وەك لە بەیاننامەكەی شانەی میدیای ئەمنیدا هاتووە” هەینی رابردوو دوو كەس لە هێزە ئەمنییەكان و دوو هاووڵاتی لە (ساحە الگیران) و مۆڵی نەخیل لە ناوەڕاستی بەغدا بە گوللـەی قەناس بەدەستە نەناسراوەكان پێكراون”.

رۆژنامەیەكی ئەمریكایی: دەستی تارانە
ڕ‌ۆژنامەیەكی ئەمریكایی پێیوایە، تاران گەمە بە ئاسایشی عیراقەوە دەكات و “بوكەڵەكانی ئێران لە عیراق” لە پشت جێبەجێنەكردنی داواكاریی گەلی عیراقەوەن.
ڕۆژنامەی (واشنتن ئیزامینر)ی ئەمریكایی لە ڕاپۆرتێكیدا لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عیراق نوسیویەتی” تاران گەمە بە ئاسایشی عیراقەوە دەكات و بوكەڵەكانی ئێران لە عیراق لە پشت جێبەجێنەكردنی داواكاریییەكانی گەلی عیراقەوەن”، ئاماژەی بە ڕق و كینەی ئێرانییەكانیش كردووە بەرانبەر بە فەریق عەبدولوەهاب ساعدی چونكە “نیشتمانپەروەرە و ناتوانن ملكەچی بكەن”.
ڕۆژنامە ئەمریكاییەكە دەڵێت”ئێران بە تەواوەتی لەگەڵ چینە سیاسییە گەندەڵەكان و زۆرێك لە پیرۆكراتە ناكاریگەرەكاندا دەستی لە عیراق وەرداوە، هەر ئەمەش هۆكاریی بەرپابوونی ئەو خۆپیشاندانانەیە كە هەموو ناوچەكانی وڵاتەكەی گرتەوە”.
بەپێی ڕۆژنامەی (واشنتن ئیزامینر)ی ئەمریكایی”گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن، ستەمە سەرەكییەكانە لە گەلی عیراق، بەڵام ئێران پزیسكی پشت بێئومێدییە كە عیراق دەكوڵێنێت. بەشێوەیەكی زیاتر دیاریكراو، خراپی بەڕێوەبردن بەشێوەیەكی تۆقێنەر لە وەزارەتەكان و دامودەزگا عیراقییەكان لەلایەن هێزە سیاسییەكانی هاوپەیمانی ئێران، و گوشاری ئێران لەسەر عادل عەبدلومەهدی بۆ لەسەركارلابردنی جەنەراڵی نیشتمانپەروەر عەبدولوەهاب ساعدی، هۆكاریی دروستبوونی پشێوییەكانە لە عیراق».

ئەمریكا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەكرێن
وتاربێژی مزگەوتی گەورەی تاران، دەڵێت: هۆكاری سەرەكی و دەستی پشت پشێوییەكانی عیراق، ئەمریكا و ئیسڕائیل -ن.
ئاژانسی میهر لە زاری ئایەتوڵڵا محەمەد ئیمامی كاشانی بڵاویكردەوە”ئەوە ڕوونە كە ئەمریكا و ئیسڕائیل هۆكاری دروستكردنی پشێوییەكانی عیراقن، ئەوەی لە ئەو وڵاتە ڕوو دەدات بە دنەی ئەمریكاو ئیسڕائیل لە پێناو ئەوەیە، ئاستەنگ لە بەردەم یادەكانی چلە و عاشوورا درووست بكەن”.
بە گوتەی ئایەتوڵڵا محەمەد ئیمامی كاشانی لە وتاری رۆژی هەینی 4ی تشرینی یەكەمی 2019،» دوژمنان، بە بەرفراوانی یادەكانی چلە و سەردانی زیارەتكارانیان بۆ عیراق، تۆقیون وئەو حەشاماتەی سەردانیكارنیان پێ‌ ئەزم ناكرێ‌ و دەیانەوێت ڕووبەڕووی ئومەتی ئیسلام ببنەوە».

مەرجەعیەت پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەكات
نوێنەری مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە عیراق، لە دوای خۆپیشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی تری عیراق لە دژی گەندەڵی، داوا لە حكومەت كرد، هەنگاوی جددی بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و نەهێشتنی مەحسوبیەت و مەنسوبیەت لە دامەزراندنەكاندا هەڵبنێت، داواشی لە سێ‌ سەرۆكایەتییەكە كرد، كار بۆ ئەنجامدانی چاكسازییەكی ڕاستەقینە بكەن.
ئەحمەد سافی، نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی لە عیراق، لە وتاری نوێژی هەیندا رایگەیاند:”لایەنە حكومییەكان پێشنیارەكانی مەرجەعییەتیان ڕەچاو نەكردووە، چونكە پێشتر داوا لە لایەنە بەرپرسەكان كرابوو، پەیڕوی خۆیان لە بنبڕكردنی گەندەڵیدا بگۆڕن”.
بە گوتەی نوێنەری مەرجەعی باڵای ئاینی لە عیراق:”پەرلەمان ئەركی هەرەگەورەی چاكسازیی لەئەستۆیە، دەبوو بەرپرسیارێتی چاوپێكەوتن لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەران و گوێگرتن لە داواكارییەكانی لەئەستۆبگرتایە”.
ئەحمەد سافی دەڵێت:”پێشتر مەرجەعیەت پێشنیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی كردبوو لە ناوە ناسراوەكان لە دەرەوەی دەسەڵات، تا هەنگاوەكانی بنبڕكردنی گەندەڵی دیاریی بكات”، بە ئەركی حكومەتیشی دانابوو لە ئازار و خەمەكانی هاووڵاتیان كەمبكاتەوە.
لە درێژەی وتارەكەیدا، نوێنەری عەلی سیستانی ڕایگەیاند”دەسەڵاتی دادوەریی و دەزگاكانی چاودێری، ئەركی گەورەیان لەسەرشانە لە بنبڕكردنی گەندەڵی، بەڵام ئەو ئەركەیان جێبەجێ‌ نەكردووە”، داواشی لە سێ‌ سەرۆكایەتییەكە كرد هەنگاوی جددی بەرەو ئەنجامدانی چاكسازییەكی ڕاستەقینە هەڵبنێن و بەپێویستیشی زانی حكومەت لە ڕووی دامەزراندنەوە، واز لە خزم خزمێنە بهێنێت.

هەڵوێستی رەوتی سەدر
لە یەكەم هەڵوێستی رابەری ڕەوتی سەدر، داوا لە فراكسیۆنی سائیرون كرد، ئەندامێتی خۆی لە پەرلەمان هەڵبپەسێرێت.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی موقتەدا سەدر رابەری ڕوەتی سەدرەوە بڵاوكرایەوە”سەدر داوا لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سائیرون دەكات، بە پەلە و بەبێ‌ دواكەوتن ئەندامێتی خۆیان لە پەرلەرلەمان هەڵبپەسێرن».
هەر لە بەیاننامەكدا هاتبوو”ئەم ڕێنماییە كاریی پێدەكرێت، تا ئەو كاتەی حكومەت كارنامەیەك دەردەكات كە گەل و مەرجەعیەت پێی ڕازیی دەبن”.
فراكسیۆنی سائیرون لە هاوپەیمانی نێوان ڕەوتی سەدر و ڕەوتی مەدەنی كە شیوعییەكانن پێكدێت، و 54 پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت و بە گەورەترین فراكسیۆن لە پەرلەمانی عیراقدا دادەنرێت و لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
بەپێی بەیاننایەكی تر كە لەلایەن رابەری رەوتی سەدرەوە لە شێوەی نوسینێكدا لە میدیاكاندا بڵاوكرایەوە، سەدر داوای دەستلەكاركێشانەوەی دەستبەجێی حكومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد.
موقتەدا سەدر، رابەری ڕەوتی سەدر، لە بەیاننامەیەكدا داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی عیراق كرد «وەك ڕێزێك بۆ خوێنێ رژاوی خۆپیشاندەران».
بە پێی بەیاننامەكە، سەدر داواش دەكات هەڵبژاردنێكی پێشوەخت ئەنجامبدرێت بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان.

دەستپێشخەرییەك لەلایەن عەللاوییەوە
بەهۆی نەبوونی هەلی كار و تەشەكردنی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە لە دوای پێنج ڕۆژ خۆپیشاندانی فراوان لە زۆربەی پارێزگاكانی عیراق، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی دەستپێشخەریەكی بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە راگەیاند.
ئەیاد عەلاوی لە دەستپێشخەریەكەدا باسی لەوەكردووە، هەموو شەهیدەكان وەك شەهیدی نیشتیمانی ناویان تۆمار بكرێت و چارەسەری بریندارەكان لە ڕیزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان بكەوێتە ئەستۆی حكومەت و بەرنامەیەكی بە پەلە پەیڕەو بكرێت بۆ باشكردنی بژێوی ژیانی خۆپیشاندەران.
لە دەستپێشخەریەكەدا كە لە 10 خاڵ پێكهاتووە، باسی لەوەكردووە بڕێك مووچە بۆ ئەوانەی بێكارن دابین بكرێت تا ئەو كاتەی حكومەت دەتوانێت هەلی كاریان بۆ دابین بكات، بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی لایەنگری سیاسی و حزبی و نەتەوەیی.

هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و هەڵبژردنی پێشوەخت
حەیدەر عەبادی داوای سڕكردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و دامەزراندنی دادگای تاوانەكانی گەندەڵی كرد.
حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق لە بەیاننامەیەكدا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و پێكهێنانی حكومەتی دەستووری شەرعی كرد كە توانای ئەنجامدانی ئەركی نیشتمانی هەبێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا عەبادی داوای كردبوو، دادگای تاوانەكانی گەندەڵی لە دادوەرانی سەربەخۆ پێكبهێندرێت بۆ دوورخستنەوەی گومانی گەندەڵی لە دادگا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا بەرەی ڕزگاریی و گەشەپێدان كە لەلایەن ئوسامە نوجێفی سەركردایەتی دەكرێت، داوای دەستبەجێ‌ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و هەڵپەساردنی كاریی پەرلەمان كرد.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن بەرەی ڕزگاریی و گەشەپێدانەوە بڵاوكرایەوە”لەم ڕۆژگار سەختەدا كە جەماوەر و لاوانی توڕە خۆپیشاندانی ناڕەزاییان لە بەغدا و پارێزگەكانی ناوەڕاست و باشوور ڕێكخست و تێیدا داوای ساناترین مافی خۆیان كرد كە ئەركی جێبەجێكردنیان لە ئەستۆی حكومەتە، خۆپیشاندەران وێڕای ئەو توندوتیژییەی لە دژییان بەكارهات و وێڕای دەیان شەهید و سەدان بریندار، جەنگی مافی زەوتكراو دیوارەكانی بەزاند و كەوتە بەرگوێی بەرپرسان”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”خۆپیشاندانەكان خۆی لەخۆیدا ڕاپرسییەكی میللین لەبارەی شكستخواردنی پرۆسەی سیاسی و بێتوانایی لەڕووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان كە ڕەنگە جەماوەری هەژاران و ناڕاییەكان پێی ڕازیی ببن”.
بەرەی ڕزگاریی و گەشەپێدان، لە بەیاننامەكەیدا داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرای كرد بۆ كۆتایی هێنان بەم تەنگژەی ئێستا كە لەپێش هەموویەوە دەستبەجێ‌ دەستلەكاركێشانەوە حكومەت و پێكهێنانی حكومەتی نیشتمانی كاتییە لەلایەن كەسانی بەتوانا و لێوەشاوە كە كارییان چارەسەركردنی تەنگژەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بێت بۆ داواكارییەكانی خۆپیشاندەران لەماوەی ڕاگوزەریی كە دەكرێت بە شەش مانگ دیاریی بكرێت، بەو مەرجەی ئەندامانی حكومەتی كاتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشداریی نەكەن”.
لە بەیاننامەكەدا، بەرەی ڕزگاریی و گەشەپێدان بەپێویستی زانی، هەڵبژاردنێكی پێشوەخت بە سەرپەرشتی تەواوەتی نێودەوڵەتی و بەپێی یاسای نوێ‌ كە تێیدا نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەل لەخۆبگرێت ئەنجام بدرێت و هاندەر بێت بۆ بەشدارییەكی فراوان لە هەڵبژاردندا.

عەسائیب: داواكارییەكان رەوان
عەسائیبی ئەهلی كە لەلایەن قەیس خەزعەلییەوە سەركردایەتی دەكرێت ڕایگەیاندبوو، داواكاریی خۆپیشاندانەكان ڕەوان، بەڵام پێویستە بەدووربن لە توندوتیژی و تێیاندا پارێزگاریی لە سامانی گشتی بكرێت، خەمباریش بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دەردەبڕێت.
فازڵ فەتلاوی، سەركردە لە عەسائیبی ئەهەلی حەق و پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو:”ئەوان وەك عەسائیبی ئەهلی حەق، لەگەڵ هەموو داوا ڕەواكاندان، چونكە هەڵەیەكی زۆر هەیە، بە گشتی ئەوان پشتیوانی لە هەموو ئەو خۆپیشاندانانە دەكەن كە داوای مافی ڕەوا دەكەن و لە پەرلەمانیشدا ئەو پرسە دەخەنەڕوو”.
بە گوتەی فەتلاوی:”ئەوان دژی بەكارهێنانی هێزی لەڕادەبەدەرن لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و لەلایەن خۆپیشاندەرانیشەوە، هیوادارن خۆپیشاندانەكان ئاشتیانە بن و لە ئاستی خواستی جەماوەر و داوا ڕەواكانیدابن”.
لەبارەی دانیشتنەكانی پەرلەمان و هەڵپەساردنی كارەكان لەلایەن هەندێك لە فراكسیۆنەكانەوە بەهۆی پەرەسەندنەكانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی، سەركردەكەی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند:”كاراكردنی پەرلەمان و سازدانی دانیشتنەكان، لەلایەن مەرجەعیەتەوە داواكراوە، تا لێوی كار بۆ داڕشتنی یاسا و چارەسەركردنی كێشەكانی وڵات بكرێت”.
فەتلاوی پێیوایە”لە دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەماندا، ئەو پرۆژە یاسایانە تاوتوێ‌ دەكرێن كە خزمەت بە هاووڵاتیان و باشكردنی ڕەوشی ژیان و بەرژەوەندییە گشتییەكان دەكەن، چونكە دەیان هەزار بێكار هەن، پێویستە پلانی دروست لەلایەن حكومەتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە دابنرێت و دیدی واقعی بۆ بەگەڕخستنی بێكاران لە كەرتی تایبەت و كەرتی گشتیدا هەبێت، وێڕای باشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە و دابینكردنی مووچە بۆ تۆڕی چاودێری كۆمەلایەتی، لەگەڵ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون كە ئاشكرایە لەماوەی كاریی حكومەتەكانی پێشوودا بە هەمان شێوە ئەو پرۆژانە بە جێبەجێنەكراوی ماونەتەوە”.
لە بەشێكی زۆری شارەكانی عیراق و بەغدای پایتەخت خۆپیشاندان دەستی پێكردەوە و لە زیقار بارەگای ڕەوتی حیكمە، كە لەلایەن عەممار حەكیمەوە (حزبی ئۆپۆزسیۆن) سەرۆكایەتی دەكرێت سووتێنرا.

چەند بڕیارێك لەلایەن حكومەتەوە
دوای پێنج ڕۆژ لە خۆپیشاندانی بەردەوام لە بەغدا و شارەكانی باشوری عیراق، ئەنجومەنی وەزیران داواكاری خۆپیشاندەرانی وەرگرت و چەند بڕیارێكی بە پەلەشی دەركرد.
بەپێی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران چەند هەنگاوێكی بە پەلە دەنرێت و پاشان پڕۆژەیەكی دیكە جێبەجێ‌ دەكرێت بۆ ئەوەی تەواوی داخوازی خۆپیشاندەران بهێنرێنەدی.
گرنگترین بڕیارەكانی حكومەت كە لە دواین كۆبوونەوەدا دەكراون:
– لە ماوەی كەمتر لە چوار هەفتەدا 17 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە بەسرە دابەش دەكرێت بەسەر ئەوانەی مافی وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوونیان هەیە.
-100 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاكانی عیراقدا بۆ كەسانی كەمدەرامەت دروست دەكرێن.
-بۆ ماوەی سێ‌ مانگ بڕی 175 هەزار دینار دەدرێت بە هەموو بێكارێك لە عیراقدا.
– هەموو قوربانییەكی خۆپیشاندەران بە شەهید و بریندار هەژمار دەكرێت و پارچەیەك زەوی پێدەدرێت.

خوێندنەوەیەكی گشتی
خۆپیشاندانەكان لە عیراق ئاقارێكی تر دەگرنەبەر و سیمای توندوتیژی باڵ بەسەر زۆرێك لە ڕووداوەكاندا دەكێشێت، لە شاری دیوانیەی باشووری عیراق خۆپیشاندەران دەچنە نێو بارەگای ئەنجومەنی پارێزگەكە، پەرلەمانتارێكیش داوا لە حكومەت دەكات، سنورەكان دابخات و ڕێوشوێنی ئەمنی توند بگرێتەبەر.
سەرلەئێوارەی هەینی رابردوو، خۆپیشاندانەكان لە زۆربەی شارەكانی عیراقدا سەریانهەڵدایەوە و لەمجارەدا قارێكی ترییان گرتەبەر و توندوتیژی زیاترییان بەخۆوەبینی، بەپێی دوایین پەرەسەندنیش، پێنج خۆپیشاندەر لە بەغدای پایتەخت كوژراون و لە شاری دیوانیەی باشووریش، خۆپیشاندەران چونەتە نێو بارەگای ئەنجومەنی پارێزگەكە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ هەینی نوێنەری مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە عیراق، پشتیوانی خۆی بۆ داواكارییەكانی خۆپیشاندەران دەربڕی كە خۆیان لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و فەراهەمكردنی هەلی كار بۆ لاوان و باشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكاندا دەبیننەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ڕایگەیاند، ڕێگە بە هیچ كەسێك نادەن دەستدرێژی بكاتە سەر سامانی گشتی، ئەمەش لەكاتێكدایە كە عەدنان زرەفی ئەندامی پەرلەمانی عیراق، داوای لە حكومەت كرد، سنورەكان دابخات و توندترین ڕێوشوێنی ئەمنی بگرێتەبەر.
لە بارەی دوایین پەرسەندنی ڕووداوەكان لە عیراق، لە دوای ڕاگەیاندنی موقتەدا سەدر بۆ هەڵپەساردنی كاریی فراكسیۆنی سائیرون كە خاوەنی 54 كورسی پەرلەمانە، هاوپەیمانی فەتحیش كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و 47 كورسی پەرلەمانی هەیە، هەڵپەساردنی كارەكانی هاوپەیمانییەكەی لە پەرلەماندا ڕاگەیاند، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانیش بە هەمان شێوە كارەكانی خۆی لە پەرلەمانی عیراقی هەڵپەسارد.
ڕووداوەكانی لە عیراق، لە پەرەسەندنێكی بەردەوامدان و بە گوتەی پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی نەسریش، پێناچێت خۆپیشاندەران تا جێبەجێنەكردنی تەواوی داواكارییەكانیان دەست لەخۆپیشاندان هەڵبگرن و ساردببنەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حكومەتی عیراق قەرەبووی خۆپیشاندەرەكان دەكاتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاردەدات بڕی 10 ملیۆن دینار بۆ كەسوكاری ...