سەرەکی » هەواڵ » كۆمكاری عەرەبی: توركیا دەیەوێت دیمۆگرافیای سوریا بگۆڕێت

كۆمكاری عەرەبی: توركیا دەیەوێت دیمۆگرافیای سوریا بگۆڕێت

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی كە دوێنێ لە قاهیرە بەڕێوەچوو، ئیدانەی لەشكركێشییەكەی توركیایان كرد بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان ‌و ئاماژەیان بەوەكرد، چاو دەخشێننەوە بەگرتنەبەری رێوشوێنی سیاسی ‌و ئابووری ‌و گەشتوگوزاریی پەیوەست بە هەماهەنگیی لەگەڵ توركیا. هەروەك داوایانكرد كە سوریا رۆڵی خۆی لە سیستمی عەرەبیدا پێبدرێتەوە. بەڵام هەریەك لە قەتەر ‌و سۆماڵ لەگەڵ بەیاننامەی كۆتایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبیدا نەبوون.
ئەحمەد ئەبولغێت ئەمینداری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، لەكۆبوونەوەكەدا رایگەیاند: بەداخەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ كاردانەوەیەكی لەبەرامبەر داگیركارییەكانی توركیا نەبووە، كە بۆتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەس لە سوریا. توركیا دەیەوێت بەشێك لە خاكی سوریا داببڕێت و دیمۆگرافیای سوریا بگۆڕێت.

هەوڵی راگرتنی هێرشەكانی توركیا
هەر لەكۆبوونەوەكەدا، ئەنوەر قرقاش وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند: بەهەموو شێوەیەك ئیدانەی هێرشی توركیا بۆ سەر كوردی باكووری سوریا دەكەین. لەشكركێشییەكەی توركیا كارەساتی گەورەی مرۆیی لە ناوچەكەدا دروست دەكات و یارمەتیدەرە بۆ بەهێزبوونەوەی رێكخراوە تیرۆرستییەكانی وەكو داعش و قاعیدە، كە مەترسییەكی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە، نەك تەنها سوریا. وتیشی: پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئەو دۆخەی ئێستای سوریا بدۆزێتەوە و هەوڵی راگرتنی هێرشەكانی توركیا بدات.

״بەرخۆدانیان بە شەرعی و مافێكی رەوا دەزانین״
هەروەها سامح شوكری وەزیری دەرەوەی میسر لەمیانی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی كوردانی سوریا لە قاهیرە، رایگەیاند: وەكو میسر بەتوندی ئیدانی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر كوردی باكووری سوریا دەكەین. وتیشی: هەموو هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆ وەستاندنی هێرشی توركیا بۆ سەر كوردی باكووری سوریا و وەكو حكومەتی میسریش بەرگری و بەرخۆدانی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە شەرعی و مافێكی رەوای خۆیان دەزانین. وتیشی: كوردی باكووری سوریا یەكەمین هێزبوون كە توانییان بەبێ هیچ پشتگیرییەكی گەورەی نێودەوڵەتی، رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەكە بشكێنن و مەترسیی رێكخراوە تیرۆرستییە مەترسیدارەكان كە لەناوچەكەدا سەریان هەڵدابوو، لەناوبەرن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*