سەرەکی » دۆسێ » ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لە دیدی سیاسەتمەدارانی عیراقەوە

راوبۆچوونەكان جیاوازن

ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لە دیدی سیاسەتمەدارانی عیراقەوە

سەبارەت بە هێرش و پەلامارەكانی سوپای توركیا بۆسەر ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، ژمارەیەك لە سیاسەتوانە عیراقییەكان راوبۆچوونی خۆیان دەردەبڕن، هەندێكییان بە مەترسی و تێكدانی رەوشی ناوچەكە و هەندێكی تر پشتیوانی لێدەكەن.

خەزعەلی: مایەی مەترسییە
لەو بارەیەوە سەركردەی عەسائیبی ئەهلی حەق، هۆشداریی دەدات لە دروستبوونی هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی عیراقی و هۆكاریی دروستبوونی ئەو هەڕەشەیەش بۆ ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا دەگێڕێتەوە لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا.
قەیس خەزعەلی، سەركردەی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نوسیویەتی”ئەوەی لەسەر سنورەكانی عیراق لەگەڵ سوریادا ڕوودەدات بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای توركیا كە بەشێوەیەكی رەسمی گروپە چەكدارەكان بەشداریی تێدا دەكەن، هەڕەشەیەكی گەورە و راستەوخۆیە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی عیراقی”.
بە گوتەی خەزعەلی”دەبێت دەوڵەت و دەزگا پەیوەنیدارەكان، بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوانە بكەن و بەزووترین كات هەنگاوی پێویست هەڵبنێن”.

مالیكی: بێ‌ پاساوە
هەر لەو بارەیەوە سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دەستوەردانی توركیا لە سوریادا بە بێ‌ پاساو دادەنێت و پێیوایە تەنگژەكان لە ناوچەكەدا زیاتر دەكات، داواش لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات، هەڵوێست لەو ڕووەوە وەربگرێت.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی ڕۆژنامەوانی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراقەوە بڵاوكرایەوە”مالیكی لە نوسینگەی خۆی پێشوازی لە ستام دەندەح باڵیوزی سوریا كردووە لە عیراق و لە چاوپێكەوتنی نێوانیان، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانیان لە عیراق و ناوچەكە تاوتوێ‌ كردووە، لەگەڵ بابەتی دەستوەردانی سەربازی توركیا لە سوریادا”، دەستوەردانی سەربازیی توركیاشی لە خاكی سوریا بە بێ‌ پاساو لەقەڵەمداوە.

ئەرشەد ساڵحی: ئۆپەراسیۆنێكی باشە
بەپێچەوانەوە، ئەرشەد سالحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی و پەرلەمانتاری عیراق، پشتگیری خۆی بۆ لەشكركێشیەكانی توركیا دەدەبرێت.
سالحی لە پەیجی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) نوسیویەتی» ئۆپەراسیۆنی چاوگی ئاشتی بۆ پاراستنی یەكێتی خاكی وڵاتانە و ئۆپەراسیۆنێكی باشە».
سەرۆكی بەرەی توركمانی عیراق، لە پەیامەكەیدا هێزە كوردیەكان و چەكدارانی داعش، بە هاوشێوەی یەك لەقەڵەمدەدات.
بە گوتەی ساڵحی»پێوستە زۆربە وریایەوە لەو پرۆژانە بڕوانرێت كە داعش و پەكەكە بۆ دابەشكردنی خاكی عیراق و سوریا و توركیا دایدەڕێژن».

تارق هاشمی: توركیا داگیركەر نییە
جێگری پێشووتری سەرۆك كۆماری عیراقیش پشتیوانی ئۆپراسیۆنە سەربازیەكەی توركیا دەكات و رایدەگەیەنێت، توركیا داگیر كەر نییە و سەروەریی خاكی سوریای پێشێل نەكردووە.
تارق هاشمی، جێگری پێشووتری سەرۆك كۆماری عیراق لە تویتێكدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) پشیوانی خۆی بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان دەربڕیوەو نوسیویەتی: «ئۆپراسیۆنە سەربازیەكەی توركیا یاساییە و مایەی نیگەرانی نییە، توركیا داگیركەر نییە و سەروەری خاكی سوریای پێشێل نەكردوە، چەندان وڵات خاكی سوریایان داگیر كردووە و سنوریشیان لەگەڵ سوریا نییە بەپێچەوانەی توركیاوە، لەگەڵ ئەوەشدا كەس قسە ناكات، بەڵام كاتێك توركیا جمولجۆڵ دەكات هەموان دێنە دەنگ».
بە گوتەی تارق هاشمی»زۆر قسە كرا لە سەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا كە بە (چاوگی ئاشتی) ناوبراوە، ئەم ئۆپراسیۆنە نە لە نزیك نە لە دوور، برا كوردەكانمان ناكاتە ئامانج، كارەكە قورسە، بەڵام پاراستنی هاوڵاتیان زۆر گرنگە».
تارق هاشمی، پێیوایە، پەلامارەكە» ئۆپراسیۆنێكی سەربازییە كە رەهەندی مرۆیی لەخۆگرتووە، نیشتەجێكردنەوەی پەنابەرانی سوریایە لەچەند ناوچەیەكی ئارام لە باكووری سوریا، گەڕاندنەوەی راگوێزراوان و ئاوارەكان و چارەسەركردنی كاریگەریی گۆڕانگارییە دیمۆگرافییەكانە، چەند ئامانجێكی شەرەفمەندانەیە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێگەیشتنی هەبێت، و پشتیوانی لەتوركیا بكات لەپێناو هێنانەدی ئامانجەكانی».
تارق هاشمی، یەكێكە لە سیاسەتوانە سوننە مەزهەبەكانی عیراق و ساڵی 2012، پاش ئەوەی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بە پشتیوانیكردن لە تیرۆر تۆمەتبار كرا، بەرەو توركیا هەڵات و لەو كاتەوە تائێستا لەو وڵاتەیەدا نیشتەجێیە و نەگەڕاوەتەوە بۆ عیراق.
لە مانگی ئایاری‌ 2012، پۆلیسی‌ نێودەوڵەتی‌ «ئینتەرپوڵ‌» یاداشتێكی‌ نێودەوڵەتی‌ دەركرد و داوایكرد بە تۆمەتی‌ پشتیوانی لە تیرۆر، ‌تارق هاشمی‌، جێگری‌ ئەو دەمەی‌ سەرۆك كۆماری‌ عیراقی‌ رادەست بكرێت.
یاداشتەكە لەسەر داوایەكی‌ حكومەتی‌ ئەو دەمەی‌ عیراق بوو بە سەرۆكایەتی‌ نوری‌ مالیكی‌ كە هاشمی بە تێوەگلان لە ئەنجامدانی‌ تاوانی‌ كوشتن و سەرپەرشتیكردنی‌ تیمەكانی‌ كوشتن لە عیراقدا تۆمەتباركردبوو.
لە 9ی تشرینی یەكەمی 2019، سوپای توركیا لەڕێی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی، هێرش و پەلامارەكانی بۆسەر شار و شارۆچكەكانی ڕۆئاوا دەستپێكرد، دەستپێكردنی ئەم هێرش و پەلامارانەش، هاوكات بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا كە لەلایەن كوردەوە بەڕێوەدەبرێن.

print

 47 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*