سەرەکی » مانشێت » ״زامنكردنی مافەكانی گەلی كوردستان״

״زامنكردنی مافەكانی گەلی كوردستان״

دوای دەستپێشخەرییەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆبوونەوە و میوانداریكردنی لووتكەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، دوێنێ لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سكرتێر و سەرۆك و نوێنەرانی حزبە بەشدارەكانی پەرلەمانی كوردستان، كۆبۆوە.

ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ حزب و لایەنە كوردستانییەكان

رۆژی چوارشەممە 16/10/2019 لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێزان سكرتێر و سەرۆك و نوێنەرانی حزبە بەشدارەكانی پەرلەمانی كوردستان، كۆبووەوە.
لە ڕوانگەی هەستكردن بە هەستیاریی ئەم قۆناغەی‌ ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان پیایدا تێدەپەڕێت و بەمەبەستی بیروڕا گۆڕینەوە و یەكخستنی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، لەسەر داوای فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەم كۆبوونەوەیە ڕێكخرا.
تەوەرەكانی كۆبوونەوە بریتی بوون لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوخۆییی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، گرفت و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، كاریگەرییەكانی جموجۆڵی سەربازی لە سووریا و لێكەوتەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان و چۆنیەتیی مامەڵەكردنی هەرێم لەگەڵ ڕووداوەكاندا.
دەربارەی دۆخی ناوخۆییی هەرێمی كوردستان، سەرجەم ئامادەبووان كۆك بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامیی ئەم كۆبوونەوانە بە شێوەیەكی دەوری بەپێی بەرنامەیەكی داڕێژراو، بۆ ئەم هەنگاوەش‌ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیان وەك باڵاترین دامەزراوەی دەستووری و یاسایی و نیشتمانیی هەرێمی كوردستان و چەتری كۆكەرەوەی سەرجەم لایەن و پێكهاتەكان، بە گونجاوترین شوێن دانا كە ئەم پرۆسەیە بەردەوامی پێ بدات.
ئامادەبووان هاودەنگ بوون كە ئەرك و مافە نیشتمانییەكان هی هەموو لایەن و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانە و دەبێ ئەو ئەرك و مافانە لەسەر بنەمای هاونیشتیمانیبوون پیادە بكرێت و هەمووان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوه، لەمەدا بەشدار بن‌.
دەربارەی بارودۆخی سەرتاسەری عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق، كۆبوونەوە بە پەسەندی زانی كە سەرجەم لایەنەكان تواناكانیان یەك بخەن و بە یەك گوتار لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەكانی عێراق گفتوگۆ بكرێت بۆ زامنكردنی مافەكانی گەلی كوردستان لە بابەتەكانی بودجە و چارەسەری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەپێی دەستوور و سەرجەم مافەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بە ڕێگای گفتوگۆیەكی جددی و دامەزراوەیی، هەروەها كاركردن بۆ پێكهێنانی فیدراسیۆنی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران و یەكخستنی هەموو تواناكان لە سەرۆكایەتیی كۆمار و حكوومەتی فیدراڵی و نوێنەرانی هەرێمی كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بە پێویست زانی. كۆبوونەوە جەختی لە پێویستیی عێراق بە سەقامگیری و ڕەچاوكردنی دۆخی هەستیاری ناوچەكە و داوا ڕەواكانی هاووڵاتیان و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی و پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت كردەوە.
دەربارەی بارودۆخی سووریا و ئاڵۆزییە سەربازییەكانی ناوچەكە، كۆبوونەوە بە بایەخەوە هەڵوەستەی لەسەر ئەو بابەتە كرد و بە پەسەند زانرا سیاسەتێكی واقیعیانە بگیرێتە بەر كە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەل و خاكی هەرێمی كوردستان تیایدا پارێزراو بێت و دامەزراوەكانی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان هەموو توانا سیاسی و دیپلۆماسییەكانیان بخەنه ‌گەڕ بۆ هەرچی زووتر كۆتاییهاتن بە شەڕ و چارەسەركردنی كێشەكان بە ڕێگاچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ كە زامنی مافەكانی تەواوی پێكهاتەكانی سووریا بێت.
لایەنە بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكە:
– پارتی دیموكراتی كوردستان
– یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
– بزووتنەوەی گۆڕان
– كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان
– یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
– هاوپەیمانیی یەكێتیی نەتەوەیی
– پارتی گەشەپێدانی توركمانی
– حزبی سۆشیالست دیموكراتی كوردستان
–حزبی شیووعیی كوردستان
– بزووتنەوەی ئاشووری
– بەرەی توركمانی
– پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان
– پارتی چاكسازیی توركمانی
– ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری
– لیستی میللەت
– لیستی ئەرمەن

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*