سەرەکی » راپۆرت » سیناریۆكانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری سوریا

سیناریۆكانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری سوریا

راپۆرتی، تەحسین تەها چۆمانی

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤا و بڕیارەكەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری سوریا كە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چووە بواری جێبەجێكردنەوە، دوێنێ چەندین زرێپۆشی سەربازیی ئەمریكا لە سوریاوە گەیشتنە هەرێمی كوردستان و وەك وەزیری بەرگریی ئەمریكاش دەڵێت «تەواوی هێزەكان بەپێی بەرنامەیەكی ئامادەكراو رەوانەی خۆرئاوای عیراق دەكرێن».

چەند سیناریۆیەك بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە
بەشێكی زۆری ئەو میدیا و رۆژنامانەی گرنگیی بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەدەن، ئاماژە بە چەند سیناریۆیەك دەكەن كە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەیەوێت بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ترەمپ لەڕووی سیاسییەوە جێبەجێی بكات.
رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، بڵاویكردۆتەوە «دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوای لە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەكەی كردبوو بەرنامەیەك دابنێن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارە سیاسییەكەی لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لە خۆرهەڵاتی سوریا بە قووڵایی 32 كیلۆمەتر».
بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەكە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بۆ جێبەجێكردنی بڕیارە سیاسییەكەی ترەمپ چەند بەرنامەیەكی داڕشتووە و پێك دێن لە (رەوانەكردنی 700 سەربازی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی سوریاوە بۆ خۆرئاوای فورات، پاراستنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بە سەركردایەتیی ئەمریكا لە سنووری ئاسمانی خۆرهەڵاتی سوریا، هێشتنەوەی یاداشتی لێكتێگەیشتنی «قەدەغەكردنی بەریەككەوتن» لەگەڵ روسیا و پێداچوونەوەی لێكتێگەیشتنەكە، پاراستنی بنكەی ئەلتەنەف لە سێگۆشەی سوریا-عیراق و ئوردن كە لە هێزە تایبەتەكانی ئەو وڵاتە پێكدێت بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر و وەرگرتنی زانیاریی ئەمنی، پاراستنی رێكەوتنی كۆمپانیا سەربازییە تایبەتییەكان لە نزیكی چاڵە نەوتییەكان و مەیدانە گازییەكان، رەوانەكردنی بنكە سەربازییەكان بۆ نزیك لە چاڵە نەوتییەكان لەسەر سنووری عیراق و بەمەبەستی رێگریكردن لە بەكارهێنانی ئەو چاڵانە لەلایەن حكومەتی دیمەشقەوە بەر لە هەر جۆرە رێكەوتنێك، چاودێریكردنی زیاتری ئەو داعشە دەستگیركراوانەی كە لە زیندانەكاندان و مەترسیدارن).

وەزیری بەرگریی ئەمریكا سەردانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات
مارك ئێسپەر وەزیری بەرگریی ئەمریكاش لە سەردانەكەیدا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەیەوێت تاوتوێی ئەو خاڵانە بكات و بیانخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هێزەكانی ئەمریكا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سێ بنكەی سەربازییان لە مەنبەج و كۆبانێ و دەوروبەری حەلەب كشاندەوە. بەمەش تەواوی بنكەكانی ئەمریكا لە باكووری پارێزگای رەققە و باكووری خۆرهەڵاتی حەلەب چۆڵن، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەمریكا بنكەكانی خۆی لە هەردوو پارێزگای حەسەكە و دێرەزوور لەگەڵ ئەلتەنەف لە باشووری سوریا پاراستووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*