سەرەکی » وتار » پشتیوان جه‌مال » رۆژئاڤا لە نێوان بەرداشی زلهێزەکاندا

كـۆبـه‌نـدی هـه‌فـته‌

رۆژئاڤا لە نێوان بەرداشی زلهێزەکاندا

قەوارەیەکی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان، لە 2014 ەوە لەدوای کشانەوەی هێزەکانی سوریا لە ناوچە کوردییەکاندا توانییان خۆیان بسەلمێنن وەک ستاتۆیەکی کوردی. ئەم هێزە بە مۆدێرنترین بەڕێوەبردن ئەم ناوچانەیان بەڕێوەبردووە لە شێوازی خۆبەڕێوەبەریی کانتۆنەکانی ڕۆژئاڤادا، نموونەی گرنگیدان بە مافی ژن بەهۆی دروستکردنی هێزک بۆیان و بەشداریی پێکردن لە کاروباری مەدەنی و سیاسی و سەربازیدا، سەردەمیانەترین بەڕێوەبردن بوو. ئەوان توانیان لەگەڵ سەرسەختترین هێزی تیرۆرستی جیهان «داعش»دا بجەنگن، توانییان سەرکەوتنی گەورە تۆماربکەن، لەم جەنگەدا 11 هەزار شەهیدیان بەخشی و هەزاران برینداریان دا، ئۆباما لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا وتی: «ئەوان لەجیاتی هەموو جیهان شەڕدەکەن». هەر ئەو سەرسامبوونەی ئەمریکا پێیان وایکرد کە ئەمریکا هێز بنێرێتە ڕۆژئاڤاو پشتیوانیان بکات لەڕووی لۆجستی و سەربازییەوە. لەسەردەستی شەڕڤانان داعش کۆتایی پێهات. دۆنالد ترەمپ-ی سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە بەپشتیوانیی پاڵەوانانی وەک کوردەکانی رۆژئاڤا توانیمان داعش کۆتایی پێبهێنین.
جگە لە ئەمریکا، هەموو ئەو دەوڵەتانەی هاوپەیمانییان پێکهێنابوو لەدژی داعش، ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و… هتد، سەلماندیان کە کورد لە رۆژئاڤای کوردستان و لەعیراقیش لەجیاتی هەموو جیهان شەڕدەکەن، بەڵام ئێستا کە دەوڵەتێکی وەک تورکیا، کە ئۆپەڕاسیۆنێکی بۆ ناوچە سنوورییەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەست پێکردووە و ئاگرو ئاسن بەسەر ژن و منداڵ و پیرو گەنجی مەدەنیدا دەبارێنێت و وەک دیمەنەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەی پێدەکەن بە چەکی قەدەغەکراو و بەتایبەتی بۆمبی فسفۆڕی سپی لێیان دەدات، دەبینین رۆڵی ئەم دەوڵەتانە چۆنە، لەکاتێکدا بۆخۆیان رایانگەیاندبوو کە کورد لەجیاتی هەموو جیهان شەڕدەکات، کەچی سەرێکانی چۆڵکراو هەم شەڕڤانان و هەمیش خەڵکی ئاسایی شارەکەیان بەجێهێشت ، بەرپرسە باڵاکانی ئەو سیستمەی کە پێی دەگوترێ ڕۆژئاڤا لە ماوەی ١٥ رۆژی رابردوودا گەلێک رێگە چارەیان تاقیکردەوە بۆئەوەی پێش بەم کارەساتە بگرن، هەر لەپەیوەندیگرتن بە لایەنی روسیا و سوریاوە بگرە تا دەگاتە ئەوروپا و ئەمریکا کە ئەمانە دوولایەنە سەرەکییەکەی گەمەکەن، واتە روسەکان و ئەمریکییەکان بە درێژایی هەموو ساڵەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم و سەردەمی شەڕی سارد و دواتریش، هەرگیز ئاوا کۆک و هاوڕا نەبوون لەسەر مژارێکی نێودەوڵەتیی. یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی و چینیش هەرگیز هێندە بێ کاریگەریی نەبوون لە ئاست رووداوەکانی دەوروبەری خۆیاندا لە ناوچەیەکی هەرە گرنگی وەکو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لەبەرمبەردا رای گشتی جیهان و هێزە چەپ و دیموکراتەکان هەرگیز بەوجۆرە یەک دەست و هاوخەبات نەبوون و سەرەڕای ئەوەی کە هیچ بڕیارێکیان لە هیچ شوێنێکدا بە دەست نییه، بەڵام بەبەرچاوی هەموویانەوە وڵاتێک کە ئەندامی پەیمانی ناتۆیە و ئەندامە لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بە پێچەوانەی یاساکانی ئەم دوو رێکخراوە و بەدیار چاوی هەموو دەوڵەتە ئیقلیمی و جیهانییەکانەوە، سنووری وڵاتێکی دیکە دەبەزێنێت و راپۆرتەکان هەموو تەئکید لەوە دەکەنەوە کە ئەو وڵاتە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە و بەنیازیشە دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە بگۆڕێت، بەڵام هیچ یەک لەم هێزانە لەسەر ئاستی رەسمی نقەیان لێوە نایەت، جگە لە بەیاننامە و ئیدانەکردن، هیچ شتێکی تر ناکەن. دەنا لانیکەم دەیانتوانی لە دادگای لاهای سکاڵا لەسەر تورکیا تۆماربکەن بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگەوە، بەهۆی بەزاندنی سنووری وڵاتێکی دیکەوە، کاتێک ئەم زلهێزانە بەرژەوەنیان لەگەڵ یەکتریدا بێت، بێگومان چاوپۆشی لە یەکتریی دەکەن و قومار لەسەر مەرگی کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
ئەوەی ماوە سەبارەت بە رۆژئاڤا بیڵین ئەوەیە کە هێندە دۆخەکەیان ئاڵۆزکردووە، ئەستەمە بتوانرێت خوێندنەوەیەکی وردی لەلایەن شرۆڤەکارانەوە بۆ بکرێت، تەنها رێکەوتنێک لە نێوان زلهێزەکاندا دەبینرێت بۆ سڕینەوە و قڕکردنی کورد.
رێکەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەهەر 13 خاڵەکەیدا شتێکی تێدا نەبوو کە لەبەرژەوەندیی کورددا بێت، رێگا لە هێرشەکانی تورکیا بگرێت، بەڵکو لەکاتی بڕیاری راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکەشدا کە بڕیاربوو بۆ ماوەی 120 سەعات بێت، تورکیا ئەو دەرفەتەشی لەدەست نەدا و ئۆپەراسیۆنەکەی نەوەستاند.
کۆتا کۆبوونەوەکەی سوچی لەنێوان پوتین و ئەردۆغاندا، بەهەمان شێوە هیچ خاڵێکی ئەوتۆی تێدا نەبوو کە وەک پێویست لە بەرژەوەندیی کورد بێت، بەڵکو ئەردۆغان هەڕەشەی لە ئەمریکاش کرد، کە ئەگەر پاباندنەبێت بە بەڵێنەکانییەوە، ئەوا تورکیا ئۆپەراسیۆنەکەی بە شێوەیەکی چڕتر دەستپێدەکاتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*