سەرەکی » راپۆرت » سزای راپۆرتی خۆپیشاندانه‌كان.. هه‌ینی خاوده‌كاته‌وه‌؟

سزای راپۆرتی خۆپیشاندانه‌كان.. هه‌ینی خاوده‌كاته‌وه‌؟

ئا: گۆران فه‌تحی

لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناره‌زایه‌تی‌ و خۆپیشاندانه‌كان، دوای ووردبوونه‌وه‌ی‌ له‌راپۆرتی لیژنه‌ ئه‌منیه‌كانی پارێزگاكان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌خۆپیشانده‌ران، له‌راپۆرتی كۆتایی خۆیدا داوای كردووه‌ ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسه‌ ئه‌منیه‌ باڵاكانی چه‌ند پارێزگایه‌كی‌ عیراق له‌سه‌ر كار لاببرێن، لێكۆلێنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی‌ تریاندا بكرێت، راپۆرته‌كه‌ ناوی ئه‌و به‌رپرسانه‌و رۆڵیان له‌ توندوتیژییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌خۆپیشانده‌ران خسته‌ روو به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌.

پارێزگای به‌غدا
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ توندترین و گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تی له‌به‌غدای پایته‌خت بووه‌، كه‌ تێیدا 107 مه‌ده‌نی كوژراوه‌و 3458 كه‌سیش برینداربوون، ئه‌مه‌ چ جای كوژرانی چوار له‌ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و برینداربوونی 263ی تر.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ داوای له‌كارلابردنی ژماره‌یه‌ك له‌فه‌رمانده‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌ گه‌وره‌كانی كردووه‌ وه‌ك: فه‌ریق روكن جه‌لیل جه‌بار عه‌بدولموحسین ی فه‌رمانده‌ی پرۆسه‌كانی به‌غداد و لیوا روكن محه‌مه‌د سه‌بری له‌تیف جێگری فه‌رمانده‌ی‌ پرۆسه‌كانی به‌غدا، لیوا روكن سائیب عوبێد موحسین فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌ی‌ پیاده‌ی‌ 11 و لیوا روكن حسێن حوشی دنان فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌ی‌ یه‌كی پۆلیسی فیدرالی و لیوا سه‌لاح مه‌هدی عه‌بدولڵا فه‌رمانده‌ی پۆلیسی به‌غداو عه‌مید روكن مورته‌زا عه‌باس لعێبی فه‌رمانده‌ی‌ هێزی پیاده‌ و ئامیر لیوای پۆلیس عه‌مید عه‌لا جابر هاشم.. هه‌روه‌ها له‌كارلابردنی ژماره‌یه‌كی‌ تری فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌ری تر له‌و پارێزگایه‌..

پارێزگای زیقار
ئه‌م پارێزگایه‌ دووه‌م زۆرترین كوژراو و برینداری هه‌بوو دوای به‌غدا به‌هۆی‌ ناره‌زایه‌تیه‌كانه‌وه‌ كه‌ 19 خۆپیشانده‌ر كوژران و 223ی‌ تریش برینداربوون، له‌كاتێكدا دوو ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كوژران و 532ی تریش له‌و هێزانه‌ برینداربوون.
له‌باره‌ی‌ ئه‌م پارێزگایه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ ده‌ڵێت، له‌كاتی چاوخشاندنه‌وه‌ به‌راپۆرتی لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ پارێزگاكه‌و ووردبوونه‌وه‌ لێی داوای له‌كارلابردنی ئه‌و فه‌رمانده‌ ئه‌منیانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ پارێزگاكه‌ كاریان كردووه‌، كه‌ئه‌وانیش هه‌ر یه‌ك له‌ لیوا عه‌لی ئیبراهیم ده‌بعون فه‌ره‌ج فه‌رمانده‌ی‌ پرۆسه‌كانی رافیدێن ولیوا حه‌سه‌ن سه‌لمان داخل فه‌رمانده‌ی پۆلیسی زیقار و عه‌قید ویسام حه‌مید شیرم به‌رێوه‌به‌ری هه‌واڵگری پارێزگاكه‌و پارێزه‌ر سادق عه‌بدولڵا حه‌سه‌ن به‌رێوه‌به‌ری‌ ئاسایشی نیشتمانی زیقار و ئامر فه‌وج عه‌قید ماجد نه‌سار سالم و ئامر فه‌وج عه‌قید عه‌مار عه‌دنان یوسف، هه‌روه‌ها لیژنه‌كه‌ داوای له‌كارلابردنی نۆ ئه‌فسه‌ری تر و ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیاندا كردووه‌.

پارێزگای دیوانیه‌
سێهه‌م پارێزگایه‌ له‌رووی‌ زۆری كوژراو و بریندار به‌هۆی‌ خۆپیشاندانه‌كان و توندوتیژی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌، كه‌ 9 كوژراو و 107 بریندار له‌نێو خۆپیشانده‌ران بووه‌و دوو كوژراوو 193 برینداریش له‌نێو هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بووه‌، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ داوای له‌كارلابردنی هه‌ریه‌ك له‌ لیوا فه‌رقه‌د زغیر مه‌جهول ی فه‌رمانده‌ی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیس كردووه‌، هه‌روه‌ها داوای كردووه‌ ئه‌م حه‌وت ئه‌فسه‌ره‌ش له‌كارلاببرێن و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت كه‌ ئه‌وانیش هه‌ر یه‌ك له‌، عه‌مید مسافر عه‌لی عه‌بدولساده‌ی به‌رێوه‌به‌ری‌ هه‌واڵگری‌و دژه‌ تیرۆری دیوانیه‌و عه‌قید غه‌سان كازم عه‌بد به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پاراستنی‌ ده‌زگاو كه‌سایه‌تیه‌ باڵاكان و ئامر فه‌وجی فریاكه‌وتن عه‌قید عه‌لی عه‌بدولكازم ره‌سول وئامر فه‌وج عه‌قید محه‌مه‌د عه‌واد مه‌جید و ئامر فه‌وج موقه‌ده‌م حه‌مزه‌ حه‌سه‌ن جه‌بار و ئامری هێزی بڵاوه‌پێكردنی‌ ئاژاوه‌ موقه‌ده‌م موعته‌ز كازم هاشم و ئامری هێزی سوات موقه‌ده‌م ئه‌حمه‌د كازم حه‌مادی.

پارێزگای میسان
ئه‌م پارێزگایه‌ش له‌پله‌ی‌ پێنجه‌مدایه‌ له‌ ژماره‌ی‌ قوربانی به‌هۆی‌ ناره‌زایه‌تیه‌كان و توندوتیژی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران، به‌جۆرێك 6 مه‌ده‌نی تێدا كوژراوه‌و 14ی‌ تریش بریندارن، له‌كاتێكدا 92 ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیش برینداربوون.
لیژنه‌كه‌ له‌باره‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیش له‌م پارێزگایه‌ داوای كردووه‌، لیوا زافر عه‌بد رازی فه‌رمانده‌ی‌ پۆلیسی پارێزگاكه‌ له‌سه‌ر كار لاببرێت و هه‌روه‌ها سێ ئه‌فسه‌ریش له‌كار لاببرێن و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بدرێت كه‌ ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له‌، عه‌مید كازم نیعمه‌ محه‌مه‌د به‌رپرسی پاراستنی‌ پارێزگای میسان و عه‌مید جه‌عفه‌ر ساددق حه‌مید به‌رێوه‌به‌ری‌ كاروباری‌ فه‌وجه‌وكانی فریاكه‌وتن و ئامر فه‌وجی كاره‌ تایبه‌ته‌كان موقه‌ده‌م مورته‌زا عه‌جیل حه‌تاب ن.

پارێزگای نه‌جه‌ف
له‌م پارێزگایه‌شدا پێنج خۆپیشانده‌ر كوژران و 172ی تریش برینداربوون ئه‌مه‌ چ جای برینداربوونی 43 له‌ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، لیژنه‌كه‌ش داوای كردوه‌ به‌هۆی‌ ئه‌نجامدانی‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌خۆپیشانده‌ران عه‌مید فائق فله‌یح فه‌تلاوی به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی نه‌جه‌ف له‌پۆسته‌كه‌ی‌ لاببرێت‌و هه‌ریه‌ك له‌م ئه‌فسه‌رانه‌ش له‌كار لاببرێن و لێكۆلینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، كه‌ ئه‌وانیش ، عه‌مید كازم ناجی عوبێد به‌رێوه‌به‌ری پاراستنی ده‌زگاكان و ئامر فه‌وجی فریاكه‌وتن عه‌مید عه‌بدولحه‌سه‌ن جه‌بار و موقه‌ده‌م حسێن عه‌بدولعه‌زیم به‌رپرسی ئاسایشی پارێزگان، ئه‌مه‌ چ جای گرتنه‌ به‌ری رێ‌و شوێنی یاسایی به‌رامبه‌ر پێنج ئه‌فسه‌ری تر، به‌هۆی‌ به‌كارهێنانی چه‌ك و ته‌قه‌كردن له‌خۆپیشانده‌ران.

پارێزگای واست
له‌م پارێزگایه‌شدا به‌هۆی‌ ناره‌زایه‌تی‌و خۆپیشاندان و ئه‌نجامدانی توندوتیژی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌، چوار مه‌ده‌نی كوژران و 226 كه‌سی تریش برینداربوون له‌كاتێكدا 58 له‌ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیش برینداربوون.
لیژنه‌كه‌ داوای كردووه‌ لیوا عه‌لا غه‌ریب فه‌رمانده‌ی‌ پۆلیسی واست له‌كارلاببرێت و هه‌روه‌ها پێنج ئه‌فسه‌ری باڵای تریش له‌كار لاببرێن كه‌ ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له‌، عه‌مید حه‌یده‌ر موحسین عرێبی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هه‌واڵگری دژه‌ تیرۆری واست و عه‌مید عه‌لی نه‌جم به‌رێوه‌به‌ری هه‌واڵگری پارێزگاو عه‌قید ئیحسان جفات موسا به‌رێوه‌به‌ری‌ ئیستخبارات و ئاسایش و یاسر حسێن هه‌لیل به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایش نیشتمانی و عه‌قید موسعه‌ب هاشم موحسین به‌رێوه‌به‌ری‌ نه‌هێشتنی تاوانه‌.
ئه‌مه‌ چ جای ده‌ستگیركردنی‌ سێ ئه‌فسه‌رو ره‌وانه‌كردنیان بۆ به‌غدا به‌هۆی‌ رێگری نه‌كردن و كۆنترۆڵ نه‌كردنی‌ كارمه‌نده‌كانی ژێر ده‌ستیان كه‌ توندوتیژیان به‌كارهێناوه‌ دژ به‌ خۆپیشانده‌ران، ئه‌مه‌ چ جای تێوه‌گلانی به‌شێكیان له‌ته‌قه‌كردن له‌هاوڵاتیان و خۆپیشانده‌ران.

پارێزگای بابل
لیژنه‌كه‌ ئاشكرایكردووه‌، له‌م پارێزگایه‌ش مه‌ده‌نییه‌ك كوژراوه‌و حه‌وتی تریش برینداربوون ئه‌مه‌ چ جای برینداربوونی‌ 116 له‌ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، روونیشیكردۆته‌وه‌ كه‌ كه‌سێك ده‌ستگیركراوه‌، ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌كوشتنی خۆپیشانده‌رێك و دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌سه‌كه‌ سه‌ربازبووه‌ له‌ لیوای 18ی سه‌ر به‌فیرقه‌ی‌ پێنج له‌شارۆچكه‌ی‌ حه‌ویجه‌، روونیشیكردۆته‌وه‌، ئه‌و سه‌ربازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ده‌وامی ره‌سمی نه‌بووه‌و ئیجازه‌ بووه‌، ده‌مانچه‌ شه‌خسیه‌كه‌ی‌ به‌كارهێناوه‌ دژ به‌خۆپیشانده‌ران و بووه‌ته‌ هۆی‌ كوژرانی كه‌سێك.
هه‌روه‌ها لیژنه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه‌، دوو پۆلیسی سه‌ر به‌هێزی نه‌هێشتنی‌ ئاژاوه‌ی ده‌ستگیركردوه‌ به‌ناوه‌كانی، ئوسامه‌ سه‌باح عوبێدو ره‌زا محه‌مه‌د حه‌مزه‌، كه‌ كامێراكانی چاودێری ده‌ریخستوون كاتێك ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران كردووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند ئه‌ندامێكی تری پۆلیسیش له‌پارێزگاكه‌ ته‌وقیف كراون و ره‌وانه‌ی‌ دادگای ئه‌منی داخلی كراون له‌ناوچه‌ی‌ چوار به‌هۆی‌ ئه‌نجامدانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌یه‌كێك له‌خۆپیشانده‌ران.

پارێزگای موسه‌ننا
له‌م پارێزگایه‌ هیچ كوژراوێك نه‌بووه‌ به‌پێی لیژنه‌كه‌، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و پۆلیس برینداربوون كه‌ دواتر چاره‌سه‌ریان وه‌رگرتووه‌و گه‌راونه‌ته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ئه‌م پارێزگایه‌ ئه‌ركه‌كانی خۆیان ئه‌نجام داوه‌ به‌پاراستنی‌ خۆپیشانده‌ران و ده‌زگا ئه‌منی‌و حكومیه‌كان.
بڕیاره‌ ئه‌مرۆ هه‌ینی و دوای ماوه‌یه‌ك راوه‌ستان له‌خۆپیشاندان به‌هۆی‌ رێ‌و ره‌سمی ئاینی شیعه‌كان، خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تیه‌كان ده‌ستپێكاته‌وه‌، كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر گه‌نج و هاوڵاتی توێژه‌ جیاجیاكان به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، دوور له‌ئینتیمای تایفی یان قه‌ومی، داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ چ جای داواكردنی ده‌ستهه‌ڵگرتنی حزبه‌كان له‌ ده‌سه‌ڵات، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان چه‌ندین رێ‌و شوێنی ئه‌منییان گرتۆته‌ به‌ر، به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخه‌كه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*