سەرەکی » هەواڵ » رۆژئاوا، یەكێتی بەشداری لە پرسەی مامۆستا حەمید دەروێش دەكات

رۆژئاوا، یەكێتی بەشداری لە پرسەی مامۆستا حەمید دەروێش دەكات

وەفدێكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتیی هەرێم كەمال ئاغا، سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كرد بۆ بەشداریكردن لەپرسەی تێكۆشەری گەورەی گەلەكەمان مامۆستا حەمید دەروێش.
لەمیانەی بەشداریكردن لەپرسەكەدا، هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی سەركردایەتیی (ی.ن.ك) هاوخەمیی جێگرانی سكرتێری گشتی‌و مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و ئەندامانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی گەیاندە بنەماڵەی تێكۆشەری مامۆستا حەمید دەروێش‌و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لەسوریا.
هەر لەسەردانەكەدا، وەفدی یەكێتی، لەقامیشلۆ سەردانی بارەگای پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كوردی لەسوریا كرد‌و لەلایەن ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتییەوە پێشوازییكرا، پاشان سەردانی بنەماڵەی مامۆستا دەروێش-یان كرد.
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیشدا، هەرێم كەمال ئاغا، ئاماژەی بەڕۆڵ‌و تێكۆشان‌و مێژووی خەباتی زیاتر لە 60 ساڵی مامۆستا حەمید دەروێش كرد‌و رایگەیاند: مامۆستا حەمید، قوتابخانەیەكی دەوڵەمەندو پڕ ئەزموونی رێی خەبات‌و جوامێرێكی ماندوونەناسی قوربانیدانی رۆژئاوای كوردستان بوو، یەكێكبوو لەدامەزرێنەرە سەرەكییەكانی یەكەم حزبی سیاسیی كورد ساڵی 1957 لەڕۆژئاوای كوردستان. وتیشی: مامۆستا حەمید دەروێش؛ هەڤاڵ‌و هاوڕێیەكی زۆر نزیكی سەرۆك مام جەلال بوو، یەكێكبوو لەهاندەرو هاوكارە سەرەكییەكانی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵی 1975‌و بەدرێژایی مێژووش پشتیوانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بووە.
ئەوەشی خستەڕوو كە مامۆستا حەمید دەروێش لە لەیەكترنزیككردنەوەو رێنوێنیكردنی لایەنە سیاسییەكان بۆ ئاشتەوایی‌و خەباتی مەدەنی‌و بەیەكەوە كاركردن و گیانی لێبوردەیی، دەوری گەورەی بینیوە، بۆیە كۆچی دوایی بەڕێزیان، كەلێنێكی گەورەیە بۆ خەباتی رەوای میللەتەكەمان بەتایبەت ئێستا كە ناوچەكەو رۆژئاوای كوردستان بەبارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*