سەرەکی » دۆسێ » كۆنگرێس ژمارەیەك سزا بەسەر توركیادا دەسەپێنێت

دەەنگۆی دوورخستنەوەشی هەیە لە (ناتۆ)

كۆنگرێس ژمارەیەك سزا بەسەر توركیادا دەسەپێنێت

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، ژمارەیەك سزا بەسەر توركیا دەسەپێنێت، هۆكاری سەپاندنی ئەم سزایانەش بۆ هێرش و پەلامارە سەربازییەكەی ئەم دواییەی سوپای وڵاتەكە دەگەڕێتەوە بۆسەر ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، لە هەمان كاتدا دەنگۆی ئەوە هەیە، ئەنقەرە لە هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دووربحرێتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا (كۆنگرێس) بە زۆرینەی دەنگ ژمارەیەك سزای بەسەر توركیادا سەپاند، هۆكارەكەشی بۆ هێرشەكانی وڵاتەكە بۆ سەر باكووری خۆرهەڵاتی دەگەڕێتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە كۆبونەوەی 29ی تشرینی یەكەمی 2019، بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێكی پەسەند كرد، كە داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەكات بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە بۆسەر باكووری خۆرئاوای سوریا، سزای زیاتر بەسەر بەپرسانی ئەنقەرەدا بسەپێنرێت.
پرۆژە یاساكە بە دەنگی 403 ئەندام بەبەڵی و 16 دەنگیش بە نەخێر پەسەندكرا بە پێویستیش دەزانرێت، فرۆشتنی چەكی ئەمریكایی بە توركیا رابگیرێت، داواش دەكات سزای ئەو بەرپرسە توركانەش بدرێت كە راستەخۆ لە هێرشەكانی توركیادا بۆ سەر باكووری خۆرهەڵاتی سوریا بەشداربوون، بەپێویتیش دەزانرێت لە ماوەی 30 رۆژدا ناوەكان رەوانەی كۆنگرێس بكرێت، بڕیارەكەش وەزیری بەگری، سەرۆك ئەركان و دووەم بەرپرسی باڵای سوپای توركیا و چەند بەرپرسێكی تر دەگرێتەوە كە راستۆخۆ لە هێرشەكاندا بۆ سەر باكووری خۆرهەڵاتی سوریا بەشداربوون.
پرۆژە یاساكە، داوا دەكات سزا بەسەر ئەو بانكانەدا بسەپێنرێت كە مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری توركیادا دەكەن، داواش دەكات بەهۆی كڕینی سیستەمی بەرگری (S-400)ی روسی لەلایەن توركیاوە سزای بەرپرسانی باڵای ئەنقەرە بدرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا كۆنگرێس جینۆسایدی ئەرمەنەكانیشی پەسەند كرد، كە بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان، لە 24ی نیسانی 1915 زیاتر لە یەك ملیۆن و و 500 هەزار ئەرمەنی بەهۆی هێرشەكانی دەوڵەتی عوسمانی بۆ سەر كورد كوژراون.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەهۆی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆئاوای كوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا زیاتر لە 300 هەزار كەس ئاوارە بوون و بە سەدان هاوڵاتی برینداربون و دەیان هاوڵاتی مەدەنیش كوژراون، بەو هۆیەش ئەندامانی كۆنگرێس لە سەرەتای هێرشەكانەوە داوای سەپاندنی سزایان بەسەر توركیادا كرد.
هەروەها ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو، كۆشكی سپی بڕیاریدا لەمەودوا ڤیزای چوونە نێو ئەمریكا، بە سێ وەزیری حكومەتی توركیا نەدات كە لە وەزیرەكانی بەرگری و دەرەوە و ناوخۆی توركیا پێكدێن، ئەمەش بەهۆی بەشداریی راستەوخۆیان لە هێرش و پەلامارەكانی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر وڵاتەكە بۆسەر ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا كە بووە مایەی كوژرانی دەیان و برینداربوونی سەدان مەدەنی و ئاوارەبوونی سەداهەزار كەسی تر لە ناوچەكە.
لەلایەكی ترەەوە، بەهۆی هەڵسوكەوتە سەربازییەكانی كە لەگەڵ پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و بەڵێنە نێودەوڵەتییەكاندا یەكانگیر نابێت، دەنگۆی ئەوە هەیە ئەنقەرە لە هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دووربخرێتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا بەپێی ڕاپرسییەك، زۆرینەی ئەڵمانەكان لەگەڵ ئەوەدان توركیا لە هاوپەیەمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دووربخرێتەوە.
راپرسییەكە لەسەر داوای ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی ئەنجامدراوە، ئەو هەنگاوەش لەكاتێكدایە كە هێرش و پەلاماری سەربازی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا كاریگەری كردووەتە سەر پەیمانی ناتۆ، لای خۆشیەوە سەركردەكانی پارتی چەپ لە ئەڵمانیا، داوای دوورخستنەوەی توركیا دەكەن لە هاوپەیمانی (ناتۆ).
لەو بارەیەوە روڵف موتسنیس سەرۆكی فراكسیۆنی سۆشیال دیموكراتەكان، گومانی خۆی بەرانبەر شەرعیەتی ئەندامێتی توركیا لە (ناتۆ)دا دەربڕیبوو.
لە ڕاپرسییەكەدا، لەسەدا 58ی ئەڵمانەكان لەگەڵ دوورخستنەوەی توركیادابوون لە هاوپەیمانی (ناتۆ) و لەسەدا 18ی ئەڵمانەكانیش ئەو بیرۆكەیە رەتكردبووەوە.
میدیاكانی ئەڵمانیا پێیانوایە ئەو هێرشانەی توركیا بۆ سەر باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، دەستوەردانی سەربازییە و لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی (ناتۆ)دا ناگونجێن، هێرش و پەلامارەكانیش هەر تەنیا نابێتە مایەی ئەوەی كە دەرفەت بۆ رێكخراوی تیرۆرستی داعش خۆش ببێت بۆ خۆڕێكخستنەوە و سەرهەڵدانەوە، بەڵكو دەبێتە مایەی هەڵاتنی چەكدارە دیلەكانی رێكخراوەكەش كە لەئێستادا لە گرتوخانەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)دا دەستبەسەرن، لەگەڵ ئەوەشدا
دەبێتە مایەی بەهێزكردنی گەورەترین ركابەری (ناتۆ) كە روسیایە.
لە هەمان كاتدا زۆرینەی وڵاتانی ئەندامی (ناتۆ) رەخنەی توندیان لەو هێرش و پەلامارەكانی توركیا گرتبوو بۆسەر ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش دەستوردانی سەربازی توركیا لە ناوچەكەدا بەداگیركاریی پێشێلكردنی یاسا نیودەوڵەتییەكان وەسفكردبوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*