سەرەکی » دۆسێ » وڵاتان لە رەوشی عیراق نیگەرانن

هاووڵاتییەكانیان ئاگاداردەكەنەوە

وڵاتان لە رەوشی عیراق نیگەرانن

وڵاتانی نیگەرانی خۆیان بەرانبەر بە رەوشی ئێستای عیراق دەردەبڕن و هەندێكیشیان داوا لە هاووڵاتیانیان دەكەن سەفەر نەكەن بۆ عیراق.
وەزارەتی دەرەوەی كوێت تیمی دیپلۆماتكارەكانی لە كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان لە شاری بەسرەی باشووری عیراق كشاندەوە.
لە 9ی تشرینی دووەمی 2019، سەرچاوەیەكی دیپلۆماتی كوێت، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵەكە، هۆكاری بڕیارەكەی بۆ رەوشی بەسرە گەڕاندەوە.
هەر لەو بارەیەوە، رۆژنامەی “رەئی”ی كوێتی بڵاویكردبووەوە، كونسوڵ و تیمی دیپلۆماتكاری وڵاتەكەیان لەڕێی دەروازەی سنووری عەبدەلییەوە دەگەڕێنەوە بۆ كوێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی روسیا، داوا لە هاووڵاتیانی روسی كردبوو، لەم ماوەیەدا سەردانی عیراق نەكەن، هۆكاریی ئەمەشی بۆ “رەوشی قورس و بەردەوامبوونی چالاكییە تیرۆریستییەكان” لە هەندێك ناوچەی عیراقیدا گەڕاندبووەوە.
بەپێی ماڵپەڕی (RT)، لە 9ی تشرینی دووەمی 2019، وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەو ڕەوشە قورسە كردبوو كە لە عیراقدا رەخساوە لەگەڵ “بەردەوامبوونی چالاكی تیرۆریستی لە هەندێك ناوچەی عیراقی و ئاستەنگەكانی بەردەم پێشكەشەكردنی یارمەتی و هاوكاریی لەلایەن كونسوڵخانەكانی وڵاتەكەوە لە عیراق، بۆیە سەردانی هاووڵاتیانی روس بۆ عیراق مەترسی زۆر گەورەی هەیە”.
لە 6ی تشرینی دووەمی 2019، تاران داوا لە حكومەتی عیراق كردبوو، رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی نێوەندە دیپلۆماسییەكانی ئێران لە عیراق.
عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئەوەی هێرشكردنەسەر كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە كەربەلا مەحكوم كردبوو و رایگەیاند»تاران لە رێگای كەناڵە سیاسییەكانەوە نیگەرانی خۆی گەیاندووەتە عیراق و جەختی لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست كردبووەوە بۆ دابینكردنی ئاسایش بۆ نێوەندە دیپلۆماسییەكانی ئێران لە عیراق لە چوارچێوەی بڕیار و بەڵێننامە نێونەتەوەییەكان.
موسەوی داوای لە عیراق كردبوو، پارێزگاری لە بارەگا دپیلۆماسییەكان بكات و لەو بارەیەوە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.
هەر لە بارەی رەوشی عیراق و خۆپیشاندانەكان، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ڕایگەیاندبوو، بەكارهێنانی هێزی لەڕادەبەدەر دژ بە خۆپیشاندەران لە عیراق قبوڵناكرێت، بەپێویستیشی زانیبوو رێز لە مافە بنەڕەتییەكانی گەلی عیراق لە گردبوونەوە و داواكردنی مافەكان بەپێی دەستوری وڵاتەكە، بگیرێت.
فیدیریكا موگیرینی، بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە 7ی تشرینی دووەمی 2019 لە بەیاننامەیەكدا كە لە برۆكسل بڵاوكرایەوە، رایگەیاندبوو” بەكارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەر دژ بە خۆپیشاندەران مایەی نیگەرانییە، هەواڵەكانی تایبەت بە هێرشی چەكدارانیش بۆسەر خۆپیشاندەران، مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ڕادەربڕین و داواكاردنی مافە ڕەواكان، پێشێل دەكات”.
بە گوتەی موگیرینی”وێڕای دووبارەكردنەوەی داواكاریی دانبەخۆداگرتن، قوربانی نوێ‌ كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆر بریندار هەیە، تێبینیش كراوە سامان و كەلوپەلی گشتی و تایبەت خاپوركراون. یەكێتی ئەوروپا هیواخوازە بەرپرسانی ئەو پێشێلكارییانە دەستگیربكرێن و بدرێنە دادگا”.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوروپا دەڵێت”یەكێتی ئەوروپا و ئەندامانی یەكێتییەكە، پشتیوانی تەواو لە یەكێتی و سەروەریی عیراق و سەلامەتی خاكەی و دیالۆگی هەمەلایەنە دەكەن وەك ئامرازێك بۆ بەرەوپێشچوون. ئامادەشە پشتگیری لە كارەكانی حكومەتی عیراق بكات بۆ فەراهەمكردنی پێویستی هاووڵاتیان و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و باشكردنی ئیدارە و ڕەخساندنی هەلی كار”.
هەر لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عیراق، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی بەرانبەر بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی خۆپیشاندانەكانی عیراق دەربڕیبوو.
گۆتێرێش لە بەیاننامەیەكدا داوای ئەنجامدانی لێڵكۆڵینەوەی راستگۆیانە كردبوو لە سەرجەم ئەو توندوتیژییانەی لەكاتی خۆپیشاندانەكان لە عیراقدا روویاندا.
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت»بەپێی راپۆرتەكان چەك دژی خۆپیشاندەران بەكاردەهێندرێت، ئەمەش مایەی نیگەرانی زۆرە».
هەروەها داوای كردبوو لێكۆڵینەوە بكرێت لەو توندوتیژییەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەكارهێنراوە، دەست بە گفتووگۆ بكرێت لەنێوان حكومەت و خۆپیشاندەران.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتۆتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا سەدان كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*