سەرەکی » ئاراستە » شه‌هید به‌هادین ره‌وه‌زێكی چیای گوڵێ

شه‌هید به‌هادین ره‌وه‌زێكی چیای گوڵێ

ئازاد سه‌راوی

شه‌هید به‌هادین ره‌وه‌زێكی چیای گوڵێ

به‌ دوو چاوی دوربینه‌وه‌ تیل ده‌یڕوانی (پیاویك وه‌ك شێر) كه‌ چاوێكی پێچه‌وانه‌ی چاوه‌كه‌ی تری ده‌نوقاند هاوڕێكانی ناویان لێ نابوو (به‌هه‌ كوێر)، ئه‌و نازناوه‌ پێناسه‌ بوو بۆ هه‌ڵمه‌ت و به‌ره‌نگاری، له‌ شاخ و شار، بۆ ساڵانی هه‌شتاكانی سلێمانی، بۆ پێكدادانی بازاڕ و، كوچه‌ و كۆڵانی قه‌راخ شار.
كوچه‌ و كۆڵانی شاره‌كه‌ی سلێمانی ده‌یانناسی، بیستبویان ده‌نگ و باسی، كه‌ ناوی به‌هادین ده‌هات لاوه‌كانی شار ده‌خرۆشان، جه‌للاده‌كانی ڕژێمیش له‌ ترسان دا ده‌كه‌وتنه‌ چۆقه‌ چۆقی دان.
چالاكییه‌كانی ناو شاری سلێمانی جێگه‌ په‌نجه‌ی به‌هادینی بێوه‌ دیاره‌، تا ئیستاكه‌ ده‌مانچه‌كه‌ی له‌ سه‌ر پێ یه‌ و فیشه‌كی تۆڵه‌ی لێ سواره‌، شه‌قام و كوچه‌ و كۆڵانی سلێمانی، شایه‌د حاڵی سه‌رده‌مێكن، به‌هادین و هاوڕێكانی دارتێله‌كانی سه‌رایان بۆ داگیر كه‌ر، كردبووه‌ په‌تی سێداره‌.
سلێمانی بۆ دوژمنان ببووه‌ جێگه‌ی ترس و گومان، ترس له‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی ڕێكخستنه‌كانی ناو شار و، گومان له‌ كوچه‌ و كۆڵانی، له‌ كوڕانی چوار باخ و برایم پاشا، له‌ شێرانی مه‌جیدبه‌گ و له‌ سه‌ر كارێز و سه‌یوانی، ترس له‌ شێره‌ پیاوانی سلێمانی.
سلێمانی، شارێكی سرك و نه‌به‌ز و یاخی بووه‌، هیچ داگیركه‌ر و زۆردارێك نه‌یتوانیوه‌ ده‌سته‌مۆی كات، یان ملكه‌چی سیاسه‌ت و بڕیاری خۆی كات، له‌ ڕاپه‌ڕینی به‌ر ده‌ركی سه‌رای جاران، تا ده‌گاته‌ شۆڕشی نوێ، مێژویه‌كی دورو درێژ هه‌ر قوربانی و خوێنی ده‌وێ، هه‌تا ده‌گاته‌ حه‌وتی سێ.
سلێمانی، پڕه‌ له‌ شه‌قڵی پیاوانه‌، له‌ نه‌سره‌وتن، له‌ هه‌ڵدێر و هه‌ڵه‌نگوتن، له‌ سه‌ر كه‌وتن، له‌ هه‌ڵسانه‌وه‌ له‌ كه‌وتن، سلێمانی له‌ پێناو سه‌ر فرازی دا تێكۆشیوه‌، له‌و پێناوه‌ش هه‌زارانی وه‌ك به‌هادینی به‌ خشیوه‌.
قه‌یوان ماوه‌ت، داستانی 102 ڕۆژه‌ی شه‌وانه‌ ڕۆژی پێشمه‌رگه‌، ناوچه‌یه‌كی به‌ر فراوان له‌ سه‌نگه‌ر لێدان و شه‌ڕگه‌، هه‌ر له‌ كه‌ڵكی قه‌یوانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ چیای گوڵێ، تۆپبارانی توپخانه‌كانی داگیركه‌ر هه‌ر بۆڵه‌ی دێ، هه‌ر گرمو وڕی فڕۆكه‌ و تانك و تۆپه‌ ده‌گاته‌ گوێ، قه‌یوان ماوه‌ت، بۆ پێشمه‌رگه‌ بووه‌ داستانی داستانان، بۆ دوژمنان فراوانترین گۆڕستان.
چیای گوڵێ، تا ئێستاكه‌ش گۆرانی و سرودێك ده‌ڵێ و ده‌یڵێته‌وه‌، ساته‌ وه‌ختی گیان سپاردنی، به‌هه‌كوێر، وه‌كو داستان باس ده‌كا و ده‌گێڕێته‌وه‌، داستانێك پڕاو پڕیه‌تی له‌ گیان به‌خشین، له‌ وه‌رزی گه‌ڵاڕێزان و له‌ هه‌ڵوه‌رین، داستانێك كه‌ تا ئێستاكه‌ش ئه‌ و شاخ و كێوو به‌نده‌نه‌ ده‌یڵێته‌وه‌، به‌هه‌كوێر بوه‌ته‌، به‌یداغی و له‌ سه‌ر لوتكه‌ی به‌رزی گوڵێ، له‌ به‌رزی ده‌شه‌كێته‌وه‌.
ئێستا به‌هادین بوه‌ته‌ ڕه‌وه‌زێكی چیای گوڵێ، بوه‌ته‌ هێشویه‌ك ترێ، بوه‌ته‌ ملوانكه‌یه‌كی سور بۆ مل و گه‌ردنی گوڵێ، به‌ سه‌ر په‌رچه‌م و ئه‌گریجه‌ی ماوه‌ت دا شۆڕ بوه‌ته‌وه‌، وه‌ك مێخه‌كبه‌ند بۆنی ده‌گاته‌ ماڵان و، هه‌وارانی بناری دێ، دار و به‌ردو ده‌شت و هه‌ردو هه‌وراز و نشێوی گوڵێ، بۆنی به‌هادینی لێ دێ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*