سەرەکی » کەلتوور » بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ، مەراسیمێکى شاسیتەى بۆ بوونى سلێمانى بە شارى ئەدەب رێکخست

بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ، مەراسیمێکى شاسیتەى بۆ بوونى سلێمانى بە شارى ئەدەب رێکخست

شەوى 24/11/2019 لە هۆتێل راماداى شارى سلێمانى بنکەى روناکبیریی گەلاوێژ، بە ئامادەبونى (مەلا بەختیار) سەرپەرشتیارى ناوەندى رۆشنگەرى چاودێر و پارێزگارى سلێمانى و بەرپرسى سەنتەرى کلتورى کەشکۆڵ لە زانکۆى ئەمەریکى و لێپریسراوى ناوەندى رۆشنگەرى چاودێرو ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایانى زانکۆو ئەدیب و نووسەرو شاعیرو هونەرمەندو کەسایەتییەکانى شارى سلێمانى مەراسیمێکى شایستەى بۆ بوونى سلێمانى بەشارى ئەدەب رێکخست.
لە سەرەتاى مەراسیمەکەدا پیشانگەى فۆتۆگرافى (هێمن جەمیل) کرایەوە، کە ژمارەیەک فۆتۆى شارى سلێمانى لەخۆگرتبوو، دواتر (د. ئیبتسام ئیسمماعیل) سەرۆکى بنکەى روناکبیرى گەلاوێژ وتەى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژى خوێندەوە، لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وتى: «هەڵبەتە ئەم نازناوە نامۆ نییە بە شارێکى وەکو سلێمانى، کە لە مێژووى کەمى دروستبوونیدا چەندین سەروەرى تۆمارکردووە، خەرمانێک لە داهێنان و شاڕایەکى لە شیعر و ئەدەب، لە ئەدەبى زارەکى تا دەگاتە نێو قوڵایى خامەو پەڕەمووچى زاناکانمان هەر لە تەکیەو خانەقاکانى تا دەگاتە لوتکەى دەزگا ئەکادیمییەکان.
وتیشی: بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ لەسەرەتاى دامەزراندنییەوە هەتا ئەمڕۆش، سەرمەشقەو نێوەندى پێشبڕکێى روناکبیران بووە، هەوڵەکانى دەستەى دامەزرێنەرو کارمەندانى بەدرێژایى ئەم چەند ساڵە جێگەى بەرز نرخاندنە، ئەوانیش پشکێکیان هەبووە لە وەرگرتنى ئەم نازناوە… (22) ساڵ پێشبڕکێى ئەدەبى و هێنانى ژمارەیەکى بەرچاو لە وڵاتانى جیهان و ئاڵۆگۆڕى فیکرى و ئەدەبى جێگەى خۆى دەگرێ، ئەم بەردەوامییە بۆتە هۆى ئەوەى مەشخەڵى فکرى ئازاد لەم شارە کڵپە بسەنێت.
پاشان پارێزگارى سلێمانى و بەرپرسى سەنتەرى کلتورى کەشکۆڵ لەزانکۆى ئەمەریکى دو وتەى جیایان پێشکەش کرد،
دواتریش (مەلا بەختار) سەرپەرشتیارى ناوەندى رۆشنگەرى چاودێر وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا سوپاسى هەموو ئەوانەى کرد کە لە هەوڵى ئەوەدا بوون کە شارى سلێمانى بکرێت بە شارى ئەدەب، دواتر ئاماژەى بەسەرجەم ئەو چالاکییە ئەدەبى و هونەریانەدا کە لە شارى سلێمانى لە چەند ساڵى رابردوودا ئەنجامدراون، هەروەک ئاماژەى بە فێستیڤاڵى گەلاوێژدا کە (22) ساڵە بەبەردەوامى ئەنجامدەدرێت و بیست و سێیەمین فێستیڤاڵیش لە ساڵى داهاتوو ئەنجام دەدرێت، کە هەموو ئەو چالاکییە ئەدەبیانەى لە شارەکە ئەنجامدران، بوون بە شایانى ئەوەى سلێمانى ئەو نازاناوەى پێبدرێت.
پاشان لەمەراسیمەکەدا چەندین شیعر لەلایەن شاعیرانەوە خوێندرانەوە، هەروەها فیلمێکى دۆکیۆمێنتارى لەسەر مێژووى شارى سلێمانى نمایشکرا لەکۆتایشدا تیپى موزیکى (لوڕ) بەهاوبەشى هونەرمەند (بێژەن جەزا)، ئاهەنگێکى گۆرانیان بەڕێوەبرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*