سەرەکی » ئاراستە » پیاوێکی‌ مەنگ لەناو گۆمی سەوزی‌ مێژوودا

دكتۆر پێشەوا

پیاوێکی‌ مەنگ لەناو گۆمی سەوزی‌ مێژوودا

چاپوک سەید عومەر

كۆچی ناوادەی د.پێشەوا تاڵەبانی زۆر جێی داخ و کەسەر بوو. پیاوێکی‌ زانا و تێکۆشەرێکی‌ پاک و نموونەی‌ خەڵکی‌ دڵسۆز و خاوەن باوەڕ و کرداری‌ جوان بوو. یەکێک لە هاوڕێبازە هەرە سەرڕاستەکانی‌ جەنابی‌ مام جەلال بوو دوا کۆچەکەشی‌ کەوتە هەمان ساڵڕۆژی جەنابی مام جەلالدا.
دكتۆر پێشەوا، لە هەشتاکاندا ئەندامی سەركردایەتی (ی ن ك) بوو، كادیرێكی كارای راگەیاندن بوو. لە نووسیندا رۆڵی لە كۆسار و رێبازی نوێ هەبوو، دواتر كە لێپرسراوی راگەیاندنی شۆڕشگێران بوو، لە رزگاری كەمانگنامە بوو و زمانحاڵی یەکێتی‌ شۆڕشگێڕان بوو رۆڵی گەورەی هەبوو. گۆڤاری كوردایەتی كە یەكێك لەنایابترین گۆڤاری چاپكراو بوو، دیارترین نووسەر و سەرنووسەری گۆڤارەكە بوو. رۆڵی گەورەی هەبوو لە دەركردنی گۆڤاری مانگانەی نهێنی رۆشنبیری تایبەت بە ئەندامان.
سەرپەرشتیاری هەردوو خولی كادیرانی شۆڕشگێڕانی ساڵی 1984 و ساڵی 1985 بوو، من یەكێك لە خوێندكارەكانی ئەو ساڵە بووم.
پیاوێكی بێ لاف و گەزاف و سادەو جدی و پێداگرو بەڕكابەر بوو، بەرلەوەی لەساڵی 1981 ببێتە پێشمەرگە، لەدوا قۆناغی زانكۆی بەغدا لەگەڵ كۆمەڵێك خوێندكار دەستگیر دەكرێت و دواتر بەرلێبوردنی گشتی دەكەون و دێتە دەرەوە بۆ شاخ، ئەگەر بە جوملەیەكی كلاسیك وەسفی بكەم زۆر بێ ئیمتیازو فەرید بوو لەنەوعی خۆی.
هەموو كادیرەكانی ئەو سەردەم بە مەعریفەتی سەرسام بووین، بۆیە لە هەڵبژاردنەكانی كۆنفرانسی خەتێ 104 دەنگی هێنا لەكۆی 108 دەنگ، تەنها دوو دەنگی لە هەڤاڵ مام جەلال كەمتر هێنا. دانووی لەگەڵ كەم كەس دەكوڵا بەو مانایەی‌ تێکەڵا,بوونی‌ سنووردار بوو، بۆیە ئاساییە لام كە كەم كەس بیناسێ، مام جەلالی زۆر خۆشدەویست عەهد و پەیمانی كۆچەكەشی كەوتە هەمان رۆژی‌ وەفاتی‌ جەنابی‌ مام جەلال.
رەحمەت لەگۆڕت پیاوە مەنگەكەی ناو گۆمە سەوزە بێدەنگەكەی مێژوو.

ئەزیز مردە

باوكی‌ پاڵە

کوردان جوانیان ووتووە: برا مردن پشتت پێی دەشکێ… ئەی‌ ئەگەر براکەت پێشەوایەک بێت! تێکۆشەر و رابەرێک بێت، وەک پەڕەی‌ گوڵ، باڵێ پەپوولە پاک بێت. بۆتەی‌ وتەی‌، کرداری‌ و بزاوتەی‌ هەمووی‌ خاوێن و چاک بێت.
«چۆن وەک ئازیز مەردە دەست لە ئەژنۆ بەر ئەدەم»، دنیا پڕ ناڵێن و فیغان ناکەم، بەڵام چی‌ بکەم شەڕی قەدەر ناکەم، ناچارم فرمێسکم بسڕم شکوری‌ خوداکەم
ئەوەی‌ نەختێ سەبووریم بۆ دێنێەوە، خەمم دەڕەوێنێتەوە، دڵم دەداتەوە، لەم کۆچە ناوەختەدا هێزم بەبەردا دەهێنێتەوە، لەبەر کرداری چاکی‌، لەبەر ڕەوشتی‌ پاکی‌، لەبەر خزمەتی‌ بۆ گەل و خاکی‌، خەڵکی‌ هەموو هاوبەشمن لە دڵتەنگی‌ و خەمناکی‌
بۆیە ناومان نا پێشەوا تا لەسەر ڕێبازی‌ مام و پێشەوا خزمەتی‌ میللەت بکا و نیشتمان ئاوا بکا.
ئەگەر کۆچی‌ تۆ بۆ ئێمە سەختە، هێندە ناوەختە، میللەت پێویستی‌ بە خزمەت، کوڕ و کچەکانت پێویستیان پێتە، بەڵام حاجی‌ گوتەنی‌
مردن و ژین میسلی‌ سێبەر و تاوە
ئـەوەی‌ باقـی‌ بمێنـێ هــەر نـاوە

دڵنیام ناوت لەگەڵ پیر و چاکانە، تۆ وەلی‌ بووی‌، وەلی‌ زەمانە، هەر رەحمەتم بۆت لەسەر زمانە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*