سەرەکی » دۆسێ » رەوتی حیكمە: دوای 45 رۆژەكە متمانە لە حكومەت دەستێنرێتەوە

ماوەكە بە مۆڵەتێكی باش دادەنێت

رەوتی حیكمە: دوای 45 رۆژەكە متمانە لە حكومەت دەستێنرێتەوە

ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی كە لەلایەن عەممار حەكیمەوە سەركردایەتی دەكرێت ڕایدەگەیەنێت، پەرلەمان ڕوو لە كێشانەوەی متمانە دەكات لە حكومەت، گەر لەو مۆڵەتەی بۆی دیایكراوە چاكسازییەكان و داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ‌ نەكات.
فورات تەمیمی، پەرلەمانتاری ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند”ئەو بەڵێننامەیەی ئیمزای لەسەركرا لەلایەن هێزە سیاسییەكانی عیراق، نەخشە ڕێگەیە بۆ حكومەت و پەرلەمان و دادوەریی، هەر ئەوەشە كە مەرجەعیەت لە وتارەكانی پێشوویدا داوای كردووە لەڕیی دیاریی كردنی خشتەیەكی كاتی بەرچاو ڕوون بۆ هەموان”.
بە گوتەی تەمیمی”جێبەجێكردنی نەخشەكە، بەبێ‌ پابەندبوون بەو ماوەیەی دیاركراوە نابێت بەپێچەوانەشەوە، ڕوو لە متمانە كێشانەوە لە حكومەت دەكەین گەر لەو ماوەیەی دیاریكراوە بۆ چاكسازیی و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران كە هەمووی لەلایەن مەرجەعیەتەوە تەئكیدی لەسەركراوەتەوە، حكومەت ئەركی سەرشانی جێبەجێ‌ نەكات”.
پەرلەمانتارەكەی رەوتی حیكمەی نیشتمانی دەڵێت:”نەخشە ڕێگەكە، دوایین هەلی بەردەمی حكومەتە، تا ڕاستگۆیی خۆی بسەلمێنێت، بە هەمان شێوە بۆ پەرلەمانیش، چونكە گەر پەرلەمانیش شكستخواردوو بوو لە داڕشتنی یاسا گرنگەكان، ئەوا پێویستە ئەویش خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕوو لە هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت”.
تەمیمی هەر لەبارەی مۆڵەتی ئەو 45 ڕۆژەی لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە دراوە بە حكومەت دەڵێت، ئەوانەی ئەو ماوەیە بە كەم دەزانن بۆ چاكسازیی، سەر بە حكومەتن و لە حكومەتدا بەشدارن، ئەو بیانووەش بە نا لۆجیكی دادەنێت.
فورات تەمیمی پێیوایە:”ئەوانەی مۆڵەتی 45 ڕۆژ بۆ حكومەت بەكەم دەزانن، تا تێیدا چاكسازییەكان ئەنجام بدات و داواكاریی خۆپیشاندەران جێبەجێجێ‌ بكات، ئەو لایەنە سیاسیانەن كە پشتیوانی لە حكومەت دەكەن و بەشدارن لە حكومەتدا، ئەمەش بیانوویەكی نالۆجیكییە”.
تەمیمی دەڵێت:”مۆڵەتی 45 ڕۆژەكە مۆڵەتێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی ئەو چاكسازیانەی ڕێكەوتنیان لەسەركراوە، ئەو بیانوانەی دەهێنرێنەوە، ئێمە بڕوامان پێیان نییە و بە ناواقعی تێیاندەڕوانیین، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت هەندێك لە داواكارییەكان كاتی زیاترییان بوێت، وەك هەموارە دەستورییەكان و فەراهەمكردنی هەلی كار و خزمەتگوزارییەكان و چارەسەركردنی قەیرانی نیشتەجێبوون، بەڵام ئەوەی ڕێكەوتی لەسەركراوە و لە بەڵێننامەكەدا ئیمزاكرا، دەكرێت لەو ماوەیەی بە 45 ڕۆژ دیاریكراوە جێبەجێ‌ بكرێت گەر ڕاستگۆیی لەیەن هێزە سیاسییەكانەوە هەبێت و خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنیاندا نەبێت”، جێبەجێكردنیشی بە دەرخستنی نیازپاكی چینی سیاسی بەرانبەر بە جەماوەر لەقەڵەمدا.
لەبارەی كارەكانی پەرلەمانیشەوە، ئەو پەرلەمانتارەی رەوتی حیكمە وایدەبینێت كە دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایانەی لەلایەن حكومەتەوە رەوانە كراون، كاری پێشینەی ئێستا پەرلەمانە، لەوانەش یاسای هەڵبژاردن و یاسای كۆمسیۆن و دەنگدان لەسەر یاسای كۆتایی هێنان بە كاری ئەنجومەنی پارێزگەكان، چونكە ئاشكرایە پێشتر بڕیار لەسەر كۆتایی هێنان بە كارەكانی ئەو ئەنجومەنانە درا، بەڵام لەئێستادا تانە هەیە لە بڕیارەكە”.
بە گوتەی تەمیمی:”لەپێناو ئەوەی پرۆسەكە دەستوری و یاسایی بێت، روومان لە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن كرد بۆ ئەنجومەنی پارێزگەكان، ئەمەش لەپێناو كۆتایی هێنان بە كاریی ئەنجومەنی پارێزگەكان بەشێوەیەكی راستەقینە و بەشێوەیەكی یاسایی كە لەگەڵ دەستوردا هاوتابێت، ویڕای یاساكانی تری وەك (ئەمەت لەكوێ‌ بوو؟) كە پەیوەندی بە بنبڕكردنی گەندەڵییەوە هەیە”.
پەرلەمانتارەكەی رەوتی حیكمەی نیشتمانی پێیوایە:”ئەوەی لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەئەنجام گەیشت، دەستكەوتێكی گەورە و گرنگ بوو لەڕووی هەوڵەكانی بنبڕكردنی گەندەڵی سەبارەت بە یاسای دەستەی نەزاهە و یاسای دەستكەوتی نەشیاو لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتەكانی بەرپرسان و هەمواری یاسای خانەنشینی، دەكرێت ئەمانە هەندێك لە كێشەكان چارەسەر بكەن و یەكێك لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانیش بهێننەدی”.
پێشتر لایەنە سیاسییەكانی عیراق لە 19ی تشرینی دووەمی 2019، 45 ڕۆژ مۆڵەتیان دایە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران تا چاكسازییەكان ئەنجام بدات و داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ‌ بكات، جێگری دووەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراقیش لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو: “ئەو ماوەیەی لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە دیاریكراوە، دەكرێت ببێتە دەروازەیەك بۆ ئەنجامدانی چاكسازییەكان و كۆتایی هێنان بە تەنگژەكان”.
بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق رایگەیاندبوو “لانی كەم ئەو مۆڵەتەی لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە دیاریكراوە بۆ حكومەت، دەكرێت ببێتە مایەی كراوەنەوەی دەروازەیەك ئەگەر شەقامی عیراقی و خۆپیشاندەران پێی ڕازی ببن”.
بە گوتەی جێگری دووەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق، “دەكرێت لەماوەی ئەو 45 ڕۆژەی دیاریكراوە، شتە سەرەكییەكان بكرێن بەو یاسایانەی پێویستن، تا لەلایەن پەڕلەمانەوە دەربكرێن و كاریان لەسەر بكرێت، ئەگەر هەموو كارەكانیش نەكرێت، دەكرێت زۆرێكیان بەئەنجام بگەن، لەو ڕێگەیەشەوە ئەگەر متمانەیەك دروستبوو، دەكرێت نەخشەڕێگەیەكی تر دابنرێت”.
لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لە عیراق، لە 18ی تشرینی دووەمی 2019 كۆبوونەوەیەكیان لە بەغدا لە ماڵی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی سازكرد و بەڵێننامەیەكیان ئیمزاكرد كە تێیدا مۆڵەتی 45 ڕۆژ بۆ هەریەك لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەڕلەمان دیاری كرا، تا لەو ماوەیەدا چاكسازی سیاسی و ئابووری ڕیشەیی ئەنجام بدەن و داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ‌ بكەن.
بەپێی میدیاكانی عیراقیش، گەر حكومەت لەو ماوەیەدا نەیتوانی چاكسازییە پێویستەكان ئەنجام بدات، ئەوا لایەنە سیاسییەكان لە كۆبوونەوەكەیاندا هەڕەشەی ئەوەیان كردووە، سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان لاببەن و ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*