سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » كۆتایی سەردەمی عەبدولمەهدی..

كۆتایی سەردەمی عەبدولمەهدی..

كۆتایی سەردەمی عەبدولمەهدی و داهاتووی عیراق

ئەوەی عادل عەبدولمەهدی بەو رۆژگارە گەیاند، گەندەڵی و نادادی 16 ساڵی رابردووی وڵاتێكە، كە لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە هەمیشە لەپاڵ ئیرادەی سەرۆك وەزیرانەوە دەستی دەرەكی و شەڕی تائیفی و جەمسەربەندی، زیاتر لەهەر شتێكی تر كاریگەریی هەبووە و بۆ داهاتووش هەر سیاسییەكی عیراق لەو پێگەیەوە ئامانجی خزمەتی هاووڵاتیانی عیراق بێت، ناتوانێت هەر خۆی بەتەنها خاوەن بڕیار و قسەی كۆتایی بێت و دەبێت بۆ هەر هەنگاوێك حسابی ورد لەسەر دەرەنجامەكانی بكات،چونكە رەنگە بچووكترین هەنگاو كە ئامانجەكەی خزمەتی گشتیش بێت، لەدواجاردا زیانی بۆ جەمسەرێكی نێو عیراق هەبێت و بەمەش هەم رێگر و هەم نەیاری سەرسەختی بۆ دروست دەبێت، كە داهاتووی پێگەكەی دەخاتە بەردەم مەترسییەوە.
ئەوانەی ئێستا ئاڵا هەڵگری مەشخەڵی چاكسازین، خۆیان باش ئەو راستییە دەزان كە دۆخی ئێستای عیراق دەرەنجامی ساڵانی دوای رژێمی بەعسە، كە تێكڕای سەرۆك وەزیرەكانی رابردوو، هەر یەكەیان لەدەستێكەوە قەیرانی پێ سپێردراوە و دوای خۆشی بەدەستێكی تر قەیرانی جۆراوجۆرو گەورەتریشی بەسەرۆك وەزیرانی دوای خۆی بەخشیوە، گرفتی سەرەكیی كۆی حكومەتەكانی رابردوو بەكابینەكەی عادل عەبدولمەهدیشەوە (كە رێگەی پێ نادرێ چوار ساڵی كابینەكەی تەواو بكات) تەنها ئەوە بووە لەبری دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی، بەدروشم دژی نادادی و لەواقیعدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە و خۆشیان مەڵۆیەكی تریان خستۆتە سەر خەرمانی گەندەڵییەكانی وڵات و بەمەش تا ئەو كاتەی تەمەنی عیراق درێژتر دەبێت، سەكۆی نادادی و گەندەڵی زیاتر گەورە دەبێت، بە رەچاوكردنی ئەم راستییەش، دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی عیراق هیچ گۆڕانكارییەك ناخاتە خزمەتی هاووڵاتیانی ناڕازی و هەژار و بێ لانە، چونكە دوای عەبدولمەهدی هێشتا روون نییە داهاتووی عیراق بەچی دەگات و كێ لەو سیاسییانەی وڵات دەتوانێت هەروا بەئاسانی داواكاریی زۆری خۆپیشاندەران لەشەو و رۆژێكدا جێبەجێ بكات، بەتایبەت كە گۆڕینی سیستەمی سیاسی وڵات و هەمواری دەستوور لەپاڵ داواكاریی چاكسازی و باشتركردنی ژیان و گوزەران دەبینرێن،كە هەر لەسەرەتاوە بەئامانجێكی سیاسی بەشێك لەم خواستانە بە وێنەی خۆپیشاندەرانەوە لكێنران، لەكاتێكدا بەشێک لەوانەی بەهۆكاری گیرفان خاڵی و نەبوونی ژیانێكی شایستە لەسەر شەقامەكان بێدارن، لەمانای سیستەمی سەرۆكایەتیی وەك پێویست حاڵی نین و رەنگە بەشێکیشیان نەزانن گرنگی دەستوور چییە و بۆ دەبێت هەموار بكرێتەوە، یان لەئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەو گۆڕانكارییانە چین كە دەبینرێن یان دەبێت بكرێن؟ چونكە سەرجەم ئەوانەی ئێستا خاوەن قسە و پەیام و بڕیاری سیاسیی عیراقن، بۆ داهاتووی وڵات خۆیان ئامادەكردووە و شەڕی سەرەكی و كاریگەریشیان بەتەنها بەدەستهێنانی دەنگی ئەو هاووڵاتیانەیە كە لەسەر شەقامەكانن.
لەو دۆخە گرژ و پڕ كێشە و ناڕوونەشدا، دەبێت ئاماژە بەو راستییە بكرێت، عادل عەبدولمەهدی بەم تەمەنە بچووكەی كابینەكەیەوە بە بەراورد بە سەرۆك وەزیرانی پێش خۆی، بۆ كورد كاری گرنگی كرد ‌و بۆ داهاتووش ئەگەر عەبدولمەهدی بەردەوام بووایە لەسەر كارەكانی و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەنگاوی نابا بەئاراستەی رێكەوتن، هەرێم لەسایەی تێگەیشتنی عادل عەبدلمەهدییەوە دەیتوانی زۆر هەنگاو بەرەو پێشەوە بچێت، كە لەچەند رۆژی رابردوودا ئاماژەكانی بینران، بەڵام ئەم سەرەتایە بەبێ پیاوێك كە لە كورد وەك نەتەوە تێدەگەیشت و ئامادەیی هەبوو گفتوگۆ بكات و مافەكانی كورد بدات، هەروا ئاسان نابێت، بەتایبەت كە هەنگاوەكان بۆ بنیادنانەوەی هاوپەیمانێتیی كورد لەبەغدا هێشتا لەسەرەتادایە و كورد وێنەی جیاجیای هەیە لەپایتەخت.
رەنگە لەم قۆناغەدا باشترین بژاردە بۆ كورد هەر ئەوە بێت بۆ داهاتووی عیراق یەكدەنگ بێت و بەپرۆژە و بەرنامەی كوردانەوە ئامادەی گفتوگۆ بێت، ئەگەرنا هاوكێشەكانی عیراق بەجۆرێكن كە رەنگە لەگۆڕانكارییەكانیدا كورد زیانمەند بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*