سەرەکی » مانشێت » د.جوان ئیحسان: كۆنگرە دەبێتە وەرچەرخانێكی مێژوویی بۆ نوێبوونەوەی یەكێتی

رەشنووسی پەیڕەو و پڕۆگرام بۆ كۆنگرەی چوار ئامادەكرا

د.جوان ئیحسان: كۆنگرە دەبێتە وەرچەرخانێكی مێژوویی بۆ نوێبوونەوەی یەكێتی

قوباد تاڵەبانی: كۆنگرە لە ئاست چاوەڕوانیدا دەبێت

لیژنەی ئامادەكاری رەشنووسی پەیڕەوو پرۆگرامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆتاییهاتنی كارەكانی نووسینەوەو رێكخستنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بۆ كۆنگرەی چوارەم؛ راگەیاندو ئیمزای لەسەر كرا بەمەبەستی ناردنی بۆ كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی چوارەم.

لە 26 ماددە پێكهاتووە
دوێنێ لەسلێمانی، لیژنەی ئامادەكاری رەشنووسی پەیڕەوی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەسلێمانی كۆبۆوەو كۆتاییهێنا بەئامادەكارییەكان‌و نووسینەوەو رێكخستنەوەی پەیڕەوو پرۆگرام بۆ كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە لە 26 ماددە پێكهاتووە. لەبارەی كۆبوونەوەكەشەوە، لەلێدوانێكدا، د.جوان ئیحسان سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری رەشنووسی پەیڕەوو پرۆگرامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، رایگەیاند: ئەم پەیڕەوو پرۆگرامە نوێیەی یەكێتی، دەبێتەمایەی نوێبوونەوەو بوژاندنەوەی یەكێتی، وتیشی: لەم كۆبوونەوەیەماندا، كە تایبەتبوو بەپڕۆژەی پەیڕەو بۆ كۆنگرەی چوارەم، بەخۆشحاڵییەوە پێتانڕادەگەیەنم پەیڕەوی ئامادەكراو تەواوبوو، ئەمڕۆش رادەستی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی چواری دەكەین.

پەیڕەوەكە شایستەی كۆنگرەیە
لەدرێژەی قسەكانیدا، د.جوان ئیحسان، ئاماژەی بەڕۆڵی هەڤاڵان لەكۆمیتەی ئامادەكردنی پەیڕەوو پرۆگرامی كۆنگرەی چوار كرد‌و وتی: شەونخونیی زۆریان كرد، دڵسۆزی‌و لەخۆبووردوویی‌و بەئەمەكیی خۆیان نواند، بۆ ئەوەی ئەم پەیڕەوە بەم شێوە شایستەیەی ئێستای، پێشكەشی كۆنگرەی چوار بكرێت. وتیشی: پێویستە سوپاسی هەموو هەڤاڵان بكرێت لەتەواوی ئۆرگانە جیاجیاكان، بۆ سەرنج‌و تێبینی‌و راسپاردەو پێشنیازەكانیان، كە ئەم پڕۆژەیەیان دەوڵەمەندتر كردو كاری ئێمەیان لەلیژنەکە ئاسان كرد. لەهەمانكاتیشدا پیرۆزبایی دەكەم لەتەواوی سەركردەو كادرانی یەكێتی لەهەر شوێنێك بن، هەروەك كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیادەكەینەوە، كە یەكێتییەكەیان‌و كۆنگرەی یەكێتییەكەیان، دەبێتە وەرچەرخانێكی مێژوویی بۆ هەستانەوەو بوژانەوەو نوێبوونەوەی یەكێتییەكەمان‌و هەر لێرەشەوە هەمووان ئاگاداردەكەمەوە، كە یەكێتی چۆن لەڕابردوودا بەردەوام هێزێكی گەورە بووەو متمانەو ئومێدی دەبەخشییەوە بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، لەداهاتووشدا رۆڵێكی گرنگ‌و بەرچاوی دەبێت لەكوردستان، لەعیراق‌و ناوچەكەدا.

بەئومێدی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو
سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری رەشنووسی پەیڕەوو پرۆگرامی كۆنگرەی چوار، باسی لەوەشكرد لەڕابردوودا، بەداخەوە بەهۆی چەند هۆكارێكەوە، چەند جارێك كۆنگرەی چوار دواكەوت، بەڵام خۆشبەختانە توانیمان بەسەر كۆسپ‌و تەگەرەكاندا سەركەوتووبین‌و ئەم پەیڕەوە بەمشێوەیەی ئێستای ئامادەبكەین بۆ كۆنگرە، كە 21ی ئەم مانگە، دەیبەستین بەئومێدی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو، كۆنگرەی نوێبوونەوەو هەستانەوەو بەهێزبوونەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

نوێبوونەوە لە پەیڕەو و پڕۆگرام، دەردەكەوێت
لەلێدوانێكیشدا بۆ رۆژنامەنووسان لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند: كۆبوونەوەكەمان، كۆبوونەوەی لیژنەی پەیڕەوو پرۆگرامی ئامادەكاری بوو، خۆتان دەزانن ئەم لیژنەیە شەش حەوت ساڵە كارەكانیان بەردەوامە، دەتوانم بڵێم یەكێك لە ئەركە ئاڵۆزەكان خرایە ئەستۆی ئەم لیژنەیە، كە ئامادەكردنی پەیڕەوو پرۆگرام بوو بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گرانیی كاری ئەم لیژنەیە ئەوەبوو كە چۆن بتوانی پەیڕەوێك دابڕێژی و پەسەندی بكەیت، كە بگونجێ لەگەڵ خواست‌و پێویستییەكان‌و بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئێمە كە باسی نوێبوونەوە دەكەین، نوێبوونەوە لەپەیڕەوو پڕۆگرام، دەردەكەوێت. وتیشی: زۆرجار كە باسی كۆنگرە كراوە، باسی شەخس كراوە، باسی دەم‌وچاو كراوە، ئێمە لەیەكەم رۆژەوە وتوومانە نامانەوێ تەنها دەم‌وچاو بگۆڕین لەپێناوی گۆڕینی دەم‌وچاوێ، دەمانەوێت هەیكەلیەتەكە بگۆڕین، دەمانەوێت حزبەكەمان نوێبكەینەوە لەڕووی ئۆرگانی‌و تەنزیمییەوە، لەڕووی هەیكەلییەوە، تاكو بیگونجێنین وەك حزبێك كە وا ساڵی 2019یەو بەرەو 2020 دەڕۆین، بۆیە پێموایە بەشێكی زۆری تێبینی‌و داواكارییەكانی هەموو لایەنەكانی ناو یەكێتی كۆبكەینەوەو رەنگبداتەوە لەناو رەشنووسی پەیڕەودا كە نووسراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەمە رەشنووسە، ئەمە دوا نوسخە نییە، چونكە لەكۆنگرە ئەمە دەبێت پەسەندبكرێت‌و قابیلی دەستكاریكردنە لەناو كۆنگرەدا، بەڵام ئەمە وەكو رەشنووسێك ئەركی ئێمە ئەمە بوو ئەم پڕۆژەیە ئامادەبكەین‌و بچێت بۆ كۆمسیۆنی باڵا.

لەهەموو شوێنێك خەمی كادر و ئەندامان ‌و لایەنگرانی خۆمان بخۆین
لەبارەی ئەوەی كەركوك لەكوێی رەشنووسەكەو كۆنگرەی یەكێتیدایە، قوباد تاڵەبانی، وتی: كەركوك هەمیشە لەلووتكەدا بووە، پێموایە لەناو یەكێتی بەتێكۆشانی كادرەكانییەوە، بەتێكۆشانی ئەندامەكانییەوە، كەركوك وەكو هەموو شوێنەكانیتر، پێگەی خۆی دیارەو بەهێزە لەناو یەكێتی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بۆیە ئێمە دەبێت لە بادینانەوە تاكو خانەقین بەكەركوكیشەوە تاكو بەغدا، خەمی كادرو ئەندامان‌و لایەنگرانی خۆمان بخۆین، تاكو حزبێك بین كە بە فعلی هێزو كاریگەریمان هەبێت، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی عیراق‌و كاریگەریشمان هەبێت لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی.

پەیڕەو بۆ نەخشەڕێگای حزبمان
لەبارەی رەچاوكردنی دۆخی ئێستا، وتی: رەچاوی دۆخەكە كراوە، بەڵام پەیڕەوێك نانووسرێت تەنها بۆ ئەمڕۆ، پەیڕەوێك دەنووسرێت كە بتوانێت نەخشەڕێگای حزبەكەمان بێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو، وتیشی: ئەوانەی ئێستا بیرمانلێكردۆتەوەو جێگیركراون، وەكو هەیكەلیەتەكەی، وەكو پەیوەندیی نێوان ئۆرگانەكان، هەر بۆ ئەمڕۆ نییە، دەمانەوێت حزبەكەمان حزبێك بێت بۆ ساڵی 2020و ساڵانی دواتریش، تا بتوانێت حزبەكەمان بباتبەڕێوەو خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات، پەیوەندییەكی بەهێز دروستبكات لەنێوان ئەو كەسانەی لەناو حزب كاردەكەن‌و یەكێتییەكانی لەناو حكومەتدا ئیش دەكەن، چ حكومەتی ناوەندی بێ یان هەرێم بێت، ئەو كەسانەی دەبن بەپەرلەمانتار لەئەنجومەنی نوێنەران لەبەغدا یان لەپەرلەمانی كوردستان.

زۆر گوێ نادەین بە نەیار، نەیار دژی هەموو شتێكە
قوباد تاڵەبانی، باسی لەئومێدی خەڵك‌و چاوەڕوانییەكانی یارو نەیاری یەكێتی كرد لەبارەی كۆنگرەوەو وتی: ئێمە زۆر گوێ نادەین بە نەیار، نەیار دژی هەموو شتێك دەبێت، ئەمە داواكارییەكی دڵسۆزان‌و ئەندامان‌و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، كە بۆ ماوەیەكی زۆرە كۆنگرە نەبەستراوەو دڵپڕییەك هەیە، نیگەرانییەك هەیە، بۆیە فشارێكیش هەبووە لەسەر ئەم پرۆسەیە، ئەو فشارەش بووە ئێمەی گەیاندۆتە ئەمڕۆ كە ئێستا بەرەو كۆنگرە دەڕۆین، بۆیە پێموایە ئەمە بەشێكە لەو هەنگاوەی دەبێت بنرێت، بەڵام گرنگەكە ئەوەیە كۆنگرەكە ببەستین‌و بەسەلامەتی لێی دەرباز ببین، حزبەكەمان نوێبكەینەوە بەشێوازێكی نوێ‌و فۆرمێكی نوێ بێینەوەناو جەماوەرەكەمان، بەڕۆحیەتی جاران، بەپەرۆشی‌و ئازایی جاران، بێینەوەناو جەماوەر.
ئەوانەی باوەڕیان بە یەكێتی هەیە، لەڕێگەی یەكێتی-یەوە خزمەت دەگەیەنن بەخەڵك
گەشبینیی خۆیشی لەبارەی كۆنگرەوە راگەیاندو وتی: من هەمیشە گەشبینم، من تەبیعەتم وابووە هەمیشە گەشبینم، بەڵام دەبێت واقعیشبین، باوەڕناكەم هەموو كێشەكانی یەكێتی بەم كۆنگرەیە چارەسەرببێت، بەڵام ئەگەر بتوانین لەم كۆنگرەیە پرۆسەكە بەرەوپێشببەین، حزبەكەمان بەرەو نوێبوونەوە ببەین‌و لەڕووی هەیكەلییەوە بتوانین شتێكی نوێتر پێشكەش بكەین، ئەوە خۆی لەخۆیدا دەبێتە ئومێدێك بۆ ئەندامەكانی خۆمان، كە بەگوڕوتینێكی زیاتر لەناو حزب لەناو ئۆرگانەكانی حكومەت خزمەت بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بگەیەنن، ئامانج لێرە خزمەت نییە بەیەكێتی، ئامانجمان خزمەتكردنە بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، ئەوەش بەو شێوەیەیە كە ئەوانەی باوەڕیان بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە، لەڕێگەی یەكێتی-یەوە ئەو خزمەتە دەگەیەنن بەخەڵك.
لەكۆتایی قسەكانیشیدا، وتی: پێموایە كۆنگرە لەئاست چاوەڕوانیدا دەبێت‌و دەبێت وابێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*