سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » سعودیە لە نێوان ریفۆرم و کرانەوەی ئایینیدا

سعودیە لە نێوان ریفۆرم و کرانەوەی ئایینیدا

لە چەند شەوی ڕابردوودا شاری جەدەی سعودیە گەورەترین ئاهەنگی گۆرانی و موزیکی بۆ موزیسیان «یانیا» ڕێکخست. یەکێک لە ئامادەبوانی ئاهەنگەکە دەڵێت سعودیە دەیەوێت مۆدێلێکی جیاواز لە سەدەیەک مێژووی پێش خۆی مومارەسە بکات.
چونکە ئەوە یەکەم ئاهەنگی موزیک و گۆرانییە لە ئاستێکی وەها جەماوەریدا لە سعودیەدا بەڕێوە بچێت.
ئەم خۆڕاتەکاندنە! نوێیەی سعودیە لە چەندان گۆشەی جیاوازەوە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.
یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە ئەوەیە؛ ئەمریکا لە پشت ئەم کارە نوێیەوەیە و دەیەوێت هەمان مۆدێلی ئیسلامی میانڕەوی ئەردۆغانی بهێنێتە سعودیە. ئیدی سعودیە مێژووی بیری وەهابییەت و سەلەفییەت تێپەڕێنێت و هەمیشە سعودیە وەک ماڵەباوانی هەموو گروپە ئیسلامییە توندڕەو و ڕادیکاڵەکان لێینەڕوانرێت. لە بەرامبەریشدا ئەمریکا لێیبێدەنگ بێت و دۆستایەتی بکات.
ئیشکردنی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و سعودیە لە ئاستێکی باڵادا و بوونی سێبەری ئەمریکا بەسەر تەواوی جوڵە سیاسی، سەربازی و ئاینییەکانی سعودیەوە، پاشان دروستکردنی یەک وێنا بۆ دوژمنێکی هاوبەش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. سعودیە ناچار دەکات لە دۆخی چەقبەستوویی ئەو سیستمەی ئێستا خۆی رزگار بکات؛ یاخود گۆڕانێک بەسەر شێوەی دەرەوەی سیستمەکەدا بهێنێت و هەڵکشێت بۆ ئاستی هەندێک داواکاری ئەمریکا. کە پرسی گەندەڵی و دین و ئافرەت و ئازادییە تاکەکەسییەکان رووکەشی گۆڕانکارییەکانە لە سیستمی بەڕێوەبەریی سعودییەدا.
ئەم کرانەوە نوێیەی سعودیە لە پاڵ کرانەوەی سیاسی و فەرهەنگیدا، سعودیە بەرەو سەردەم و قۆناغێکی نوێ دەبات.
پێشتریش لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەف رایگەیاند، حكومەتی سعودیە رەزامەندی نواندووە هاووڵاتییە شیعەكانی وڵاتەكەی بەشداری چلەی ئیمام حوسێن بكەن لە شاری نەجەف.
لە ئاستی ناوچەکەدا ئەم هەوڵەی سعودییە و لابردنی کۆدوبەندی سەر هاووڵاتیانی شیعە بە سەرەتای گۆڕانکارییەکی سەرەتایی لە شوناسە ئیسلامییەکەی سعودیەدا هەژمار کرا.
بە بڕوای هەندێک لە زانایانی ئاینی سعودیە ئەم فۆرمە ئیسلامییەی سعودیە پێویستی بە گۆڕانێکی نەوعی هەیە هاوشێوەی تورکیای سەرەتای دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان یاخود نەهزەی تونسی و گواستنەوەی بۆ ناوجەرگەی جیهانی عەرەب و کەنداو.
بۆیە ڕێگەدان بە ئافرەت بە وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری و ڕێگەدان بە سەردانیکردنی شیعەکانی سعودیە بە ناوی زیارەتەوە بۆ نەجەفی عیراق و بوونی ئاهەنگی مۆسیقا و گۆرانی شەوانە لە جەدە، لە چوارچێوەی ئەو کرانەوە نوێیەدایە کە سعودیە و دەسەڵاتەکەی پێیهەڵدەستن.
ئەوەی لە سعودیە روودەدات ناتوانرێت ناوببرێت بە شوڕشی ئایینی یاخود ڕیفۆرمی ئاینی. بەڵام دەکرێت ناوببرێت بە چاکسازیی ئایینی یان کرانەوەیەکی نوێ. وەک چۆن لە مێژووی زۆرێکی هێز و وڵاتە ئیسلامییەکاندا دەبینرێت و لە ئاستێکی توندەوە هاتوونەتەخوارێ بۆ ئاستێکی مامناوەندی میانڕەو.
واتە؛ ئەوەی لە سعودیە روودەدات، ڕیفۆرمێکی ئایینی نییە هاوشێوەی ئەو ڕیفۆرمە ئاینییەی کە لە وڵاتانی ئەوروپادا روویدا و ئەوروپای لە جەنگی 30 ساڵەی پرۆستانت و کاسۆلیک رزگار کرد. بەڵکو ئەم هەنگاوەی سعودیە کرانەوەیەکی ڕێژەییە کە لە ئەساسدا لینکێکی بەجێگۆڕکێی پەیوەندییەکانی «ئەمریکا ــ تورکیا» وە هەیە بۆ «ئەمریکا ــ سعودیە».

 135 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*