سەرەکی » دۆسێ » پوتین و ئەردۆغان چەند دۆسێیەك تاوتوێ‌ دەكەن

دوای سەردانەكەی سوریا بوو

پوتین و ئەردۆغان چەند دۆسێیەك تاوتوێ‌ دەكەن

سەرۆكی روسیا لە پاش سەردانەكەی بۆ دیمەشق، لە 7ی كانوونی دووەمی 2020، سەردانی توركیای كرد و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیاوە پێشوازیی، لە كۆبوونەوەی نێوانیشیان، گفتووگۆ لەسەر ناكۆكییەكان لە لیبیا و سوریا كرا.
فلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا لە كاتێكی درەنگی 7ی ئەم مانگە، سەردانی توركیای كرد، ئەمەش لە دوای سەردانێكی لەناكاو بۆ سوریا كە هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی ئاستی تەنگژەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی كوژرانی جەنەراڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە هێرشێكی ئەمریكا لە عیراق.
سەرۆكی توركیا وەك گەمەكەرێكی ئیقلیمی لە ناوچەكەدا، هێڵی توركستریمی بەشێوەیەكی رەمزی كردەوە كە لێوەی غازی روسی بۆ توركیا و باشووری ئەوروپا دەگوازێتەوە لەڕێی دەریای رەش.
توركستریم و نۆردستریم كە بەژێر دەریای بەڵتیكی روسیادا تێدەپەڕن، رێگە بە هەناردەكردنی زیاتری غاز دەكات بۆ ئەوروپا و لەو ڕێگەیەشەوە ئۆكرانیا تێدەپەڕێنرێت.
دەستباڵایی مۆسكۆ بەسەر بازاڕی غاز لە ئەوروپا، بووەتە مایەی نیگەرانكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكان كە لە مانگی رابردوودا سزای بەسەر كۆمپانیاكانی پەیوەست بە هەردوو پرۆژەی توركستریم و نۆردستریم-2دا سەپاند كە خەریكە تەواودەكرێن.
بە كردنەوەی پرۆژەكە لە ئیستەنبوڵ، چاوەڕاوان دەكرێت پەیوەندییەكان نێوان روسیا و توركیا- كە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی روسی لەلایەن توركیاوە، لە بەریەككەوتن و لە لێواری جەنگ نزیكبوون.
تائێستاش ئەو دوو وڵاتە لە دوو بەرەی جیاوازدان لەبارەی ناكۆكییەكان لە سوریا، لە لیبیاش بە هەمان شێوە لەسەر رێڕەوی بەریەككەوتن رێدەكەن.
لەم ماوەیەی دواییدا، توركیا هێزێكی سەربازی بۆ یارمەتیدانی حكومەتی تەرابلوس كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە رەوانەی لیبیا كرد، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشەی لەلایەن هێزەكانی موشیر خەلیفە حەفتەرەوە كراوەتەسەری.
ئەردۆغان رایگەیاندبوو، 2500 سەربازی بەكرێگیراوی روس لەنێوان هێزەكانی حەفتەردا هەن، ئەمەش لەلایەن مۆسكۆوە رەتدەكرێتەوە.
ماریانا بیلینكایا لە پەیمانگەی كارنیگی بۆ توێژینەوەكان لە مۆسكۆ بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی رایگەیاندبوو»هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن شان بدەن بەر بەری قورسی لیبیا».

داواكارییەكانی روسیا
تائێستاش سوریا ئەو بەرمیلە بارودە چاوەڕوانكراوەیە كە لەنێوان پەیوەندی ئەردۆغان و پۆتیندا هەیە.
لەماوەی ئەم چەند هەفتەیەی دواییدا، هێزە حكومییەكانی سوریا كە لەلایەن روسیاوە پشتیوانی دەكرێن، ئۆپەراسیۆنەكان و بۆردومانەكانی بۆسەر دوایین مۆڵگەی چەكداران لە پارێزگەی ئیدلب چڕكردەوە، ئەمەش بووە مایەی ئاوارەبوونی هەزاران كەس بەرەو سنورەكانی توركیا.
ئەردۆغان داوای ئاگربەستی كردبوو لە ئیدلب لە دوای دوو ئاگربەستی كاتی كە پێشتر لەگەڵ روسیادا لەسەری رێكەوتبوون بە كۆتایی مانگی ئابی 2018.
یۆری بارمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی خۆرهەڵاتی وەڕاست و باكووری ئەفریقا لە گروپی=مۆسكۆ پولیس= بۆ توێژینەوەكان بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاندبوو» داواكارییەكانی روسیا زۆر سانان، پێویستە توركیا هەوڵی زیاتر بخاتەگەڕ بۆ لەناوبردنی شانە تیرۆریستییەكان لە ئیدلب. گفتووگۆكان لەبارەی ئەو بیرۆكەیەوە بەردەوام دەبن».
ئەوەی ئاسانكاریی بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە كرد، رێككەوتنە گەورەكان بوون لە بواری وزە و بەرگری-روسیا یەكەم دامەزراوەی ئەتۆمی بۆ توركیا دروستدەكات و سیستمێكی بەرگری مووشەكی بە وڵاتەكە فرۆشت.
پۆتین لە توركیا رەزامەندی لەسەرە دوای ئەوەی بەشێوەیەكی خێرا پشتیوانی بۆ ئەردۆغان دەربڕی لە پاش هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی تەمموزی 2016.
هەردوو سەرۆك پەیوەندییەكی تایبەتی لەنێوانیاندا دروستبووە، بە گوتەی جنی جبور توێژەر لە كاروباری توركی لە زانكۆی زانستە سیاسییەكان لە پاریس (سیانس بو) كە دەڵێت»پلانەكانیان لەبارەی ئابوری و وزەوە بەیەكەوەگرێدراون».
پرۆژەی توركستریم كە كاركردن تێیدا بەشێوەیەكی كاتی راگیرا لەماوەی ساردبوونەوەی پەیوەندییەكانی روسیا و توركیا، دوو هێڵە بۆری هاوتەریب كە بۆ زیاتر لە 900 كلم درێژدەبێتەوە، لەخۆدەگرێت.
هێڵەكە هەردوو شارۆچكەی ئەنابا لە روسیا و بكییكۆی باكووری خۆرهەڵاتی توركیا بەیەكەوە دەبەستێتەوە، بەێوەیەكی پراكتیكیش رادەستی بولگاریا كرا و بەرەو سربیا و مەجەر و نەمسا رادەكێشرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*