سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » سیمۆڵۆژیای پێرس بە نموونەی دەقەكانی سوارەی ئیلخانی زادە

سیمۆڵۆژیای پێرس بە نموونەی دەقەكانی سوارەی ئیلخانی زادە

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم
پ.د.نیان نەوشیروان مەستی

بەشی دووەم

2- ئاستی بونیادی.دەقی ئەدەبی وشیعری لەسەر بنەمای پێكهاتە زمانی وڕەوانبێژی ووێنەییەكان بونیاد دەنرێن.زۆربەی هەرە زۆری شاعیرانی هاوچەرخ ،ناوەڕۆكی بابەتەكانیان لەسەر جەمسەرەكانی فیكر وسیاسەت وسۆسیۆڵۆژیا دەمەزراوە.دەقەكانی سوارە ئیلخانی زادە،لەدایكبووی گوندی «تورجان»سەربەناوچەی بۆكان (1937-1975)،ڕەنگدانەوەی ئەم جەمسەرانەیە. سوارە ئیلخانی زادە یەكێكە لەپێشەنگەكانی شیعری نوێی كوردی كوردستانی ڕۆژهەڵات لەپاڵ هەر یەك لەهاوار (عەلی حەسەنیانی ) وپشكۆ.وەك ووتراوە وبیستراوە،یەكەم شیعری نوێی سوارە بریتیە لەدەقی «شار» كەلەسەر هەمان كێشی شیعری كەژالێی هاوار نووسراوە(لقمان ڕەئوف:47) .سوارە لەم دەقە ودەقەكانی تریشیدا خاوەن هەستێكی قووڵی ئێش وئازاری نەتەوەكەیەتی.واتە دیدی شاعیر بۆ دەقەكانی بریتیە لەناوەڕۆكێكی سیاسی بۆ نەتەوەكەی كەبەدرێژایی زەمەن خۆی لەهەڵكشان وداكشاندا دیوەتەوە.دەقی «شار»یش یەكێكە لەو دەقانەی كەهەڵگری نامەیەكی شوناسی كوردییە لەجۆری فیكری وسیاسی.لەپێناو توێكاری دەقەكانی سوارە ودۆزینەوەی پەیوەندییەكانی،لێكۆڵینەوەكەمان،لەڕووی دیدی هەستكردن بەبابەتەكان،پشت بەسێ ئاستە سەرەكییەكەی پێرس دەبەستێت كەبریتین لە:
یەكەم/ ئاستی پەیدابوون وسەرهەڵدانی هەستەكان بەرامبەر بەمەسەلەكان.وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا،هەر دەقێك ڕەنگدانەوەی جۆرێكە لەهەستە بەنموونەی هەستێكی نیشتمانی ونەتەوەیی وئایدیۆڵۆژیایی.گەر سەیرێكی دەقی «شار»بكەین ئەوا ئەو هەستەكان لادروست دەبێت كەمەسەلەیەكی زۆر هەستیار جووڵە یان كاریگەرییەكی فیكریان خستۆتە سەر دامەزراندنی دەقەكە.بارە سایكۆڵۆژییەكەی شاعیر لەم دەقەدا ناجێگیرە وبەڵكو لەدۆخێكی زۆر نالەباردا گوزەر دەكات.ئەمەش بەهۆی خراپی دۆخە سۆسیۆڵۆژی وسیاسییەكانەوەیە لەشوێن وجێگەی دەق.بەئاڕاستەیەكی تر شاعیر،بەهۆی ناداپەروەری ڕژێمی سۆسیۆڵۆژی وسیاسییەوە توڕەیە وبەرە یاخیبوون دەچێت.بەلكۆ ئەو شتانەی كەلەزەمەنی ڕابردوودا جوان بوون ئەوا ئێستا هیچ بەهایەكیان لای شاعیر نەماوە.كەواتە ئەم دەستەواژانەی خوارەوە ،كەلەدەقەكەدا هاتووە،هۆكارێكی سەرسەختی لەدایك بوونی دەقەكەیە:

لەشارەكەت كەڕەمزی ئاسن ومنارەیە
مەلی ئەوین غەوارەیە
_ _ _ _ _ _ _ _
ئەوەی كەتێل وتان وڕایەڵە،كەلەپچەیە
ئەوەی كەپەیكەرە میسالی داوەڵە
ئەوەی كەدارە تیلە مەزهەری قەنارەیە
_ _ _ _ _ _ _ _
كێ لەشاری تۆ ،لەشاری قاتلی هەژار
گوێ ئەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ

دوهەم/ئاستی بەدەستكەوتنی كردارەكان لەڕێگەی یاسا دانراوەكانەوە.هەر لەزەمەنی ڕینسانس وشۆڕشی فەڕەنسییەوە بیرمەندان وزانایان بەجیاوازی پسپۆڕی وبابەتەكانیانەوە لەهەوڵی دانانی یاسا دەستكردنەكاندا بوون.ئەمەش لەلایەكەوە بەمەبەستی پشتگیری لەدەقە ئایینیە پیرۆزەكان.لەلایەكی تریشەوە بەمەبەستی پشتگیری لەڕۆژانەی ژیانی تاكەكان.سوارە،بەوپێیەی خاوەن نامەیەكی شیعری وڕۆشنبیری وسیاسییە،گومانی تێدا نیە كەلەنزیكەوە ئاگاداری سروشتی ئەو یاسایانە بووبێت بەتایبەتی ئەو یاسایانەی كەلەبەرژەوەندی چینی هەژار وبێبەشبوواندایە.لەدەقەكەی سەرەوەدا،بەئاشكرا هەست بەجیاوازی چیانەتی دەكرێت لەنێوان باڵادەستان وهەژاراندا كەخودی شاعیر سەر بەجەمسەری هەژارانە.بەهۆی ئەم هۆكارانەوە،شاعیر دەیەوێت لەشار هەڵبێت وبەرەو جیهانی لادێ بڕوات چونكە بەلای ئەمەوەژیانی لادێ پیرۆزتر وجوانترە ودوورە لەگەندەڵی وچڵكنی وهاڕەهاڕ وبێ ویژدانی وترس وتۆقین وهەڵواسین:

وەڕز بوو گیانی من لەشار وهاڕە هاڕی ئەو
لەڕۆژی چڵكن ونەخۆشی وتاو یاو شەوە
_ _ _ _ _ _ _ _
بڕۆمە دێ كەمانگە شەو بزێتە ناوبزەم
_ _ _ _ _ _ _ _
لەشارەكەت كە مەندی دووكەڵە
كە دێتە دەر لەماڵی دەوڵەمەند

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*