سەرەکی » راپۆرت » له‌ گوندی‌ چاڵه‌ و دووانه‌ _ بناری‌ گلین

له‌ گوندی‌ چاڵه‌ و دووانه‌ _ بناری‌ گلین

ئا: گوندستانی نوێ

یه‌كێك له‌ گونده‌كانی‌ بناری‌ گل سه‌ر به‌ هۆزی‌ شێخانی‌ به‌رزنجه‌ له‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌ره‌م، پارێزگای‌ كه‌ركوك، گوندی‌ چاڵه‌ و دووانه‌ به‌ گوندێكی‌ ره‌نگین و سروشتێكی‌ جوان ناوبانگی‌ ده‌ركردووه‌ له‌ سنوره‌كه‌ دا، گوندستانی نوێ چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌ك له‌ مێژووی‌ لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی‌ ئه‌م گونده‌ دڵ نشینه‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌ .

مێژووی‌ ئاوه‌دانی‌
مێژووی‌ ئاوه‌دانی‌ ئه‌م گونده‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ دوو سه‌د ساڵێك له‌مه‌و پێش ، دانیشتوانی‌ ئه‌م گونده‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌م دیهاته‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ سه‌ید (ئیبراهیم سه‌ید مسته‌فا ) ده‌روست كراوه‌ و ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه‌ .
جوگرافیای گوندی چاڵه‌ و دووانه‌
یه‌كێك له‌ گونده‌كانی‌ بناری‌ گل ده‌كه‌وێت سه‌ر ڕێگای‌ قادر كه‌ره‌م – خورماتوو، چاڵه‌ و دووانه‌ به‌ دووری‌ (30) كم به‌ دووری‌ ناحیه‌ی‌ قادركه‌رم ، چاڵه‌ و دوانه‌ (501) مه‌تر به‌رزه‌ له‌ ئاستی‌ ڕووی‌ ده‌ریاوه‌ هه‌روه‌ها 4 ، 26 له‌گه‌ڵ 45 هێڵكاری‌ درێژی‌ و پانینی‌ كه‌وتووه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌م گونده‌ هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م گوندانه‌ی دیكه‌ (میل ناسر، گۆمه‌یی‌ ، تاڵاو ، عزیز به‌گ ، ئاوایی‌ جه‌لال، كۆرومۆری‌ بچووك، كۆرومۆری‌ گه‌وره‌ ، ژاژ . هه‌روه‌ها ناوچه‌كه‌یان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ سامانی‌ سروشتی‌ زۆر و له‌وه‌رگای‌ باشی‌ تێدایه‌ بۆ به‌ خێوكردنی‌ مه‌ر و ماڵات.

ناوی‌ گونده‌كه‌ له‌ چیه‌وه‌ هاتووه‌؟
سه‌باره‌ت به‌ ناوی‌ گوندی‌ چاڵه‌ و دووانه‌ دوو بۆچوون هه‌یه‌، بۆچوونی‌ یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ شوێنی‌ گونده‌كه‌ زۆر له‌ نزمای‌ یان چاڵی‌ بووه‌، بۆچوونی‌ دووه‌م ده‌وترێت كه‌ پیاوێكی‌ خودا ناسی‌ و سۆفی‌ له‌ دوورو به‌ری‌ ئه‌و زه‌ویه‌ به‌رده‌وام نوێژی‌ كردووه‌ بۆیه‌ پێشی‌ ووتراوه‌ چاڵی‌ دێوانه‌ .

لایه‌نی‌ ڕۆشنبیری‌ چاڵه‌ و دوانه‌
ئه‌م گونده‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی‌ (1961) قۆتابخانه‌ی‌ تێدا كراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ مامۆستا مه‌تی‌ سه‌عید نوری‌ كه‌ مه‌سیحی‌ بووه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵی‌ مامۆستایانی‌ ئاینی‌ گونده‌ كه‌ دوو مامۆستای‌ ئاینی‌ به‌ ناوه‌كانی‌ مه‌لا شریف محمد و مه‌لا شریف مسته‌فا به‌رز ده‌نرخێنرێت له‌ بابه‌تی‌ خوێنه‌واری و چاره‌سه‌ر كردنی‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، هاوكات به‌قسه‌ی‌ دانیشتوان بێت ده‌ستێكی‌ باڵای‌ هه‌بوو له‌ ڕۆشنبیری‌ خه‌ڵكی‌ گونده‌كه‌.

لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌
لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ دانیشتوانی‌ گوندی‌ چاڵه‌ و دووانه‌ ده‌وترێت په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ ئه‌و پێكهاته‌ی‌ كه‌ له‌ چه‌ند خێزانێك پێكهاتوون ، بۆ به‌رده‌وامی‌ ژیان و كلتوری‌ ناوچه‌كه‌ش وای‌ خواست بێت په‌یوه‌ندی‌ پته‌ویان له‌گه‌ڵ گونده‌كانی‌ نزیك خۆیان هه‌بووه‌ بێت ، له‌ پێش پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفال گیانی‌ هاوكاری‌ و ته‌بایی زۆر بوو له‌ نێوانیاندا له‌ ڕووی‌ كارو باری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، دانیشتوانی‌ ئه‌م گونده‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وان له‌پێش ئه‌نفالی‌ ناوچه‌كه‌ ، ئه‌م گونده‌ هه‌مووی‌ وه‌ك برا و خوشك ده‌ژیان و خۆیان سه‌رقاڵ ده‌كرد به‌ كارو باری‌ ڕۆژانی‌ گوند، دڵخۆشی‌ باڵی‌ كێشا بوو به‌سه‌ر ئه‌م گونده‌دا ، خه‌ڵكی‌ ئه‌م گونده‌ ده‌ڵێن گوندی‌ چاڵه‌ و دووانه‌ له‌ پێش تاوانی‌ ئه‌نفال خۆیان به‌ كاری‌ كشتوكاڵی‌ وه‌ك گه‌نم و جۆ، هه‌روه‌ها ئاژڵداری‌ وه‌ك مه‌ڕ و بزن و كاروباری‌ تری‌ ژیانی‌ ڕۆژانه‌یانه‌وه‌ به‌رێ‌ كردووه‌، دانیشتوانه‌كه‌ی‌ هه‌ندێك لایه‌نی‌ مێژوویی‌ گونده‌كه‌یان له‌ یاد ماوه‌ ده‌ڵێن ئه‌م گونده‌ له‌ ساڵی‌ (1955 ) بۆ یه‌كه‌م جار ئۆتومبیلی‌ بۆ هێنراوه‌، له‌ ساڵی‌ (1961) رادێوی‌ بۆ یه‌كه‌م جار بۆ هاتووه‌.
هه‌روه‌ها دانیشتوانی‌ ئه‌م گونده‌ له‌ ڕابردوودا زۆر كاری‌ هه‌ره‌وه‌زی‌ ئه‌نجامداوه‌، پیره‌ پیاوانی‌ ئاوایی‌ ده‌ڵێن له‌ پێش ئه‌نفال بۆ كاری‌ دوو سواقی‌ سه‌ر خانوو هه‌موو یه‌ك گیان و یه‌ك ده‌ست بووین هه‌روه‌ها كاری‌ دروێنه‌ و كاری‌ بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌ته‌یه‌كان به‌ هانای یه‌كه‌وه‌ چوونه‌.

جینۆسایدی‌ گوندی‌ چاڵه‌ و دووانه‌
گوندی‌ چاڵه‌ و دووانه‌ دانیشتوانی‌ نشتیمان و كوردپه‌روه‌ر بوون هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ باجی‌ كوردایه‌تی‌ و كوردبونیان به‌ خوێن و كردار داوه‌ پارێزگاریان لێكردوون .
ئه‌م گونده‌ له‌ ساڵی‌ ( 1947) ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ 370 كه‌س بوونه‌، له‌ساڵی‌ (1957) ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م گونده‌ (208) كه‌س بوونه‌، له‌ ئه‌نجامی‌ كاره‌ نامرۆڤه‌كانی‌ ڕژێمی‌ به‌عس به‌رانبه‌ر به‌ گه‌لی‌ كورد و گوندنشینان به‌ تایبه‌تی‌ سنوری‌ گونده‌كانی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌ ساڵی 1977 بووه‌ به‌ (149) كه‌س، ئه‌م گونده‌ له‌ ساڵی‌ (1963) ئه‌م گونده‌ له‌لایه‌ن حه‌ره‌س قه‌ومیه‌كان سوتێنراوه‌ . ئه‌م گونده‌ له‌ شۆڕشی‌ نوێی‌ گه‌له‌كه‌مان به‌ رابه‌رایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نشتیمانی‌ كوردستان ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ خۆیان بینیوه‌ چه‌ندین كه‌سیان لێ‌ ده‌ بێت به‌ پێشمه‌رگه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هێزی‌ پشگیری‌ . هه‌روه‌ها له‌ ساڵانی‌ (1965) و ساڵی‌ (1974) به‌هۆی‌ بۆردومانكردنی‌ گوندكه‌یان له‌لاین ڕژێمی‌ عێراقه‌وه‌ شه‌هید و برینداریان زۆریان ده‌بێت، دووژمنانی‌ گه‌لی‌ كورد و وه‌ڵاتی‌ گوندستان لێ‌ نه‌گه‌را ئه‌م گوندانه‌ی‌ كوردستان به‌ ئارامی‌ بژین و ژیانی‌ پڕ له‌ زه‌حمه‌ته‌ و ناڵه‌باری‌ خۆیان به‌سه‌ر به‌رن تا سه‌ر ئه‌نجام ئه‌م گونده‌ له‌ ئه‌نجامی‌ بڕیاری‌ به‌عس و عه‌لی‌ حه‌سه‌ن مجید له‌ ساڵی‌ (1987) به‌ ته‌واوی‌ روخێنراوه‌ و سوتێنراوه‌، له‌ ئه‌نجامدا (35) ماڵ كه‌ كۆی‌ گشتی‌ دانیشتوانی‌ گونده‌ بوون ڕوو به‌رووی‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفال و ڕاگواستنی‌ زۆره‌ ملێ‌ بوونه‌وه‌ گونده‌كه‌یان بۆ ماوه‌ی‌ (16) وه‌ك ناوچه‌ی‌ قه‌ده‌غكراوه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كراوه‌ به‌ چۆڵی‌ ماوه‌یه‌ تا ساتی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عێراقه‌وه‌ رووخاندنی‌ ده‌سته‌ڵاتی‌ دیكتاتۆری‌ عێراق.
ئێستا گوندی‌ چاڵه‌ و دووانه‌ خاوه‌ن ژماره‌یه‌ك شه‌هید خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ له‌ (30) شه‌هیدێك و سێ‌ ئه‌نفالكراوه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*