سەرەکی » دۆسێ » لە عیراق (ناتۆ) جێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە

مەشق بە هێزە عیراقییەكان دەكات

لە عیراق (ناتۆ) جێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە

وەزارەتی بەرگری عیراق دەڵێت، كاری نێردەی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە عیراق، تەنیا بۆ مەشقپێكردنە.
عەمید یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عیراق لە 15ی شوباتی 2020 لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو”ئەركی مانەوەی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە عیراق، تەنیا مەشقپێكردنە، جیاوازیش هەیە لەنێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناتۆ، چونكە ئەركی ناتۆ پەرەپێدان و مەشقپێكردنی هێزە سەربازییەكانی عیراقە”.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عیراق دەڵێت”یاداشتی لێكگەیشتن هەیە لە بواری مەشق و پەرەپێدانی توانای هێزە چەكدارەكان”.
عەمیا یەحیا ڕەسوڵ پێیوایە”عیراق دامەزراوەی سەربازی گەورەی هەیە، بۆیە هیچ زیانێك ناكەین گەر پەرە بە توانا سەربازییەكان بدەین، بە تایبەتیش لەئێستادا كە تەكنەلۆجیا لە شەڕەكاندا بەكاردەهێنرێت”.
ئەم قسانەی یەحیا رەسوڵ لە كاتێكدایە كە پێشتر وەزیری بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكان لە عیراقدا ڕێككەوتوون.
مارك ئەسپر، وەزیری بەرگری ئەمریكا لە 13ی شوباتی 2020 لە كۆنفرانسێكی ڕ‌وژنامەوانی لە برۆكسل ڕایگەیاندبوو”لەگەڵ (ناتۆ) لەبارەی فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنەكانیان لە عیراقدا ڕێككەوتوون”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕایگەیاندبوو، ئەركی مەشق و ڕاهێنانەكانیان لە عیراق فراوانتر دەكەن، ئەمەش وەك بەجێگەیاندنی داواكارییەكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاركردنی زیاتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ینس ستۆلتنبێرگ، ئەمینداری گشتی ناتۆ ڕایگەیاندبوو”وەزیرەكانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانی (ناتۆ) ، ڕازیبوون لەسەر فراوانكردنی ئەركی مەشق و ڕاهێنان لە عیراق، وەك بەجێگەیاندنی داواكارییەكی سەرۆكی ئەمریكا لەو ڕووەوە”.
بە وتەی ستۆلتنبێرگ”ناتۆ هەندێك چالاكی مەشق و ڕاهێنان لەئەستۆ دەگرێت كە پێشتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتی ئەمریكا ئەنجامی دەدا، ئەمەش مانای زیادكردنی ژمارەی هێزە خۆرئاواییەكان ناگەیەنێت لە عیراق، بەڵام بە ڕەزامەندی حكومەتی عیراقی دەكرێت”.
لەگەڵ ئەوەی دەوترێت هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) جێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە لە عیراق، بەڵام ئەمریكا و ئەڵمانیا، جەخت لە بەردەوامبوون لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش دەكەنەوە، جەختیش لەسەر مانەوە لەنێو خاكی عیراقدا دەكەنەوە.
لەو بارەیەوە مارك ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاندبوو:”ئەمریكا لەگەڵ عیراق هەماهەنگی دەكات، لە ڕووبەڕووبوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش و پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەكە”.
ئیسپەر دەڵێت:” ئەركی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بەداعش كۆتایی نەهاتووە و پێویستی بەهەمانگی و كاری زیاترە”.
هەر لەو رووەوە ئانگرید كرامپ كارنپاوەر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاندبوو:”مانەوەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە عیراق، لەچوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆ، لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە لەچوارچێوەی ئەو خشتەیە دەبێت كە بۆ مانەوەیان دانراوە”.
بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا:” ئێمە بەشداری جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعشمان كردووە، كە جەنگێكی ڕاستەقینەی مەترسیدارە، كە توانرا ڕۆڵێكی كاریگەر و گرنگ لەلاوازكردنی ئەو گروپە و دەركردنیان لەخاكی عیراق بگێڕین و مەشق بەهێزە عیراقییەكان بكەین”.
ئانگرید كرامپ كارنپاوەر دەڵێت:”سەركردەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لەشێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش بكەن”.
جەختكردنەوەی ئەمریكا و ئەڵمانیا لەسەر مانەوە لە عیراق، لەكلاتێكدایە كە سكرتێری گشتی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕایگەیاندبوو، هێشتا پڕۆگرامی مەشق و ڕاهێنانە سەربازییەكانی (ناتۆ) لە عیراقدا دەستیان پێنەكردووەتەوە.
ینس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە (ناتۆ) ڕایگەیاندبوو:» هێشتا پڕۆگرامی مەشق و ڕاهێنانە سەربازییەكانی ناتۆ لە عیراق دەستی پێنەكردووەتەوە».
بە وتەی ستۆڵتنبێرگ»: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ناتۆ بەهۆكاری ئەمنی پڕۆگرامەكانی مەشق و ڕاهێنانی بە هێزە سەربازییەكانی عیراق ڕاگرتووە و ئەگەریش زۆرە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو پڕۆگرامە دەستپێبكاتەوە.
ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی ئاماژەی بە بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانی هاوپەیمانی (ناتۆ) كردبوو لەگەڵ حكومەتی عیراق و لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو»تا ئەو كاتەی حكومەتی عیراق داوایان لێدەكات لەو وڵاتە دەمێننەوە و ڕێز لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عیراق دەگرن و بوونی شارەزایانی ناتۆش لە عیراق تەنها لەسەر داوای حكومەتی عیراق بوو».
لەگەڵ ئەوەی باس لە بوونی رێكەوتنێك دەكرێت مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) تا جێگەی تەواوی هێزە بیانییەكان لە عیراق بگرێتەوە بۆ مەشقپێكردنی هێزە عیراقییەكان، سەركردەیەكی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندبوو، بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عیراق، هێزەكانی هاوپەیمانی (ناتۆ)ش دەگرێتەوە، ئاماژەی بە ئاگاداركردنەوەی هاوپەیمانییەكەش دەكات لەو بارەیەوە.
عادل كرعاوی سەركردە لە حەشدی شەعبی، لە 13ی شوباتی 2020 لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو”بڕیارەكەی عیراق بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عیراق، هیچ لایەنێكی لێبەدەرناكرێت، هاوپەیمانی ناتۆش یەكێكە لەو هێزانەی كە عیراق پێی ڕاگەیاندوون دەبێت بەپێی ڕێكارە یاساییەكان بچنە دەرەوە”.
ئەو سەركردەی حەشدی شەعبی دەڵێت”ویلایەتە یەكگرتووەكان بە هەموو شێوەیەك دەیەوێت هێزەكانی لە عیراقدا بهێڵێتەو لە ژێر ناونیشانی جیاجیا، بەڵام ئەو هەوڵانە بێ‌ سودن، چونكە بڕیاری پەرلەمان هەیە لەو ڕووەوە، وێڕای ڕەتكردنەوەی میللی بۆ بوونی هێزە بیانییەكان لە عیراق”.
پێشتر ینس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕایگەیاندبوو”هێزەكانیان لە عیراقدا دەمێننەوە، چونكە لەلایەن عیراقەوە خۆشحاڵی بەرانبەر بە مانەوەیان لە وڵاتەكەدا خراوەتەڕوو”.

print

 61 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*