سەرەکی » وەرزش » كۆرۆنا وەرزشیشی گرتۆتەوە

كۆرۆنا وەرزشیشی گرتۆتەوە

ماوەیەكە مەترسییەكانی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جیهانی بەخۆیەوە خەریك كردووە، چونكە ئەو نەخۆشییەی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە كە لە نەخۆشی ئەنفلۆوەنزای ئاسایی دەچێت و توشی مرۆڤ دەبێت، چارەسەری ئەستەمە، ئەوەش وایكردووە دڵە ڕاوكێیەكی زۆر لەسەرتاسەری جیهاندا درووستببێت بەتایبەتی كە كۆنترۆڵی نەخۆشییەكە ئەستەمەو هەر رۆژەو لەشوێنێكی ئەم جیهانە سەرهەڵدەدات.
وڵاتی سەرهەڵدان و بڵاو بوونەوەی ڤایرۆس و نەخۆشییەكە شاری وو هان-ە لە چین، تادێت تووشبووانی ئەم نەخۆشییە بەڕێژەیەكی بەرچاو روو لە زیاد بوون دەكات، ئێستا وای لێهاتووە سنوری چینی بڕیوە و لە چەندین وڵاتانی دنیا توشبوو بەم ڤایرۆسە تۆمار كراوە، لەو وڵاتانەشی كە ئەم ڤایرۆسەیان تیا تۆمار كراوە، جگە لە توشبون، گیان لەدەستدانیشی لێكەوتۆتەوە، ژمارەی وڵاتان زۆر زیادیکردووە، گیان لەدەستدانیش رووی لەزیاد بوون كردووە، چونكە ڤاكسینی چارەسەری نەخۆشییەكە تا ئەم ساتەش نەدۆزراوەتەوە.
دیارە ئەم نەخۆشی و ڤایرۆسە كاریگەری و ئاستەنگی گەورەو زۆری لە سەر بازرگانی و هاتو چۆی نێوان وڵاتان و ئابوری جیهانیش دروستكردووە، بۆیە وەرزشیش لەم هاوكێشەیە بەدەر نییە و كارگەری زۆریشی لەسەر ئەم بوارە دروستکردووە بەتایبەتیش لەسەر وەزشی جیهانی و بۆنە كیشوەری و ناوخۆییەکان.
ئەوەتا یەكەمین كاریگەری لەسەر مۆندیالی یارییەكانی گۆڕەپان و مەدیانی نێو هۆڵە داخراوەكان رەنگی دایەوەو ئەم بۆنە جیهانییە بۆ ماوەیەكی زۆر دواخرا.
وا بڕیار بوو 13 تا 15/3/2020 ئەو مۆندیالە لە هۆڵی داخراوی شاری نان جینگ لە چین رێكبخرێت، بەڵام بەهۆی مەترسییەكانی ئەو ڤایرۆسەو نەخۆشییەكەیەوە، بۆ ماوەی یەك ساڵ دواخرا، بەتایبەتیش لەبەر ئەوەی ئەو مۆندیالە دەبوو لەچین بێت.
پاڵەوانێتییەكی تری جیهانیی كە بە هۆی هەمان ڤایرۆس و نەخۆشییەوە دواخراوە، مۆندیالی خلیسكانی سەر بەفرە لەشاری یانگ كینگ، ئەم پاڵەوانێتییە یەكەمین پاڵەوانێتی تاقیكردنەوەكانی ئەو شارە بووە بۆ پاڵەوانێتییەكانی ئۆڵۆمپیادی زستانەی 2022 لە چین.
یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیاش لەلای خۆیەوە بڵاویكردۆتەوە، ئەو یانانەی چین كەبەشداریی چامپیۆنس لیگی یانەكانی ئاسیا دەكەن یاریی یانەكانی چین لە یاریگای خۆیاندایە دەگوێزرێتەوە دەرەوەی چین، ئەمەش بۆ پارێزگاریی لە گیانی وەرزشكارانی تری وڵاتانی ئاسیایە لەو ڤایرۆسە.
ئێستا گەوەرترین و گرنگترین بۆنەی جیهانی كە ئەمساڵ رێكدەخرێت ئۆڵۆمپیادی هاوینەی 2020 –ە لە ژاپۆن، ئەگەرچی ژاپۆن لە مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا و نەخۆشییەكەوە دوورە كە لە ئەنفلۆوەنزای ئاسیی دەچێت، بەڵام ژاپۆنیش رەنگە ئەم ئۆڵۆمپیادەی بكەوێتە مەترسییەوە، چونكە، یەكەم: حاڵەتی توش بوون بەم ڤایرۆسەو نەخۆشییەكە لەو وڵاتە تۆمار كراوە، دووەمیش: ژاپۆن بەنزیكترین وڵات دادەنرێت لە چینی وڵاتی دایكی نەخۆشییەكەوە.
تا ئامادە كردنی ئەم راپۆرتە بەهۆی ئەم پەتا جیهانییەوە باس لە دواخستن یان گوێزانەوەی ئۆڵۆمپیادی هاوینەی تۆكیۆ-2020 نەكراوە، تەنانەت جۆن كۆتسی سەرۆكی لیژنەی تەنسیقی سەر بەلیژنەی ئۆڵۆمپی نێو دەوڵەی دوا لێدوانی ئەوەیە كە هیچ مەترسییەك لەسەر ئەم ئۆڵۆمپیادە نییە، بەڵام هەوڵەكانیان چڕ كردۆتەوە بۆ ئەوەی وەرزشكارانی چین بخەنە ژێر چاودێری ووردەوەو پێویستە لیژنە پزیشكییەكانی ژاپۆن و چین و تەنانەت لیژنەی ئۆڵۆمپی نێو دەوڵەتیش دڵنیا بن لەوەی كە هیچ وەرزشكارێكی چین ئەوانەی بەشداریی ئۆڵۆمپیادەكە دەكەن، هەڵگری ئەو ڤایرۆسە نین.
كۆتس ئەوەشی ووت: ئەوان دەرسی نەخۆشی زیكایان لە یادە كە لە ئۆڵۆمپیادی ریۆ-2016 وایكرد چەندان وەرزشكاری جیهانی بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە كە لەڕێگەی مێشولەوە دەگوێزرایەوە بۆ كەسانی تر، پاشە كشە بكەن لە بەشداریكردن لەو ئۆڵۆمپیادەدا.
هەرئەم ڤایرۆسی كۆرۆنایە زیانی گەورەی تری بەوەرزشی جیهانی گەیاندووە بەتایبەتیش وەرزش لە كیشوەری ئاسیا، ئەوەتا پاڵاوتنی یارییەكانی بۆكسینگ و باسكەی وڵاتانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ -2020 كە دەبوو لەچین بكرێت، دواخرا بۆ كاتێكی تر، یەكێكی تر لە پاڵەوانێتییەكان كە ئەم نەخۆشییە بوو بەهۆی دواخستنی، خەڵاتی مەزنی چینی فۆرمۆلا وەنە كە دەبوو مانگی نیسانی داهاتوو لەو چین بەڕێوە بچێت، پاڵەوانێتییەكی تر جامی وڵاتانی ئاسیایە لە یاریی فوتساڵدا كە دەبوو لە توركمانستان رێكبخرێت.

وەرزشی چین راگیرا
هەرلە پەراوێزی كاریگەرییەكانی ئەم پەتایە لەسەر وەرزشی جیهان، دەبوو رۆژی 22/2 خولی یانەكانی چین دەستپێبكات، بەڵام یەكێتیی تۆپی پێی چین بڕیاری راگرتنی خولەكەی دا، هەرئەوەش نا بەڵكو حكومەتی چین بڕیاری راگرتنی سەرجەم خول و پاڵەوانێتییە ناوخۆییەكانی داوەو بەشێوەیەك لەشێوەكان وەرزشی چین بەگشتی چۆتە دۆخی مت بوونەوە.
لە ئەیتالیاش سەری هەڵدا
وڵاتێكی تر كە ئەم پەتایەی بەشێوەیەكی مەترسیدار تیا بڵاوبۆتەوە ئیتالیایە، ئەم پەتا مەترسیدارە هەر جارەو لەوڵاتێك سەر هەڵدەدات و زۆر بەئاسانیش سنوورەكان دەبڕێت، ئەمجارە وڵاتانی ئەوروپاش ی گرتۆتەوەو لە چەند وڵاتێكی ئەم كیشوەرەش چەندین حاڵەتی تووشبوون بەم ڤایرۆسە تۆمار كراوە، یەكێك لەو وڵاتانەش ئیتالیایە كە بەپێی ئامارەكان تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە 600 كەس توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.
ئێستا باكووری ئەو وڵاتە دیارترین شوێنی ئیتالیایە كە ڤایرۆسەكە تیایدا سەری هەڵداوە، ئەم ترسەش وایكردووە یەكێتیی تۆپی پێی ئیتالیا بڕیار بدات چەند یارییەكی خولی ئیتالیا دوا بخات، لەوانە یۆڤانتۆس و ئینتەر، ئەتلەنتا و ساسۆلۆ، تۆرینۆ و پارما، هەروەها ئەو یارییانەی هەفتەی 26 کە رۆژی 1/3/2020 دەکرێن.

وەرزشەكانی تر
هەربەهۆی ئەم پەتایەوە دیارترین ئەو چالاكییە وەرزشی و یاریی و پاڵەوانێتییانەی لای خوارەوە راگیران یان دواخران:
*خولی تێنسی سەرزەوی جیان لەچین هەڵوەشێنرایەوە.
*لە جامی دیڤزدا هەڵبژاردەی چین پاشەكشەی لەڕووبەڕووبوونەوەی رۆمانیا كرد كە دەبوو رۆژانی 6 و 7/3 بكرایە.
*هەڵوەشاندنەوەی ماراسۆنی تۆكیۆ كە دەبوو ئەم مانگە بكرایە.
*گوێزانەوەی مۆندیالی گۆڕەپان و مەیدانی نێو هۆڵەداخراوەكان كە دەبوو 13 تا 15/3 لەشاری نانكین لە چین بكرایە.
*دواخستنی قۆناغی چینی مەزنی پاڵەوانێتیی ئۆتۆمبێلی فۆرمۆلا وەن كە دەبوو 17/4 لە حەلەبەی شەنگهای چینی بكرایە.
*یەكێتیی نێوەدەوڵەتی بۆكسینگ پاڵاوتنی بۆكسینگ بەرەو ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ-2020 ی گواستەوە بۆ ئوردون.

print

 7 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*